چالاکانی مەدەنیی پیرانشار، داوای چاککردانی ڕێگە و بانەکانی ئەو باژێڕە دەکەن

0
767

دوای ناڕەزایەتییە بەرینەکەی مەریوان بە دۆخی ڕێگاوبانی نێوان مەریوان- سنە، لە باژێڕی پیرانشاریش، هەڵمەتێکی هاوشێوە کەوتۆتە گەڕ.

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ڕۆژی کورد لە پیرانشار، چالاکنی مەدەنیی ئەو باژێڕە لە ڕێگای دانانی کەمپەینێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ژێر ناوی “بەڵێ بۆ پەرەپێدانی ڕێگاوبانی پیرانشار” و بڵاو کردنەوەی ڕاگەیێندراوێک، داوا لە بەرپرسانی ئەو باژێڕە دەکەن، گرنگی بە ڕێگا و بانەکان بدەن کە ساڵانە بە هۆی نالەباریی دۆخی ڕێگاوبانەکان، خەسارێکی زۆری گیانی و ماڵی وەبەر هاووڵاتیان دەکەوێ. ئەو چالاکانە هەروەها، لە کاناڵەکەیان لە تلێگرام، وێنەی قوربانیانی هاتووچۆی ئەو باژێڕەشێان بڵاو کردۆتەوە.

دەقی ڕگەیێندراوی ئەو کەمپەینە بەو شێوەی خوارەوەیە:

** هاوشارییانی مافخوازی پیرانشار

** بنەماڵەی قوربانییانی ڕووداوەکانی هاتووچۆ

هەر وەک دەزانن، شاری پیرانشار بە هۆی هەڵکەوتەی ژێئۆئیستڕاتێژیکی و هەبوونی پێگەی سنووریی فەرمی تەمەرچین، یەکێک لە گرینگ ترین و هاوکات قەرەباڵغ ترین شارەکانی پارێزگایە. ئەم هەڵکەوتە تایبەتە وایکردووە، شاری ئیمە بە کۆریدۆری گەیشتن بە هێڵی تڕانزیتی هەرێمی کوردستان-سوریا و دەریای مێدیترانە بناسرێت.

بەرنامە یێک لەدوای یێکەکانی پەرەسەندنی ئێران(بەرنامە چشم انداز توسعە ایران)، بۆ پەرپێدانی ئابووری شارە سنوورییەکان، بە بەردەوامی جەختیان لەسەر گرنگی پێدان بە پێگە فەرمییە سنوورییەکان و زەروورەتی بەرزکردنەوەی پێگەی ئەم سنوورانە، لە “دەروازەیەکی بازرگانی” ئاسایییەوە بەرەوە “مەنتەقەی ئازاد” ، کردووە. بەڵام بە کردەوە، بەڵێنییەکانی دەوڵەت وەک “قەرزی سەر جۆخین”ـی لێهاتووە. واتا بازرگانی سەرسنوور لە ساڵانی ڕابردوو دا بەردەوامیی هەبووە و دەوڵەت میلیاردەها دۆلاری قازانج دەستکەوتووە، هاوکات لەبەرامبەر داواکارییەکانی خەڵک بۆ گەشەپێدانی ناوچەی پیرانشار بەڵێنی زۆر و زەوەندی، کەڵەکەکراو و جێبەجێنەکراوی داوە.

روون و ئاشکرایە کە قسە کردن و بانگەشەی دیاری کردنی مەنتەقەی ئازادی تجاری(ناوچەی ئازادی بازرگانی)، بەر لە هەموو شتێک پێویستی بە هێندێک مەلزوومات و پیشمەرجی ئەساسی هەیە. لە جیهانی ئەمڕۆدا، گەشەی ژێرخانەکانی هاتووچۆ و ڕێگاوبان بە سەرەتایی ترین مەرجەکانی توسعەی ئیقتسادی(پەرەسەندنی ئابووری) هەژمار دەکرێن.

بەداخەوە لەم ساڵانەدا، دەوڵەت سەبارەت بە پرسی ڕێگاوبان، ئیرادەیەکی جیددی لەخۆی نیشان نەداوە . هەر بۆیەش بە پێی پێوەرە گشتییەکانی وەزارەتی ڕێگاوشارسازی ئێران، شاری  پیرانشار لە پەراوێزخراوترین و “بێبەش”ـترین شارەکانی ئێرانە. بەجۆرێک کە لەم شارە گرنگە سنوورییە ، مەترێک ڕێگای دوولاینە بوونی نییە!

لەڕاستیدا ڕێگاوبانەکانی پیرانشار(پیرانشار-نەغەدە و پیرانشار-سەردەشت)، لەبری ئەوەیکە هاندەری هاووڵاتیانی سەرانسەری ئێران بێت بۆ گەشت کردن بۆ بازاڕچەی پیڕانشار و شوێنە گەشتیارییەکانی ناوچەکە و لەئاکامدا ببێتە مایەی رەونەقی بازاڕ و ئاوەدانی زۆرتری شار، بەداخەوە بۆتە هۆکارێک بۆ تۆقاندن و پاشگەزبوونەوەی گەشتیاران.

ئەوەی هاوشارییانی پیرانشار لە پێگەی فەرمی تەمەرچین دەستیان کەوتووە، ڕێگاوبانی قەرەباڵغ و نەگونجاوی ناوچە، هەڵمژینی تۆز و دووکەڵی ماشێنە بارهەڵگرەکان و وێران بوونی ڕێگاوبانەکان بووە.  ئاشکرایە کە ئەم دۆخە بۆتە مایەی مەرگی کارەساتبار، کۆچی دڵتەزێن  و نەهامەتی و هەڕەشەی بێ بڕانەوەی ناو ڕێگاکانی پیرانشار. لەکاتێکدا سوودی گومرگ، قازانجی هەناردەکردنی شتوومەک و هەروەتر داهاتی گەشتیارانی هەرێمی کوردستان، لەشوێنی تر خەرج دەکرێن. کەوابێت جێ خۆیەتی بلێین “کێ دەیکا و کێ دەیخوا…!! “.

بەداخەوە، تڕافیکی قورسی ڕێگای پیرانشار-نەغەدە و نالەباری و کۆن بوونی ڕێگاکان، لەم ساڵانەدا ژمارەیەکی زۆری هاوشارییانی ئێمەی کردووە بە “قوربانی”. بەجۆرێک کە ئەمساڵ، ژمارەی قوربانیان روولەزیادبوون بووە و رۆژ نییە رووداوێکی هاتووچۆ، قوربانی لێ نەکەوێتەوە و ئاوەز(هەست و ویژدان)ـی گشتیی هاوشارییان بریندار نەکات.

ئەوە ڕاستییەکە کە ساڵانێکی زۆرە، بەڵێنیی دووسایدە کردنی “میحوەری پیرانشار_نەغەدە” و نوێژەن کردنەوەی “میحوەری پیرانشار-سەردەشت”، بە جەماوەر دەدرێت. بەڵام لە کردەوە دا هیچ هەنگاوێکی جیددی و ئەرێنی نەنراوە. ئەوە لەکاتێکدایە کە لەم ڕۆژانەدا باس لە پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەری “ورمی- پیرانشار-هەولیر” دەکرێت! دەبێ بڵێن ئەوە بەڵێنییەش وەک دەنگی دەهۆڵەکە، هەر لە دوورەوە خۆشە…!!

سەرباری ئەم داهاتە هەراو و زۆرەی کە لە سنووری پیرانشار دەستدکەوێت، پێویستە دەوڵەت، لانیکەم لەهەمبەر وەرگرتنی باج و سەرانە(ماڵیات)ـی هاووڵاتیانی پیرانشاری، بەرپرسیارانە مامەڵە بکات و بەو بەپێیە، بەنیسبەت پەرەپێدانی ژێرخانەکانی رێگاوبانی پیرانشار، دوور لە ڕوانگەی “هەڵاواردنی ناوچەیی”، بڕیاری پێویست بدات و بە کردەیی بکات.

هاوشاریانی بەڕێز، به دڵنیایی هەرکام له ئێمه تا ئێستا بووینەته تازیەبار و خاوەن پرسەی خزم و کەسێکمان، که کوشته و برینداری کارەساته دڵتەزێن و جەرگ بڕەکانی هاتوچۆی رێگا و بانەکانی پیرانشارن. بێگومان  دواهەمینیشیان نابێ که بینیومانه و “ئه وڕۆ له تۆ سبه ی له من”.

** سەرەڕای ئەوەیکە هۆکارەکانی  بنەڕەتی رووداوەکانی هاتووچۆ لە پیرانشار، بۆ ئەم خاڵانەی خوارێ دەگەڕێنینەوە:

 ئەلف.نەبوونی کەلتووری ماشێن لێخوڕینی تەندروست و پابەند نەبوون بە یاسا،

 ب.ناستانداڕد بوونی زۆربەی ئۆتۆمبێلەکان،

ج.ناستانداڕد بوونی ڕێگاوبانەکانی پیرانشار

بەڵام بەوحاڵەیشەوە، دیاردەی “پابەند نەبوون بە یاسا و ناستانداڕد بوونی ئۆتۆمبێلەکان” لە ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش کەم تا زۆر بوونی هەیە و ناکرێت هەموو کێشەکە لەسەر ئەم دوو هۆکارە ساخ بکرێتەوە. واتا تەواو نامەنتقییە کە وابزانین شاری پیرانشار “تافتەی جدا بافتە”ـیە و ڕێژەی لادان لە ڕێنماییەکانی لێخوڕێنی ئۆتۆمبیل و پێشێل کردنی یاسا لەم شارە زیادترە لە شارەکانی تر.

بەداخەوە ماوەیەکە هێندێک لە میدیاکانی شاری پیرانشار بە شێوەی دانستە! یا ناهۆشیارانە، بە لێکدانەوەی ناڕاست و ناتەواو سەبارەت بە هۆکارەکانی رووداوی هاتوچۆ، ڕای گشتی جەماوەری شار “چەواشە” دەکەن و بە لاڕێی دا دەبەن. واتا بە هێچ شێوەیەک لەهەوڵی ئاشکرا کردن و ناساندنی “ڕێگاوبانی ناستانداردی پیرانشار”، وەک هۆکاری سەرەکی رووداوەکانی هاتووچۆ نین و بە شێوەیەکی تیکراڕی و کڵیشەیی بە تۆمەتبارکردنی پێشوەختەی قوربانییان بە “کەم دیقەتی، پێشێل کردنی یاسا و هتد…”، “سووڕەتی مەسئەلە ڕەش دەکەنەوە” و وڵامی دڵخوازی خۆیان بەخواردی بەردەنگەکانیان ئەدەن.

لێرەدا ڕایدەگەیێنین، کەمپینی “بەڵێ بۆ پەرەپێدانی رێگاوبانی پیرانشار” لەژێر دروشمی “ئەگەر ئەمڕۆ هەڵوێست نەگرین: ئێمە قوربانییەکەی داهاتووین”، بۆ بنەبڕ کردن یانخوود کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ، هەڵدەستێت  بە بەرجەستەکردنەوەی دوو هۆکاری سەرەکی ڕوودانی ئەو کارەسات گەلە(١.ناستاندارد بوونی ڕێگاوبانی پیرانشار، ٢.پابەند نەبوونی هاوشارییان بە ڕێنماییە یاساییەکان) و چالاکییە فەرمییەکانی خۆی دەستپێدەکات.

 جێگای باسە کە کەمپین، جێکەوت بوونی یاسا و پەروەردە بوونی شاروومەندانی یاساتەوەر، بە پڕۆسەیەکی درێژخایەن دەزانێت، کە پێویستی بە گۆڕانکاری لە پەروەردەی گشتیی وڵات و چالاکی فەرهەنگی بەردەوام هەیە. بەڵام لەهەمانکاتدا هۆکاری سەرەکی و هەنووکەیی رووداوەکان بۆ دۆخی نالەباری ڕێگاوبانی پیرانشار دەگەڕێنێتەوە. کەوابێت ئەم کەمپینە بە مەبەستی هۆشیار کردنەوە و هاوهەڵوێست کردنی هاوشارییان، لەهەمبەر دۆخی نالەباری ڕێگاوبانی پیرانشار کراوەتەوە. بێگومان پاڵپشتی کردنی ئێوە دەبێت بە مایەی دەستەبەر بوونی تەناهیی(ئەمنییەت) رێگاوبانی شار، لە داهاتوودا.

هەر بۆیە، کەمپین، داوا لە هاوشارییانی پیرانشار دەکا کە بە شێوازی جۆربەجۆر، بۆ پەرپێدانی ژێرخانەکانی ڕێگاوبانی پیرانشار، داواکارییەکانی خۆیان بەرز بکەنەوە و بۆ دەستەبەر بوونی ئەم مافە سەرەتاییانە هاوئاهەنگ لەگەڵ کەمپین چالاکی بنوێنن.

داواکارییە سەرەتاییەکانی کەمپین:

١. لایەنی پێوەندیدار، بە جیددی پرۆژەی میحوەری پیرانشار-نەغەدە، لە “ڕێگایەکی تاک لاینە”ـەوە بۆ “ڕێگای دوو لاینە”، بباتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

٢.ڕێگای پیرانشار-سەردەشت، لە قەوارەی پڕۆژەیەکی تۆکمەدا، خوێندنەوەی بۆ بکرێت و نوێژەن بکرێتەوە .

٣. بۆ کەمکردنەوەی تڕافیکی ڕێگاوبان، ڕێگای تایبەت بە بارهەڵگرەکانی چەوەندەر لە ناوچە کشتوکاڵیەکانی پیرانشار بکێشرێت.

 لینکی کاناڵی ئەو کەمپەینە لە تلێگرام

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت