وتووێژ لەگەڵ “تریفە کەریمیان”، شانۆنامەنووس، دەرهێنەر و ئەکتەری کورد

0
509

شانۆنامەی “عیشا”، بەرهەمی ژنە کوردی گەنجی چالاکی کوردی، شاری سەقز، تریفە کەریمیان ـە کە لە فستیڤاڵی “لیۆن” لە وڵاتی فەڕانسە وەرگیراوە. ئەوە یەکەم کار و بەرهەمی خاتوو تریفە کەریمیان لە بواری هونەری شانۆدا نییە، پێشتریش شانۆنامەیان بەڕێوە چووە و نمایش کراوە، دیمەن و دەم و چاو و ناوێکی ئاشنایە لە گۆڕەپانی شانۆگەری کوردیدا و بە دڵنیاییشەوە ئاسۆ و پێشەڕۆژێکی ڕوونتری لە پێشە لەم بوارەدا.

هەر بۆیە ڕۆژی کورد بە ئەرکی خۆی زانی لەگەڵ ئەو خاتوونە چالاکە هونەرمەندەی کورد، وتووێژێک پێک بێنێت و لە کۆتاییشدا هەگبەی دەستکەوتی خۆی پێشکەش بە خوێنەرانی ئازیزی بکات.

ئەو بابەتەی لە خوارەوە دەیخوێننەوە، وتووێژێکە لە نێوان ڕۆژی کورد و خاتوو تریفە کەریمیان، هونەرمەندی شانۆکار و شانۆنووس و دەرهێنەری کوردی شاری سەقز لە خۆرهەڵاتی نیشتمان.

ڕۆژی کورد: سەرەتا سپاس لەوەی کە کاتی خۆتان بە ئێمە بەخشی، حەز دەکەین خۆتان بۆ خوێنەرانی ڕۆژی کورد بناسێنن. تریفە کەریمیان کێیە؟

کەریمیان: له گه ل ریز و سلاو و سپاسدا…تریفه که ریمیانم لەدایکبووی ساڵی 1362 هەتاوی له شاری سه قز. له بواری هونەریدا کار دەکەم بەتایبەت “شانۆ”و هەوڵم ئەوەیە به هونەرێکی موتەعەهید خزمه تکاری میلەتەکەم بم. له وڵامی ئەوەی که تریفه کەریمیان کێیه دەبێ به هیوایەکەوه دەست پێبکەم “هیوادارم تریفه بتوانێ نموونەی دەنگێک بێت له پوتانسیەلی بەهێزی هەزاران و ملیۆنان کچ و ژنی کوردستانی روژهەڵات “

ڕۆژی کورد: بەر لەوەی کە بچینە ناو پرسیارەکانی تر، با باس لە شانۆنامەی “عیشا ” بکەین کە لە فستیڤاڵی “لین”ی فەڕانسە وەرگیراوە. ئەو شانۆنامەیە باس لە چی دەکا و هۆکاری وەرگیرانی لە فستیڤاڵێکی ئاوا گرنگی جیهیاندا چیە؟

کەریمیان: بۆ ناساندنی شانۆنامەی عیشا له خودی وشەی “عیشا”وه دەست پێدەکەم.. ئێزیدیەکان زۆریک له ناوه یایینییەکانیان وەک خۆی وەرنەگرتووه و ئاڵووگۆڕیان تێداکردووە، کەواته “عیشا” له ڕیشه ی “عایشه” یان “عەیشۆ” به مانای شوێنی تایبەتی کۆرپه له سکی دایکدایه ..شانۆنامەی عیشا چیرۆکی کچێکی ئێزیدیییە که دوای داگیرکردنی شەنگال دەبردرێته حەلەب و دەیبەنه ژووری خەوی فەرماندیکی داعش که پیاوێکی دوو ڕەگەی کورد- عەرەبی کەرکووکه. پیاوەکە به جورێکی شاردراوە و نەهێنی لەژێر گومانی حکومەت دایه و ژنە کوردەکە که دەزانێ پیاوەکە کوردە، ده یهەوێ بەجۆرێک خۆی دەرباز بکات … ژنە سەرجێی پیاوەکە ناکات و خۆشی له مێرده ون بووەکەی دووگیانه و هەر بۆیەش فەرمانده داعشییەکە بەپێی شەریعەتی ئیسلام ناتوانێت لێی نزیک ببێتەوه و درێژەی چیرۆکەکە چۆنیەتی پێوهندی نێوان ئەودوو کەسه لەو ژوره دایه…… له ڕاستیدا ناوەرووکی چیرۆکەکە باسی شەڕی دوو ئییدۆلوژی تایبەت نییه بەڵکو شانۆنامەی “عیشا” باس له چۆنیەتی پێوەندی نێوان مرۆڤەکانه که لەژێر ڕەگ و پێست و ئێسقانی هەر مرۆڤێک جیا له هەر بۆچوون و ئیدۆلۆژییەکی تایبەتیان، چی دەگوزەرێت.

پێموابێ هۆکاری وەرگرتنی شانۆنامەی “عیشا” لەو فستیڤاڵه تەنیا یەک خاڵی گرینگ بێت، “عیشا” چیرۆکی ئازارو مەرگ و دەردێکی زیندوویه، چیرۆکی تراژدیایەکی دووپات بوویە که دەیهەوێ دەنگ هەڵێنیت “

ڕۆژی کورد: سەرەتای کاری هونەریتان و نووسیتان دەگەڕێتەوە بۆ کەنگێ و تا ئێستا چەند بەرهەمتان هەیە؟

کەریمیان: من پێم وانیه سەرەتای کاری هونەری هونەرمەندێک بگەڕێتەوه بۆ یەکەم کاری هونەری که کردوویەتی … سەرەتایەکەی دەگەڕێتەوه بۆ ئەو دەمەی که حەز و چێژی هونەری له خۆیدا ناسیوه. ڕەنگه حەز به هوونەر له ناخی هەر مرۆڤیکدا هەبێ بەڵام ئەوەی که هونەرمەند له هونەردۆست جیا دەکاتەوه “کار و بەرهەمهێنانە” سەرەتای هەنگاو نانم بۆ بەرهەم هێنان له بواری هونەردا به نووسین و دەرهێنانی شانۆی “ڕەشدانەوەی سپی” بوو که له فستیواڵی شانۆی کوردی سەقزدا بەشداربوو. من خۆمم له ئەزموونی زۆریک له بواره جۆراوجۆرەکانی شانۆ وه ک “ئەکتەری، دەرهێنەری، نووسەری” تاقی کردۆتەوەو پێم وابوو له نێو هەموو ئەم قۆناغانەدا ،له بواری ئەدەبیاتی دراماتیک و دەق شانۆی کوردی زۆر لاوازین و ئاستێکی تایبەتمان له ئاستی ئەدەبیاتی شانۆی جیهانیدا نییه و ئەوەه پێویستی به هەوڵ و تەقەلایەکی زیاتر له نێوان نووسەرانی ئێمەدا هەیه.

له راستیدا من بڕوایەکم به ئەژمارکردنی بەرهەم نییه و پێم وانییه ژمارەی زۆر و کەمی بەرهەم پێناسەیەکی تایبەت بۆ نووسەر دروست بکات.. ئەوەی دەبێته هۆکاری بەرەو پێش چوونی هونەرمەندێک “هەست به بچووک بوون و هەوڵی بۆ فێربوون له دنیای هونەردایه”. من چەند دەقی شانۆویی دیکەم هەیه بەڵام هەوڵم ئەوه بوو “عیشا” دەرئەنجامی ڕوانیینم بۆ شانۆ بە تایبەتمەندییەکانی خۆیەوه بێت که تا ئێستا لێی تێگەشتووم و دووپاتشی دەکەمەوه “تا ئێستا”، چونکە بۆی هەیە بەیانی شتێکی تازه فێربم و به جۆرێکی تر لە نووسراوەکانمدا ڕەنگ بداتەوە. بۆیه هونەر کات و شوێن ناناسێت و هیچ شتێک تێیدا “یه قیین” و دڵنیاییە نییه.

چەند جار کارە شانۆییەکانم چ وەک نووسەر و چ وەک دەرهێنەر و چ وەکو ئەکتەر لە فستیوالی شانۆی کوردی و فستیوالە نێونەتەوەیی شانۆی هەولێر، پلەی یەکەمی وەدەست هێناوەو له شانۆنامەکاندام چەند نموونەیەک وەک “ڕەشدانەوەی سپی”، “پاکیزه”، “سەمایەک بۆ گەڕانەوەی بووکەکان”، بەشێک لە کارەکانی منن  که “سەمایەک بۆ گەڕانەوەی بووکەکان خەڵاتی فستییواڵی شانۆنامەنووسی کانوونی نووسەرانی کوردی وەرگرت.

ڕۆژی کورد:  کار و پلانی داهاتووتان چیە؟

کەریمیان: به هیوام له نووسینی شانۆدا به رده وام بم و به زوویی نوسین ده سپیده که م جیاله وه ماویک وه کو ءه کته ر سه رقالی ءیشی شانۆویەک بەناوی “عەزیزی شەنگال” بووم…له نووسین و دەرهێنانی مامۆستا قوتبەددین سادقی ،ئەم شانۆیه دامەزرێنه ری یەکەمین ئۆپێرای خۆجێی کوردی له ئێیراندا بوو که کاری ئاوازه دراماتیکه فولکلورەکانی لە ئەستوی من بوو و ماوەی 30 شەو له هۆڵی شانۆی شاری تاران نمایش کرا و پێشوازییەکی زۆر بەرچاوی لێکرا.

ڕۆژی کورد: دۆخی شانۆگەری لە کوردستان بە گشتی و لە خۆرهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی چۆن دەبینن؟ دەتوانین بڵێین شانۆگەری کوردی بوونی هەیە؟

کەریمیان: له ڕاستیدا شانۆی کوردی هێشتا خاوەن پێناسەیەکی تایبەت نییه و ئاستی شانۆی کوردی له ئاست شانۆی جیهانیدا زۆر لاوازه، شانۆی کوردی وەکو چەمکێک خاوەن تایبەتمەندییەکانی خۆی نییه و نەیتوانیوه خۆی به شانۆی جیهان بناسێنێت…بابەتێکی تر که دەتوانین باسی لێ بکەین ئەوەیه که شانۆ یان واته “هونەر به گشتی” خاوه ن موڵک و جوغرافیایەکی تایبەتی نییه و ڕوحی سەرکەشی هونەر ناتوانێ مڵکی جوغرافیایەکی تایبەت بێ… ئەوەی دەبێته هۆکاری دروستبوونی شانۆی نەتەوەیەک، ته نیا “زمانی” شانۆیەک نییه، یانی زمانی کوردی ڕەنگه بتوانێ بنەمای شانۆی کوردی بێت بەڵام به تەنیایی نابێته هۆکاری درووست بوونی شانۆی کوردی، لێرەدا “ناوەروک” خاڵێکی بەرچاوتره و بەهێزترین دەقه شانۆوییەکان که نەتەوەکانی خۆیان ناساندووه بنەمایان ناوەرۆکی کلتووری و کومەلایەتی نەتەوەکەیانه تا ئەوەی که بیانهەوێ خۆیان له ڕێگای واتایەک به ناوی “زمان” بناسێنن. له ڕۆژهەڵاتدا بۆ گەیشتن بەم مەبەسته فستیوالی شانۆی کوردی که 11هەمین خولی خۆی تێپەڕاندووه دەورێکی بەرچاوی بۆ هەنگاو نان له درووستکردنی پێناسەیێکی تایبەت سەبارەت به شانۆی کوردی هەڵگرتووه و به بەشداری گرووپه شانۆییەکان و بەڕێوەچوونی کۆڕ و سمیناری تایبەت بەم باسه چالاکییەکی باشی بووه و ئەم فستیواله وەک فستیوالی دایک بووه به شوێنێکی تایبەت بۆ کۆبونەوەی شانۆکارانی کورد له هەر گۆشەیەک له جیهاندا .

ڕۆژی کورد: بە سەرنجدان بەوەی کە ئێوە لە ناوخۆی ئێران دەژین و کار دەکەن، کۆسپەکانی شانۆگەری لە ئێراندا چین؟ کیشه و کوسپی هونەرمه مدانی ناوخوی ولات له چه ن بواره وه ده توانین هه لبسه نگینین.

کەریمیان: لێرەدا پێویستە باس لە دوو شت بکەم، یەکەم چۆنیەتی ڕوانینی خەڵک بۆ هونەر و دووهەم چۆنیەتی بەرەنگار بوونی دەسەڵات و حکومەت لەگەڵ هونەردا. من پێم وایه کومەڵگای کوردی ئێیمه هێشتاکه شانۆی وەکو پێداویستییەکی سەرەکی له ژیانی کۆمەڵایەتی خۆیدا وەرنەگرتووه و بڕوایەکی ئەوتۆی به کاریگەری هونەر، بەتایبەت “شانۆ” لەسەر ئاستی کلتور و چۆنیەتی ژیانی کۆمەڵایەتی نیه، واته “مرۆڤی کومەڵگای ئێمه شانۆ بۆی پێداویستییەکی ڕاستەقینه نیه و ئاساییه که له دەرئەنجامدا کاریگەریەکی زۆریشی لەسەر کلتوری ئەو کۆمەڵگایەدا نەبێت و ئەمه خەسار و کۆسپێکی گەورەیه که لەلایەن خودی خەڵکەوه بۆ هونەره و ئەو بایەخە که دەبێ به هونەر بدرێت بەداخەوه پێی نەدراوه، چون له واقعدا بەشێکی هەره گەوره و نکوڵی لێنەکراوی هونەر “بیسەر و بینەرە” . موخاتەبب واتا بەرانبەر و لایەنگر به بێ ئەوەی خۆی بزانێت زور جار دەبێته هۆکاری بەرهەمی هونەرمەندێک، بۆیه “هونەر و موخاتەب” له پێوەندیەکی زۆر ڕاستەوخۆ یان دەبنه هۆکاری بەرز بوون و پەره سەندنی یەک یان به پیچەوانەوه نزم بوون و پچڕانی پێوەندیان له یەکتری. بابەتی دووهەم “چۆنیەتی بەرنگاربوونی حکومەت و دەسەڵاتە لەگەڵ هونەری نەتەوەیەکدا. حکومەت دەورێکی زۆر بەرچاوی هەیە له هەموو جیهاندا، سیاسەتی حکومەتەکان بۆ بایەخدان به هونەر بە دوو  جۆری گرنگ کاریگەری هەیە کە بریتین لە:

١- پارە و بوودجەیەک که دەسەڵات بۆ هونەری میللەتێک تەرخانی دەکات

 ٢- سنووری سانسۆڕێک که حکومەتەکان بۆ بیر وهزری کومەڵگای هونەری و ڕۆشنبیری ئەو نەتەوەیە دەست نیشانی دەکات.

کلتور و هونەر جیا له هزر و داهێنانی هونەری، پارەی پێویسته، بۆ نمونه گروپێکی شانۆیی به بێ هۆڵی تایبەت به شانۆ و کەرەسته و پێداویستیەکانی، ناتوانێ نمایش بکات، هونەرمەندەکان به بێ سەندیکا و ئێن جی ئۆ هونەرییەکان و بەڕیوەچوونی فستیواڵەکان و هونەرمەندان به بێ ئەوەی بتوانن بارودۆخی ئابووری خۆیان له ڕێگای پسپۆڕییەک به ناوی هونەرەوه بەڕێوه ببەن ناتوانن خۆیان له ئاستی هونەری پیشەیی و پسپۆڕانەدا و لە ئاستی ی نزیک بکەنەوە و بەرەو پێش ببەن و هونەر وەکو “سه رگەرمییەک” بۆیان دەمێنێتەوه تاکو “شارەزایی” و ڕێگەیەکی بۆ دەرباز بوون نیه، جگه لەوەی  که دەسەڵاتەکان دەبێ بایەخێکی زێدەتر به هونەر بدەن، چ له بواری تەرخان کردنی پاره و چ له بواری کراوەیی و سەربەستی ئەندێشه و گۆڕەپانی چالاکی و کار بۆ هونەرمەندان.

ڕۆژی کورد: ئێوە ئەرکی هونەر و هەنەرمەند بە گشتی و ئەرکی شانۆ و نووسەری شانۆ بەتایبەتی چۆن دەبینن؟ ئایا هونەر تەنیا بۆ چێژە یان ئەرکیشی لە ئەستۆیە؟

کەریمیان:  هونه ر ئەگەر دوو باڵی ببێت، باڵێکی چێژه و باڵێکی ئەرکە، هونەرمەند بەو ڕادەیە کە چێژ وەردەگرێ بەو ڕادەیەش ئەرکی بەرانبەر به خودی هونەر لە ئەستۆیە.

به درێژایی مێژوو، ناسینی هونەری هەر نەتەوەیەک بەرانبەره لەگەڵ ناسینی خودی ئەو میلەته. واته هونەر ئاوێنەی باڵانوێنی نەتەوەکانە، بۆیه هونەرمەند ئەرکێکی بەرچاوی له چۆنیەتی نیشاندانی ئەم باروودوخەدا هەیه. لێرەدا باس له “هونەری موتەعەهید (ئەرکدار)” دەکرێ، هونەر بۆ هونەر و ئەوە سەرەکیترین ئەرکێکه که دەبێ ببێته ڕێنیشاندەر بۆ هونەرمەند. شانۆکاران و نووسەرانی ئێمەش جیاواز لەم نموود و یاسایه نین و دەبێ ڕێگای خۆیان هەڵبژێرن چونکە به دڵنیاییەوە نەوەکانی داهاتوو زیرەکانه کار و چالاکی ئێمه هەڵدەسەنگێنن و تەنیا ئەوانن بڕیار دەدەن کێ له لاپەڕەی مێژویی هونەری ئەم وڵاتەدا بمێنێتەوه.

ڕۆژی کورد: جیاوازی شانۆنووسێکی کورد لەگەڵ شانۆنووسی نەتەوەکانی تر لە چیدا دەبینن؟

کەریمیان: لەڕاستیدا ئەوەی دەبێته هۆی جیاوازی نوسەرەکانی نەتەوەیەک له نەتەویێکی دیکه، چۆنیه تی ڕوانیین و جیهان بینیانە سه بارەت به نووسین و هه ڵبژاردنی بابەتێک بۆ ناوەرۆکێکی شانۆیی، تەنیا مەیل و ورەیی نووسەرێک نییه، کۆمەڵگا و بارودۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی له هەر دەورێکی مێژووییدا، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ئەدەبیاتی وڵاتەکاندا هەبووه، بۆ نموونه نووسەرێک له ئوروپا که له باروودۆخی سیاسی و جوغرافیاییەکی هێمن و بێ تەنگژەی تردا دەژی ناوەرۆکی چیرۆکی لەگەڵ نووسەرێکدا که ڕۆژێ  دەیان تراژدیای واقعی له تەنیشتی دەقەومێ جیاوازه و ئەمه جیا له جیاوازی ناوەرۆک، دەبێته جیاوازییەکی تەکنیکیش له نیوان “ئەدەبیاتێکی ساده و ڕەوان به سادەترین ناوەرۆکەکان که پێوەر و نیشاندەری مرۆیی شانۆی جیهانیه” لەگەڵ” ئەدەبیاتیی درووشمی و پڕ له هزر و قین و لایەنگرانه “که نووسەر ناچار به هەڵبژاردن و نواندنی ئەم ڕق و تووڕەییانه دەکات.

 بەڵێ بەداخەوە جیاوازییەکی زۆر له نێوان نووسەرانی کۆمەڵگای ئێمه لەگەڵ نووسەرانی دیکەدا هەیه و نووسەرێک بۆ دەربازبوون لەم دۆخ و ئەتومۆسفیرهدا هەم زیرەکی و هەم تەکنیکی تایبەت به قەڵەمی خۆی پێویسته.

ڕۆژی کورد: پەیوەندی نێوان نووسەرانی شانۆ و دەرهێنەر و ئەکتەرەکان بە گشتی لە نێوان پارچەکانی کوردستاندا چۆنە؟ لە ناو خودی ڕۆژهەڵات چی؟

کەریمیان: بەداخەوه له کوردستاندا سەندیکایەکی تایبەت بۆ کۆبوونەوەی نووسەرانی کورد بوونی نیه ..شوێنێک که ببێته هۆی کۆبوونەوەی بەردەوامی نووسەران لە لای یەکتری ،شوێنێک بۆ ڕاوێژکاری و ئاڵووگۆڕی  فیکری و هزری، بۆیه نووسەرانی کورد له جیهاندا، بەتایبەت شانۆنامەنووسەکان تەنیا له ڕێگای بەرهەمەکانیانەوه یەکتری دەناسن و ئەوە ئەگەرچی له ناوەرۆدا خراپ نییه بەڵام خەساری تایبەتی خۆشی هەیه. هونەر بەتایبەت هونەری ریالیسمی ئەمڕۆیی ڕوحێکی گشتی هەیه وپێویستی به پێوەندیەکی ڕاستەوخۆی له نێوان هونەرمەندانی ناوخۆ و له هەمان کاتدا بۆ هاتنی پێ بە پێ لەگەڵ هونەرو ئەدەبیاتی ڕۆژی جیهاندا پێوەندی لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەشدا پێویسته و له نێوان هونەرەکاندا شانۆ وەکو هونەری دایک که بریتیه له کۆمەڵێک لقی هونەری وەک نووسین و دەرهێنان و ئەکتەر و موسیقا و …. ڕوحێکی گشتی بەهێز و له ده رئەنجامدا پێوەندییەکی ڕاستەوخو و نزیکی نێوان هونەرمەندانی پێویسته، بویه هیوادا رم ڕوحی تەبایی و یەکگرتویی هونەرمەندان بتوانێ بەسەر قەراغ و قوڵاغی هونەردا زال ببێت، ئەودەم دەتوانین دامەزرێنەری داهاتویەکی ڕوون بۆ هونەری نەتەوەیەک ببین که بنەما و بنەڕەتەکەی لەسەر “بەرهەمهێنان”ـە.

 هیوادارم له ڕۆژهەڵاتیشدا وەک زۆربەی وڵاته پێشکەوتووەکان، پێوەندی هونەرمەندان له یەکەم قۆناغدا پێوەندییەکی بێت لەسەر بنەمای فیکری هزرییەوە و دواتر پێوەندییەکی کۆمەڵایەتی و مرۆڤانه، چون له بنەڕەتدا  “هونەر بۆ ئەوەیه تا مرۆڤ، مرۆڤانه تر بژی”

ڕۆژی کورد: لە کۆتاییدا وێڕای دەست خۆشی و سپاس لەوەی کە بە دڵێکی ئاوەڵاوە کاتتان دا بە :ڕۆژی کورد” ئەگەر وتەیەکتان هەیە بفەرموون.

کەریمیان: منیش سپاس و ڕێزم هەیە بۆ ڕۆژی کورد و خوێنەران و هەروەها بۆ ئەو بەسەر کردنەوەتان و هیوادارم هونەری کوردی و بەتایبەتی شانۆگەری کوردی بەردەوام لە گەشەکردن دابێ.

به‌شێك له‌ وێنه‌كانی شانۆی عیشا له‌ كورته‌ ڤیدیۆیه‌ك دا 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

وەڵامێک بنووسە