هێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کردەوەیەکی کەم وێنەدا و بە ڕێچکە وەرگرتن لە کردەوەی گرووپی تیرۆریستیی داعش، چەند کەسێکی ئەفغانی ـیان کە دەگوترێ بێ ئیزن هاتوونە ناو خاکی ئێران، لە پێشانگایەک نمایش کرد و خستیانە بەرچاوی خەڵک.
ڕۆژی کورد: هێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شیراز، چەند کەسێک لە پەنابەرانی نایاسایی ئەفغانیان لە ناو قەفەسێکدا و لە ژێر ناوی “دۆزراوەکانی کەلانتەرییەکانی شیراز” لە پێشانگایەکدا خستە بەر چاوی خەڵک.
ئەو کردەوە دوور لە مرۆڤایەتییەی هێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شیراز، ڕٶژی شەممە 16ی خەرمانانی 1395ی هەتاوی و لە پێشانگایەک لە ژێر ناوی “دۆزراوەکانی کەلانتەرییەکانی شیراز لە 48 کاتژمێری ڕابردوودا” بەڕێوەچووە و تێیدا بەشێک لە مادەی هۆشبەر و خواردنەوە ئەڵکۆڵییەکان و فیلمی ڕێگەپێنەدراو و ئەو چەند کەسە ئەفغانیە لە ناو قەڵبەزێکدا نمایش کران.
هەروەک لە وێنەکانیشدا دیارە، ئەو چەند لاوە ئەفغانییە لە ناو قەڵبەزێکدا و لە حاڵێکدا کە چاویان بە پەڕۆیەکی سپی داپۆشراوە نمایش کراون. کردەوەیەک کە داعش لە هەمبەر پێشمەرگە دەستبەسەر و دیل کراوەکان و کچانی کوردی ئێزیدیدا ئەنجامی دەدا.
هاوکات، ناسر کشاوەرز، جێگری هاوئاهەنگیی هێە ئینتزامییەکانی پارێزگای فارس ڕایگەیاندووە کە لە عەمەلیاتێکی دوو ڕۆژەدا 277 کەس لە پەنابەری ڕێگەپێنەدراو و نایاساییمان لەو پارێزگایەدا دەستبەسەر کردووە.
بەپێی زانیارییەکان ئەو کردەوەی ڕژیمی ئێران لە هەمبەر ئەو لاوە ئەفغانییانە دێتە ئاراوە کە ئامادە نین لە شەڕی سووریە و پشتگیری لە بەشار ئەسەد بەشدار بن، هێزە ئینتزامییەکانی ڕژیمیش لەو شێوازە وەک ئازاردانێکی دەروونی کەڵک وەردەگرن تا بەم شێوەیە ڕەوانەی سووریە و شەڕیان بکەن.