کاریگەریی موسیقای لەسەر کورد بە گشتی و خەباتی کورد بەتایبەتی/وتووێژ لەگەڵ هونەرمەند ئاکام خالقی

0
332

خوێنەری هێژا:

باسی بەردەستت، مژارێکە لەسەر (کاریگەریی موسیقای لەسەر کورد بە گشتی و خەباتی کورد بەتایبەتی)، لە ڕێکەوتی ٨ و ٩ی بانەمەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی لەگەڵ بەرێز، هونەرمەندی کورد، ئاکام خالقی سروودبێژ و چالاکی سیاسی و بە پێشکەشکاریی نیشتمان قاسمی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ژووری ڕاوێژ، ئەنجام دراوە.

ڕاوێژ: سەرەتا ئەگەر بکرێ بە کورتی خۆتان بۆ ئەندامانی ژوورەکە بناسێنن

خالقی: لەگەڵ سڵاو و ڕێزم بۆ هەموو بەڕێزان کە لێرە تەشریفیان هەیە و هەموو ئەو بەڕێزانەشی کە ئەم بابەتە دەخوێننەوە، من ئاکام خالقی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئێستادا دانیشتووی وڵاتی نۆڕوێژم، بۆ ماوەی سێ ساڵ دەبێ کە کاری هونەری خۆمم دەست پێ کردووە و بەهۆی ئەوەیکە کوردستان لە بارودۆخێکی خراپدا بوو و بە داخەوە دیسان شەڕمان بە سەردا سەپێندراوە پێم باش نەبوو لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا کارەکانم بدەمە دەرێ تا ئەوەیکە ماوەی یە ک حەوتوویەک دەبێ کارەکانم بڵاو کردوونەتەوە ئێستاش لە خزمەتی ئێوە دۆستانی هێژادام.

ڕاوێژ: بە گشتی پێناسەی ئێوە لە موسیقا چیە؟

ئاکام خالقی
ئاکام خالقی

خالقی: بەشێکی زۆری ناخی مرۆڤ بریتیە لە هەست و حەز و خولیاکانی مرۆڤ، تۆ کە برسیت دەبێ وەکوو جەستە پێویستیت بە خواردنە بۆ ئەوەیکە بتوانی باڵانسی ژیانت ڕابگری ڕێک ئەو پێناسەیە بۆ ناخ و دەروونی تۆ بە کار دێت بۆ ئەوەیکە باڵانسی دەروونیت ڕابگری پێویستیت بە دەنگێکە کە ناخت  تێر بکات و ڕێک وەک خواردنیش هەر کەس حەزی لە جۆرێکی موزیکی و ڕۆح و دەروونی خۆی پێ تێر دەکات کامە سەبک و شێواز لەگەڵ باوەڕەکانی دابێتەوە ئەوە گوێ بەو سەبک و شێوازە دەدات، موزیک بە باوەری من پێناسەیەکی تایبەتی بۆ نیە! تۆ تەنانەت لە سرووشتیشدا بە بیستنی ئاو و باو دەنگی چۆلەکەیەک دەتوانی گوێبیستی واتایەک لە موزیک بێت.

ڕاوێژ: موسیقا یان موزیک بەشی زۆری هەن، لە هەڵپەڕێک و ڕەزمی و بەزمی و شین گێڕی و جۆری جیاواز، بەڵام ئەوەی بۆ ئێمەی کورد گرنگترە و لێرە باسی دەکەین سروودە، سروودی چۆن توانیویەتی لە ناو کورددا کاریگەری هەبێ؟

نیشتمان قاسمی
نیشتمان قاسمی

خالقی: هەموو کەس هەستێکی تاکە کەسی هەیە هەستێکی گشتی هەیە بە باوڕی من، هەستە گشتیەکە گرێدراوی ئەو کۆمەڵگا و وڵات و نەتەوەیەیە کە زۆرترین کاریگەری لە سەر تۆ دادەنێن و بە جۆرێک ژیانی تۆش گرێدراوی ژیان لەو کۆمەڵ و کۆ دایە، بە واتایەکی تر کێشە و دەرد و خەمەکانن کە ئێمە وا لێدەکەن بێ هەڵوێست نەبین بۆیەش بەشێکی زۆری موزیکی ئێمە ئەو جۆرە خۆی نیشانداوە کە دەبێ ڕۆڵی خۆی بگێڕێت، ئەوە تایبەت نیە تەنیا بە ئێمەی کورد و هەموو گەلانی دونیا کەم تا زۆر، ئەو کارەیان کردووە و لەو بوارە وەک فاکتەرێکی بەهێزی شۆڕش و خەبات کەڵکیان وەرگرتووە، سەرەتای سروود و مارشە نیزامیەکان دەگەڕێتەوە بو سەدەکانی ۱۷ و۱۸ زاینی لە ئورووپا و سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی فەڕانسە و داوتریش ڕووسەکان کەڵکیان لێ وەرگرت بە شێوەیەکی کاراتر لە ئوورووپادا.

بە گشتی پێموابێ کورد و موزیکی شۆڕشگێڕانەو سروودیش بەشێکە لە خەبات و دەبێ وەک چۆن لە ڕابردوودا گۆرانیبێژەکانمان کەڵکیان لێ وەرگرتووە ئێستاش ئەو کارە بکرێتەوە ئەگەر چی ئێستا سەبکهایەکی جیاوازتریش هاتوونەتە مەیدان و هەر ئەو دەورەش دەگێڕن بەڵام بە ڕای من ئێستاش بە هۆی ئەوەیکە سروود حاڵەتێکی حەماسی زۆرترە، دەتوانێ دەورێکی سەرەکیتریش بگێڕێت.

ڕاوێژ: بەشێک لە گرنگی موسیقا، پاراستنی زمانە بەتایبەت بۆ کورد کە سیستەمی پەروەردەی خوێندنی نەبووە، بەرای ئێوە موسیقا و هونەرمەندی کورد چەند توانیویانە لەو بارەوە دەور بگیڕن؟

خالقی: لە ڕابردوودا هونەرمەندە ڕەسەنەکان دەورێکی باشیان هەبووە لەو ڕەوتەو زۆر ڕۆڵی ئەرێنییان گێڕاوە لە ئێستادا بە داخەوەم  ئەوە کەمتر دەبینم، کەسانێک ناڕاستەوخۆ و ڕاستەوخۆ خەریکن خزمەت بەو ئاسیمیلاسیۆنێک دەکەن کە سەدان ساڵە دوژمنان بەسەرمانی دێنن، موزیک و هونەر دەتوانین بڵێین سەرەکیترین هۆکارە بۆ فەرهەنگ سازی کۆمەڵگایەک جا ئەگەر بێت و بەرەو ئاراستەیەکی خراپ بچی زۆر ماڵوێرانکەرە، چاو لێبکەن! موزیک زمانێکی جیهانیە بەڵام پێویستیشە ئەوەش لە نەزەر بگرین هەر کەس دەبێ تێبکۆشێت بە زمان و فاکتەرەکانی خۆی بێتە ئەو مەیدانەوە، ئەو کارە لە لایەن ئینگلیسی زمانەکان یا تورکەکان و بە تازەییش فارسەکان بە باشی بەڕێوە چووە بە ڵام بە داخەوە ئێمە وەک کورد بە هۆی نەبوونی دەوڵەتێکی نەتەوەیی هیچ کە کار بۆ ئەو مەبەستە نەکراوە بەڵکوو حیزبەکان (لێرەدا حیزبەکانی باشوور مەبەستمن چوونکە ئەوان لە دەسەڵات بوون و خاوەن ئابووری خۆیان بوون چوونکە بێ گوومان بە بێ ئابووریە کی بەهێز هیچ کارێکی فەرهەنگی ئەو دەورەی کە دەبێ بیگێڕێت نایگێڕێت) ئەوەندەی دی موزیک و هونەریان بەرەو داڕمان بردووە بە داخەوە.

ڕاوێژ: با بەر لە چونە ناو پرسیارەکانی تر، ڕای ئێوە لەسەر موسیقی کوردی بپرسم، بەڕای ئێوە موسیقای کوردی چەند توانای نوێ بوونەوە و خۆگونجاندنی هەیە لەگەڵ جیهانی سەردەم؟

خالقێ: ئێمەش وەک گەلانی دونیا هیچ جیاوازییەکمان نیە و بێ گوومان دەبێ لەو نوێ بوونەوەیە بێبەش نەبین و دوانەکەوین دەنا بمانەوێ و نەمانەوێ جێگرەوەمان دەبێت هەر ئێستاش لەو مەترسیەدایە بە خۆشیەوە کەسانێک ئەو نوێ گەریەیان کردوە و توانیویانە ڕۆڵ بگێڕن بەڵام هێشتا کەمە و دەبێ کاری زۆرتری بۆ بکرێت.

ڕاوێژ: بەشێکی زۆر لە هونەرمەندانی کورد سەرەرای ئەوەی کە هونەرمەند و دەنگ خۆش و ژەنیار بوون، لە ناو جەرگەی خەباتیشدا بوون، ئایا ئەوە بەو واتایەیە کە خەبات و موسیقا لێک دانەبڕاون؟

خالقی: یادی بە خێر کە لە قۆناغی پێش زانکۆدا بووین مامۆستایەکمان زۆر جار قسەیەکی جوانی دەکرد و دەیکوت هونەرمەندی ڕەسەن و ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە باسی دەرد و خەم و ژانی گەلەکەی بکات …

مامۆستایان شوان پەروەر، ناسری ڕەزازی، نەجمەی غولامی، محمد جەزا…و تاد، ئەو ئەرکەی خۆیان بە باشی بە جێ گەیاندووە دەبێ ئێمەمانان لەو بەڕێزانە فێر بین . ئەوەیکە هونەرمەند لە خزمەت بە گەلەکەی، هونەرەکەی تێکەڵ بە خەبات بکات لە خۆشیەکانی خۆی بۆ ناساندنی ئەو دەرد و ئازارانە بگوزەرێت، ئەرکێکی پیرۆزە و گەورەیە بە ڕاستی، ئەو کارەش کەسێکی وەک مامۆستا شوان پەروەر بە باشی بە جێی گەیاندووە و بە تەنیایی بە قەت شۆڕشێک لە ڕێگەی هونەرەکەوەی خەڵکانێکی ئوورووپایی لەگەڵ ئازارەکانی نەتەوەیەکی چل بۆ پەنجا ملوێنی ناساندووە.

ڕاوێژ: موسیقا و سروود، چەندە دەوریان لە گەرم کردنی کۆڕی خەبات و گیانبازیی کورد هەبووە؟ مامۆستا شوان پەروەر دەلێ دەزانم سەدان کەس بە دەنگی من و سروودەکانم هاتوونە ناو خەبات و شەهید بوون بەڵام چارە نیە، تەقدیەی وڵاتی منیش ئاوایە.

خالقی:  پێشەکی با ئەوە بڵێم لانیکەم ئەگەر مێژووش بە شایەتی بگرین کورد قەت نەتەوەیەکی شەڕخواز نەبووە و هەر ئەوەیکە بە درێژایی مێژووش هێرشمان نەکردوەتە سەر وڵاتی کەس، ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەکەوێ، بەڵام ێیمە دەبێ واقع بین و رئالیست بین دوو ڕێگات لە پێشە یان دەبێ ژینۆساید و ئاسیمیلاسیۆن بکرێی و وردە وردە لە ناوت بەرن یان نەخێر دەبێ دەست بدەیتە شەڕێکی ڕەوا کە ئەو شەڕەش شەڕی مان و نەمانە و دڵنیاش بین سەرکەوتن بۆ خۆمانە، بەڵام سەبارەت بە مامۆستا شوان پەروەر، کەسایەتیەکە کە ژیا نی خۆی پێشکەش بە کوردایەتی لە سەرووتریش بە مرۆڤایەتی کردووە ئەو کەسانەی بە دەنگی مامۆستا شوان پەروەر و ناسر ڕەزازی و محمد جەزا هاتنە ڕیزی خەباتەوە، شەڕی مرۆڤایەتیان کردووە، ئەوان شەڕیان کرد کە سەری مرۆڤایەتی بەرز ڕابگرن .

باشە ئەگەر کەسانێکی وەک ئەوان نەبایەن و بە سروودە شۆڕشگێڕیەکانیان لاوانیان  بەرەو خەبات و شۆڕش هان نەدابایە ئایە ئێستا شتێک لەشوناسی نەتەوەییمان مابوو؟ بە پێچەوانەوە خزمەتێک کە ئەو بەڕێزانە لە ڕێگای هونەرەکەیانەوە پێشکەش بە نەتەوەکەیان کرد پێم وانیە دەیان کتێب ئەو کارەیان کردبێ.

ڕاوێژ: پرسیاری هاوڕێیەک؛ سه رده مێک کاک ناسر ڕەزازی به سرووده نیشتمانیەکانی زورێک له لاوانی ڕا دەکێشا بۆ خه بات بەڵام هونەرمه ندانی ئێستا بۆ هەستێکی خۆش وەک ده یه ی 50 و 60 نادەن به خەڵک؟

خالقی: پرسیارێکی جوانە،  بە ڕای من ئەو بەستێن یا بارودۆخەی کە ئەو کات هەبوو ئێستا نیە، بە واتایەکی تر دەبێ بۆ وڵامەکەی بگەڕێنەوە بۆ ئەو سەردەمە کە خەڵک و شۆڕش لە چ قۆناعێکدا بوو و موزیک هاوتەریب لەگەڵ بارودۆخی کۆمەڵگا، شێوازەکانی خۆی دەگۆڕێت ئەگەر پێویست بێت دیسان سەرهەڵدەدەنەوە.

ڕاوێژ: پرسیاری هاورێک، دەقاودەق دادەنێمەوە، دیارەبۆچوونی خۆیانە پرسیارێکیان هەیە. دیاره هەموومان دەزانین خەڵکی کورد له سەرەتای ژیانیان گوێ بیستی موسیقای سروشتی کوردستانن، بۆیه ش موسیقا تێکەڵاوی ڕوح و ژیانی خەڵکی کورده، بەڵام پرسیار ئه وه یه موسیقای فلکلوری کوردی چیه؟ هونەرمەندانی کورد تا چ ڕادەیەک لەسەر موسیقای ڕەسەنی کوردی ماونەتەوه؟

گۆرانی بێژانێکی وه ک سمایل سەەده شتی و ئاوات بۆکانی و زۆرێک له گۆرانی بێژانی وەک ئەو بەڕێزانه له ڕۆژهەڵات و له باشوور تا چ ڕادەیەک خەڵکیان لە موسیقای ڕەسەنی کوردی دوور کردۆته وه؟

خالقی: جوانە ئەگەرچی موزیک و شێواز و سەبکەکانی هەموو جێگەی ڕێزن بەڵام ئەوە ڕاستیە کە موزیکی هەر نەتەوەیەک بە شێوازە ڕەسەن و فۆلکلۆرەکەی تۆ بە دونیا دەناسێنێت و دەبێتە بەشێک لە ناسنامەی تۆ، بۆ نموونە مامۆستا حەسەن زیرەک کەسێکە کە زۆر لە موزیک ناسەکانی دونیا دانیان پێداناوە و بووەتە سەمبولێک بۆ ناساندنی موزیکی کوردی، بەداخەوە ئەوانەی کە باستان کرد بە ڕای منیش خەڵکیان لە هونەری ڕاستی کورد دوور کردوەتەوە ئەوە کاری وزارەتی ڕۆشنبیریە کە هەندێک فیلتر دابنێ بۆ کەسانێک کە کاری هونەری دەکەن بە داخەوە ئەو ڕۆڵە وەک پێویست نەگێردراوە.

ڕاوێژ: پرسیاری هاوڕێیەک؛  کام هونەرمەند بۆ یەکەم جار دەنگی سیاسی یان نیشتمانی هەڵبڕی؟ گۆرانیە کلاسیکەکانی هونەرمەند عەینەدین کە بۆ نیشتمان و پێشمەرگەی گووتوە  دەڕواتە خانەی ئاهەنگی سیاسی یان نیشتمانیەوە؟

خالقی: من پێم وایە بەڕێز حەسەن زیرەک و بەڕێز قادر دیلان. پێم خۆشە لێرەدا یادێک لە گەورەیی خوالێخۆش بوو قادر دیلان بکەم، بەداخەوە بە خاتری کێشەگەلی حیزبی ئەو ئوستوورەیەی موزیکی کوردی قەت یادی لێ ناکرێتەوە  سەبارەت بە بەڕێز عەینەدینیش من پێم وایە هەر گۆرانیەک بە هەر سەبکێک باسی دەرد و ئازارەکان بکات یا لە بەرز کردنەوەی هەستی نیشتمانی دا هەنگاو بنێت دەچێتە خانەی گۆرانی نیشتمانی و سیاسیەوە تەنانەت ئەگەر لە ڕەپ و ڕاکیش دا خۆی نیشان بدات .

ڕاوێژ: زۆر کەس لەو باوەڕەدان نابی هونەرمەند سیاسی بێ ئێوە ڕاتان چیە؟

خالقی: ئاخر نازانم سیاسی بە چ واتایەک ؟

ئەگەر بڕیاڕ وایە تۆیەک کە باسی کێشە و زوڵم و زۆریەکان و داکۆکی لە مافەکانت دەکەی وەک کەسێکی سیاسی دەناسرێیت بەڵێ بە شانازیەوە سیاسیم و پێم وایە دەبێ هەمووشمان سیاسی بین من هەمیشە ئەوەم وتووە و دەشیڵێمەوە; ئێمە میلەتێکی لانیکەم چل ملوەنین ئەگەر هەر تاکێکی کورد زۆر نەڕۆین خۆی دابنێ بۆ لانیکەم یەک مانگ زیندانی وڵاتمان ئازاد دەکەین بەڵام بە شەرتێک هەموومان پێکەوە لە جووتیار و کرێکار و خوێندکار و مامۆستا و بازاری و هونەرمەند بە تایبەتی و… هتد دەس بکەین بەو شۆڕشە نە ئەوەیکە تۆ تاوانی منیش بدەی.

 ئەگەر مەبەستان حیزبیە؟ لەو بارەیەشەوە تێبینی خۆم هەیە، لەوەیدا کە دەبێ هونەرمەند ئازاد بێت هیچ شکێک نیە ئازاد لە چوارچێوەی ڕێبازێکی فکری – سیاسی بەڵام ئەو بابەتە دەبێ لە دوو روانگە و بوعدەوە چاو لێ بکرێت:

یەکەم: ئەوەیکە هەتا نەبیتە خاوەن دەوڵەتێکی نەتەوەیی(نەک حیزبی)سەربە خۆ بوون نەک لە بواری هونەری بەڵکوو گشت بوارەکانی تریشدا کاڕێکی ئەستەمە

دووهەم: ئێمە چ بمانەوێ و چ نەمانەوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و بە تایبەتی لە کوردستان دەژین کە یا حیزب ئیدارەی دەسەڵات دەکات (باشوور) یا بەڕێوەبەری مێژووی هاوچەرخی شۆڕشەکانی گەلەکەمان لە هەموو پارچەکان حیزبەکەن بوون تۆش پێت خۆش بێت یان نا دەبێ سەر بە جەریانێکی فکری یا حیزبی بیت.

بە ئاوڕدانەوەیەک لەسەر کاری هونەرمەندە شۆڕشگێڕەکانی پێشوومان شتێکمان بۆ دەر دەکەوێ ئەویش ئەوەیە نەوەد لە سەدی ئەو کارانەی کە کراون و پێشکەش بە شۆڕش کراون ئەگەر بە وردی گوێ بیستیان بین دەبینین کە ئەو چەمکانەی کە کەڵکیان لێ وەرگرتوون وەک نیشتیمان، پێشمەرگە،کوردستان،ئازادی،شەهیدان  ئەنفال، هەڵەبجە، سێدارە،ئاوارەیی…هتد، موڵکی هیچ حیزبێک نین بەڵکوو هەموو نیشتمانین .

لێرەدا دەمێنێتەوە پرسیارێک، مەگەر ئەو  هونەرمەندانەی کە سەر بە حیزبەکان بوون جگە لە بەها نیشتمانیەکان بە سەر شتێکی تردا گۆرانی و سترانیان چڕیوە؟

لە وڵامدا من خۆم پێم وایە کارەکانی ئەو هونەرمەندانە بە بێ جیاوازی پێشکەش کراوە بە هەموو شەهیدان و بە هەموو پێشمەرگەکان و بە یەک جوغرافیا و یەک وڵات و یەک نەتەوە .

ڕاوێژ: ئەگەر بکرێ باس لە بەرهەمەکانی خۆتان بکەن، تا ئیستا چەند بەرهەمتان تۆمار کردووە، یەکەم بەرهەمتان کەی بووە و ناوی بەرهەمەکانتان.

خالقی: نەک یەکەم بەرهەم با باشتر بیڵێم یەکەم سی دیم دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ۹۲ و هەر ئەوەش دەسپێکی کاری هونەری من بوو بەڵام هەر ئەو سی دیەش  هەتا تەواوی کردنی یەکەم کلیپی خۆم هەر لای خۆم بوو بڵاوم نەکردبوەوە بە داخەوە بەهۆی هاتنی شەڕی داعش و شەهید بوونی پۆلێکی زۆر پێشمەرگەکانمان دیسان هەر پێم باشنەبوو کە بڵاوی بکەمەوە هەتا ۲ هەفتەیەک لەوەپێش کە داوموتە بازار و سەنتەرەکان و یەکەم کلیپیشم بە ناوی بەفرین تازە ماوەی چەند ڕۆژێکە دراوە بە کاناڵەکان

“سی دی”یەکەم پێکهاتوە لە شەش گۆرانی بە ناوەکانی: ئازیزەکەم – بەفرین – دایە – گلەیی – هەناسە – نیشتمان

ڕاوێژ: وەک هونەرمەندێکی گەنجی کورد کە سروودبێژی بەشی سەرەکی کارەکانتانە، چ کۆسپ و کەنێکتان لەسەر ڕێگا بووە و هەیە؟

خالقی: هەروەک ئاماژەم پێدا من کارەکانم لە نێوخۆی وڵات ئامادە کردوون و لە باشووری وڵات کارم بۆ نەکردوون من خۆم لە وتنەوەی سرووددا کێشەیەک نابینم بەڕاستی چوونکە بەحەق گرووپی موزیک و کاناڵەکانی باشوور سپۆنسەریەکی باشی کلیپە شۆڕشگێڕیەکانیان کرد لەم ماوەیەی دواییدا، بۆیە هەر کەس ویستی کاری سروود بکات با کاری خۆی ئامادە بکات و دڵنیام لە باشووریش پشتیوانی لێ دەکرێت بەڵام کێشەی خۆم لەو سروودەدا بەداخەوە چوونکی بە قاچاخ لە ڕۆژهەڵات کارەکانیم کرد، بەداخەوە جێگەی خاڵی کۆرسێکی باشی تێدا بە دیدەکرێت و هەروەها ئۆرکسترایەکی باش، چوونکە من خۆم بەتەنیا تەنانەت کاری موزیک و کارەکانی تریشیم کردووە، بۆ تەواوی ئەو کەسانەی کە کاری سروود دەکەن بە خۆشیەوە شێعری شاعیرەکانمان هەمووی پڕە لەو جۆرە شێعرانەو بۆ موزیکیش دەتوانن لە باشوور سپۆنسەری باش ببیننەوە.

ڕاوێژ: ئەگەر بکرێ هەندێک باسی ناوەرۆکی بەرهەمەکانتان بکەن، شیعرەکانیان هی کێیە و ئاوازدانەریان

خالقی: ڕاستیەکەی زۆر پرسیارێکی بە جێیە دەستان خۆش بێت،

ئازیزەکەم : شاعر محەمەد سەعید نەجاری (ئاسۆ)، ئاوازی خۆم

بەفرین: تکست و مێلۆدی یا ئاوازی خۆمە

دایە: لە شیعری ئاسۆ ، ئاوازی خۆم

گلەیی: زیندوو کردنەوەی گۆرانیەکی کۆنی مامۆستا زاهیر جەلالە

هەناسە: لە شیعری ئاسۆ وئاوازی خۆم

نیشتمان” تکست و مێلۆدی خۆمـە.

ڕاوێژ: باشووری کوردستان بۆ هونەرمەندی کورد و بەتایبەت کەسی وەک ئێوە کە ڕەسەن بێژ یان بڵێین گەنجێکن ئاوڕ لە سروود دەدەنەوە، چۆنە؟

خالقی: ببوورن شێوازی موزیکی من ڕەسەن یان فۆلکلۆر نیە بەڵکوو من شیوازی موزیکی پاپ زیاتر کار دەکەم بەڵام بۆ هەر کەسێک خاوەن پڕۆژە بێت سەبارەت بە سروود لە ئێستادا کە شەڕ لە نزیک سنوورەکانی کوردستانە بە باشی پێشوازی لێ دەکرێت و هەر کەس پڕۆژەی وای هەبێ دڵنیام بە باشی وەر دەگیرێت هەڵبەت ئەوەش بڵێم دەبێ بتوانی بۆ کارەکەت واستەیەکی باشیش ببینیتەوە بەڵام ئەگەر کارێکی باش بێت هەر لە لایەن کاناڵەکان دەکرێن بە ویدیۆ کلیپیش بۆیە من پێم خراپ نیە ئەوەشمان لە بیر نەچێت تەنیا بۆ سروود لە ئێستادا وایە.

ڕاوێژ: لە ئێستادا دۆخی موسیقای کورد لە جیهاندا چۆن دەبینن؟

خالقی: ئەوەش بە هۆی نەبوونی دەوڵەتێکی نەتەوەیی بەداخەوە کارێکی باشی بۆ نەکراوە و دەکرێ بڵێین موزیکێکی مەترەح مان نیە کە نیشان و سەمبولی ئێمەی پێوە بێت بە داخەوە تەجرووبە دەسەڵاتی باشوور لە بواری کار کردن لە سەر کاری فەرهەنگی و لە وانە ش موزیک ئەسڵەن کارنامەیەکی باشی نەبوە بۆیەش من پێم وایە ڕەنگی موزیکو وڵاتانی دراوسێمان پێوە دیارە تاکوو موزیکێکی ئاپدێت کە ببێتە سەمبولی خۆمان وە ک نەتەوەی کورد لە دونیا موزیکی کوردی وەک نەخۆشێکی حاد وایە کە دەورەی نەخۆشیەکەی تێپەر دەکات و دەبێ هەموو هەوڵ بدەین هەرچی زووتر ڕێگای چارەسەرێکی بۆ بدۆزینەوە  ئەوەش لە ڕاستیدا کاری وزارەتی ڕۆشنبیریە.

ڕاوێژ: زۆر هونەرمەند دەڵێن ئیستا سەردەمی سروود و گۆرانی شۆڕشگێڕی نیە، ئەمانە هەستی نەوەی نوێ پاراو ناکەن و نەوەی نوێ شتی تری گەرەکە، ئێوە لەو بارەوە راتان چیە؟

خالقی: من وا بیر ناکەمەوە بەڕای من ئەوانیش پێویستن و ئەمانیش پێویستن هەتا شێوازی موزیکیی زۆرترمان هەبێت هەر بەو ڕادەیە دەوڵەمەندترین، چ کێشەیەکی هەیە با سروودبێژێک کاری خۆی بکات کەسێکیش کە ڕەپێرە  یان ڕاک کار دەکات ئەویش کاری خۆی بکات گرنگ ئەوەیە ئەوانە هەموو لە خزمەت بە نیشتمان و شۆڕشدا بن، بێ گومان هەر شێوازە و هەر گۆرانیبێژیش لاینگری خۆی هەیە و دەبێ ڕێز لە هەموان بگرین.

ڕاوێژ: پێتان وایە کورد بە گشتی لەگەڵ هونەرمەند چۆنە؟ گلەیی و گازندەی هونەرمەندێکی کورد لە ئێستادا چیە؟

خالقی: ئێمە وەک نەتەوەی کورد بە داخەوە لە زۆر بواردا کەمتر خەمین سەبارەت بەو شتانەی کە هەمانە یا دەبێ گرینگیان پێ بدەین بە گشتی فەرهەنگی ئێمە لەو ڕادەیەدا نیە کە ڕێز لە هەنەرمەندانمان بگرین ببوورن ئاوا ڕۆک قسەی خۆمم کرد بەڵام زۆر بێ کەسمان دیوە بە هەر هۆیەکەوە بێت جا یا هۆکاریحیزبی یان فەرهەنگ سازی هەڵەی ناو کۆمەڵگا دوو ڕۆژە وا بردوویاننە ئاسمانەکان و زۆر کەسیشیان وا لێ کردوە سارد بێتەوە و پەشیمانی بنوێنێت بۆ ئەوەی کە کردوویەتی فەرهەنگی ئێمە ئەوەیە کە کەسهکی وەک کەریم کابان ئەو هەمووە خزمەتەی کرد بە هونەری کوردی لە ئاخردا وایان لێ کرد کە نەدەبوە بیانکردایە.

ڕاوێژ: لە کۆتایی باسەکەدا ئەگەر قسەیەکتان هەیە بفەرموون.

خالقی: پێم خۆشە تەنیا ئەوە بڵێم با ئەوانەی کە هەمانە ڕێزیان لێبگرین و هەروەها دەستخۆشی لە ئێوەی بەرێز و هەموو خوێنەرانی هێژا بکەم، دەست خۆشی تایبەتیشم بۆ جەنابت نیشتمان خانمی هێژا بۆ ئەم دەرفەتە زێڕینەی کە خستانە بەر دەستم، هەر بژین و سەرکەوتوو بن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت