دوکتور کامران ئەمین ئاوە: دەبێ لایەنەکان کاری هاوبەش بکەن، یەکتری قبوڵ بکەن

0
412

بۆچی لە پاش 37 ساڵ دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامی ئێران، پارت و لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، هەوڵ نادەن هێز و توانای سیاسی و نیزامی خۆیان لە چوارچێوەی بەرەیەکی سیاسی یەکگرتوودا بەکار بێنن؟ لەمپەرەکانی بەردەم پێکنەهاتنی ئەو بەرە یان هاودەنگییە سیاسییە چییە؟ چۆن دەکرێ لایەنە سیاسییەکان لە دەوری یەک پلاتفۆرمی هاوبەش کۆ ببنەوە و خەباتێکی هاوبەشی سیاسی و نیزامی لەدژی کۆماری ئیسلامی بکەن؟
ماڵپەڕی رۆژی کورد لە پێناو لێک نزیککردنەوەی هێز و لایەنەکان و لێک تێگەیشتنیان لەسەر پرس و بابەتی پەیوەندیدار بە پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستان ئەم دۆسیەی کردۆتەوە و ڕای ئەندامانی رێبەریی حیزبەکان و هەروەها کەسایەتییە سیاسییەکانی رۆژهەڵات و شرۆڤەکارانی سیاسی وەرگرتووە.
بەرێز دوکتور کامران ئەمین ئاوە چاودێری سیاسی وەڵامی پرسیارەکانی رۆژی کورد دەداتەوە.

دوکتور کامران ئەمین ئاوە: دەبێ لایەنەکان کاری هاوبەش بکەن، یەکتری قبوڵ بکەن

 گرینگی پێکهاتنی بەرەی کوردستانی بۆ کۆردستانی ڕۆژهەڵات لە چی دایە و زەروورەتەکانی پێکهێنانی ئەم بەرەیە چین؟

بە پێی ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە بە خێراییەکی بێ وێنە لە یەک دوو ساڵی ڕابردوو لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتیی پاش هێرشی داعش بۆ باشور و ڕۆژئاوای کوردستان و بەرەنگاریی بێ وێنەی کوردەکانی ئەو دوو بەشەو هاوکاریی و پشتیوانی کوردەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان لەم ڕەوتەدا کراوە، هەروەها سەرکەوتنی ئەم دواییەی  ها. د. پ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکییە، بە جێهانی بوونی کێشەی کورد و ڕەنگدانەوەی ڕەچاونەکراوی خەباتی گەڵی کورد لە میدیاو بیروڕای گشتیی، دەوڵەتەکان و پەرلمانی ئەورووپا و ئەمریکا و بووژانەوەو بەرزبوونەوەی هەستی نەتەوایەتیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێداویستیی پێکهێنانی بەرەی یەکگرتووی هێزەکانی سیاسیی و مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆرتر لە هەر کاتێکی دیکە وەکو ئەرکێکی گرینگ خۆێ دەنوێنێ. ئەگەر ئێمە سەیری کاردانەوەی هێرشی داعش بۆ کوردستان و خۆپیشاندانەکان و پشتیوانی بێ وێنەی ماددی و مەعنەویی کوردەکانی نیوخۆی وڵات لە ئیلامەوە هەتا کوردەکانی دانیشتووی تاران، هەروەها شەپۆڵی بەردەوامی لەسێدارەدانی کوردەکان و خۆپیشاندانی خوێناویی مانگی بانەمەڕی ئەمساڵی شاری مهاباد و گیانبەختکردنی تەلاج و گیرانی دەیان ڕۆڵەی ئازادیخوازی ڕۆژهەڵاتیی بکەێن، دەبینین هەست‌و ئاگایی نەتەوەیی لە ئاستێکی فرە بەرزەو پێویستە بۆ بە هێزکردن و پەرەسەندنی ئەم هەست و جوڵانەوەیە هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێناوی بەرژەوەندیی نەتەوەییدا هەنگاوی پێویست بۆ پێکهێننانی بەرە یاخود هەرچەشنە هاوپێمانییەک هەڵێنن و لە سەر خاڵە هاوبەشەکانیان کە کەمیش نین یەک کەون و هێزەکانیان بخەنە پاڵ یەکتر. بێگوومان پێکهاتنی هەرچەشنە بەرەیەکی بەرفراوان نە تەنیا کاریگەرییەکی بەرچاوی لە ئاستی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەڵی کورد لە ڕۆژهەڵات دەبێ، بەڵکوو دەتوانێ کاردانەوەی ئەرێنیشی لە گشت کوردستان و جیهان ببێ و بە یەکدەنگی و بە هەبوونی پلاتفۆرمێکی هاوبەش سەرنجی زۆربەی وڵاتانی ئەورووپی و ئەمریکا بۆ کێشەی کورد لە ئێران ڕابکێشێ. تا کاتێک هێزەکانی ئێمە ئاوا لەیەک دابڕاو و دوور بن و ئامادەی هاوکاریی پێکەوە نەبن، نابێ چاوەڕێ ئەوەی بین کە نەتەنیا لە ئاستیی جیهانی بەڵکوو لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستان و هەڵسوکەوتی ئەوان و و هێزو لایەنەکانی باشور و باکوور کە بە پێێ بەرژەوەندیی خۆیان پێوەندیی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ حکومەتی ئیسڵامی ئێران هەیە بایەخێکی شیاو و ئەوتۆ بە کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بدەن. بە داخەوە ئێمە لەم یەک دوو ساڵی ڕابروودا زۆرجار شاهیدی سوکایەتیکردنی بەشێک لە ڕێبەران‌و میدیای کوردیی لە باشوری کوردستان بە حیزب و جوڵانەوەی کوردی ڕۆژهەڵات بووین تا ئەو ڕادەیەی کە، کاتێک لە زۆرینەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەڵکی کورد بە چەشنێکی جەماوەریی لەسەر شەقامەکان بوون و دەکەوتنە بەر زەبر و هێرشی هێزەکانی سەرکوتکەری حکومەتی ئیسڵامی و سەرەرای تەواوی بەربەستەکانی دەسەڵاتداران و سەرکوتکەرانی حکومەتی تاران یارمەتیی بەرچاویان بۆ قوربانییەکانی شەنگال‌و کۆبانی کۆدەکردەوە، لە کاتێکدا مانگ نەبووە ئێمە شاهیدی شەپۆڵی لەسێدارەدان و گرتنی ڕۆڵەکانی کورد نەبین، لەسەر شاشەی تلەویزیۆن باسیان لە نەبوونی بزوتنەوەی کورد لەو بەشەی کوردستان دەکرد. ئەم چەشنە هەڵسوکەوتانە کاریگەرییەکی نەرێنیی لە نێوبیروڕای گشتیی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە و دەبێ و ئەمەش بەشێکی دەگەرێتەوە سەر ئەوەی کە ئێمە یەکگرتوو نین و زۆرتر لەوەی کە سەرقاڵی ڕێکخستنی هێز و توانایی خۆمان بۆ خەباتی دژ بە حکومەتی ئیسڵامی ئێران بین، سەرقاڵی تاوانبارکردن یەکترو دابڕان و دوورکەوتنەوە لەیەکترین.

 لێرەدا دەکرێ بەشێک لە کاریگەرییەکانی پێکهێنانی بەرە یەکگرتووی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەم چەشنە گەڵاڵە بکرێ:

• پێکهێنانی هەرچەشنە بەرەیەک دەبێتە هۆی بە هێزترکردنی هەستی نەتەوایەتی‌و بەرزکردنەوەی ئاستی خەباتی گەڵی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و یاریدەدری ماددی و مەعنوویی بە بزوتنەوەی مەدەنیی‌و سیاسیی کوردەکانی نێوخۆی وڵات دەدا.
• پێکهێنانی بەرە دەبێتە هۆی ڕاهاتن و کارامەیی حیزب و کەسایەتییەکانی ئێمە لە کاری هاوبەش، خۆڕێکخستن و ئامادەکردنی ئێمە وەکو هێزێکی یەکگرتوو لەبەرامبەر هەرچەشنە ئاڵوگۆڕی لەنەکاو لە ئێران‌، هەبوونی هەڵوێستی هاوبەش لە بەرامبەر تاران بۆ وەدی هێنانی ماڤی خۆچارەنوووسی کوردو بەرگریی لە هەر چەشنە ناکۆکیی، چەندبەرکیی و تەنانەت شەرێ ناوخۆیی کە دەتوانن هۆی لاوازکردنی بەرەی کورد و بە هێزکردنی هێزەکانی دژبە کورد بن.
• پێکهێنانی بەرە دەبێتە هۆی قورسایەتیی ‌حیزب و کەسایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەهەر چەشنە ئێتلاف و هاوپەیمانییەک لەگەڵ ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات، هەروەها لە پەیوەندیی لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستان و بە تایبەتیی لە ڕەوتی پێکهێنانی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد و هتد ….
• پێکهێنانی بەرە پێشگیریی لە سەرکەوتنی پیڵانەکانی حکومەتی ئیسڵامی بۆ دووبەرەکی خستن لە نێو حیزبەکانی کوردستانی دەکات و کاتێک پێویست بە هەر چەشنە دانیشتن و دانووستانێک لەگەڵ هەر حکومەتێک بۆ وەدی هێنانی ویستەکانی گەڵی کورد لە ئێران بێ، کوردی ڕۆژهەڵات بە یەکدەنگی و پلاتفۆرمی هاوبەش دەتوانێ ڕۆڵێکی بەرچاو لەم ڕەوتەدا بگێرێ.
• لە ئاستی جیهانیشدا بەرەی یەکگرتووی کوردی ڕۆژهەڵات بە پێکهێنانی لۆبی یا هەرچەشنە نوێنەرایەتییەک لە دەرەی وڵات دەتوانێ ڕۆڵێکی بەرچاو بۆ وەدەسهێنانی پشتیوانی ماددی و مەعنوویی دەوڵەتەکان و بیرو رای گشتیی و هتد … بگێرێ.
• و هتد

هۆکار، بەربەست و لەمپەرەکان لە بەردەم پێکنەهاتنی بەرەی کوردستانی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات چین؟

لەوەدەچێ پێکنەهاتنی بەرە دوو هۆکاری سەرەکیی بێ:

یەکەم. نزمبونی فەرهەنگی کاری هاوبەشیی لە نێو هێزەکانی کوردستانی بە تایبەتیی و هێزەکانی ئێرانی بە گشتیی. ئەگەر ئێمە ئاوڕێک لە مێژووی خۆمان لە چوارچێوەی ئێراندا بدەینەوە، دەبینین نە تەنیا لە نێو ئێمەی کورددا، بەڵکوو لە ئاستی ئێرانیشدا فەرهەنگی کاری هاوبەشیی لە نێو هیزە سیاسییەکاندا لە ئاستێکی زۆر نزمدایە. لە سەرەتای دەیەی ٢٠ی هەتاویی سەدەی پێشووە هەتا ئێستا چەند بە نێو بەرەیەکی ئێرانی پێکهاتووە کە زۆرتر لە ئاستی نووسینی ڕێکەوتننامە بووە یان بە هۆی هێژمۆنی لایەنێک، قەتیس ماوەتەوە و ڕەنگدانەوەیەکی بە هێزی لە ژیانی سیاسیی خەڵکی ئێران لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات نەبووە، بۆ وێنە دەتوانین ئاماژە بە “بەرەی یەکگرتووی حیزبە پێشکەوتنخوازەکانی ئێران” لەساڵی ١٣٢٥ی هەتاویی لە نێوان حیزبی ئێران، حیزبی توودەی ئێران، حیزبی دێموکراتی کوردستان، فرقەی دێموکراتی ئازەربایجان، حیزبی سوسیالیست و حیزبی جەنگەڵ;  پێکهاتنی “شورای میللی و مقاومەت” (١٣٦٠ی هەتاویی) کە بە هۆی پاوانخوازیی موجاهیدین زۆرتر لەوەی کە بەرەیەک بێ، ڕێکخراوەی سیاسیی ئەوان لە دەرەوەی وڵات بۆ کارو باری دیپلماسی و هتد… یان بووە، هەروەها “کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێران”(١٣٨٤ی هەتاویی) و “سازمانی کۆماریخوازەکانی ئێران‌” (١٣٩٠هەتاویی) بکەین. ئەم حاڵەتە لە نێو حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکاندا لەوەش لاوازترە. بۆ وێنە”شاندی نوێنەرایەتیی گەڵی کورد” (١٣٥٨ی هەتاویی) بە هۆی ناتەبایی هێزەکانی پێکهێنەری نەیتوانی بنەمایەک بۆ نزیک‌کردنەوەی هێزە سیاسییەکانی کوردستان بێ. ڕێکەوتنی “حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران”یش(١٣٩١ی هەتاویی) نە تەنیا نەبوو بە بناغەیەک بۆ نزیککردنەوەی هێزەکانی دیکەی سیاسیی کوردستان، بەڵکوو نەیتوانی ئەو ئەرکانەی کە بۆخۆی دیاریی کردبوو بە جێی بێنێ و کار و چاڵاکییەکانی لە چوارچێوەی نووسینی یەک دوو بەیاننامە و دانیشتن و سەردانی ئەم دوو حیزبە لە بنکەکانی یەکتر قەتیس مایەوە.

دووهەم. دابڕانەکانی بێ‌پسانەوەی”کۆمەڵە و دێموکرات” لە دوو سێ دەیەی ڕابردوو و پێکهاتنی چەندین ڕێکخراوە بە ناوی هاوریز، دەرکردن وجیابوونەوە و بێ متمانەیی بەشێکی زۆر لە کادر و ئەندامەکانی ئەم ڕێکخراوانە، ڕەوتی نزیکبوونەوەی هێزەکانی کوردستانی و پێکهێنانی بەرەیان ئاڵۆزتر کردووە. کاتێک ئەم هێزانە لە نێوخۆیاندا تووشی قەیرانی ڕێکخراوەیی و ئیدئۆلۆژیی بن و بەشێکیان نەیانەوێ تەنانەت هەبوون و ناوی یەکتر بە فەرمی پێناسە بکەن، بێگوومان بۆیان ئاسان نییە کە هەنگاوی پێویست بۆ لەیەک نزیکبوونەوە هەڵێنن. لێرەدایە کە بەرژەوەندیی نەتەوەیی قوربانیی بەرژوەندیی و پاوانخوازیی حیزبیی یاخود تاکەکەسیی دەبێ. ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ئەم ڕەوتە داناوە و دایدەنێ، هەرچەند بەشێک لەم ڕێکخراوانە بە ڕەواڵەت باسی یەکگرتن و هتد .. دەکەن بەڵام لە کردەوەدا بە هۆی ناتەبایی نێوخۆێی بەربەستێکن لە ڕەوتی پێکهاتنی بەرە یان هەر چەشنە هاوپێمانییەک.

 بەرەی کوردستانی بە چ مکانیزم و شێوەیەک پێک بێ کە هەموو لایەنەکان خۆیان تێدا ببینەوە؟

پێویستە پێش هەموو شتێک لایەنە کوردوستانییەکان بەم قەناعەتە بگەن کە پێویستە پێکەوە کاری هاوبەش بکەن، یەکتری وەکو ڕاستییەکی هاشاهەلنەگر قەبوڵ بکەن و ئەو ماڤەی کە بۆخۆیان ڕەوا دەبینن بۆ لایەنەکانی دیکەشی بە ڕەوا بزانن. لەم ڕەوتەدا پێویستە حیزبە کوردستانییەکان لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا خاڵە هاوبەشەکانیان ڕوون کەنەوە و بە دوور لە پاوانخوازیی و بە قەبوولکردنی دروشمی”یەک حیزب، یەک دەنگ” بەرەی کوردستانی پێک بێنن. بە پێی دابڕانەکانی دێموکرات و کۆمەڵە و پێکهاتنی ڕێکخراوەی جۆڕاوجۆر لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دوور بوونیان لە وڵات، پێوەرێک بۆ هەڵسەنگاندنی ڕێژەی هۆگران و نفووزی حیزب و ڕێکخراوەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نی‌یە و مێژووی ڕابردووی حیزبەکان ناتوانێ پێوەرێکی جێ متمانە بۆ ئەم کارە بێ، کەوابوو ئەم ‌هێزانە  لە پێناوی بەرژوەندیی نەتەوەیی کوردی ڕۆژهەڵات پێویستە بۆ گەیشتن بە ماڤی خۆچارەنووسینی کورد بەرەی هاوبەش پێک بێنن.

ئه‌و وتووێژه‌ مانگی ئاگۆستی ٢٠١٥ ئه‌نجام دراوه‌ 

kamran amin awe bere kurdistani

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت