دۆخی هونەر و هونەرمەندانی کورد بە ئاوڕدانەوە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات/وتووێژی گەورەژووری ڕاوێژ

0
698

خوێنەری هێژا

وتووێژی بەردەستت، وتووێژی گەورەژووری ڕاوێژە لە ڕایەڵەی تلێگرام کە لە ڕێکەوتی 22 و 23ی خەرمانانی 1395ی هەتاوی، لەسەر مژاری “دۆخی هونەر و هونەرمەندانی کورد بە ئاوڕدانەوە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات” کە لەگەڵ بەڕێز ئازاد مستەفاپوور، هونەرمەند و چالاکی سیاسی و بە پێشکەشکاریی بەڕێز سۆران، ئەندامی بەڕێوەبەریی گەورەژووری ڕاوێژ، ئەنجام دراوە.

ڕاوێژ: بەر لە پرسیارەکان، سەرەتا تکایە خۆتان و مێژووی چالاکیی هونەری و بەشێک لە بەرهەمەکانتان بە خوێنەران بناسێنن

مستەفاپوور: منیش پێشەکی سڵاوو ڕێزم هەیە بۆ بەڕێزتان و هەروەها خوێنەرانی گەورەژووری ڕاوێژ

من ئازاد مستەفاپوور لە 30 / 3/ 1364 هەتاو ( 20/ 6/ 1985)زـ لە گوندی قەباغڵوو سەر بە شاری سەقەز لە دایک بووم.

هەر لە تەمەنی منداڵییەوە خولیای موزیک و گۆرانی چڕین بووم و چ کاتێک وەک شوانەمەڕ و چ کاتێک وەک جوتیار و شۆفیڕ …هتد، گۆرانیی وتن هەر لەسەر زارم بووە و هەمێشە ورتەم هاتووە و بۆ خۆم و بۆ سرووشت و بۆ دۆستانم گۆارنیم چڕیوە.

لە بنەماڵەماندا دایکم و خۆشکم دەنگیان زۆر خۆش بوو و هەر بە هۆی ئەوانیشەوە لەگەڵ دەنگی کەڵە هونەرمەندانی کورد وەک مامۆستایان، حەسەن زیرەک، عەلی مەردان، ماملێ، تاهیر تۆفێق، سەلاح داودە، حەسەن سیساوایی، سابیر کوردستان و دەیان کەڵە هونەرمەندی تری کورد ئاشنا بوومە.

خاڵم کە شەهیدی  “حدکا” یە کەسێکی دەنگ خۆش بووە و هەمیشە دایکم و باوکم بە گوێیاندا دەدام کە خاڵت دەنگی خۆش بووە و ئەو قسانەش منی هاندەدا زیاتر بەرەو گۆرانیی چڕین و مووزیکی کوردیی بچم. لە ساڵی 1384ی هـ ، هاتوومەتە ناو ڕیزی پێشمەرگانی ” حدکا” وە و هەر لەوێشەوە ژیانی هونەریی من دەستی پێکرد. یەکەم جار وەک هاوکاری کورس لە کۆڕی هونەریی و دواتر گۆارنیبێژ و دواتر لە ساڵی 1392دا بووم بە ئەندامی فەرمیی کۆڕی موزیکی حدکا.

لە ساڵی 1390 هـ ، بووم بە شاگردی کاک سکۆی سووڵتانی و لە بەردەستی بەڕێزیاندا فێری ڕیتمەکان و ئامێری دەف و دایەرە بە شێوەی زانستیی ـ نت ـ بوومە. هەروەها لە بەردەستی مامۆستا هونەر کۆییدا فێری ئامێری نەی و هەروەها مقامەکانی مووزیک بوومە و ڵێرەوە سڵاوم هەیە بۆ ئەو دوو مامۆستا بەڕێزە.

بەرهەمەکانم بریتین لە:

ـ سروودی قازی محەممەد کە hqdefault2

هونراوەی کاک ئەرسەلان یار ئەحمەدییە.

ـ سروودی ۲ی ڕێبەندان. هۆنراوەی کاک فاتح ساڵحییە

ـ هەورازی کوور. هۆنراوەی مامۆستای نەمر  شێرکۆ بێکەس

ـ من کوردم. هۆنراوی کۆچکردوو  مامۆستا ئەسەد چراخی کە بەزاراوەی کەلهوورییە

ـسروودی ژیانەوە. هۆنراوەی کاک فەریدوون ئەڕەشەدییە

ـ سروودی بەرەو ئاسۆ. هـۆنراوەی کاک سەلام ئیسمائیل پوور

ـ لاوی کوردم. هـ: ئەمین گەردی گلانیhqdefault

ـ ڕێبەندانە. ئاواز و هۆنراوەی خۆمە

سروودی شەهید. ئاواز و هۆنراوەی خۆم دامناوە

ـ سروودیی یەکسانیی. کە بۆ کۆنگرە ئاخری ژنانی حدکا ئامادەمان کرد. ه ـ ئا ، بۆ خۆم بوومە

ـ سروودیک بۆ شەنگال و کۆبانیی. ش ـ ئا بۆ خوم بوومە

ـ  سروودی هاوار، هۆنراوەی کاک کەیهان یووسفی کە بۆ ژنانی داناوە

شینی کوردستان. هـ ـ ئاواز بۆ خۆم بوومە و ڕۆژی کورد کلیپی کردووە

کۆمەڵێک بەرهەمی دیکە کە ئێستا لە یادم نییە و هەروەها چەند ئاوازێکیشم هەیە هێشتا بڵاوم نەکردوونەتەوە و هیوادارم ڕۆژێک بتوانم بە شێوەیەکی جوان تۆمارو بڵاویان بکەمەوە.

ڕاوێژ: ئەگەر بە گشتی کورتە ئاوڕێک لە موسیقی و هونەرمەندانی کورد بدەینەوە،  کورد لە کوێی ئەو بازنەیە ڕاوەستاوە؟

مستەفاپوور: بۆ وڵامی پرسیارەکەی بەڕێزتان ئەبێ بڵێم، ئێمە جێگە و پێگەی هونەرەکەمان دیارە! بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئەو شوێنانەی خاکی پیرۆزمانی بەسەردا دابەش کراوە. بۆ وێنەی کۆڵکەی موزیکی ئێران کە ئێرانییەکان ئیدعای دەکەن موزیکی کوردیی لێبگرەوە ئیفلیج دەبێ! ئێمە کامکارەکانمان هەیە، شەهرام نازریمان هەیە، کەیهان کەلهووڕمان هەیە و بە دەیان کەسی لێهاتووی دیکە و هەروەها خاوەنی کۆنترین ئاوازەکانی ڕۆژهەڵاتین، وەک هۆرە، سیاچەمانە و حەیران و لاوک و بە هەزاران ئاوازی فۆلکلۆر کە بەشێکی دزراوە و بە تورک و فارس و عەڕەبەوە شانازی پێوەدەکەن. بەڵام ئێمە یەک کێشەمان هەیە! ئەویش ئەوەیە وەک کورد دەوڵەتمان نییە و موزیکەکەشمان وەک بەشێک لە فەرهەنگ و کلتووری وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان پێناسە دەکرێت و هیوادارم ڕۆژێک دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی دابمەزرێ و ئەو کێشەشمان چارەسەر بێت. لەوانەیە لە ئاستی جیهانیدا نەمانتوانیبێت خۆمان دەربخەیەن بەڵام وەک گوتم موزیکی کورد، فارس گوتەنی، سەر و گەردنێک لە موزیکی نەتەوەکانی دەوروبەرمان سەرترە و ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە.

ڕاوێژ: لە ئێستادا لاسایی لە ئاواز و ڕیتمی وڵاتان و نەتەوەکانی تر یەکجار بەرچاوە، بەڕای ئێوە هۆکار چیە؟ ئاوازدانەرمان نیە یان تامی زاری گوێگر و بینەر گۆڕاوە یان چی تر؟

مستەفاپوور: لە مامۆستا عەباس کەمەندی کە هەزار سڵاو لە گۆڕی بێ، ئەو پرسیارە کرا و لە وڵامدا فەرمووی: بە فتوای من کێشە نییە و ئەوانە هەڕ ڕۆژێک بێت دەبێ بگەڕێنەوە سەر هونەرەکەی خۆمان.

مەبەستی بەڕێزیان ئەوە بوو کە لاسیکردنەوە هیچ کەڵکی نییە و ئەگەر زۆر زۆر باش بیت وەکوو کەسێکی پلە دوو چاوت لێ دەکەن. ئەویش تا کەی؟ تا ئەو کاتەی ماوی کە مردی ئەوەیش کە کردتووتە دەمرێ. بۆ ئاوازدانەریش دەبێ بڵێم ئێمە کەسێکی وەک کەیهان کەلهوڕمان هەیە کە ئاواز بۆ فیلمەکانی  هالیوود ڕێک دەخات و ئامادە دەکات. بە دەیان هونەرمەندی دیکەمان هەیە کە ئاوازدانەرن و کارەکانیشیان دیارە.

بابەتێکی دیکەش هەیە ئەویش ئەوەیە کە ئێمە دەوڵەمەندین بە ئاوازە فۆلکلۆرەکان و ئەگەر لە ئێستا دەست پێ بکەین دە دەساڵی تریش تەواومان نابێت کە هەم پێناسەی ئێمەیە و هەمیش بەڕاستی دەکرێن زانستی بکرێن.

موزیکی ئێمە مووزیکێکە کە ڕیتمێکی تایبەتی هەیە و ئەگەر کەسێک لە ئامریکا یان لە ئورووپا بێت تەنانەت ئافریقاش، ئەگەر گوێی لێ ڕیتمی ۲/٤ ـی ئێمە بێت دەیهێنێتە سەما و لەو پەڕی چێژ دایە.

ڕاوێژ: گوێگر موسیقا بە دەنگی گۆرانیبێژ دەناسێ، ئەوە لە حاڵێکدایە کە موسیقی و موزیکی بێ گۆرانی لە جیهاندا زۆر پەرەی سەندووە، ئەوە وایکردووە موزیکژەنەکان لە پلەی دووهەمی یەک گۆرانی دابن، هۆکار چیە کە کورد حەزی بە موزیکی تەنیا نیە؟

مستەفاپوور: بەڵێ وایە و پرسیارێکی بەجێیە، وەک خۆشتان ئاماژەتان پێکرد نەک کاتی تێپەڕیوە زۆریش درەنگەو پێویستە مووزیکزانەکانمان لە هەوڵدا بن موزیکی ئێمە بە ساز و ئاواز ناسراوە و بەداخەوە زیاتر گۆرانییبێژ دەوری هەیە و ئەمە وایکردووە کە موزیسیەن دەرنەکەوێت، ئەمە لە حاڵێکدایە کاری سەرەکی موزیسیەنەکە دەکات. بۆ ئەوەی موزیسیەنیش دەرکەوێت پێویستە فەرهەنگ سازی بۆ بکەین کە ئەوەش ئەرکی ناوەندێکی حکوومەتییە و ئێمەش بەداخەوە خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ نین کە ناوەندێک دابمەزرێنی و ئەو ئەرکەی پێ بسپێرێت، هەروەها گوێی ئێمەش وا ڕاهاتووە کە زیاتر وشە ببیستێ نەک نۆت، هیوادارم ئەو کارە لە داهاتوودا بکرێت و ژەنیاریش مافی خۆی پێبدرێت.

ڕاوێژ: دەبێ چ بکرێ بۆ ئەوەی کە کوردیش بگاتە ئەو ئاستە کە بۆ نموونە ئامادە بێ بچێ بۆ کۆنسێرتێک کە تەنیا موزیک جا چ تەک نەوازی بێ چ کۆڕ و سەمفۆنی و …تاد؟

مستەفاپوور: ئێمە پێش هەمووشتێک پێویستمان بە ناوەند یان شوێنێک هەیە کە هەموو هونەرمەندە مووزیکزانەکانمانی تێدا کۆ بکرێتەوە و بڕیار لە سەر مووزیکی ئێمە بدەن و لێکی بدەنەوە کە کام پارچە مووزیک یان ئاواز دەکرێ ڕێک بخرێت و لە ئاستی جیهانیدا پێشکەش بکرێت، بەداخەوە لەگەڵ ئەوەی نیمچە حکوومەتێک لە باشووری کوردستان هەیە هێشتاش شتێکی لەو بابەتە نەکراوە وتا موزیکزانەکانمان لە سەر موزیکمان ساخ نەبنەوە، مووزیکی ئێمە هەر ئەوە دەبێت و هیوادارم ڕۆژێک ئەو پاشاگەردانییە نەمێنێ و ناوەندێکی وەها دابمەزرێت.

ڕاوێژ: خەزێنەی موسیقیی کوردی زۆر دەوڵەمەندە ئەو دەوڵەمەندییە بەتایبەتی لە ڕیتمدا زۆر بەرچاوە بەڵام بەو حاڵەشەوە کورد تا ئێستاش لە شوێنە ئاکادمیکەکانی جیهان نەناسراوە، هۆکارەکان چین؟

مستەفاپوور: پێشتر ئاماژەم پێکرد پێویستە ناوەندێک هەبێت و بە شێوەی زانستی لەو بابەتە بکۆڵێتەوە. کێشەیەکی تریش ئەوەیە ئێمە وەک وتم دەوڵەتمان نیە و مووزیکی ئێمە بە ناو ئەو دەوڵەتەناوە ناسراوە کە وڵاتەکەمانی بەسەردا دابەشکراوە.

ڕاوێژ: کوردستانی باشوور و وەرگرتنی فیدرالی و چوون بەرەو سەربەخۆیی، وەک دەگوترێ موزیکی کوردی شێواند یان خزمەتی پێکرد؟

مستەفاپوور: خزمەتی کردووە بەڵام کێشەکە ئەوەیە وەک حکومەتێکی فدراڵ ئەو کارانەی بەکەسانێک سپاردووە، تەنیا و تەنیا بۆ خۆیان هەوڵیان داوە وهاتوونە مووزیکێکی عەرەبی یان توورکیان کۆپی کردووە و داویانتە دەست خەڵک  کە ئەمە بەڕای من خەیانەتە لە لایەن ئەو کەسانەوە. بۆیە پێویستە حکومەت ئەو کارە بسپێرێت بەکەسانێکی دڵسووز و ئەو کارە بەزانستی بکات.

ڕاوێژ: حەیران و لاوک و هۆرە، سێ بەشی گرنگ لە موزیکی کوردی بەڵام کورد تا دێ لێیان دوور دەکەوێتەوە، ئەوە بە خەسار دەزانن؟

مستەفاپوور: ئەگەر لاوک، حەیران، یان هۆرە یان سیاچەمانە یان ئەڵاوەیسی بفەوتێت باوڕت هەبێ بنچینەی موزیکی کوردیی دەفەوتێت! هەرکام لەوانە مێژووییەکان هەیە و تایبەتمەندیی خۆیان هەیە لە موزیکدا. بۆ هۆرە چۆن لە ئەدبیات دا باس لە گلگامێش دەکرێ لە موزیکیشدا ئەوا باس دەکرێ و هەندێک کەس ڕایان وایە مێژووەکەی بۆ ٤هەزار ساڵ لەمەو پێش دەگەڕێتەوە و هەندێکیش دەڵێن نا زیاتر لەوەیە.

کێ خاوەنی هۆرەیە؟ ئێمە. ئێمە کێین؟ ئێمە کوردین، کەواتە هۆرە و سیاچەمانە، لاوک و حەیران، بەیت و بالۆرە و …هتد، بەشێکن لە پێناسە و چییەتیی ئێمە و ئەگەر ئەوانە بفەوتن بەشێک لە ڕابردوو و چییەتیی ئێمەش دەفەوتێ.

وەک کۆنفسیوس دەڵێ: ئەگەر ویستت شارەزاییت لە فەرهەنگ و کلتووری نەتەوەیەک هەبێت، گوێ لە مووزیکەکەیان ڕاگرە. قەت لە دڵم دەرناچێت جارێک مامۆستا قالە مەڕە وتی “ئەگەر من بمرم شمشاڵیش دەمرێ!”

لەسەرێکەوە ئەو قسەیەی ڕاستە! چۆن زۆری پێدەچێ کەسێکی وەک ئەو دروست بێتەوە و بتوانێت وەک ئەو نەمرە دەنگی شمشال دەربێنێ و ئەو هەست و سۆزە تایبەتەی پێ ببەخشێت. زۆر کەس حەیران دەڵێن! بەس ئایا دەتوانن وەک حەسەن سیساویی حەیران بڵێن؟ نا. کاتێ گوێمان لە هۆرەی عەلی نەزەر دەبێت شتێکە و کەسێکی دیکە دەیڵێ شتەیەکی ترە.

سیاچەمانەی مامۆستا عوسمان هەورامی لە کوێ و هین ئێمەومانان لە کوێ؟ کەواتە بەو ئاکامە دەگەین کە کەسەکان بە جۆرێک پێناسە دەدەن بە ئاوازەکە! ئەویش بە دەنگ و ئەو شێوە وتنەیانە کە بەکاری دێنن.

ڕێگاچارەش بۆ پاراستنیان ئەوەیە

ـ بە شێوەیەکی جوان و ڕێکوپێک بکرێ بە نۆت کە ئەمەش ئەرکی کەسانی پسپۆڕە.

ـ هەوڵ بدەین کەسانی هۆرەچڕ و حەیرانبێژ پێبگەیێنین و لە هەموو فستیڤاڵە هونەرییەکاندا بەشێکیان بۆ تەرخان بکرێ کە ئەمەش دیسانەوە پێویستە ناوەندێکی بڕیادەر پشتگیری بکات .

ڕاوێژ: بەڕای ئێوە چ بکرێ تا بتوانین ئەو سێیە واتا حەیران و لاوک و هۆرە، زیندوو بکەینەوە؟

مستەفاپوور: لە وڵامی پرسیار پێشووتاندا ئاماژەم پێکرد. دەبێ بخریتە سەر کاغەزـ واتە بکرێت بە نوت و پێوێستە کەسانی هۆرەچڕ و حەیرانبێژ پێبگەینین و لە هەموو فیستڤاڵە هونەرییەکاندا کاتی تایبەتییان بۆ تەرخان بکەن.

ڕاوێژ: هونەرمەند و سیاسەت، دەگوترێ نابێ تێکەڵ بە یەک بن، بەڵام دەبن، ئەوەش زۆر جار لە پێش چاوی بەشێک لە خەڵکیان دەخا، بۆ نموونە مامۆستا ناسر ڕەزازی پێرار وەرچەڕخانێکی تووندی کرد بۆ لای پ ک ک و ئەوەشی وەک هەڵوێست بە دژی حیزبەکانی ڕٶژهەڵات گرت، کەچی ئێستا بەو هۆیە ناتوانێ بۆ ڕاسان یەک قسە بکا تەنانەت لە شاییەک زاوا و بووک پارەیان پێشکەشی ڕاسان کرد، مامۆستا ناسر کوتی ئەوەی کە پارەیان داوە بۆ منداڵان و لیقەوماوان جێگای ڕێزە، ئێوە هونەرمەند و سیاسەت پێکەوە چٶن دەبینن؟

مستەفاپوور: لە سەر ئیزنی هەموو هونەرمەندان! ئێمە زۆرجار گوێمان لەم ڕەستەیە دەبێت کە “هونەرمەند موڵکی نەتەوەیە”. هەر بۆیە هونەری ئێمە بەگشتیی دەبێ لە خزمەتی ئامانجە نەتەوەییەکاندا بێت و هونەرمەندیش بە هەمان شێوە! لەوانەیە هەندێک ئەم قسەی منیان بە دڵ نەبێت. بەڵام ئێمە وەک هونەرمەندانی کورد لە نەتەوەکەمان جیا نین و بۆیە تا گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەکانمان کە بنیات نانی دەوڵەتێکی سەربەخۆیە بەردەوام دەبین.

هونەرمەندیش هەڵەی هەیە و دەشیبێت! من بۆ خۆم حیزبیم و شانازی بە حیزبی بوونمەوە دەکەم، بەڵام هەوڵ دەدەم کارەکانم بۆنی نەتەوەیی پێوە بێت و بە دوور بێت لە هەموو گرژی و ئاڵۆزییەک. من لەگەڵ ئەو هەڵوێستانەدا نیم کە لایەنێک بکوتی  و بتهەوێت بەم شێوە دڵی لایەنێکی دیکە بەدەست بێنی! ئەم جۆرە کارانە نەک زیان لە خۆدی هونەرمەندەکە دەدات، تەنانەت زیان لە پێگەی هونەریی کەسەکەش دەدا و بۆیە هەندێک کار شیاوی هونەرمەند نییە و دەبێ هەوڵ بدات خۆی لە هەندێک شت ببوێرێت.

بۆ پێکەوە بوونی هونەرمەند و سیاسەتیش دەبێ بڵێم بەو پێناسەی کە ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا لە سیاسەت دەکرێت، هونەرمەندیش دەتوانێ سیاسی بێت بەڵام ئەوەمان لە بیر نەچێت ناتوانێت سیاسەتمەدار بێت! دەتوانێ گرووپێکی هونەری بەڕێوە بەرێت و بەجوانی سەرپەرشتییان بکات، بەڵام ناتوانێ پلانداڕێژێکی سیاسی بێت. دەتوانێ ڕەخنە بگرێت لە بۆچوونی سیاسەتمەدارەکان و مافی خۆیەتی و پێشنیاریشی گەر هەبێت بیدا، بەڵام وەک پێشتر وتم ناتوانێ شتی نابەجێ بە لایەنێک  بڵێ بۆ بەدەستهێنانی دڵی لایەنێکی دیکە.

ڕاوێژ: کورد زاراوەی جیاواز و جیای زۆری هەیە، بەڕای جەنابت چەندە پێویستە هونەرمەندەکان بە زاراوەی تری جیا لە زاراوەی خۆیان گۆرانی بچڕن؟

مستەفاپوور: ئەگەر گۆرانیبێژ بتوانێ بە زاراوەکانی تر گۆرانی بڵێت ئەوا پێگەی خۆی لە ناو ئەو زاراوەنەشدا دەکاتەوە و جەماوەر و گوێگری زۆرتر دەبێت. لە ڕۆژئاوای کوردستان لە کەسێک بپرسی مامۆستا تاهیر تۆفێق دەناسی بە دڵنیاییەوە دەڵێ نایناسم. بەڵام ئەگەر بپرسی م. ناسر ڕەزازی دەناسیی؟ بەدڵنیاییەوە دەڵێ بەڵێ دەیناسم! هۆکارەکەیشی ئەوەیە بەزاراوەی ئەو بەشە لەکوردستان گۆرانی و سروودی گوتووە.

بۆیە ئەگەر گۆرانیبێژ بتوانێ ئەو کارە بکات هیچ کە زانیاریی زیاتر لە سەر مووزیک و ئاوازەکانی ئەو زاراوانە کۆدەکاتەوە، پێگەیەکی جەماورییش بۆ خۆی دروست دەکات و دەتوانێت خزمەتی زیاتریش بکات

ڕاوێژ: دەمهەوێ بچـە سەر باسی سروود، ئێستا پێگەی سروود لای هونەرمەندانی کورد چۆن دەبینن؟

مستەفاپوور: پێشەکی دەبێ پێناسەیەکی کورت لە سروود بکەین. سروود هەستێکی تایبەتە کە لە کاتێکی هەستیاردا درووست دەبێ و هەوڵی وروژاندنی گۆمەڵگەیە دەدا و ئامانجیشی هاندانی کۆمەڵگەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجە بەرزەکان .هەندێک سروود هەن دەچنە ناو مێژووەوە و تەنیا جارجارە دەوترێتەوە. وەک سروودەکانی تایبەت بە ڕاپەڕین کە لە باشووری کوردستان لە سەر و بەندی ڕاپەڕیندا بڵاو دەبوونەوە. بەڵام هەندێکی دیکە هەن هەمیشە دەوترێتەوە و دەیبیسین. وەک ئەی ڕەقیب و کوردستان و ئەی شەهیدان و ….هتد

بۆ پێگەی سروودیش لە دوای ئەم شەڕەی داعەش دەتوانم بڵێم چووە لووتکە و زۆرێک لە هونەرمەندان بە هاوکاری شاعیرانمان زۆر سروودی جوانیان بۆ پشتگیریی پێشمەرگە و شەرڤانەکان دانا و ورەی خەڵک و پێشمەرگەیان بەرانبەر بەو دوژمنە دڕەندییە بەرزکردەوە.

ڕاوێژ: لە کاتی ڕاسانی حدکا بەو شێوەیە کە پێویست بوو هونەرمەندان پێشوازییان نەکرد، یان من وای دەبینم؟ بۆ نموونە ناسر ڕەزازی و نەجمەددین تا ئێستاش بێدەنگن. هۆکارەکە لە چیدا دەبینن؟

مستەفاپوور: لەوانەیە هەندێک هونەرمەندی دیارو بەرچاو دەرنەکەوتبێتن. بەڵام سروود دانراوەو داشدەنرێت. بۆ وڵامی پرسیارەکەشتان بۆ کاک ناسر یان کاک نەجمە و هەر هونەرمەندێکی دیکە بێدەنگن با بۆ خۆیان وڵامدەر بن و بەڕاستی منیش نازانم تا ئێستا هۆکارەکەی چییە.

ڕاوێژ: هەبوونی پەیوەندی لە نێوان هونەرمەندانی پارچەکانی کوردستان چۆن دەبینن؟ ئەگە ڕ لاوازە، هۆکار چیە؟

مستەفاپوور: بە ڕای من پێوەندییەکان زۆر باشە. ئێنترنێت کارێکی وایکردووە زۆر هونەرمەند پێوەندییان هەبێ و ئاگایان لە کارەکانی یەکتریی هەبێت. بۆ نموونە هەر ئێستا من و بەڕێزتان دەتوانین بەم شێوە وتووێژ بکەین و ئاڵوگۆڕیی بیروڕامان هەبێت.

ئێستا من بۆ خۆم لە وڵاتی بلژیکم و لەگەڵ چەند هونەرمەندێک کە هەندێکیان خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانن گرووپێکی هونەریمان بە ناوی “کۆما نۆژین” دروست کردووە و لە داهاتوویشدا کارەکانمان دەبینن. بۆیە بەڕای من پەیوەندییەکان باشن.

ڕاوێژ: بەشداریی ژنان لە هونەردا لە ئێساتدا چٶن دەبینن؟

مستەفاپوور: ئەگەر مەبەستی بەڕێزتان ژنانی کوردە، بەڕای من باشە و دەنگ خۆشی زۆر باشیشمان هەیە و لە داهاتوودا کەسی باشتریشمان دەبێت. ئەمە جێگای شانازییە ئێمە گۆرانیبێژ و ژەنیاری ژنمان هەیە. خۆت باش دەزانی نەریتی خراپ کە سەرچاوەکەی ئایینە دەنگی ژنی خەفە کردبوو. بەڵام ئێستا بەڕای من باشە و پشتگیریش دەکرێن لە لایەن هونەرمەندان و کۆمەڵگەیشەوە.

ڕاوێژ: با بچینەوە سەر ڕۆژهەڵات، کێشەکانی هونەرمەندانی موسیقی لە کوردستانی ڕٶژهەڵات بەڕای ئێوە چیە؟

مستەفاپوور: کێشەیان یەکجار زۆرە! نموونە هونەرمەندی ژن ناتوانێ بەحەزی خۆی گۆڕانیی بڵێت. هەندێک فستڤاڵ هەن بۆ شکانەوە و بگووکردنی هەندێک هونەرمەند ڕێک دەخرێت. نموونەش ئەو کونسێرتەی کاک عەدنان کەریم بوو لە پووشپەڕی ئەمساڵدا. هەمووشتێک چاوەدێریی لە سەرە و بە هونەرمەند بە دڵی خۆی ئەوەی دەیهەوێت ناتوانێت بیکات و بە سەدان کێشەی تر بۆیە لە ڕۆژهەڵات کاری هونەری و ژیانی هونەریی هەمیشە لە مەترسیدایە و هونەرمەند لە ژێر چاودێریدایە.

ڕاوێژ: بەڕای ئێوە لە دونیای مودێرندا کەڵک وەرگرتن لە موسیقیی فلکلۆری کوردی دەتوانێ ڕووحی گەنجەکان تێراو بکات؟

مستەفاپوور: بەڵێ بەڵام بەداخەوە هەندێک شت بوونەتە بە قەولی خۆیان مۆد و چاولێکەریی دەنا فۆلکلۆریی ئێمە وەک دەڵێن زەریایەکە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت