“سماقان” لە مەترسیی پرۆسەی ئەنفالی ژینگەدایە

0
1380

ژینگەوان: بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ژینگەوان لە مەریوان، لە دوای بڕیاری شارەوانیی مەریوان بۆ هەڵبژاردنی چیای سماقان وەک ناوچەی نوێ بۆ هەڵڕژاندنی زبڵی مەریوان و سەوڵاوا و کانی‌دینار و جووجەسازی، خەڵکی گوندەکانی سەرشیو وەک چالاکییەکی ژینگەپارێزی ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و ماوەی یەک هەفتەیە لەو شوێنەدا چادریان هەڵداوە و بە شەو و ڕۆژ پارێزگاری لەو جێگەیە دەکەن.

ئەو خەڵکەی کە بە شەو و ڕۆژ لەوێ دەمێننەوە و لە نێو ئەو چادرانە شەو بەسەر دەکەن، تووشی نەخۆشین بوونە و لە ئازاری جەستەیان دەناڵێنن، بەڵام بڕیاری کۆڵەنەدانیان داوە و ڕایان‌گەیاندووە کە بە هیچ شێوازێک سەر دانانەوێنن بۆ ئەو بڕیارە نەشیاوەی شارەوانی و خوازیاری چارەسەریی بنەڕەتیی ئەو کێشەیەن؛ واتە خوازیاری دامەزراندنی کارخانەیەکی بازیافتی زبڵن.

هەروەها شەوی ڕابردوو لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خەڵکی ئەسراوایش ئاڵۆزی هاتووەتە ئاراوە و بە وتەی خەڵک، سەرهەنگی هێزە ئینتزامییەکان هەڕەشەی لە خەڵکی ئەوێ کردووە و داوای مۆڵەتی ۲۰ ڕۆژەیان لە ئەسراوا کردووە تاکوو زبڵەکان لەوێ هەڵڕێژن، تاکوو لەم ماوەدا چیای سماقان ئامادەی هەڵڕژاندنی زبڵ بکەن.

هەروەها شایەت‌حاڵان باس لەوەی دەکەن کە لە نێو خەڵکی سەرشیویش دەمبۆڵە پێش‌هاتووە، بۆ ئەوەی چەند کەسیان نوێنەری مەریوان و سەوڵاوا لە پارلەمانی ئێرانیان ڕاکێشاوەتە چیای سماقان و هیچ دەستکەوتێکی بۆیان نەبووە و بەڵێنیهایەکی نامۆ و هەڵخەڵەتێنەری داوە.

خەڵکی سەرشیو لە نامەکانیاندا، چەندین جار ئامژەیان بەوە کردووە کە “سماقان” لە مەترسیی پرۆسەی ئەنفالی ژینگەدایە و داوای پشتیوانیی خەڵک و سەرجەم ژینگەپارێزانی مریوان و ناوچەکە دەکەن. هەروەها دەڵێن کە تا دوادڵۆپی خوێنیان پارێزگاری لە سماقان دەکەن و دژی هەڵڕژاندنی ئەو زبڵانەن لە هەر ناوچەیەکی تری کوردستان و جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە دانانای کارخانە تەنیا ڕێگەچارەیە.

هەروەها شایانی باسە کە خەڵکی سەرشیو گلەییان لە “ئەنجومەنی سەوزی چیا”ی مەریوانە کە بەپێی ئەو چاوەڕوانییەی کە لێیان بووە، لە خۆیان هەڵوێستیان پیشان نەداوە و تەنیا بە دانانی چەند وێنەی ئەو ناڕازایەتییە لە کەناڵی تێلێگرامیی خۆیان، کیفایەتیان کردووە. بۆیە داوایان لە چیا ئەوەیە کە ئاوڕێک لە هەڵوێستەکەیان بدەنەوە.

This slideshow requires JavaScript.