ئێران و تورکیە زیاتر لە ڕووسیە قوربانیی رووداوە نوێیەکان دەبن!

0
25
محەمەد سلێمانی

ئەگەر پرسی کورد لە بەشێکی کوردستاندا لە ژیر گوشاری ناوچەییدا پێگەی لاواز بکرێ، جەمسەرە دژبەیەکەکان کە بەرامبەر بە یەکتری دەستیان بە سیاسەتێکی نوێ و سەربازی کردووە، لە بەشێکی تری کوردستان هەوڵی بە هێزکردنی کورد دەدرێت و ئەوەی پەیوەندی بە جووڵانەوەی نەتەوەییەوە هەیە، ئەوەیە کە ستراتێژیی شیاو بۆ ئەو مەبەستە بگرێتە بەر و وێڕای لەبەرچاو گرتنی بەرژەوەندیەکانی، دۆستایەتیی زلهێزەکان رەد نەکاتەوە. بەڵام پێویستە لەگەڵ عرووسەکاندا بە وشیاری و بێ متمانە کردن پێیان، سەیریان بکرێت. سیاسەتی نەتەوەیی ئەوە نیە کە ڕووسەکان لە پشتی پەردەدا بەرنامەیان بۆ داڕشتووە و  پێیان وایە کورد ڕێگای دیپڵۆماسی وەك بژاردەی سەلیم و ئاشتەوایی لەگەڵ توکیە و عێراقدا لە بیر کردووە  و بە کردار کاری بۆ ناکات. پرسی سیاسی و نەتەوەیی گەلی کورد وایکردوە کە ئێران و تورکیا بە میوانداریی دەڵاڵی ناوچە کە لە ئیستادا ڕووسیەی دژ بە مافی سیاسیی گەلانی بندەستی گیتیە، زیاتر لە ساڵانی ڕابردوو لەیەکتری نزیک ببنەوە و هەر سێ لایەن هاوڕان لە سەر یەکیەتیی خاکی سوریە و دژایەتیی بەرفراوان بوونی قەڵەمڕەوی کورد لە ڕۆژئاوادا.

 دیارە فیتنەی ئەو داگیرکارییەش لە تاران و مسکۆدا پلانی بۆ دادەڕێژرێت و تورکیەیان بە دژی کورد بەکار هێناوە بۆ ئەوەی سەقامگیری بە دەسەڵاتی ئەسەد بدەن و ئانکارا دژی مانەوەی حکوومەتی دیمەشق نەبێ. حکوومەتی تورکیە لە جیاتی بژاردەی دیالۆگی سیاسی و نیشتیمانی لەگەڵ کورددا، چووە ناو شەرێکی خوێناویەوە بەدژیان کە ناکۆکیەکانی لەگەڵ نەتەوەی کورددا پێی ناوەتە قۆناخێکی مەترسیدارەوە.  هاوکێشە سیاسی و سەربازیەکان لە سەر بنچینەی جەمسەری نوێ و دژبەیەکدا بە هێمنی لە سەر ئاستی گێتی و ناوچەیدا خەریکی شکڵ گرتنەوەن و بڕیار و ستراتێژیی نوێ، دەرفەتی  ئەوەی پێكهێناوە کە کۆدەنگیەکی بەرفراوان دروست ببێ هەتا لەو ڕێگایەوە هەوڵی پەراوێزخستنی زیاتری ڕووسیە بدرێت. هەرچی عرووسەکانن دەیانەوێت کێشەی تر لە سوریەدا سەرهەڵبدات بۆ ئەوەی شوێنەونکەی لادانی ئەسەد لە دەسەڵات دروست بکەن و کۆمەڵێك قەیرانی نوێ بێتە ئاراوە و بە تیرێك چەند نیشانەیەك بپێکن. دوور خستنەوەی تورکیە لە ئەمریکا و ناتۆ و بە گژکورد دا کردنی، بۆ ئەوەی کەلێنێکی گەورە بەخاتە پەیوەندیە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانی کورد و تورك و هەروەها تورکیە لەگەڵ رۆژئاوا و ئۆروپا کە ئەوەش  بۆ ڕووسیە و ئێران خێری  خۆی هەیە.  رووسیە و ئێران دوو دژبەری دێرینی تورکیان و هاوکاری و پەیوەندیەکەیان لەگەڵ ئانکارا زیاتر لایەنی تاکتیکی و سەربازی و گەمەیەکی تازەیە  کە پێگەی تورکیەی  پێ لاواز دەکەن و هەر لەوکاتەشدا تاران و مسکۆ بەئاشکرا ئەوەیان گوتووە کە عەفرین دەبێت ڕادەستی حکوومەتی سوریە بکرێتەوە و ئەوەی ئێستا تورکیە خەمی پێوەدەخوات و بێ دەسەڵاتبووە لە هەمبەریدا، دوورخستنەوەی هێزەکوردیەکانە بۆ ئەو بەری رۆژهەڵاتی فۆڕات کە پێناچێت ئەو ویستەیان بەدی بێ. چوونکی  مسکۆش وەك گوشاری سەر تورکیە نایهەوێت پێگەی کورد لەوەی زیاتر بەرەو لاوازی بچێت و هەر ئەو ماوەیەش وەزیری دەرەوەی ڕووسیە بەفەرمی ئەوەی  ڕایگەیاندوە کە لەگەڵ کورد دۆستایەتیەکەیان دەپارێزن و ئامادەن یارمەتی بە کورد بکەن.

دیارە پاش خەیانەتی عرووسەکان بەکورد و رادەستکردنی عەفرین بە تورکیە، باوەڕناکەم جارێکی تر گەلی رۆژئاوای کوردستان  متمانەیان بە حکوومەتی پۆتین  هەبێ و دڵیان بە هاوکاری و دۆستایەتیەکەیان خۆش بێت و وەك ڕابردوو بچنەوە بەرەی روسەکان. کۆبوونەوەی لوتکەی سێ قۆڵی  لە سەر کۆمەڵێك خاڵ، سیاسەتێکی ناروون و پێچیدەیان گرتۆتەبەر و ئەو سێ کۆچکەیە پێناچێت زۆر دەوامبکات و چیتر کاریگەری بەسەر روواوەکاندا هەبێ. ئەگەر بێت و تورکیە بەو خێرایە رووی لە ئەمریکا و رۆژئاوا وەربگێڕێ و بەئاڕاستەی رووسیەدا بڕوات و قبووڵی هاوپەیمانی تاران بکا، زیانی گەورەی سیاسی و ئابووری بە وڵاتەکەی دەگەیەنێت،  چوونکی پۆتین بۆ مەبەستی خاسی خۆی هێندیك ئیمتیازی بە حکوومەتی ئەردۆغان دەدات و هەرکاتێك  دەوڵەتی تورک لە قسەی دەربچێت، رووداوەکان بەتەواوی دژی ئانکارا گۆڕانکاریان بەسەردادێت و شتێك بەناوی هاوپەیمانی ئانکاراو مسکۆ نامێنێت.

بە سرنجدان بە بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابووری تورکیە، ڕووسیە وەك داشەهارە بۆ دژایەتی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ئەندامی ناتۆ و گەلی کورد  ئەردۆغان بەکار دێنێت و نیازی پۆتین بەتەواوی روونە کە دەیهەوێت ئەو وڵاتە لە ئەندامەتی ناتۆ دووربخرێتەوە و بە لاوازی  سیاسی و سەربازی و ئابووری، بیخەنە سەر بەرەکەیان کە دژی ئەمریکا و رۆژئاوا پێكیان هێناوە. ڕووسیە هەوڵدەدات ئەسەد لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە و ئەگەر بێت و ئەمریکا و ئاڵمان و بریتانیا و فەڕانسە کارتەکانیان لە ئەنجوومەنی ئاسایش دژ بە حکوومەتی دیمەشق بەکار بێن و مەلەفی بەکار هێنانی گازی سارینی لەسەر ساخ بکەنەوە و کۆدەنگی گشتی بۆ بەدەست بێنن، ئەوکات رووداوەکان لە بەرژەوەندی ئەو بەرە تازەیەدا نابێت کە مسکۆ سەرۆکایەتی دەکا و بتوانێت لە داهاتوودا بەرژەوەندیەکانی لە سوریە و ناوچەکەدا بپارێزێت.  ئیدارەی ترەمپ زۆر بەژیری پێداچوونەوەی بە کۆمەڵێك بابەتی هەستیاری سیاسی و ئەمنی و سەربازی ناوچەیدا کردوە و سەرەرای مانەوەیان لە مەنبج و گوشار خستنە سەر تاران و هاوقۆڵەکانی، بە  یارمەتیدانی هێزەکوردیەکانیش پەیامی خۆی گەیاندۆتە دەوڵەتی ئانکارا و بە توندی ئاگاداری کردوونەتەوە،  ئەگەر بێت لە سنووری خۆی زیاتر پێشڕەوی بکات، بە هێز وڵامیان دەدەنەوە کە ئەوەش بە تەواوی دڵی تورکیای هاوپەیمانی شکاندوە و شیکاری ئەو بابەتەش بەو مانایەدێت کە ئەمریکا کوردی هەڵبژاردوە و سەرکۆنەی سیاسەتەکانی ئەردۆغانی کردوە.  ئێستا بۆ عێراقیش کۆمەڵێك سیاسەتی نوێ هاتۆتە ئاراوە و هەوڵی ئەوە هەیە هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانیە دابڕینراوەکاندا بڵاوەیان پێبکرێتەوە.

ئەو بابەتەش بێگوومان ستراتێژیەکی نوێی سیاسی و سەربازی ئەمریکا و ڕۆژئاوای لە پشتە و بەو  رێگایەشدا هەوڵدەدرێت لە ئامانجەکانی ئەو سی کۆچکە نوێیەی رووسیە و ئێران وتورکیە بدرێت و  پێگەی بە هێزیان لە دەست بدەن. ئەمریکا و ئەڵمان و فەڕانسە و بریتانیا، دەستیان بە هەوڵێکی نوێی سیاسی و سەربازی بەدژی ڕووسیە کردوە و لاوازی عرووسەکان، یانی لاوازی پێگەی سیاسی و سەربازی تورکیەش دەگەیەنێ  و ئەو وڵاتە ئەگەر بێت و بە سیاسەتەکانیدا نەچێتەوە، دەسکەوتی زۆر  لەدەستدەدات و وەك جاران دەرگای  بەرەی ناتۆی بۆ ناخرێتە سەرپشت  و یارمەتی و هاوکاریە ئابووریەکانی یەکیەتی ئۆروپاش ئیمکانی سنووردارکردنیان هەیە و لە گریمانەی  رووداوە نوێکاندا، کورد دەبێتە ئەندامە بەهێزەکەی ناتۆ لەسەر ئاستی ناوچەیدا. ئەمریکا هەر بەوەشەوا نەوەستاوە و  بە ڕێگای سێ وڵاتی لیتوانیا و ئه‌ستونیا و لاتفیا دا،  بەرەیەکی نوێی گوشار بە دژی ڕووسیە دەکاتەوە و پێدەچێت کۆشکی سپی بەباشی یارمەتی سەربازی و بەرگری ئەو وڵاتانە بدات.

ئامانج لەو بەرە نوێیەش چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەیە لەگەڵ مسکۆدا کە زیاد لە پێگەی خۆی دەسەڵاتی بە سەر ناوچەکەداگرتووە و بە شێوەی بەرفراوان یارمەتی ئێران و سوریە دەکا کە دوو دەسەڵاتی نزیك لە مسکۆن. بێگوومان ئێران و تورکیە دوو وڵاتی نێو بازنەی جەمسەری روسیان کە زەرەر مەندی گەورەی سیاسی و سەربازی دەبن و  حکوومەتی پۆتین  وەك پەرژینی بەرگری خۆی ئەو لوتکەیەی تاران و ئانکارا و مسکۆ بەڕێوە دەبات.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌