سەیوان سەعیدیان: زۆر زیاتر لەوەی هاوکاری بکرێم، دژایەتیم لەگەڵ کراوە

0
534

کورد و پەیکەرتاشی دوانەیەکی لێک نامۆ نین.مێژووی پەیکەرتاشی لە کوردستان مێژوویەکی هەزاران ساڵەیە،بەڵام بە بارتەقای ئەو مێژوویە هونەری پەیکەرتاشی پێش نەکەتووە و لەمڕۆدا تازە گڕووگاڵ دەکات.بەدڵنیاییەوە هۆکار سەرەکی ئەو وەپاش کەوتنە بێ دەوڵەت بوونی کوردە.
یەكێک لەو هونەرمەندە دەست رەنگینانەی کورد کە سەرەڕای دۆخی نالەباری کوردستان هەر وابێ وچان خەریکی پەیکەرتاشییە سەیوان سەعیدیانە. دیارە سەیوان تەنیا پەیکەرتاش نییە و لە زۆر بواری دیکەشدا شوێن پەنجەی دیارە و کەسێکی ناسراوە، لەو چاوپێکەوتنەدا تەنیا بواری پەیکەرمان بەسەر کردووەتەوە.بەوهیوایەی لە دەرفەتی دیکەدا چاوپیکەوتنی دورودریژتر و تێروتەسەلتری لە گەڵ ئەنجام بدەین.

ئا: خەبات ڕەسووڵی


چۆن بوو رووت لە پەیکەرتاشی کرد؟SEYWAN (7)

– وەڵامی ئەو پرسیارە زۆر گرانە. هەروەک چۆن نازانم کەنگێ و چۆن هاتمە سەر ئەو جیهانە ئاڵۆز و نادادپەروەرە، هەر وەک چۆن نازانم کەی چۆن و بۆچی پێم گرت و ناردرام بۆ خوێندن. هەر وەک چۆن نازانم چۆن و بۆچی زێدی خۆمم بەجێهێشت و یازدە ساڵ لە بەشێکی دیکەی کە هێندێک کەس پێیان دەگوت ئەوێش زێدمانە –و منی گەمژە و زۆر کەسی گەمژەی دیکەش باوەڕمان کردبوو- شاربەدەر و وەڵاتبەدەر بووم. هەر وەک چۆن کە بەردەوام جانتایەکم بەشانەوەبوو و پڕ بوو لە خەونی ڕەنگاوڕەنگی وەدی نەهاتوو. هەر وەک چۆن پێم وابوو و ئێستاش بەو هیوایەم کە لە ڕێگەی جوانییەوە، ئاشتی و دادپەروەری پێشبخەین. هەروەک چۆن لە غەریبی درێژخایەنی ماڵ و کۆڵان و شارەکەم، پەنام بردە پێنوس و پەڕەمووچ و ڕەنگ و کاغەز، هەرواش ڕۆژێک بینیم کە خەریکە لە دار پەیکەر دادەتاشم. پەیکەر تا ئێستا دواهەمین ڕەهەندی هونەرییە کە زۆر پیس ئۆگری بووم. زۆریش داگیرکەرە. خۆزگە هەموو داگیرکەرەکان تۆزقاڵێک ڕەنگ و بۆی پەیکەریان هەبوایە!! لەو سێ چوار ساڵەی دواییدا و بە تایبەت لەو یەک ساڵەی کە لە باکوور دەژیم، پەیکەر زیاتر لە هەموو بەشەکان بە خۆیەوەی خەریک کردووم، یان من پێوەی خەریک بووم. تا ئێستاش نازانم کە من ڕووم کردۆتە پەیکەر، یان پەیکەر ڕووی کردۆتە من، بەڵام باش لەگەڵ یەک ڕاهاتووین. هەستی خوڵقاندن، هەستێکی نامۆیی، خۆش و پڕ لەخۆبایی بە مرۆڤ دەبەخشێت. ئێستا دەزانم خوا بۆ ئەوەندە لەخۆباییە و بە هەزار زمان خۆی بەسەر مرۆڤدا دەسپێنێت و بە هەزار زمان دەیەوێت تێبگەێنێت کە چەندە گەورەیە و ئەو هەر شت دەزانێت و مرۆڤەکان نازانن. ڕەنگە هەر لەبەر ئەو هەستەش بێت کە پەیکەریان لێ حەرام کردین. هەزار و چەند سەد ساڵە؟ ڕەنگە مافداریش بێت. چونکە جیهانی پەیکەر زۆر جوانتر و دادپەروەرتر و دوور لە توندوتیژیترە، لە جیهانی ئەو. ئێستا من لە جیاتی ئەو شەرم دەکەم. هەر چەند خراپ ناخوڵقێنم.

 تا ئێستا چەند ستایلی پەیکەرتاشیت تاقی کردووەتەوە؟
– بەڕاستی نازانم مەبەستت تەکنیکە ، یان شێواز؟ ئەگەر مەبەستت تەکنیک بێت، چەند کەرەستەیەکم تاقی کردۆتەوە. دار، فایبەرگلاس و ئاسن. ئێستاش ماوەیەکە بیر لە ئێسقان دەکەمەوە و دەتوانم بڵێم خەریکە دەستی پێدەکەم. وەکو ستایلیش نە لە پەیکەر، نە لە وێنەڤانی، نە لە دیزاین و فۆتۆ و نووسین خۆم بە هیچ ستایل و ڕێبازێک نەبەستۆتەوە. هەوڵم داوە خۆم بە هەستەکانم بسپێرم و دەزانم هەستەکانم لەگەڵم ڕووڕاستن. هەر ئەو هەستانەی بە هەزار ئەزموونی تاڵ و شیریندا تێپەڕ بوون. هەڵبەت زۆرتر تاڵ! هەر بۆیەش زۆر کەم واهەیە “بیر” لە ستایل و شێواز بکەمەوە. خۆیان هاتوون و بەخێر بێن! بەڕای من بۆ کەسێک کە کاری هونەری دەکات، فێربوونی زانستیانەی بنەماکانی هونەر، زۆر گرینگ و بنەڕەتییە. ئەوەش هەم پێویستی بە کاتێکی زۆر و هەم ماندووبوونێکی زۆرە. بەڕای من کاتێک کەسێک بنەماکانی هونەری بە باشی لەناو ناخیدا جێگیر کردبێت، دەتوانێت بە ئاسانی ،تەنانەت شێواز و ستایلیش بگۆڕێت و تاقی بکاتەوە. لە پەیکەردا خەڵک دەڵێن پەیکەرەکانم درێژن. خەڵک دەڵێن ملیان باریکە! بەڕاستیش جارێک کە بە وردی لە ملی کەسانی دەوروبەرم بە وردی ڕوانی، دیتم ملیان زۆر ئەستوورە. ئێستاش ڕام وایە. ئەوە خەڵکن مل ئەستوورن! فیگوورەکانم باریک و زراڤن. زۆر جار خەمگینم بۆ خەڵک وەکو فیگورەکانم نین، ڕەنگە دووربوونەوە و کۆچی “ناسکی” لەوسەردەمەی ئێمەدا، وایکردبێت پەیکەرەکانم وا زراڤ و ناسک بن. وەکو خەونێک، هیوایەکی گاڵتەجاڕانە! بەڕای من مرۆڤ هەر دەبێ وا بێت، بەڵام مەخابن!!DSC_6529

 ئەو پەیکەرە ئاسنانە چۆن دروست دەکەی و شێوازی کارەکەت چۆنە؟
– ئەگەر زۆر کورت وەڵامت بدەمەوە دەڵێم چەند پارچە ئاسن هەڵدەبژێرم و جۆشیان دەکەم و پەیکەریان لێ دروست دەکەم. پرۆسەکە لەڕاستیشدا هەر وا سادەیە، بەڵام هەڵبژاردنی ئەو چەند پارچە ئاسنە و لکاندنیان بە یەکەوە، پێویستی بە پرۆسەیەکی درێژخایەنی زەمانی و زانستی و جوانیناسانە هەیە کە ئەو پرۆسەیە ئاستی بەرهەمە هونەرییەکان دیاری دەکات. شاعیرێکیش هەر ئەو کارە دەکات. هەر ئەو پیت و وشانەی کە هەر ڕۆژ هەر کەس بەکاریان دێنێ هەڵدەبژێرێت و بە یەکەوەیان دەلکێنێت. نووسەرێکیش هەر ئەو کارە دەکات. پێکەوە لکاندنەکە هەر کەس دەیکات، بەڵام چۆن پێکەوە لکاندنەکانن کە وشە و ئاخافتنی ڕۆژانە لە دەقێکی وێژەیی جودا دەکەنەوە. کەرستەکانی کارپێکردنی من زۆر کەم و سادەن. سپرال (سەنگ)ێکی بچوک بۆ بڕینی ئاسن و ماتۆرجۆشێک، کۆی ئامرازەکانی کاری منن، هەڵبەت چەکوش و پەنس (انبردست) و دەستکێشیشم هەیە! لە پەیکەرسازیدا هەڵبژاردنی مەتریاڵ زۆر گرینگە. من هەرچەند قەت پەروەردەی پەیکەرسازیم نەبینیوە و مەتریاڵی زۆریشم تاقی نەکردۆتەوە، بەڵام هەر ئەو چەند مەتریاڵەش هەر کامیان تام و بۆن و هەستی خۆیان بووە، بەڵام هیچکامیان وەکو ئاسن لەدەستمدا نەرم نەبوون. زۆر جار کە باس لە ڕە‌قی و توندوتیژی ئاسن دەکەن، لە خۆم پرسیار دەکەم کە بەڕاستی وایە؟ بەڵام دەبینم کە وا نییە. بەشێکی زۆر لە کاتەکانم دەچم بۆ لای دوکانی کۆنە ئاسنەواڵە فرۆشەکان، لەوێ بە هەزاران پارچە ئاسنی جۆراوجۆر و گەورە و بچوک هەن. یەک بە یەک هەڵیان دەبژێرم. زۆر جار هەر لەوێ ئاسنەکان پێمدەڵێن دەبن بە چی! چونکە هەر لە نیگای یەکەم فۆرمی خۆی نیشان داوە. زۆر پارچەش هەن کە بۆ بەشیتر کەلکیان لێوەردەگرم. ئارماتۆر زۆر بۆ دەست و قاچ گونجاون. بەڵام هەر ئەو ئاماتۆرە بووە بە باڵندەش! دیسان دەڵێم زیاتر خۆم بە هەستەکان و نەستەکان دەسپێرم. دۆزینەوەی فۆرمی گشتی، سەرەتای کارە. دوای ئەوەیە کە مرۆڤ بیر لە لایەنی مانایی و ستاتیکییەکەی دەکاتەوە و کاری لەسەر دەکات، جگە لە پەیکەری ئاکادمیای کوردی هەولێر کە بەرزییەکەی چوار میترە و لەگەڵ هاوڕێێ ئازیزم کەیهان محەمەدی دروستمان کرد، هیچ ئەزمونێکی کاری ئاسنم نەبوو. ئەو کۆمەڵە کارەی ئێستا کە سەرجەمیان لە ساڵی 2015 دا دروستکران و زیاتر لە سەد و پەنجا بەرهەمن، یەکەمین ئەزموونی کار بە ئاسنن. ئەزمونێکی خۆش و خۆشەویست.

ئاستی پەیکەرتاشی لە کوردستان چۆنە و چەند ستایل تاقی کراوەتەوە؟
– بێجگە لە پەیکەرە مێژووییەکان، کە ئەوانیش بەداخەوە زۆر زانیاریان دەسکاری کراوە و ئێستا بە ناوی گەلانیتر ناویان لێدەبردرێت، دەتوانم بڵێم پەیکەرسازی ئێستای کوردی بە کاک هادی زیائەدینی دەستپێ دەکات، رەنگە بەر لە ئەویش لە پارچەکانیتر هەوڵیتر هەبوبێت، بەڵام ئەوەی وەکو بەرهەم و پەیکەری هاوچەرخ خۆ دەنوێنن، دەتوانم بڵێم کە هەر لە کاک هادییەوە دەستپێ دەکات. ئەوەڕای تاکەکەسی منە و دەکرێت هەڵەش بێت. کەواتە بەداخەوە تەمەنی پەیکەرڤانیمان زۆر کورتە، بێجگە لەوەش زۆر کەم کەس هەن و هەبوون کە بەڕاستی وەکو پەیکەرڤان، کار بکەن. بۆ نموونە ڕێژەی نیگارکێشانی کورد بە سەدان و هەزاران بەرانبەری پەیکەرڤانانە، کە ئەوەش خۆی جێگای تێڕامانە. لە باشوور پەیکەری باش و پەیکەرڤانی باشم نەبینی، لە باکووریش نابینم، لە رۆژئاواش سەرەڕای بزاڤێکی زۆر بەهێزی نیگارکێشی –کە بەڕای من باشترین و مۆدێرنترین نیگارکێشی کوردی لە ڕۆژئاوایە- تا ئێستا پەیکەری باشم بەرچاو نەکەوتووە. بەڕای من وەکو بزاڤ باشترین بەشی پەیکەرڤانی لە ڕۆژهەڵاتە. چ وەکو چەندایەتی و چ وەکو چۆنایەتی. ئەو بزاڤەش هێشتا لە سەرەتای ڕێگەیەتی و بە کوێ دەگات دەبێت چاوەڕوان بین. وەکو ستایلیش دیسان بەداخەوە زۆر کەم ئەزموونین. بەشی زۆری ئەو پەیکەرانە دروست کراون رێئال و کلاسیکن. بە تایبەت کارەکانی کاک هادی. کارەکانی کاک ڕێبین حەدەری و چەنگیز ئیقباڵی و بەشیر ناسری و شۆڕش ئاهیش هەر لەو ئاراستەدا دەبینم. لە باشووریش هەر ئەو ئاراستە، بەڵام لە ئاستێکی نزمتر بەڕێوە دەچێت. زۆر ڕاشکاوانە بڵێم کاری مۆدێرن و پۆست مۆدێرنمان نییە، یان زۆر کەمن. هەربۆیەش بەڕای من ئاستی پەیکەرڤانی کوردی زۆر زۆر نزمە و بەو شێوازە جارێ ناتوانێ لە جیهانی پڕ لە داهێنانی ئێستا دا قسەیەکی بۆ وتن هەبێت. ئەوەی کە تازە چەند سەردیس و پەیکەر بە شیوازی چەند ساڵ لەمەوبەری ئورووپا کار بکەین و تازە وەکو ئاستیش نزمتر بین و دڵمان خۆش بێت کە ئێمەش هەین، بەڕاستی بە دروستی نابینم. بەڵام ئەو پۆتانسیەل و وزە مێژووییە هەیە کە دەکرێت لە ئاستی هەر بەرزی جیهانیشدا دەرکەوێت. هەر وەک چۆن کۆبانێ ئەو پۆتانسیەلەی بوو و کردی بە کرداریش.

تا ئێستا چەند پێشانگای پەیکەرتاشیت هەبووە؟
– بۆ پەیکەرڤانی وشەی پێشانگا زۆر کەم دەبینم، چونکە هەر پەیکەرێکی گەورە کە لە شوێنێکی گشتی دانرابێت، خۆی پێشانگایەکی بەردەوامە. لە هەولێر سێ پەیکەر گەورەم هەن. لە ماوەی ئەو یەک ساڵەی لە باکووریش بووم، سێ پێشانگام بووە. دووان لە ئامەد و یەکێکیش لە مۆزەخانەی ئارکۆلۆژی ماردین. ئێستاش خەریکی ئامادەکاری دانانی پێشانگا لە شارە گەورەکانی تورکیام. دوایین پێشانگام لە شاری ئامەد، لە شەقامی هونەر، لە دوکانێکی گەورە کە سێ لای شوشەبەند بوو، بەڕێوە چوو. -لە دەرەوەی گەلەری- لە دوازدە ڕۆژ دا زیاتر لە ‌هەزار و پێنج سەد کەس سەردانیان کرد. لە هەموو چینseywan peyker (9) و توێژێک و هەموو ئاستێکی تەمەنیش. ئەوەی کە زۆر پێی دڵخۆش بووم ئەوە بوو هەموو کەس بە جۆرێک پەیوەندیان بە کارەکانەوە کرد و خۆشیان لێیان هات. ئەو کۆمەڵە کارە سەرجەمیان لە ئاسنی کۆن دروستکرابوون و شێوازیشیان دووری رێئال بوو، بەڵام دیسان هەر کەس توانی پەیوەندیان لەگەڵ دروست بکات.

 وەک دەزانین جەنابت لە زۆر بواردا چالاکی ،ئایا ئەو هەموو فرە ڕەهەندییە هۆکارەکەی چیە؟
– لە ڕاستیدا نە دەزانم بۆ و نە بۆشم گرینگە. زۆر کەس، بە تایبەت لە جیهانی ئێستادا ڕایان وایە کە دەبێت هەر کەس بە شتێک ،یان بەشێکەوە خەریک بێت و تێیدا ببێتە پسپۆڕ. من دژایەتیم لەگەڵ ئەو تێڕوانینە نییە، بەڵام پێچەوانەکەشی بە هەڵە نازانم. زۆر کەس هەن تەنیا لە بوارێکدا کار دەکەن و زۆریش سەرکەوتوو نین. زۆر کەسیش لە چەند بواردا کار دەکەن و لە هەر بوارێکیشدا وتەی خۆیان هەیە. ئەوە زۆر پێویستی بە خۆناسینەوە هەیە، ئەگەر کەسێک ئەو هێز و وزەیەی هەبێت کە فرە ڕەهەند بێت، هیچ هۆکارێک نابینم کە لە چەند بواردا کار نەکات. دواتر هەڵسەنگاندن و ڕەخنەش هەیە. بەرهەمەکانن کە دواتر ئاستی هەر کەسێک دیاری دەکەن، جا چ تاک ڕەهەند بێت و چ فرە ڕەهەند. هەر وەک پێشتر باسم کرد قووڵبوونەوە و جێگیربوونی بنەماکانی هونەر، خاڵی هەرە گرینگ و پێویستە بۆ هەر کەسێک کە کاری هونەری و ئەدەبی دەکات. وەکو خۆم ڕاستییەکم بۆ ڕوون بۆتەوە. کاتێک وێنە دەکێشمەوە، کاتێک چیرۆک ،یان شیعر دەنووسم، کاتێک پەیکەر ،یان فیلم دروست دەکەم، کاتێک فۆتۆ دەگرم ،یان گرافیک دیزاین کار دەکەم، کۆی ئەوانە لە یەک خاڵدا هاوبەشن: داڕشتن (کۆمپۆزسیۆن). تەنیا ڕەگەز و مەتریاڵەکان دەگۆڕدرێن، بەڵام خاڵێکی گرینگیتریش هەیە. هەرکام لەو ژانرانە، پێشینە و مێژوو و ڕەوتی خۆیان هەیە. ستایل و شێوازی جۆربەجۆریش. ناسین و تێگەیشتن لەوانەش بەشێکی دانەبڕاوی ئافراندنی بەرهەمێکی هونەرین. من وا دەڕوانم، هەر ژانرێک نە تەنیا گرفتی بۆ بەشەکانیتر دروست نەکردووە، بگرە زۆر یارمەتیدەریش بوون. باش دەبینم کە گرافیک دیزاین چەندە هاوکارمە بۆ پەیکەر، پەیکەر چەندە هاوکارە بۆ هێڵکاری، هێڵکاری چەندە هاوکارە بۆ نووسین. دواتر خاڵێکی گرینگی دیکەش هەیە. تیژتێپەڕبوونی کات. بەردەوام هەوڵدەدەم لە ئافراندن دانەبڕێم. پەیکەرسازی ،یان وێنەکێشانەوە، پێویستیان بە شوێن و هەلومەرجی تایبەت هەیە. بەڵام کاتێک کە حەوتوویەک لە سەفەرم و دەرفەتی پەیکەر و وێنەکێشانەوەم نییە، خۆ دەتوانم هەڵبەست ،یان كورتە چیرۆکێک بنووسم. خۆ دەتوانم چەند وێنەی باش بگرم. کە واتە ئەو فرە ڕەهەندییە وا دەکات کەمتر کات بە فیڕۆ بڕوات.

 ئەو جیاوازیانەی کە لە شێوازی پەیکەرتاشی لە هەر چوارپارچەی کوردستان دا هەیە لەچیەوە سەرچاوە دەگرن؟
– هەرچەند بەشێکی زۆری ئەو پرسیارەم لە پرسیاری چوارەم وەڵام داوەتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا من جیاوازییەک نابینم. بە تایبەت لە ڕوانیندا. زیاتر جیاوازی ئاست و تەکنیک هەیە، تا جیاوازی شێواز. تەکنیک لە ڕۆژهەڵات بەرزتر لە باشوور و باکوورە، بەڵام لە هەموو پارچەکانیش ریالیزم و کلاسیزم، بەسەر پەیکەرسازی کوردیدا زاڵە. ئەوە خاڵێکە زۆر پێویستی بە وردبوونەوە و کارکردنە. بۆ وێنە فیگوری ئاژەڵ، مرۆڤ و ڕوەکەکان لە فەڕش، بەڕە و نەخشبەرجەستە (رۆلیەف)کاندا، زۆر دیفۆرمەوە و دوورە رێئالن، بەڵام تا ئێستا ئەو ڕوانین و کاریگەرییە لە پەیکەری کوردیدا ڕەنگدانەوەی نەبووە. دابڕانی مێژوویش، بە تایبەت دوای هاتنی ئایینی ئیسلام، کە لە بنەڕەتدا دژە جوانی و شادییە، کاریگەرییەکی زۆر زۆری هەیە. بۆ وێنە کاتێک لە پەیکەرەکانی ئەفریقا دەڕوانین – کە بەڕای من مۆدێرنترین و سەربەستترن لە پەیکەرەکانی ئورووپا- دەبینین کە زۆربەی ئەو بەرهەمانە کەسانی نەخوێندەوار و ئاسایی دروستیان کردوون. زیاتر لە هونەر و تەکنیک، بوونە بەشێک لە چاند و فەرهەنگی ئەو گەلانە و تێکەڵاوی ژیانی ڕۆژانەیان بووە. سروشتیانە پەرەیان پێدراوە و دەوڵەمەندتر بوون. تازە بەشێکن لە باوەڕی و ئایینیش، بەڵام بەداخەوە لەناو ئێمەدا ڕەوتەکە پێچەوانە بۆتەوە و تەنانەت زۆر جار وەکو حەرامیش لێ دەڕوانرێت. کەواتە هەرچوار پارچە تووشی ئەو نەهامەتییە بوون و پەیکەرسازی لە هەموو بەشەکان تەمەنی زۆر کورتە و تا ئێستاش نەیتوانیوە لە ژێر کاریگەری رێئالیزم و کلاسیزم دەرباز بێت.

بۆ پەیکەرتاشی کێ سپۆنسەرت بووە و کێ پشتگیری کردووی؟
– لە کوردستان، هونەرمەندان بە ئێش و ئازار و بە ڕەنجی خۆیان درێژە بە کارەکانیان دەدەن و دەتوانم بڵێم هونەری کوردی بێ خەمخۆر و بێ پشتیوانە، بێجگە لە باشوور، کە لەو پاشاگەردانییەی بە ناوی هونەر و داهێنان، بە میلیۆنان دۆلار پارە درا بە زۆر کەس کە زۆربەشیان فڕیان بە هونەرەوە نەبوو و کەمترین ئاستی داهێنان و بەرهەمیش هەر لەوێ بوو. لاوازترین ئاستی هونەریش هەر لەو جوگرافیایە و هەر لەو ساڵانەدا بوو. بازرگانی و بەرژەوەندی گیرفان بە هەزاران جار پێش خەون و خەیاڵی هونەری کەوتن و ڕەنگدانەوەی ڕەوشەکەش ئێستا دەرکەوتووە و لە داهاتوودا باشتر دەیبینین.
ئەو سێ پەیکەرەی کە لە باشوور دروستکران هەرکامیان چیرۆکی خۆی هەیە. پەیکەری یەکممان لەگەڵ هاوڕێیانم موژدە جەمال و کەیهان موحمەدی لە هۆتێل چوارچرا کار کرد و هەر خاوەنەکەی ئەوێش (ڕەوانشاد کاک عیرفان زەنگەنە) هاوکاری پەیکەرەکە بوو. کاک عیرفان لەو مرۆڤە دەگمەنانە بوو کە خەمی نیشتیمان و خەمی چاند و هونەری کوردی هەبوو. بەشێکی سەرمایەی ژیانی دا بە پێشکەوتنی هونەری کوردی و دەتوانم بڵێم بە ڕێژەی کابینەیەکی وەزارەتی رۆشنبیری بەرهەمی پێشکەش هونەری کوردی کرد. رۆحی شاد. پەیکەری دووەم لە ئاکادمیای کوردی و هەر لەسەر داوای ئەوان لە ئاسن و بە بەرزی چوار میتر دروستکرا. پەیکەری سێهەم بە داخوازی زاگرۆس تی ڤی و بە تایبەت هەوڵەکانی کاک زەهاوی سەنجاوی بۆ ئەنفال دروستکرا. بەرزیەکەی دە میتر و نیوە و ئێستا لە هەولێر لەسەر رێگای کەرکوک دانراوە. لە زۆربەی شوێنەکانی جیهان کاتێک پەیکەرسازێک، پەیکەرێکی گەورە دروست دەکات، ڕەنگە هەر ئەو پەیکەرە ژیانی ساڵێک ،یان چەند ساڵی دابین بکات و گەلێک دەرفەتی کاریتری بۆ بڕەخسێنێت، بەڵام زۆر ڕاشکاوانە بڵێم کە ئەو پەیکەرانە تەنانەت نەیانتوانی ژیانی چەند مانگێکیشمان دابین کەن، بەڵام دیسان زۆر خۆشحاڵم کە هەن و بە ڕاستیش بوونی بەرهەم و هەستی داهێنان، زۆر زیاتر لە بوونی سەرمایە کەیف خۆشم دەکات و هەر ئەوانەش بە سەرمایە دەزانم. سرنجڕاکێشە کە لە ماوەی ئەو یازدە ساڵەی لە باشوور ئاوارە و وڵاتبەدەر بووم، هیچ کات دەرفەتی بوونی کارگام بۆ نەرەخسا. نە بۆ وێنە و نە بۆ پەیکەر. هەموو ئەوە پەیکەرە دارە بچوکانەم هەر لە ماڵێ دروست کردن. بەڵام خاڵی سرنجڕاکێش ئەوە بوو کە دوای دوو مانگ لە هاتنم بۆ ئامەد کارگەیەکی زۆر گونجاوم پێدرا. هەر لە لایەن خەڵک و بێ کرێش. نزیک دە مانگ لەو کارگەیە، کە ماڵێکی زۆر جوان و مێژوویی لە ناو سوور دا بوو کارم کرد و زیاتر لە سەد و پەنجا پەیکەری دار و ئاسنم دروست کرد. بەداخەوە ئەو چوار مانگە بە هۆی شەڕ ناتوانم بچمە کارگاکەم و نازانم خۆی و کەرەستەکانم چیان بەسەر هاتووە. ئەوڕۆژانە بیستم کە ئەوێش روخێندراوە، بەڵام دیسان ئەوە بڵێم کە هەر لە کەرستەوە هەتا ماتریاڵی کار، دیسان هەر هەمووی لەسەرشانی خۆم بوو. ئامەد سەرەڕای پۆتانسیەلێکی زۆر بەهێزی مێژووی و هونەری، زۆر بەداخەوە چەند گەمژە و مافیای هونەری بەڕێوەی دەبەن کە هیچ فڕیشیان بە هونەرەوە نییە. هەر بۆیە دیسان لە پەراوێزدا خەریکی کاری خۆمم. هەتا ئێستا لە کوردستان –هەموو پارچەکانی- بەداخەوە زۆر زیاتر لەوەی هاوکاری بکرێم، ڕێگری و دژایەتیم لەگەڵ کراوە. چونکە لە هەر شوێنێک بووم ،بێجگە لە کاری هونەری، هەڵوێستی هونەری و فەرهەنگیشم هەبوون. هەرچەند کە جیاوازی زۆر بەرچاوی باکوور و باشوور لەوەدایە کە لێرە ئەگەر کاربەدەستان پەراوێزیان خستووم، بەڵام خەڵک زۆر بەڕێزەوە پێشوازیان لە خۆمان و بەرهەمەکانمان کردووە. خەڵکی باکوور زۆر ڕێز لە چاند و هونەر دەگرن و ئاستی نەتەوەیشیان زۆر بەرزە. لێرە بە پشتیوانی خەڵکەوە تا ئێستا خۆم ڕاگرتووە و درێژە بە کارەکانم دەدەم. بەداخەوە زۆرجار بیری مامۆستا هێمن دەکەومەوە:
بزانە تۆ ئەوەی ئەهلی هونەر بێ
دەبێ یا دەسبەسەر یان دەربەدەر بێ.
هەر بۆیەش زۆرجار ئاواتەخوازم کە ئەگەر نابنە سپۆنسەر ، تکایە ڕێگر نەبن و ئازارمان مەدەن.

 گرفتەکانی پەیکەرسازی کوردی چین؟
– ئەو پرسیارە وردبوونەوە و هەڵوێستەی زۆری دەوێت. بەر لە هەر شتێک پێویستی نە نرخاندن و شیکارییەکی زانستیانەی خەسارناسی هونەری کوردی هەیە کە هیوادارم لە داهاتوودا خۆم ،یان هەر کەسێکیتر کاری لەسەر بکەین. گرفتەکان بە شێوازێکی گشتی دوو ڕەهەندیان هەیە. یەکەم ئەو گرفت و قەیرانانەی تووشی هونەری کوردی بەگشتی بوون. دووهەم گرفتەکانی بەردەم پەیکەرسازی.
بۆ بەشی یەکەم دەتوانم ئاماژە بە چەند خاڵێک بکەم.
یەک: نەبوونی ستراتێژی کورتخایەن و درێژ خایەن بۆ هونەری کوردی.
دوو: زاڵبوونی سیاسەت بەسەر هەموو لایەنەکانی ژیان و هونەریش لە ناویدا. هەر بۆیەش بەردەوام چاند و هونەر لە پەراوێزدا بوون و بە سووکی و زیادی چاوی لێکراوە و هونەر بووە بە ئامرازێکی سیاسی.
سێ: نەبوونی ڕەخنە و هەڵسەنگاندنی هونەری.
چوارەم: دۆڕان و نەبوونی پێگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی، هونەرمەند و ڕۆشنبیر، بە تایبەت لە باشوور کە کاریگەری خراپی ئەو ڕەوشە لەسەر پارچەکانیتریش بەرچاوە.
پێنجەم: هونەر تا ئێستاش بە شێوازێکی کارا نەبۆتە بەشیک لە ژیانی ڕۆژانەی گەل.
شەشەم: لۆکالی بوون و مانەوە لە بازنەی هەرێمیدا.
حەوتەم: نەبوونی بازرگانی هونەری. ئەو خاڵە زۆر گرینگە، چونکە بازرگانی هونەری نییە، زۆر بە دەگمەن دەبینین کە بەرهەمە هونەرییەکان کڕین و فرۆشیان لەسەر بکردرێت و هەر بەو هۆیەش زۆر کەم کەس هەن بتوانن بە هونەر بژین و باشیش بژین.
هەشتەم: زاڵبوونی ڕوانینی گەلانی سەردەست و مانەوە لەژێر سێبەری دەسەڵاتی سیاسی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو گەلە سەردەسSEYWAN (55)تانە.
نۆ: نەبوونی یەکگرتوویی هونەرمەندان و نەبوونی رێکخراو و سەندیکای بەهێزی هونەری. هەر بۆیەش زۆربەی هەوڵەکان تاکەکەسی بوون و هەر ئەوەش بۆتەی هۆی ئەوەی کە زۆرجار بەرژەوەندی تاک پێش بەرژەوەندی نەتەوەیی بکەوێ.
دە: دووربوونی سەرمایەدارانی کورد لە جیهانی هونەر و لاوازی فەرهەنگی ئەو دەوڵەمەندانە.
یازدە: شێواندنی مێژووی هونەری کوردی لە لایەن وڵاتان و گەلانی سەردەست.
دوازدە: نەبوون، یان لاوازی ئەرشیڤی هونەری کوردی. بە تایبەت شێوەکاری.
سێزدە: لاوازی لێکۆڵینەوە و شیکاری هونەری کوردی کەونارا و هاوچەرخ.
چاردە: نەبوون ،یان کەمی ئاکادمی هونەری پێشکەوتوو و هاوچەرخی کوردی. تێبینی: ئەو ئاکادمیا و زانکۆ کوردیانەی لە باشوورن، (وەکو تاکە ئاکادمیای کوردی) هەمان پەروەردەی ڕژیمی پێشووی بەعسیان درێژە پێداوە و لانیکەم نیو سەدە لە دوای هونەری هاوچەرخن. خۆم دەرچووی کۆلیژی هونەری زانکۆی سلێمانیم و لە نزیکەوە ئەوەم بینی و هەستم پێکرد.
پازدە: نەبوون، یان کەمی گەلەری و مۆزەخانەی هونەری.
ئەو خاڵانە و گەلێک خاڵی دیکەش کە هەرکامیشیان قسەی زۆر هەڵدەگرن، گرفتە سەرەکییەکانی هونەری کوردین. بەڵام وەکو پەیکەر گرفتەکان زۆر جیاوازتریشن. خالی یەکەم، چ لە بواری چەندایەتی و چ لە بواری چۆنایەتی پەیکەرڤانی لاوازترین هونەری کوردییە. هەر وەکو پێشتریش باس کرا ڕێژەی پەیکەرڤانی پسپۆڕی کورد لە هەر چوار پارچەدا ناگاتە پەنجەکانی دەست. هەر بۆیەش بەو ڕێژەیە، ئەزموون و بەرهەمەکانیش کەمن. خاڵێکیتری گرینگیش کاریگەری نەرێنی ئایینی ئیسلامە کە لە سەرەتا هەتا ئێستا دژە پەیکەرە. شکاندنی پەیکەر و وێرانکردنی مۆزەخانەکان هەر لە سەرەتای ئیسلامەوە هەتا ئەوڕۆ درێژەیان هەیە. ئەوە لە نەستی کۆمەڵایەتیدا ڕەنگدانەوەی بەرچاوی هەیە و ئەگەریش بە حەرام لێی نەڕوانرابێت، بە سووک لێی ڕوانراوە. لایەنێکی دیکە کە هەروەکو لەپێشوودا باسکرا ئەوەیە کە پەیکەرڤانی کوردی تا ئێستا زۆر کەم تەمەن و کەم ئەزموونە و نەیتوانیوە لە رێئالیزم و کلاسیزم دەرباز بێت. خاڵیکیتر ئەوەیە کە پەیکەری گەورە پلان، ویست و تێگەشتنی فەرهەنگی پێویستە. بەداخەوە زۆربەی کاربەدەستان و شاروانییە کوردییەکان لە هەرچوارپارچە زۆر دوورە هونەرن و توانای جیاوازی نێوان بەرهەمی باش و خراپیان نییە. هەر بۆیەش نە بۆیان گرینگە کە لە شارەکانمان پەیکەری باش هەبێت و نە دەتوانن باشیش هەڵبژێرن. وەکو دوایین کار دەتوانم ئاماژە بە پەیکەری فریشتەی کۆبانێ بکەم کە هیوادارم هیچ کات لە کۆبانێ دانەنرێت و تا ئاستێکی زۆر بێ بایەخ کردنی قارەمانی کچانی گەریلا و خۆڕاگری کۆبانێیە. هەر کەس پێشنیاری ئەو کارەی داوە و پەژراندوویەتی بە نەزانی فەرهەنگی و خەیانەتکاری فەرهەنگی دادەنێم. بەداخەوە ئەوە ڕوانینی زاڵی زۆربەی ئەو کەسانەیە کە بڕیاربەدەستی پەیکەرسازین. هەر ئەو لاوازی هونەری فەرهەنگی و جوانیناسانەی ئەو کاربەدەستانەش یەکێک لەو هۆکارانەیە کە پەیکەرسازی ئێمە نەتوانێت ئەزموونی مۆدێرن و پۆست مۆدێرنی هەبێت. خاڵێکیتر ئەوەیە کە پەیکەرسازی پێویستی بە شوێن و کارگەیە. کارێکی پڕخەرجیشە. بەردەوامبوون لە پەیکەرسازی پێویستی بە هاوکاری چەند لایەنە هەیە. بەداخەوە زۆربەی سیستەمە کاربەدەستەکانی کوردی ئاگایانە ،یان بێ ئاگایانە زیاتر خەونکوژ و خەیاڵکوژن، تا هاوکار و پشتیوان. خاڵێکیتر دروستبوونی مافیای هونەرین. لە زۆربەی ئەو شوێنانەی لێی ژیاوم ئەوەم بینیوە کە چەند کەسێک کە شەریکی کاربەدەستانی بڕیاردەر بوون، کۆی بەرهەم و کارەکانیان گرتۆتە دەست و هەر دوو لایەنیش تەنیا بەرژەوەندی زیاتریان مەبەست بووە، نە ئاستی بەرهەم و پێشکەوتنی هونەری. خاڵێکتریش هەر وەک باسکرا، نەبوونی گەلەری مۆدێرن و مۆزەخانەی هونەرین. بە تایبەت بۆ پەیکەرڤانی. هەربۆیەش بە ناچار دەبێت ڕوومان لە گەلەرییە مۆدێرنەکانی شارە گەورەکان بیت. خاڵێکیتریش ئەوەیە کە زۆربەی بەشەکانی کوردستان لە بواری مەتریاڵەوە هەژارن، ئەو هەژارییە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەزموونەکان کەمتر بن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌