کەمپەینی داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان و دوو تێڕوانینی جیاواز

0
158

لە چەند رۆژی ڕابردوو دا کۆبوونەوەی كه‌مپینی‌ داواكارییه‌كانی‌ خه‌لكی‌ كوردستان له‌ شاری‌ سنه‌  ڕاگەیەندرا. ئەوە جۆرەی ئەندامانی ئەو کەمپەینە دەڵێن: كه‌مپینی‌ داواكارییه‌كانی‌ خه‌لكی‌ كوردستان، هه‌ولیكی‌ كۆمه‌لگای‌ مه‌ده‌نی‌ رۆژهه‌لاته‌ بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ داواكارییه‌كانی‌ خه‌لك له‌ به‌ره‌ به‌ری‌ هه‌لبژاردنه‌كانی‌ ئیران.

موختار زارعی‌ ئەندامی ئەو کەمپەینە لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی رۆژی کورد ڕایگەیاند: ” بەشداری کردن یان بەشداری نەکردن هیچ کام بەرنامەی کاری ئەو کەمپەینە نییە، بەڵکوو کاری ئەو کەمپەینە ئەوەیە کە فەرهەنگی سیاسی کۆمەڵگە یەک هەنگاو بباتە سەرێ، کەمپەینەکە هەندێ داواکاری دەخاتە بەر دەم کۆمەڵگە و دەسەڵات کە بگوترێ لەوە خوارترمان قبووڵ نییە. کەمپەین تیشک دەخاتە سەر کێشە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکان. ئێمە دەمانەوێ لە شەخس میحوەرییەوە بیگوازینەوە بۆ خواست، بەر لەوەی بڵێین کێمان دەوێ، دەبێ بڵێین چیمان دەوێ، دەبێ خواستی خەڵک ببێ بە ئەولەوییەت، خەڵک دەبێ مافی ئەوەیان هەبێ داواکارییەکانی خۆیان بخەنە ڕوو.”

موختار زارعی
موختار زارعی

موختار زارعی ئاماژەی بەوەش کرد کە داواکارییەکانی ئێمە لە دەروەی یاسای کۆماری ئیسلامی نییە و ئەوەمان کردووە بە معیارێک بۆ پێش هەڵبژاردن وئەوە هەنگاوی یەکەممانە و هەنگاوی دووهەم بۆ دوای هەڵبژاردنە کە کارمان دەبێتە چاودێریکردنی ئەو کەسانەی کە دەنگ دێننەوە و وەک شارۆمەندێکی ئێرانی ئەو مافەمان هەیە کە چاودێرییان بکەین و داوای جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان لێ بکەین.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە  بۆچی لەبەرەبەری هەڵبژاردن ئەو کەمپەینە ڕادەگەیەندرێ، موختار زارعی ئەندامی كه‌مپینی‌ داواكارییه‌كانی‌ خه‌لكی‌ كوردستان وتی: ” ئێمە نەماتدەتوانی دوو ساڵ لەوە پێش کەمپەینێکی لەو چەشنە وەرێبخەین، چونکە مانای نەدەبوو، بۆیە بەر لە هەڵبژاردن دەبێ هەڵوێستی خۆمان یەکلایی بکەینەوە، هەر وەک گوتم میحوەری کاری ئێمە بەشداریکردن یان بەشداری نەکردن نییە، بەڵکوو خستنە ڕووی داواکارییەکانە. دیارە من وەک خۆم لایەنگری بەشداریکردنم و لە نووسینەکانیشمدا ئاماژەم بەوە کردووە کە بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان باش نییە. ئێمە وەک کەمپەین نایشارینەوە کە پێمان خۆشە خەڵک بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن بەڵام کاری ئێمە ئەوە نییە، کاری ئێمە ئاگاهی بەخشین بە کۆمەڵگەیە و کاری سیاسی ناکەین.

موختار زارعی رەتیکردەوە کە ئەو کەمپەینە سەر بە لایەنێکی سیاسی بێ و لەمبارەوە وتی: “کەمپەینەکە بە هەوڵی چالاکانی ناوخۆوە پێکهێندراوە و پەیوەندی بە حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە و پژاکەوە نییە. لەوانە خاڵی هاوبەش لە نێوان کەمپەین و خواستی لایەنێکی سیاسی هەبێ و ئەوەش زۆر ئاساییە. بەشی زۆری ئەندامانی ئێمە ساڵانێکە بەشداری هەڵبژاردنیان کردووە و ئەوەی کە حیزبی دیموکراتی کوردستان هەڵوێستی جیای هەیە بۆ هەڵبژاردن پەیوەندی بە کەمپەینەکەی ئێمەوە نییە و ئەوانەی دەیانەوێ وا نیشان بدەن کە کەمپەینەکەی ئێمە پەیوەندی بە لایەنێکی سیاسییەوە هەیە بە هەوڵێکی دۆستانەی نازانم و ئەگەر بڵێین ئەو کەمپەینە فڵان حیزب وەرێیخستووە خیانەتە بە حەقیقەت،. ئێمە لە ژێر گوشار دا ئەو کۆبوونەوەیەمان بەرێوەبرد و ناوەندە ئەمنییەکان داوایان لێکردین کە کۆبوونەوەکە هەڵوەشێنینەوە و ئێمەش بە پێی یاسا لە ماڵی خۆمان ئەو کۆبوونەوەیەمان بەرێوە برد.
دوای ڕاگەیاندنی کەمپەینەکە و بڵاوبوونەوەی لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان هەندی کەس ناڕەزاییان بەرانبەر بەو کەمپەینە دەربڕی کە خەڵک هان دەدەن بەشداری لە هەڵبژاردنێکدا بکەن کە بە هیچ شێوەیەک دیموکراتیک نییە و ئاکامەکەی بە دڵی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەبێ.

جەمیل کولاهی چالاکی سیاسی لەمبارەوە بۆ رۆژی کورد وتی: ” بنەمایترین خاڵ لە هەڵبژاردن دا ئازادیی ئەحزابە، حیزبەکان دێن بەرنامەی سیاسی خۆیان دادەڕێژن و خەڵکیش بە پێی بەرنامەی حیزبەکان دەنگ دەدەن، بەڵام ئەو دۆستانەی لە ناوخۆ ئەو کەمپەینەیان وەرێخستووە، هاتوون ئەو ڕەوتەیان پێچەوانە کردۆتەوە، چونکە لێرەدا خەڵک بەرنامە دادەڕێژێ و کاندیدەکە دێ دەنگی پێ دەدات. ئەوە لوتکەی کومێدی بوونی ئەو کەمپەینەیە، لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیدا کە هیچ دەزگایەکی لێپرسینەوە نییە، بۆیە ناتوانی دوای هەڵبژاردن لێپێچینەوە لەو کەسە بکەن کە چۆتە پەرلەمان. لە کۆمەڵگەیەکدا کە حیزبی سیاسی نییە بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن و تاک سەر دەردێنن و ئەو سەردەرهێنانە لە رێی دەزگا تەبلیغاتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەرێوە دەچێ و لە ڕێی شەڕە گەڕەک و شەڕە مەزهەب و شەڕە تایفی دەنگ دێننەوە و دەگەنە مەجلیس، بە بێ ئەوەی بەرنامەیەکی کۆنکرێتی سیاسی یان کۆمەڵایەتی یان ئابوورییان هەبێ بۆ خزمەتی کۆمەڵگە.

جەمیل کولاهی
جەمیل کولاهی

جەمیل کولاهی ڕایگەیاند؛ دەقی ناوەڕۆکی داواکارییەکانی کەمپەین پڕە لە پارادۆکس، لە لایەک دەڵێ هەمووی لەژێر یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامییە و لە لایەکیتر باس لە جاڕنامەی مافی مرۆڤ دەکات، لە کاتێکدا جاڕنامەی مافەکانی مررۆڤ بە پێی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ڕەت دەکرێتەوە، جیا لەوە باسی داخوازییە نەتەوەییەکان کراوە، کاتێ باسی داخوازیی نەتەوەیی دەکرێ واتە باسی حاکمییەتی نەتەوەیی و پەرلەمانی نەتەوەیی دەکرێ کە هەموو ئەمانە لە ئێران قەدەغەیە، رژیمی کۆماری ئیسلامی لە سەر ئایدئۆلۆژی مەزهەبی دامەزراوە و بڕوای بە چەمکی ئوممەت هەیە نە بە میللەت و میللەت بە هەڕەشەیەکی مەزن دەزانێ بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئوممەتی ئیسلامی. بۆیە باسکردنی داخوازیی نەتەوەیی لەو کەمپەینەدا تەنیا بە لاڕیدابردنی باسەکەیە و ڕاکێشانی خەڵکە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی. کاتێ باس لەوە دەکەن کە ناڵێن دەنگ بدەن یان دەنگ مەدەن و تەنیا خواستەکان دەخەنە ڕوو، پێویستە ڕوونکردنەوەیەک بدەم کە ماوەی 70 ساڵە خواستی نەتەوەیی کورد خراوەتە ڕوو و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە ڕوونی ئاگاداری خواستە نەتەوەییەکانی کورد هەن، ئەوەی کە ئەندامانی ئەو کەمپەینە دەلێن ئێمە خواستی نەتەوەییمانە خستۆتە ڕوو دەتوانێ بێرێزییەکی گەورە بێ بە 70 ساڵ خەبات و تێکۆشانی کورد کە قوربانییەکی زۆری داوە چ لە سەردەمی پەهلەویدا و چ لە سەردەمی خومەینیدا.

جەمیل کولاهی لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ ماڵپەڕی رۆژی کورد ڕایگەیاند: “بەیاننامەی ئەو کەمپەینە و هەندی لایەنی ئۆپۆزیسیۆنی چەکداریش کە بە داخەوە تێکەوتوون و تەنیا مەبەستیان گەرمکردنی بازاری هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامییە، تەنیا بۆ ئەو ئامانجانەی هەر خۆیان دەزانن و بۆ خەڵکی ڕوون ناکەنەوە، ئەوانەی ئەو بەیاننامەیان نووسیوە بڕوا ناکەم هیچ کامییان کاندید بن و ئەگەریش کاندیدبووبێ ئەوە ڕەتکراوەتەوە، ئیتر بەیاننامە نووسین مانایەکی نامێنێ مادام ڕەتکراونەتەوە، چونکە ئەو کەمپەینە زەمانەتی ئیجرایی نییە تا خەڵک ڕابکیشی بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان. ساڵی ڕابردوو وەزیرێکی کابینە رژیمی ئێران هاتە سنە و وتی: یەک کەسی شیاوم لە ناو کورد دا نەدی کە بیکەمە ئوستاندار! ئەوە باوەڕی کۆماری ئیسلامییە بە مەسەلەی نەتەوەیی کورد کە ئەو کەمپنە باسی لێوە دەکا، بۆیە مەسەلەی نەتەوایەتی گەلی کورد قەت لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا باس ناکرێ.”
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا لە وتار و لێدوانەکانی خۆیاندا هەموو هەوڵێکیانداوە کە سەرنجی خەڵک ڕابکێشن بۆ ئەوەی بەشداری هەڵبژاردن بکەن، سەید عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران پێشتر ڕایگەیاندبوو کە دژبەرانی کۆماری ئیسلامیش مافی بەشداریکردنیان هەیە، بەڵام هەر دوا بە دوای ئەوە لە قسەی خۆی پاشگەز بۆوە و وتی: “من گوتوومە بەشداری بکەن نەک ئەوەی بێنە پەرلەمان.”

ئامادەکردنی/ جەمال نەجاری

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

وەڵامێک بنووسە