یەکیەتی نیشتمانی لەکۆنفرانسی “SI” حیزبەکانی رۆژهەڵاتی پەراوێز خست

0
1650

ڕۆژی کورد: ڕۆژی یەکشەممە ١١ی دیسامبری ٢٠١٦، بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی ڕێکخراوی ئینترناسیونال سۆسیالیست(SI) و بەپێی ڕاپۆرتی PUK میدیا “لەژێر چەتری سلێمانی”دا کۆنفڕانسی ئەو ڕێکخراوەیە دەستی پێکرد کە تیایدا حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، وێڕای بانگهێشت کران، ئیزنی قسە کردنیان پێ نەدرا.

لە پانێلی ئەو کۆنفرانسەدا “تیرۆریزم، پاراستنی پەنابەران و پتەوکردنی دێمۆکراسی” خرانە بەر باس و هەروەها پرسی کورد لە کوردستانی باکوور و ڕۆژئاوا، لەلایەن ئەندامانی سەرکردایەتیی یەکیەتیی نیشتمانیی بەشدار لە کۆنفرانسەکەدا هاتوونەتە بەر باس.

لەو کۆنفرانسەدا کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و حیزبی دێمۆکراتی کوردستان و حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، لە کوردستانی رۆژهەڵات، بەشدار بوون و لە کاتیکاتدا ئیزنی بەشداریی پانێلی کۆنفرانسەکانیان پێ نەدراوە، کە حدک ئەندامی فەرمی و هەروەها حدکا لە ساڵی ١٩٩٦ بۆتە ئەندامی چاوەدێر و ساڵی ٢٠٠٨یش بۆتە ئەندامی ڕاوێژکار و کۆمەڵە ئەندامی ڕاوێژکاری ئەو ڕێکخراوەیەیە.

مستەفا مەولوودی، جێگری سکرێتێری حدک لە وتووێژ لەگەڵ کاناڵی ڕووداو، وێڕای سپاس و پێزانین لە یەکیەتی نیشتمانی، ڕایگەیاندووە: “بەهۆی ئەوەی باس کردن لە تیرۆریزم باس و پرسی سەرەکیی پانێلەکان بووە، نەپرژاونەتە سەر ئێران و بەو هۆیەوە ئیزنی بەشداری کردنیان پێ نەدراوە.”

حیزبی دیمۆکراتی کوردستان(حدک) ساڵی ٢٠١٥ بووەتە ئەندامی فەرمیی رێکخراوی ئینترناسیونال سۆسیالیست، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە هیچکام لە پانێلەکانی ئەو کۆنفرانسەدا ئیزنی بەشداری کردنیان پێ نەدراوە و هەتا ئیستا حیزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات لەمەڕ پەراوێزخرانیان لە کۆنفرانسی SIدا هەڵویستیان نەنواندووە.

مەولوودی ڕایگەیاندووە لە کاتێکدا ئیزنی قسە کردنیان لەو کۆنفرانسەدا پێ نەدراوە کە کوردی ڕۆژهەڵات قوربانیی تیرۆریزمی رژیمی ئێرانن.

ساڵانه وەزارەتی خەزێنەداریی و دەرەوەی ئەمریکا و هەروەها بەشێک لە دەزگای زانیاریی وڵاتانی ئەورووپایی وەکوو ئاڵمان، ساڵانه رژیمی ئێران وەکوو گەورەترین دەوڵەتی پشتیوانی تیرۆریسم دەناسینن.

رێکخراوی ئینترناسیۆنال سۆسیالیست لە لووتکەوە هەتا داڕمان

رێکخراوی SI سالی ١٩٥١ لە ئاڵمان و بە دروشمی ئازادی، دادپه‌روه‌ی و هاوپه‌یوه‌ندی نێونه‌ته‌وه‌یی لەسەر رێبازی رێکخراوی ئه‌نجومه‌نی نێونه‌ته‌وه‌یی کرێکاران (International Workingmen’s Association ) دامەزرا.

د. قاسملوو سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران یەکەم کەس بوو لە نێو حیزبە کوردییەکاندا توانی لە رێگای په‌یوەندی بە چەند پارتی سوسیال دێموکراتی ئورووپاییەوە وەک میوان بەشداری کۆنگرەی ئەم رێکخراوە بکات و دواتر وەکوو ئەندامی چاوەدێر وەرگیرا.

25401311122016_821811122016_d72e0429-1600x1200لە ساڵانی دواییدا ژمارەیەک حیزبی دیکه‌ی وەک یەکیەتی نیشتمانی لە باشوور و BDP لە باکوور و هەروها  حدک و کۆمه‌ڵه‌‌ی شورشگێرلە رۆژهەڵات،  بوون به ئه‌ندام یان وه‌ک میوان بانگهێشتی کۆنگره و کۆنفرانسه‌کانی SI دەکرێن.

رێخکراوی ئینرناسیونال سۆسیالیست لە ساڵی ٢٠١١ی زایینی‌ـەوە بە شێوەی جیدی تووشی قەیران و کێشەی ناوخۆیی هاتووە و رەخنە و گازندەی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبە سۆسیالیستەکانی ئەورووپایی لێکەوتۆتەوە.

مانگی مارسی ٢٠١١ Sigmar Gabriel سەرۆکی پارتی سۆسیال دێمۆکراتی ئاڵمان لە وتارێکدا بڵاوی کردەوە، (رێکخراوی ئینترناسیۆنال سۆسیالیست وەکوو بزووتنەوەیەکی ئازادیخواز دەستی پێکرد، بەڵام ئەمڕۆکە لەو رێبازە لامان داوە و ئیتر ریکخراوەکەمان چیدیکە دەنگی ئازادی نییە).

ئەو وتارەی زیگمار گابریێل، کە لە رۆژنامەی (Frankfurter Rundschau) بڵاو کرایەوە، به ئاشکرا رایگەیاندبوو، هەنووکە ژمارەیەک پارتی جۆراوجۆر بوونەتە ئەندامی ئینترناسۆنال سۆسیالیست، کە نە تەنیا ئازادیخواز، سۆسیالسیت و دێمۆکرات نین، تەنانەت لە وڵاتی خۆیاندا سیستەمێکی دیکتاتۆرییان بەسەر خەڵکدا سەپاندووە”.

ژمارەیەکی بەرچاو لە حیزبەکانی رێکخراوی ئینترناسیۆنال سۆسیالیست سەرهەڵدانی کێشە نێوخۆییەکانی ئەو رێکخراوەیە بۆ خۆ سەپاندنی لوئیس ئەیالا دەگەڕێننەوە، کە نزیک به چارەکە سەدەیەکە خۆی لە پۆستی سکرتێریدا سەپاندووە.

ساڵی ٢٠١٣ ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی SI لەسەر داوای پارتی سۆسیال دێمۆکراتی ئیتالیا کۆبوونەوە و بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆییەکانی SI، بریاری دامەزراندنی رێکخراویکی نوێیان لەپێناو ئامانجەکانی SI دا پەسند کرد.

پارتەکانی ئەورووپایی ئەندامی SI هەقی ئەندامەتیی خۆیان و هەروەها ئاستی نوێنەر و ئەندام و چالاکیی خۆیان لەو رێکخراوەیەدا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزاند و دواجار ٢٢ی مای ٢٠١٣ بە بەشداری ٨٠ پارتی سۆسیالیستی رێکخراوێکی نوێ لەژێر ناوی “بەرەی پێشکەوتنخواز” دامەزراند.

دوابەدوای تووشبوون رێکخراوی SI بە قەیرانی ناوخۆیی و ئابووری، ئە ورێکخراوەیە هەوڵی ئەندامگیریی لە وڵاتانی جۆراوجۆر دەستپێکرد و لە کاتێکدا کە پێشتر ئەو حیزبانەی کە لە وڵاتی خۆیاندا لە دەسەڵاتدا بوون تەنیا بە ئەندام وەردەگیران هەنووکە بۆ دابین کردنی ئابووریی رێکخراوەکە، ژمارەیەکی بەرچاو لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان وڵاتان کە لە دەسەڵاتیشدا نین، ورگیراون.

هەربۆیە ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکانی سیاسی لەو باوەڕەدان کە کێشەکانی ناوخۆیی ئەو رێکخراوەیە بە رادەیەک پەورەی سەندووە، کە ئەو رێکخراوەیە لە هەموو بوارەکاندا بێ کاریگەر بووەو بە شێوەی جیدی بەستراوەیی بە هەندێک حیزب و وڵاتە دیکتاتۆرەکانەوە هەیە و بە تەواوەتی لە ئامانجی ئینترناسۆنال سۆسیالیست لای داوە.

هەتا ئێستاش هیچ‌کام لە حیزبە ئەورووپاییەکان بە فەرمی وازیان لەو رێکخراوەیە نەهێناوە، بەڵام هیچ هێوایەکیان به چاکسازی و نوێژەن کردنەوەی ئەو رێکخاوەیە نەماوەو بە گشتی وەکوو رێکخراوێکی بێ کاریگەر سەیر دەکرێ.

ئەگرچی هەنووکەش هێزە کوردییەکان بوون بە ئەندام لەو ریکخراوەیە(SI)دا وەکوو دەستکەوتی سیاسی سەیر دەکەن، بەڵام چاوەدێران و چالاکانی سیاسی ئەو پرسیارە دێننە ئاراوە کە ئەندامەتی لەوەها رێکخراوێکدا چ دەستکەوتێکی بۆ حیزبەکانی رۆژهەڵات و پرسی کورد لە ئێران هەیە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت