هەڵبژاردن لە ئێران/وتووێژ لەگەڵ هەڵمەت مەعرووفی

0
198

خوێنەری هێژا،

وتووێژی بەردەستت، وتووێژێکە لە زنجیرە وتو وێژەکانی ژووری ڕاوێژ لە تلێگرام کە لەگەڵ بەڕێز هەڵمەت مەعرووفی، ڕۆژنامەوان و چالاکی سیاسی ، ڕێکەوتی ٤ی ڕەشەممەی ١٣٩٤ی هەتاوی (٢٧١٥یکوردی) ئەنجام دراوەو پێشکەشکاری باسەکە لە لایەن بەرێز یۆسف قادری، ڕۆژنامەوان و چالاکی مافی مرۆڤ، ئەنجام دراوە و تێیدا پرسیاری خۆیان و ئەندامانی ژوورەکەیان خستۆتە بەر باس.

هەڵمەت مەعرووفی
هەڵمەت مەعرووفی

ڕاوێژ :زۆربەی ئەو کەسانەی دەنگ دەدەن  وا بیر دەکەنەوە کە دەبێ کورد  بوونی هەبێ  و ڕاوێژکار و نۆینەری هەبێ لە پڕۆژەکانی باڵا و کەڵانی دەوڵەتدا  تا مافیان نەخورێ قسەی ئێوە بۆ ئەو دەستەیە لە خەڵک چییە ؟

مەعرووفی:  ئیزن بدەن با من بابەتێک ڕوون بکەمەوە سەرەتا بۆ ئەوەی بچینە ناو بابەتەکە. ئێمە دەبێ ئەوە باش بزانین کە حکومەت سیستەمە، سیستەم یانی گشتێک کە هەموو بەشەکانی پیکەوە پەیوەندیان هەیە و لێک دانەبڕاون و بە خراپ بوونی بەشێک یان لە کار کەوتنی بەشەکانی تریش لە کار دەکەون یان لانیکەم ناتوانن باش کار بکەن، کۆماری ئیسلامی و هەر حکومەتێکی تر یەک

سیستەمە بەڵام کۆماری ئیسلامی سیستەمێکی دیکتاتۆر و توتالیتێرە، توتالیتر واتا هەموو کارەکانی ئەو وڵاتە و هەموو بڕیارەکان بە دەست یەک کەس یان تاقمێکەوەیە و کەسی تر ناتوانێ بڕیار بدات.

لێرەدا ئەو ئێرانە٧٥ ملیۆنیە بە دەست ٢ ملیۆنەوەیە کە ٢ ملیۆنەکەش بەدەست ڕێبەرەوەیە، ڕێبەر واتا خامنەیی نوێنەری خودایە و دەتوانی حوکمی حکومەتی بدات . ئەو ەیانی لێرەدا ڕێبەر لەسەرەوەی

یۆسف قادری
یۆسف قادری

یاسایە و یاسا لە بەرانبەریدا بێ دەسەڵاتە و یاسادانەر تەنیا دەتوانێ ئاڵقە لە گوێیەکی ڕێبەر بێ، خوای نەخواستە کەس بۆی نیە قسەی نوێنەری خوا ببڕێ و ڕەدی بکاتەوە  و ئەو هێڵە سوورە ببەزێنێ،

دوای ڕێبەر، کە وەلی فەقیهـ ئێمە شۆرای نیگابانمان هەیە و مەجلیسی خیبرەگان و لە دوای ئەوانیش مەجمەعی بەرژەوەندییەکانی نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران و دوای ئەوان سەرۆک کۆمار و دوای ئەو پارلمان یان مەجلیسمان هەیە، دوای ڕێبەر، کە وەلی فەقیهە ئێمە شۆرای نیگابانمان هەیە و مەجلیسی خیبرەگان و لە دوای ئەوانیش مەجمەعی بەرژەوەندییەکانی نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران و دوای ئەوان سەرۆک کۆمار و دوای ئەو پارلمان یان مەجلیسمان هەیە، کەواتە ڕای من ئەوەیە کە بە چوون بۆ مەجلیس نەتەنیا ناتوانی مافت بپارێزی بەڵکو مافی خۆت پێشێل کردووە، ئەو مافەی کە تۆ هەتە و دەتوانی بلیی دەنگت پێنادەم و تۆ سەرەڕۆی و دەمترازێنی و دەچەوسێنییەوە، لێرەدا کە چووی دەنگت دا هەر وەک خودی خامنەییش دەڵێ تۆ مەشرووعیەتت داوە بە ڕەژیم و چاوی دوژمنانی نیزامت کوێر کردوە، واتا بە دونیات کوتووە تۆ هیچ کێشەت نییە و ئەو نیزامەت قەبووڵە دەی کەواتە کام مافت پاڕاستووە؟

ڕاوێژ:  هێندێک کەس لەناوخۆ دەڵین دەبێ خۆیندنەوت هەبێ بۆ وەزعەکە وبی لایەنی هیچ دەردێکمان  دەرمان ناکا و دەبێ دەستمان هەبێ لە سەرنوشتی خۆماندا  قسە جەنابت چییە بۆ ئەو کسانە؟ بۆ دەبێ ترس لە خامنەیی نیشتبێ و باس لەدەستی دەرکی دەکا  لە کاتێکدا دەوڵەت بۆ ئەوەی کورەی هەڵبژاردنەکان گەرم بکا  تا ئاخرین کات روانەی میدانی کردن ؟

مەعرووفی: ئەوانەی کە ئەو قسانە دەکەن لە خاڵی لاوازییەوە قسە دەکەن، ئەوان دەڵێن ئێمە هێزمان نییە، تەنیاین، زیندانیمان هەیە، دەمانکوژن، دەمانبڕن، حیزبەکانمان لاوازن، خەڵکمان ڕۆیشتوە بۆ دەرەوە،و ،،،،،…تاد، من بەو کەسانە دەڵێم ئایا بە دابەزاندنی داواکارییەکانمان چارەسەر دەکرێت؟ یان ئەوەتا دەبێ بە خۆمان دابێینەوە فارس گوتەنی: خۆت بشکێنە ئاوێنە شکاندن هەڵەیە، کەواتە ئێمە دەبێ بە خۆمان دابێینەوە خەسار ناسی خۆمان بکەین و لاوازییەکانمان چارەسەر بکەین و لە بیرمان بێ ئەگەر ئەمڕۆ لە ئێراندا تەنیا یەک ئۆپۆزیسیۆن هەبێ ئەو ەکوردە، فارسەکان بێ ئۆپۆزیسیۆنن هەر ئەوەی کە پێی دەگوترا ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی ئیتر بوونی نەماوە و دەوڵەت توانی بیانتوێنێتەوە، ئێمە دەبێ هەستینەوە، هێز بدەین بە خۆمان، لە دونیای دیپلۆماسی دەرەوە و ناوخۆ کار لە سەر خۆمان بکەین، بەرەی یەکگرتوو پێکبێنین، حیزبەکان یەک بگرنەوە و یەک بگرن و ئەو هێزە جەماوەرییەی کە هەیە ڕێکی بخەن نەک بچین دەنگ بدەن.  قسەی من ئەوەیە، باشە ئەگەر لەوەش لاوازتر بووین ئەو کات چ ڕێگایەکمان هەیە؟ ئایا دەبێ هەر وا لاواز بین و داواکارییەکانمان دابەزێنین یان ئەوەتا دەبێ دەرمانی ئەم دەردانە بکەین؟

شەڕ گەورەترین هێزی گۆڕانکارییە لە جیهاندا، زۆربەی ئاڵوگۆڕییەکانی جیهان لە دوای شەڕەکان پێکهاتوون، شەڕی جیهانی یەکەم سووریە و عێراقی پێکهێنا و ئیمپراتووریەتی ئێرانی و عوسمانی شکاند و هەپڕوون بە هەپڕوونی کرد، ئیستاش شەڕ لە خۆرهەڵاتی ناڤین لە ئارا دایە و دەوڵەتی ئێرانیش سەری جەمسەری شیعەی ئەو شەڕیە و لەگەڵ ڕووسیە برابەشن، ڕووسیەیەکی کە ئەم ڕۆژانە پیدەچێ لە ئیران خاو بووبێتەوە و هەواپەیما سیخۆ ٣٠ یەکانی بە بیانووی نەدانی ثووڵ نەدا بە ئێران لە حاڵێکدا باس لەوە دەکرێ کە ئێران ٣ تا ٥ ساڵە ئەو پووڵەی داوە بە ڕووسیە لەو لاشەوە باس لە بەرجامە، ئێران ئیستا دەیهەوێ بە جیهان نیشان بدات کە لەناوخۆ مەقبووڵە و مەشرووحە، چونکە هەندێک هەواڵی نەهێنی باس لە ئەگەری هێڕش بۆ سەر ئێران دوای سووریە دەکەن و نەخشەی خاوەرمیانەی گەورە هێشتا لەسەر میزەکانە و کوردستانی باشووریش بەرەو ئاقاریکی تر دەڕوا ق سووننەکانی عێراقیش خەریکە عێراق دابش دەکەن، لە ڕاستیدا عێراق خەریکە بەرە لە کورد بە دەست عەرەب دابەش دەبێ•

بابەتێکی دیکەش مردن و بەرەو مردن چوونی خامنەییە کە ئەویش لێکدانەوەی خۆی هەیە و لێرە ناگونجێ و باسێکی تایبەتە کە ئایا دوای خامنەیی کودتا دەکرێ یان چی دەبێ کە من لێرە باسی ناکەم کەواتە کۆماری ئیسلامی دەبێ نێشان بدا خەڵکی لەگەڵە، ئەو ەنیە دەگوترێ ئێران لەو ئیقیانووسە ئاڵۆزەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وەک گۆمێکی مەند ماوەتەوە، ئەو ۆمە مەندە چۆمن دەشڵەقێ؟ بە دەست تێوەردانی دەرەکی؟ هەرگیز لەو باوەڕەدا نیم، ئەگەر نەخشەی شێوان و ڕمانی ئێران هەبێ کە دڵنیام هەیە و تا دوو سی ساڵی تر دەیبینین، ئەو ەلە ڕێگای ئەو هێزەوە دەکرێ کە لە ناوخۆیە مامۆستایان، پەرستاران و کرێکاران و سەدانی تر هەموو ناڕازین، چاو لەو هەستە و هاوارە مەکەن کە خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا دەیکا، زۆر کەس دەچێ بزانی چ باسە، زۆر کەس لە ترسان و لە برسان دەنگ دەدا بەڵام بۆ رەژیم یەک شانۆیە کە نێشان دەدا خەڵکی لەگەڵە

ڕاوێژ: بە هەزاران دکتور و مامۆستای زانکۆمان هەیە  نایەنە ناو پرۆژەی سیاسیەوە کەچی  زۆربەیان جێگا پەنجە و قەڵمان دیارە لە ناو کۆمەڵگای  ئیران و کوردیدا ؟ هۆی چییە؟

مەعرووفی: بە ئاشکرا و ڕاشکاوانە عەرزتانبکەم ئێستا ئێمەی کورد لە خۆرهەڵات سێ یان ٤ دەستەین. دەستەیەک کە ئاشکرا دژ بە هەموو سیستەمەکەین و داوای خۆمان بە ئاشکرایی ڕاگەیاندووە و خەریکە لە فیدرالیزمەوە بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو دەنێین و چالاکییەکانمان بۆ بایکۆت لە شێوەی نووسراوەوە بۆ تەحریمی چالاکانە دەروات.

بەشی دووهەم، ئەوانیش هەر ئۆپۆزیسیۆنن بەڵام ئیستا مەیلەو ئیسلاح تەڵەبن، هەڵوێستی سیاسیان خاوە و دەڵێن خۆتان دەزانن چ دەکەن و باس لە هەندێ موزاکەرات و هەروەها بەشداری و وتووێژ لەگەڵ بەرەکانی ناوخۆ و هەندێک مەسەلەی دیکە هەیە کە ئەو ەباسی من نییە و ئەوانیش لە باسی فیدرالیزمەوە بەرەو خودگەردانی لە حاڵی دابەزیندان هەرچەند درووشمیان شتێکی ترە،

دەستەی سێیەم: چالاکانی ناوخۆن کە ئەوان هەر سەر بە دەستەی یەکەمن بەڵام مەیدانی گوتاری ئاشکرایان نیە و بە شێوەی نەهێنی کاری خۆیان دەکەن کە کاک هێدی هەندێ لە بابەتەکان و چالاکییەکانیانی دانا.

دەستەی چوارەم بەڵام زۆر خۆشە: ئەوانە زۆرن و لە ناوخۆشیان یەک نین کە دەڵێم زۆرن یانی چەند گرووپن و هەر کەسە لە سازێک دەژەنێ، حیزبی وەحدەتیمیللی سەر بە پ ک ک و بەرەو گوتاری خۆسەری دێموکراتیک دەڕوا، بەرەی یەکگرتووی کورد کە ئیدی لە ناو جۆگە وێستاوە و لە لایەکەوە بە دزییەوە بایکۆیتی کرد و لە لایەکی تریشەوە بۆ نموونە ئاغای فەرەهمەند ڕێکلام بۆ کوردانی تاران دەکات لە لایەکی ترەوە کەمپەینەکەی بەڕیز قەوامی و زارعی و کەسانی ترە کە ئێستا شتێکیان داوەتە دەر کە خۆیان وەکیلی هیچی ڕوون و ئاشکرا نیە و هەر خۆ نیشان دانێک بوو، لە لایەکی ترەوە ئیسلاح تەڵەبەکانن کە ئەو ساڵ لە ئێران بە ڕواڵەت یەکیان گرت و دواتر کەسێکی وەک قەسیم عوسمانی کودەتای لە بۆکان کرد و حاجی ئەنوەری ترازاند. ئەوە داستانی ناوخۆە و چالاکانە.

ڕاوێژ: چؤن دەبێ و چ کارێک بکری کە ئاستی  و ئاگاهی و زانیاری خەڵک  بەرز بێتەوە  کە دەنگ نەدان  مافی خۆیانە بە وەزعی هەیی و دەنگ دان دەست خستنە نێو دەستی ئەو دام و دەزگایە کە ئەوانی  لە هەموو خۆشێکان بێبەش کردووە؟

مەعرووفی: ئاستی زانیاری و ئاگایی خەڵک لە خوارێ نیە ، خەڵک دەزانێ چ باسە، بەڵام مەسەلە شتێکی ترە، مەسەلە شیوە و ئامرازەکانی حکومەتن دەوڵەتی ئێران ئەو خەڵکەی وەک گیسکی هەیاس لێکردووە لە لایەکەوە بەڵێنی سەیر و سەمەرە دەدا و هەندێ کاندید پووڵی زۆری میلیاردیان تەرخان کردووە و دەیدەن بە خەڵک لەو لاشەوە ئەگەر ئێران لە سیاسەتی دەرەوەدا پەخشان پەخشان دەبەخشێ بە حیزبوڵا و ئەسەد و پ ک ک و یەکێتی نیشتمانی و حەشدی شەعبی ئەو لە ناوخۆ لە ئێعدام و سێدارە و کوشتن بڕین زیاتر نایکا لێرەدایە خەڵک بە بێ ویستی خۆیان دەڕۆن، لێرەدا هیچ هەڵبژاردنێکی دێموکراتیک لە ئارادا نیە تا بزانین خەڵک چۆن دەنگ دەدا لە هەمان کاتێشدا چاو لە ڕێژەکانی دەنگدان بکەین کەم کات لە ٧٠% تێپەڕ بووە ئەوە یانی دیسانیش خەڵکانێک بوێرن و دەنگ نادەن، مەسەلە ئەوەیە ئەو دەوڵەتە لە کاتی دەنگ نەداند لە مافە کۆمەڵایەتییە سەرەتاییەکانیشت بێبەش دەکات بۆیە خەڵکی ترسەنۆک و برسی دەنگ دەدات

ڕاوێژ: بۆ کەسێکی هەژار  کە لەو بار ودۆخە سەختەدا ژیان دەکا  و چاوەڕێی ٤٥٠هەزار تمەن یارانە دەکا  لە حاڵێکدا  ئەو پارەیە تەنانەت برنجێک ناکا لە نێو بازاڕدا و هەمووی ئەو نەهامەتیانە دەگەرێتەوە بۆ بێ بەرنامەی دەوڵەت  رای دان چ واتایەکی هەیە؟

مەعرووفی: دەوڵەت بێ بەرنامە نیە، بەڵکو زۆریش بە بەرنامەیە بەڵام بەرنامەکانی لەگەڵ داوای خەڵک ناگونجێ، چونکە لە ڕاستیدا جێ بە جێ کردنی داوای خەڵک بە واتای لە ناوچوونێتی ئەوەش تایبەتمەندی دەوڵەتێکی توتالیتێر و دژە خەڵکییە کە بۆ ئەوەی بمێنی دەبێ خەڵک بچەوسێنێتەوە خەڵکی ئێران دەبێ بڕیاری خۆیان بدەن و هەڵبژێرن، یان بەو شێوەیە بچنە پێش و بۆ هەتا هەتایە لەو قەیران و دۆخەدا بمێننەوە یان کەڵک لە هێزی خۆیان وەرگرن و بڕوایان بە خۆیان بێ و بزانن دەنگی ئەوان بە واتای چیە. هەر کات واتای دەنگی خۆیان زانی و ناسیان و زانیشیان لە هەمبەر نەوەی داهاتوو کە منداڵەکانیانن، بەرپرسن ئەو کات ڕێگایەک هەڵدەبژێرن کە من لەو بڕوایەدام بە هۆی ئەوەی کە لە ئیستادا هیچ کەس نیە سەرقافڵەی کاروانی شۆڕش بێ هەڵیاننەبژاردووە، لەو بروایەشدام زۆری نەماوە خەڵکی ئێران و بەتایبەت نەتەوە کەمینەکان بڕیاری خۆیان بدەن

ڕاوێژ: بە پێی ئامارەکان بارودۆخی ژیان لە ناو ئێراندا لەو پەڕی خراپی دایە  بیکاری، ماددەی هۆشبەر، فەساد و گەندەڵی ماڵی و ئەخلاقی، رۆژ بە رۆژ پەرە دەستێنی و دەیان کێشەی تر  بەربینگی کۆمەڵگای گرتووە، نۆێنەران مجلس و دەوڵەت چەند خۆیان بە بەر پرسیار دەزانن لە ئاست ئەو كێشانە؟

مەعرووفی: دەبێ سەرەتا لە خۆمان بپرسین، نوێنەرانی مەجلیس کێن؟ کێ هەڵیبژاردوون. هەروەک سەرەتاش کوتم مەجلیس هیچ دەسەڵاتێکی نیە چون چەندین هێزی سەرەوەی یاسا بوونی هەیە کەواتە مەجلیس هەمان ئەو پووش و پەڵاشەیە کە ئەحمەدی نەژاد دەیکوت، بەڵام نوێنەر کێیە؟ نوێنەر ئەو کەسەیە کە لە بازنەی بیری دەسەڵاتدایە و لە بێژینی شۆرای نیگابانەوە دەرچووە و ئەو کەسەیە کە بە قەولی خامنەیی و خاتەمی پێش نوێژ، کەسێکە کە سەر بە ئەمریکا و ئیسراییل و مونافەقان نییە، دەی کەسێکی ئەوتۆ لە خۆش خزمەتی بە نیزام و دەوڵەت و گرتنی یەک دوو کورتە ڤیدیۆی نمایشی بۆ خولی داهاتوو چی لە دەست دێ

با نموونەیەک باس بکەم: جەنابی قەسیم عوسمانی و عابد فەتاحی. عابد فەتاحی کە هەرچی ناوی کوردییە لە ورمێ سڕدرایەوە متەقی نەهات، شەیدا حاتەمی کوژرا بە ڕۆژی ڕوون، ئەو هات و کوتی بە شەرافەتم سوێند نەکوژراوە،لە ورمێ دەیان کەس لە کاسبکاران کوژران و دەیان شوێنەواری وەک ئەلیێ و ئەنبێ تاڵان کران و کاول بوون متەقی نەهات، ئیستا ڤیدیۆیەک بڵاو دەکاتەوە کە لە دوو چرکەدا لە شوێنیک کە کەس ئاگای لی نیە کوتوویە ورمی کوردە. قەسیم عوسمانی کە نامە نووسین و ڕاپۆرت و ئابڕوو بردنی ئەم و ئەو لە بۆکان و لە سایتەکانی وەک زریاندا ئیتر پێویستی بە باس ناکات و هیچ نەما نەیکا و وێنەی لەگەڵ سەحراڕوودی هەیە و … بە ئاشکرا دەیان خیانەتی بە شاری بۆکان کرد و کام خزمەتی هەیە کە دیار بێ نازانم. ئیستا ڤیدیۆیەکی بلاو کردۆتەوە و دەڵێ کوردی زاراوە نیە زمانە، بەڕاستی ئەوە دۆخی مەجلیسە و بەداخیشەوە کەسانی گەورەی ئەو کوردەش کە شاعیر و نووسەرانی وەک مامۆستا ئاسۆ و وەک خەبات مەولوودی دەکەونە داوی تەماحی یەک دوو سێ ملیۆنێکەوە و ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانی لە بیر دەچێتەوە

ڕاوێژ: پێتان وانیه کە پرسی ناوچەگەری بۆ هەڵبژاردنی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی بەسەر کوردستاندا زاڵ ئەبێت؟ دەبێنین خەڵکی ناوچەی ژاوەرۆی سنە پێیان وایه بەربژێرکەی ئەو ناوچە بڕوات بە سوودیان دەبێت و …هتد ؟

مەعرووفی: کۆماری ئیسلامئ کەڵک لە هەموو شت وەردەگرێ، ناوچەگەرایی، ئایینی ، عەشیرەگەری و سەدان فێڵ و فەرتەنەی تر، بەتایبەت کە لەم دواییانەدا قەراغ و حاشیەی شارەکان گۆڕاون و خەڵکانێکی زۆر لە گووندەکان ڕوویان کردۆتە شارەکان کە زۆربەشیان قاچاغچێتی دەکەن و رێژەیان زۆرە، بەڵێ لە مهاباد کەسێک وەک قادر چووپانی سەدان کەسی کردۆتە ئەندامی تەعاونی قالیبافان و لە مەریوان بە خەڵک دەگوترێ فتۆکۆپی ناسنامە بێنە با دوایی داتمەزرێنین، سەردان بۆ سەرەخۆشیەکان و چوون بۆ لای پیاوچاکان و گەورە پیاوانی گوندەکان کاری هەرە کەمی نوێنەرەکانە لەو لاشەوە لە زۆربەی شارەکان بەزمی ئەسڵە شار و کۆنە شار وەک سابڵاغی و سنەیی و مەیان ئیقباڵ و میراوا و لە فێڵ و فەرتەنەی ئەوتۆ دەخرێتە گەڕ. سەیر ئەوەیە کە یەکێک لە کارەکانی دەوڵەت بۆ ڕاکێشانی خەڵک لەو شارانە کە دوو نەتەوەیان تێدایە ڕێک کەڵک وەرگرتنە لەو مەسەلەی تورک و کورد و بابەتی ئەم چەشنە

ڕاوێژ: شوورای نیگابان بۆ ئەوەی کۆنتروڵی هەڵبژاردنەکان لە دەستی دەرنەچێ  و چاوەدێری هەبێ  هاتووە پاڵیووراوانی دابەش کردووە بە سەر سێ دەستەی  ئیسلاح تەڵەب و ئیعتداڵگەرا (میانەڕۆ) و ئوسوولگرا تا چەند ئەو کارە سەر دەگرێ؟

مەعرووفی: لە ئێراندا لە ڕاستیدا هیچ حیزبێک بوونی نییە، ئەوە دابەشکاری خودی نیزام و نێوخۆیانە کە هەڵبەتە لە ڕاستیشدا کەمێک نێوان و جیاوازییان هەیە، بەڵام ئەو ناوانە ئەگەر سەرنجتان دابێتێ تەنیا لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا پڕڕەنگن و وەکی دیکە کەس نیە بلێ من کێم و هەموو دەست بە سینگەوە لە پێشەوەن تا دەستیان بگاتە دەستی مبارەکی ئاغا، ئەوانە هەر کامیان دەیانهەوێ ئەو نیزامە بپارێزن بەڵام بە شێوازی خۆیان بەڵام ڕاستی ئەوەیە کە ئێستا بەشی ئەمنیەتی و سپای قودسی کۆنترۆڵی ئێران دەکات،

لە بیریشمان بێ لە ناو خودی پارلماندا ئەو دابەشکارییە نیە و هیچ جۆرە هاوتەریبییەک بۆ نموونە لە ناو ئیسلاح تەڵەبەکان نییە کە بلیین بە شێوەیەکی شۆرایی کار دەکەن و وێکڕا دەنگ دەدەن بە ماددەیەک یان نا واتا مەجلیسی ئێران ئەو دابەشکاری و سنوورانەی تێدا نیە، کەواتە هەرچەند بەو ناوە و لە ژێر ئەو ناوەدا خەڵک رادەکێشن و بەتایەبت نەتەوە بندەستەکانی وەک کورد دێنە ناو ئەو گەمەوە و بەو شێوەیە بە قەولی خۆیان لە هەمبەر تووندئاژۆکاندا ڕادەوەستن و دژبەری نیزام دەکەن بەڵام لە ڕاستیدا هیچ وا نیە و هیچ جیاوازییەک لە نێوانیاندا نیە چون لە ئەسڵدا ئەو دابەشکارییانە لەحزەیی و کاتین.

ڕاوێژ: ڕۆڵی هاشمی ڕەفسەنجانی چۆن دەبێنن  لەو خولەدا  لەکاتێدا لە زمان ڕاگەیاندنەکانی نێوخۆوە باس لەوە دەکرێ کە هاشمی گوتوویەتی  بە پشتیوانی من ڕێژەی سەدا پێنج بۆتە50 سەدا پەنجا؟

مەعرووفی: لە بیرمان نەچێ ڕەفسەنجانی میعمار و ئەندازیاری سەرەکی ئەو نیزامەیە و تا ئیستاش هەر وایە با فریوی ڕواڵەتەکان نەخۆین هەرچەند لەو ساڵانەدا کەمێک کەم مەیلی لە لایەن یاری غارەکەیەوە واتا خامنەیی، پێکراوە و ئەوە ئەو بوو کە خامنەییەکی نیوە فەقێی کردە مەرجەعی تەقلید و بەو شێوەیە مەشرووعییەتی بوون بە ڕێبەری پێدا و لە هەمان کاتیشدا بە ناو سەرداری سازەندەگی لە هەشت ساڵ شەڕی ئیران و عێراقدا توانی نیزام ڕاگرێ، لە بیریشمان بێ بەڕای من یەکێک لە هەڵەکانی کە دوکتور قاسملوو کردی و چوو بۆ موزاکرە ئەوە بوو کە لای وابوو ڕەفسەنجانی ئیسڵاح تەڵەبە و دەکرێ دوای مردنی خومەینی هەندێ مافی لی بستێنی.

ڕاوێژ: ئیسلاح تەڵەبەکان  تاچەند  شانسیان هەیە بچنە نێو مەجلیسەوە  لە کاتێکدا زۆربەی پاڵێوراوانیان لە لایەن شوورای نیگابان ڕەت کرانەوە؟

مەعرووفی: ڕەفسەنجانی کە وەک کوتم میعماری ئەو ئینقلابەیە، ئەو فێڵ و فرتانە لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا بە کار  دێنێ و هەرچەند کەمێ کەم مەیلی پێکراوە بەڵام دیسانیش مانەوەی خۆی لە مانەوەی نیزامدا دەبێنێ، ڕەفسەنجانی کێشەیەکی تری هەیە کە ئیستا ئاوا دەکات، ئەو بە نیازی هەندێک ئاڵووگۆڕییە لە دوای مردنی خامنەیی، چون لای وایە خۆی درەنگتر دەمرێ کە ئەوە ئیزراییل دەزانێ نەک ئێمە و ئەو، بەڵام خامنەییش فێڵی خۆی هەیە دوێنێ شەو مامۆستا حیسام ئاماژەی پێکرد، کەواتە ئەوە شەڕی تاکە کەسین نەک بە کۆمەڵ با فریوی ئەو یاری و گەمانە نەخۆین، ئیسلاح تەڵەبانیش دوو دەستەن، ئیسلاح تەڵەبانی حکومەتی و ئەوانەش کە نیمچە حکومەتین، لە ئێران ئێستا وای لێهاتووە لیکدانەوەی سیاسی لە زۆربەی شارەکان بۆ هەڵبژاردن لە ئارادا نیە خەڵک لە مێژ ساڵە دەڵێن کێ دەچێ با بچێ خۆ هەر خواردنە بەڵام پێدەچێ ئەوەی کە پووڵی زیاتری هەبی و بەڵێنی چەورتر بدات یان خەڵک بزانن دەستی بە جێی بەرزترەوە بەندە دەنگ دەدەن بە ئەو جا چ ئیسلاح تەڵەب چ توندئاژۆ و ئەو لێکدانانوەوانە زۆرتر لە هەندێ شاری وەک تاران و ئیسفەهان کار دەکات.

ڕاوێژ: ئەوە ۱٠یەمین دەورەی هەڵبژاردنەکانی مەجڵسی کۆماری  ئیسلامیە  تا ئەوڕۆ کە خەڵک دەنگیان داوە شتێک گۆڕاوە ؟

هێندێک کەس لە نێو خۆ بیانوو دێنەوە کە بد لە بدتر باشترە  قسەت چییە بۆ ئەو کەسانە؟

مەعرووفی: بەڵێ زۆر شت گۆڕاوە ڕێژەی ئێعدامەکان جار لەگەڵ جار زیاد بووە دەست بەسەر کردنی زیندانیەکان زیادی کردووە

گرتن و دەست بەسەر بوون زێدە بووە دەوڵەت بۆ چوار ساڵی تر لە خۆی ئەرخەیان ببووە یانیش ٨ ساڵی تر و بۆیە لە سیاسەتی دەرەوەدا ئەمجار زیاتر دەست تێوەردانی کردووە کە بەڕای من لە کۆتاییدا ئەو دەست تێوەردانە دەرەکیانەن کە ئەم ڕژیمە لە ناو دەبەن هەر وەک ئیستاش لە شەڕی سووریەدا لێیگەڕان تا ئاستێک بچتە پێش کە ئیتر کشانەوەی نەبێ و بە دەندووکەوە پێوە بووە و لاشم وایە مەرگی کۆتایی ئەو کۆمارە ئیسلامییە لە سووریە نووسراوە

ڕاوێژ: پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ و خۆکوژی و سێدارە، لەو پەڕی  خۆیدایە  بۆ نوێنەرا نی مجلس  هیچکات باسێک  لەوانە ناکەن ؟ ئایا ئەوانە لەو کمەڵگایەدا ژیان  ناکەن؟ ئایا هەر کەس نا  بۆ کۆماری ئیسلامی بڵێ دەبێ بچێتە زیندان یا ئیعدام بکری؟؟

مەعرووفی: هەر کەس بە پێی ئەرکی خۆی دەجووڵێتەوە، ئەرکی نوێنەریش لە ئێران دیفاع کردن لە کۆماری ئیسلامییە، ئەو نوێنەرە نوێنەری خەڵک نییە، نوێنەری دەوڵەتە کە خەڵک دەنگیان پیداوە یان وایان نواندووە و نیشان داوە کە دەنگیان پێداوە، نوێنەری خەڵک واتا ئەو کەسەی کە خۆی ناونووس کردووە و هیچ پاڵوێنە و فیلتێرێکی لەسەر نەبووە و دواتریش کە دەرچوە ڕێزی گیراوە و لەسەر لێدوان و یان ڕادەربڕین و پێشنیار و دژایەتی نەگیراوە و نە کوژاروە، بەڵام لە ئێران چاو لێکەن، زۆربەی نوێنەرانی خولی نۆیەم بۆ خولی دەیەم پەسەەن نەکراونەوە، کەواتە با خەڵک لەگەڵ خۆیان ڕووڕاست بن ئەوان دەنگ نادەن بە نوێنەری خۆیان بەڵکوو دەنگ دەدەن بە نوێنەری حکوومەت و فەرقیش ناکا دەنگ دەدەن بە کێ و کێ دەنێرنە پارلمان چون پارلمان هێزی نییە و ئەگەر چاو لێبکەین لە باسی شەهرام جەزائیری کە ڕۆژنامەکان کردیانە قاو خامنەیی هات و گوتی هەندێ پووڵ دزراوە کردوویانەتە هەرا، کاری گرنگترتان هەیە بڕۆن ئەو بکەن، ئیتر هەموو کەس قەلاقووبی کرد و کەس دەنگی لیوە نەهات، واتا حوکمی حکومەتی و ڕێبەری هاتە ئاراوە کە واتە دەنگدان تەنیا دەتوانێ نێشانەی لاوازی خەڵک و وەفاداریان بە نیزام بێت و هیچ بەرەو باش ناگۆڕێ بەڵکوو باری لاری خەڵک لارتر و خوارتر دەکات، ئەو دەنگدانە دەنگدانە بە مانەوەی ستەم و زۆرداری و درێژ بوونەوەی ماوەی دەوڵەتێک کە لە ماوەی ٨ ڕۆژی ڕابردوودا حوکمی سێدارەی ٤٠ کەسی تەنیا لە زیندانی قزلحەسار پشتڕاست کردۆتەوە و لە کوردستان نیزک بە ٢٥ کەس لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا گیراون و شوێنیان نادیارە بۆ یەمن دەنگ نادەم هاوڕێ تۆش دەنگ مەدە.

ڕاوێژ: هێزە  دێموکرات و سێکۆلار و مەردمیەکان  چۆن دەتوانن یا چی بکەن  یا لە چ ریگایەکەوەکە ئەو متمانەیە لە کۆمەڵگا و تاکدا درووست بکەن و لەو دونیای محافزەکاریەیەی کە باڵی بەسەر کۆمەڵگا دا کێشاوە رزگاریان بکەن؟؟؟

مەعرووفی: هیزەکان تەنیا دەبێ یەک بگرن و بگەڕێنەوە سەر رێچکەی خۆیان، ئەوان دوور کەوتوونەوە و ئەوەش بە هۆی زۆر باسە کە لێرەدا ناگونجێ بەڵام تا ئەوان وەها پرش و بلاو بن و بڕو ابە هێزی لاوان و گەنجان نەکەن و ئیزن نەدەن هێزی نوێ بێتە سەر کار و لە خەڵک نزیکتر نەبنەوە ئەوا هیچ ناکرێ دەبێ هەموومان باش بزانین ئێمە وەک کورد لەگەڵ گوتاری ئێرانیدا نین و نابێ ببین، ئەو کەمپەینی موتالەبات و بەرەی یەکگرتوو و حیزبی وەحدەتی میللی هەمووی هەر هەمووی هەڵقوڵاوی بیری ئێرانچیەتیە و لە ئەنجامدا سەرچاوەی کاوێژەکەی ئەوێیە و لە سەحراڕوودی و قالیباف و موحسێن ڕەزاییدا دەرکەوتووە کە فەرەهمەندەکان و هووشمەندەکان دەیکەن بە دەمی ئەو کەسانەدا، ئێمەی کورد دەبێ گوتاری خۆمان هەبی گوتارێکی تایبەت بە کورد چون ئازارەکانیان لە دەست ئێرانن بەڵام ئێرانی نین،

ڕاوێژ: لە سەدا75 ئەو کەسانەی خۆیان کاندید کردبوو بۆ مەجلس رەتکرانەوە  ئەو کەسانەی کە پاڵیوران لەلایەن شوورای نگابان   بە جۆریک پیوەندییان هەبوو لە گەڵ دەستگاکانی ژێر چاوەدێری ئیتلاعات و سپا ئایا بۆ رژیم فەرق دەکا کە چ کەسیک رەوانەی مەجلس دەبێ ئەی خەڵک چە ئیتزاریکیان لەو بە نێو نوێنەرانە هەیە؟

مەعرووفی: بەڵێ بۆ ڕژیم زۆر جیاوازی هەیە، بەتایبەت کە ئێستا خامنەیی خەریکە بمرێ ئەوە دەبێ مەجلیسێک هەبی کە یەکدەست بێ و سبەی یەک قسە و یەک کەس پەسەند بکات، ئەوە ئەگەر هات و خامنەیی ویستی سیستەمی وڵات لە سەرۆک کۆمارییەوە بگۆڕێ بە سەرۆک وەزیری، ئەو کات ئەگەر مەجلیس یەک دەست بێ ئەوە زۆر ئاسان کۆنترۆڵ دەکرێ بۆیە ئەمجارە زیاتر لە هەر جار کۆنترۆڵیان کرد، لە هەمان کاتدا ئایا دەرچوونی نەوەی خومەینی نەیدەتوانی هەڕەشە بێ بۆ سبەی ڕۆژی ڕێبەری لە ئێران؟ با ئەوان باش دەزانن چ کۆنترۆڵ دەکەن بۆیە لە مەهاباد بۆ نموونە جەلال مەحموودزادە و عوسمان یەک شەوە تەنانەت دوای ڕاگەیاندنی ئاخرین لیستی ناوەکان تەئیید دەکرێن و متمانەیان پێ دەبەخشرێ.

ڕاوێژ: لە بەرنامەی  شەوی ڕابردوو باسمان لە شێوازی خەبات لە پارچەکانی تری کوردستان کرد زۆر کەس نەزەر و باوەریان وابوو  و وایە لە ناوخۆ کە مۆدلی  خەباتی باکوور کوردستان مودێلێکی باشە بۆ ئیران و کوردی رۆژهەلات  بیروڕای  ئیوە چییە؟

مەعرووفی: دوو باسی جیاواز هەیە، ئەوەی کە ئێمەش وەک باشووری کوردستان لە گوتاری ئێرانیەت (بۆ ئەوان عێراقیەت) بێینە دەرێ و بیر لە خۆمان وەک کورد بکەینەوە باس لە سەربەخۆیی یان ئەوەتا فیدرالیزم بەڵام بە شێوەی خۆمان و مافەکانمان بکەینەوە واتا بیر لەوە نەکەینەوە کە لە تاران کێ دەنگ دەدا بە کێ و بۆ با بیر لە کوردستان و دۆخەکەی بکەینەوە و بە پێی ئەو بڕیار بدەین من وەک خۆم باکووری کوردستانم پی خاوەن مۆدێلێکی کوردانە نیە و ڕۆژئاواش تا ئێستاش ناڕوونە بەڵام تا ڕادەیەکیش دیارە چ باسە و ئەویش لە برایەتیا گەلان دا (خوشکایەتیش بە جێی خۆی) تواوەتەوە بەڵام با ئەوە بڵێم ئێمە بۆمان نییە و نابێ مۆدێلی هیچ پارچەیەکی تر ڕەچاو بکەین و ئێمە خەڵک و مۆدێل و توانایی و داواکاریی خۆمان هەیە و ڕژیمەکەشمان لەگەڵ ئی ئەوان جیاوازە کەواتە مەبەست لەو قسە ئەوەیە کە دەبێ بۆ نموونە وەک باشور لە فکری سەربەخۆیی یان دەسەڵاتی زیاتر دابین نەک ئەوەی کە وەک تاران باس لە ئێرانیت و تارانیەت بکەین هەمان ئە وگوتارەەی کە حیزبی وەحدەتی میللی یان بەڕەی یەکگرتوو یان موتالەباتی کوردستانیان کە خۆشیان لە نێوان پرسیاردا گێژ بوون و هەندێ کەسی پاک لەگەڵ هەندێ تاکی خاوەن گوتاری ئێرانی و تارانی تێکەڵ بوون کوردیش بە دڵنیاییەوە بە دوایاندا وێڵ نەبووە و نابێ

ڕاوێژ: بۆ نۆنەرێکی  مەجلس  کەعاجزە و ناتوانە لە ئیمزا کردنی نامەی  زیندانیک  چۆن دەتۆانی باس لە مافی خەڵک بکا یا مافیان وەرگرێ ؟ نۆینەرمان هەیە لە چۆار سالی نوینەرایەتی دوو نەچۆتە پشت  تریبونی مجلس

مەعرووفی: من لە یەکەم پرسیاردا ئەوەم ڕوون کردەوە لە ئێران نوێنەری خودا هەیە، نوێنەری مەجلیس تەنیا دەتوانی بلی بەڵێ قوربان بە چاوان، ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر بێ دەسەڵاتی نوێنەر، ترسی لە هاتنەوەی بۆ جاریکی دیکە و لە دەست دانی مانگانە و مووچەی چاک، لە بیرمان بێ هەر نوێنەرەی بۆی هەیە دوو کەس وەک بادیگارد لە تاران دابمەزرێنێ، نوێنەرەکانی ئێمە ئەوەش ناکەن و پوولەکەی بۆخۆیان وەرگدەرن نوێنەرەکانی ئێمە کە چونە مەجلیس ئاپارتمان و ماشێنی تایبەتیان دەدرێتێ نوێنەرەکانی ئێمە لە ساڵدا بە دەیان جار دەنگ و ڕەنگ و کاتی خحیان دەفرۆشن زۆر جار لە مەجلیس تەنیا ئەگەر دەنگی مومتەنع بدەی دوو سێ ملیۆن خێر دەکەی ئەو دەنگانەتان باش دەکرێن و دەفرۆشێنەوە نوێنەری ئیسفەهان زۆ ربە ئاسانی بوودجەی مهاباد دەکڕێتەوە بە دانی یەک دوو ملیۆن تمەن ئاگاتان لێیە لە بەرەبەری هەڵبژاردنی نوێ لە مەجلیس دەکەوتنە قسە و وەکی دیکە دەنگ و ڕەنگیان نییەم ئی ئەوەیە کە پێشتر کاتەکەیان دەفرۆشت و ئیستا بۆ دەنگی خەڵک دەیانهەوێ

ڕاوێژ: پەکەتە هەڵوێستی نیسبەت بە شانۆی هەڵبژاردن لە  ئێران چییە ؟ بە سەرنجدان کە خاوەنداریی لە چوار پارچەی کوردستان دەکات و خۆی بە خاوەنی هەموو کوردستان دەزانێت.

مەعرووفی: پەکەکە لە ئەسڵدا حیزبێکی باکووری یان تورکیەییە بۆیە هیچ هەڵویستی نیە بەڵام کۆدار بابەتێکی وەک تەحریم بڵاو کربۆوە و تێیدا باسی لە هەندێ بابەتی دووپاتە کردبوو کە زیاتر باسی لە کودتا دەکرد کە وادیارە هیچ کات لە ئێران کودتا لەسەر خەڵک نەکراوە هەندێک ڕوانگەکەی لە گوتاری ئێرانییەوە نزیک بوو

ڕاوێژ: كاك هه ڵمه ت چ ئالترناتیوێکی دی  چاوەروان دەکەی …کە کورت خایان بێ و کەمترین خەسار لە چینی ناوەبدی کۆملگا کە زۆرینەی گەڵن لە کۆرداواری ئێران ؟

مەعرووفی: مەشرووعیەت سەندن بۆ دونیای دەرەوەیە نەک بۆ ناوخۆ، بۆیە لەو یەک دوو مانگەدا کێشە نیە بەتایبەت لە ڕوی ئابوورییەو ەزیانیش بکەی بەڵام با لە بیرمان بێ بە پێچەوانەی ناوچە فارس و تورک نشینەکان لە ناوچە کوردستانی و کەمینەنیشنەکان زۆریش دەست بە زەبر و زەنگ دەکات و خەڵک دەتۆقێنی چون دەزانێ لەوێ ئزادی بڤەیە

ڕاوێژ: هەروەک دەزانن  پارتەکانی دەرەوە بێجگەلە ئیدانە کردن و نۆسخە نوسین بۆ جەماوەری نێو ولات هیچ پرۆگرامێکی دیکەیان نێ ،،،، رێخراوە کانی  ولاتیش بە تێکرایی  ئیفلیج کراون ….  چینی ناوەندیش خوازیاری کەمترین خەسار لە بەدەست هێنانی ماف  بێجگەلە   بەشدار بوونی  ناعیلاجانەی  کورت خایان  آیا هیچ  شێوەیێکی دیکەدەمێنێ  بەتیبەتی لە شارە چەند رەگەزیە کان …..؟

مەعرووفی: خەبات بی خەسار ناکرێ، ناکێ خەبات بکەی و نەتهەوێ خەسار نەدەی ئەوە قسەی من نییە قسەی گەورە پیاوانە بە دوکتوریشەوە، بۆیە من بیر لەوە دەکەمەوە ڕێگام کەم خەسار بی بەڵام رێگای بێ خەسار بوونی نییە تەنانەت ئەو دەنگدانە زیاترین خەساری بەدواوەیە ئەوە نیە لە ڕووداوی هوتێل تارا چیان لە منداڵی خەڵک کرد ئەوە نی ەشەهید مەنسوورەکان و سامان نەسیمەکان چیان بەسەر دێ، بۆیە نابێ پێمان وابێ ئەو دەنگدانە بێ تێچوویە ئێمە دەبێ یەک بگرینەوە و دواتر لە هەمان کاتدا ئێمە دەتوانین دەنگ نەدەین و ئەو ەتێچووی گیانیشی نییە بەڵکو تێچووی ماددی هەیە، دانەمزران و هەندێ وام و شتی ئەوتۆ کە ئەگەر هەموو خەڵک نەیکا ناتوانن ئەویش بگرن کێشە ئەوەیە ئێمە هێستا نازانین ئەگەر دەنگ نەدەین ئەو کات (مەبەست بە شیوەی گشتیە) ئەو کات دەوڵەت چ ترسێکی ڕێدەنیشێ.

ڕاوێژ:  پرسیار لێردایە کە ئێران بۆ هەڵبژاردنەکان نەرم دەبێتە و رکلامی و هەڵبژاردنەکانی خۆی بڕێ وخت دەباتە دەرەوەی سنوورەکانیشی بۆ ئەو ئێرانیانەی کە لە دەرەوەی ئێرانن  بۆ ئەو وڵاتانەی کە دەزانن هەڵبژاردنی ئێران شانۆیە و هندێ جار باس لەوەش دەکەن ئێران مافی مرۆڤی پێشێل کردووت بۆ دێڵن لە وڵاتەکەیانە ئێران هەڵبژاردن رێک بخات بۆ ئێرانیەکانی ئەو وڵاتانە؟

مەعرووفی: ئەو دەوڵەتە کەسانیکی لە دەرەوە هەن، کۆنسوول و کارمەند و مامۆستای قوتابخانەکان و کەسانیکیش کە لەوێ کاری ئازاد دەکەن و دەیانهەوێ بگەڕێنەوە ئەوەش لەبەر چاو بگرن

ڕاوێژ: جەریانی ئەو نوێنەرەی شاری پێرانشار کە نڵاس خەڵک خستیانە بەر شەق چە ڕوانگەێک دەخات سەر ڕای خەڵک و دەنگ دانیان؟!ئایا خەلک ئەو ساڵ بە تەمایە دەنگ بدات یا نە؟!

مەعرووفی: یەکەم من کارناس نیم بە هەر حاڵ سپاس کە قەبووڵتان کرد قسە بکەم و گوێتان لێ گرتم، بەڵام ئەو کەسە واتا خزر ڕەسووڵی نوێنەری خولی نۆیەم بوو و بەڕاستی بە پێی ئەو سەرسپێردراویەی کە بە سپای هەیە نە تەنیا خزمەتی خەڵکی نەکرد بەڵکو زۆر لە ئاست کوژرانی کۆڵبەران و کێشەی بازاڕچەی پیرانشاریشدا بێدەنگ بوو و کارخانە قەندی پیرانشاریش کە تەنیا ئیدی بە ناو ئی پیرانشارە ئەگینا هەم ووکارمەند و کرێکارەکانی ئی نەغەدە و تقرکن بۆیە خەڵک وایان کرد و دەستیان خۆش بەڵام کێشە ئەوەیە ئەو خەڵکە لە داخی ئەو دەنگ دەدەن بە یەکی تر، نەک ئەوەی کە دەنگ نەدەن هەرچەند ئەوەش وا دەکا دەنگ کەم بێتەوە بەڵام لە ئەنجامدا خەڵکی ئێمە لە بەر بێ ڕێبەری و لە هەمان کاتدا ترس و برسێتی دەنگ دەدەنەوە بەڵام ئەوە ئێمەین دەبێ برپرسیارەتی ئەخلاقیمان هەبی و هەڵبەت دەبێ ڕاوەستین بزانی ڕۆژی دەنگدان چۆن دەبێ

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت