ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ناوەندی ڕۆژی کورد لە مەریوان، ٥ کەس لە چالاکانی کەمپەینی “نا بۆ تانکەری مەرگ”، لە مەریوان لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ئیتلاعاتی مەریوان، دەستبەسەر کراون.
وەک پێشتر ناوەندی ڕۆژی کورد، بەپێی زانیاریی تەواو بڵاوی کردبۆوە، ناوی ئەو ٥ کەسە بریتییە لە: ئەو پێنج کەسە بریتین لە: ئارتین حەسەنزادە، بەهرە عارفی، سەیران خۆرنیکا، عادڵ ڕەشیدی و ڕۆژین ڕەزایی.
بەپێی بەدواداچوونی وردی هەواڵنێری ناوەندی ڕۆژی کورد، شێوازی دەستبەسەرکرانی ئەو ٥ کەسە بەو شێوەی خوارەوە بووە.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنج شەممە 15ی ڕەزبەری 1395ی هەتاوی، مەیموورەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیم چون بۆ ماڵی یەکێک لە کچە ئەدمینەکانی کەمپەین بەناوی “بەهرە عارفی ” و لە ناو ماڵی خۆی گرتوویانە و دەست بەسەر موبایلەکەیدا دەگرن و لە ڕێگای موبایلی ناوبراوەوە داوا لە خەڵک دەکەن نەچن بۆ مانگرتنی ئەمڕۆ و بەشداری نەکەن.
دواتر مەئموورەکانی ڕژیم، ناوبراویان دەستبەسەر کردووە و وێڕای موبایلەکەی لەگەڵ خۆی بردوویانە.
دواتریش ٤ کەسەکەی تریان دەستبەسەر کردووە.
لە ئێستادا، ژووری کەمپەینی “نا بۆ تانکەری مەرگ”، لە دەست مەئموورانی ڕژیم دایە و کۆنترۆڵ کراوە، هەر بۆیە داوا دەکرێ سەرجەم ئەندامانی ئەو ژوورە، لە ژوورەکە دەرکەون.
شایانی ئاماژەیە دەگوترێ ٤ کەسی تر کە لە لایەن ئیتلاعاتەوە تەلەفوونیان بۆ کراوە، خۆیان بەدەستەوە نەداوە و لە ئێستادا لە شوێنێکی نادیار دەژین.