دەروونناسیی درۆ و کاریگەرییەکانی درۆ کردنی دایک و باوکان لەسەر منداڵ/وتووێژی گەورەژووری ڕاوێژ

0
270

خوێنەری هێژا:

بابەتی بەردەستت، یەکێکی‌تر لە زنجیرە وتووێژەکانی گەورەژووری ڕاوێژە لە ڕایەڵەی کۆمەڵایەتی تلێگرام کە لە ڕێکەوتی ٢ و ٣ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی (٢٠١٦) لەگەڵ بەڕێز ئامانج خزری، دەروونناس و چالاکی مەدەنی و بە پێشکەش‌کاریی میلاد ساعدی، چالاکی مەدەنی و خوێندکاری، لەسەر مژاری (دەروونناسیی درۆ و کاریگەرییەکانی درۆ کردنی دایک و باوکان لەسەر منداڵ) ئەنجام دراوە.

ڕاوێژ: سەرەتا تکایە خۆتان بۆ خوێنەرانی باسەکەمان بناسێنن.

خزری: منسور خزری ناسراوم بە ئامانج. لەدایک بوی سەردەشت ودانیشتوی شاری بانەو چالاکوانی مەدنی وچاودێری کۆمەڵایەتیم وشارزا لەبواری دەروونناسی..

ڕاوێژ: سەرەتا ئەگەر پێناسەیەک لە درۆ و درۆکردن بدەن، سپاستان دەکەم.

خزری: درۆ بە کردار وگفتارێک دەوترێت کە لە پێناو بەرژەوەندیی کاتی و بەدەست هێنانی سودێکی کاتی بۆ بەرژەندیی تاکەکەسەکان ئەنجام دەدرێت.

ڕاوێژ: لە بواری دەروونناسییەوە درۆ لەگەڵ مناڵ چۆن پێناسە دەکرێت؟

ئامانج خزری
ئامانج خزری

خزری: درۆ جۆر، شێوە وهۆکاری تایبەتی هەیە. درۆ لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێ بە هۆکاری جۆراو هەروەکو گوتم درۆی کرداریمان هەیە و درۆی گوفتاریشمان هەیە. دایکان  و باوکان بە هەوکاری هەڵسو کەوتی هەڵە، وەک تەنبێ کردن..هاندان واتە تەشویق کردن ویا بەڵێن دانی بە دەرئەنجام. بۆیە زۆرجار دایکان وباوکان و دەورووبەریەکانی منداڵ پێیان وایە منداڵ خاون بڕیار نیەو ناتوانێ شتەکان هەڵبگرێتەوە ودەکرێ بە قەولی کوردی بە ئاسانی کڵاوی سەر بنرێ واتە فریوی بدەی، بەڵام لەبواری دەروونناسیەوە مناڵ لە یەکەم هاتنە دونیا تا تەمەنی هەشت ساڵی هەموو هەڵسوکەوت و کردوەیەکی دایک و باوک هەڵدەگرێتەوە هەموو هەڵسوکەوت و قسەیەک وەک واقع چاو لێدەکات و بەڕاستی دەزانێ. لێرەوەیە دایک وباوک بەهەڵە دەچن و لە هەلسوکەوتیان دا ئاگادار نین چ کارەساتێک بەسەر منداڵەکەیان دێنن.

بۆ نمونە دایک کە بانگی منداڵەکەی ئەکات کوڕم کچم هەستە نیوەڕۆیە،، یان ئەگەرفڵانە کارە نەکەی ئەتکوژم، ئەگەر ئەو کارە بکەی فڵان شتت بۆ ئەکڕم.. بۆ ئەوەی منداڵەکەی تێکەڵاو منداڵانی تر نەبێ درۆ دەکات و دەڵی ئەو منداڵە فڵانە و فڵان، لێرە منداڵ ئامادە ئەبێت درۆ بکات..، لەسەر ڕەوشی دایک وباوکی.

ڕاوێژ: چ کاتێک دایک و باوک لە گەڵ منداڵدا درۆ بکەن ڕەوایە؟

خزری: درۆ هیچ کات ڕەوا نیە، ئەوەش کە دەڵێن درۆی مەسڵەحەتی هەڵەیەکی گەورەیە وەک پاساوێک، مرۆڤ بۆ کردەوەی خۆی بەکاری دێنێت. لەبەر ئەوەی کە درۆ بەڕاستی سەرچاوەی هەموو تاوانەکانە هەرچەند  لە بواری ئاینیشەوە لەسەری ڕۆیشتون بەڵام حەز ناکەم بچمە ئەو بواروەوە بەڵام درۆ لە هەر حاڵەتێکدا کارەسات خوڵقێنە و ئاسەواری هەر دەمێنێت.

ڕاوێژ: هاوڕێیەک پرسیاری ناردووە ودەپرسێت: هۆکاری چیە کە دایک وباوکان درۆ دەکەن؟

خزری: دایک وباوک لە دوحاڵەتدا درۆ ئەکەن. یەکەم بۆ هاندانی منداڵ بۆ کارێک کە پێیان خۆشە و یان منداڵەکەیان بە قسەیان ناکات، لێرەوە دایک و باوک درۆ وەک کەرستە وئامرازێک بە کاردێنن، لە حاڵەتی دووهەمدا، دایک و باوک بۆ شاردنەوەی کردوەیەکی خۆیان یان کێشەکانی ناوخۆیان یا خیانەت کردن، درۆ ئەکەن.

ڕاوێژ: هەندێک جار دایک و باوک ناچارە بۆ شاردنەوەی بابەتێکی نەخوازراو درۆ لەگەڵ منداڵەکەی بکات، لە کاتی وادا چارە چیە؟

خزری: درۆ وەک وتم لە هیچ حاڵەتێک داباش نیە. بە پێی هەموو لێکۆڵێنەوەکان منداڵ فیلسوف دێتە دونیا و بە ئاسانی لە شتەکان تێدەگات، ئەوە ئێمە گەورەکانین پێمان وایە منداڵ گەمژەیە و لە هیچ تێ ناگات کە هەڵەیەکی گەورەیە.

دەبێت دایک وباوک هەوڵ بدەن ڕاستگۆیانە تێبگەێننن کە چی ڕوویداوە بەڵام ئەم پێشهاتە پێوەندی بە تۆوە نیە و کەسانی گەورەتر لە ئێستادا چارە سەری دەکەن تۆش کە گەورە بیت  باشتر تێدەگەیت. بۆیە هەر درۆیەکی مەسڵەحەتی، وێرانیەکی گەورەی لە پشتە، ئەگەر ئەمڕۆ درۆی لەگەڵ بکەی، ئاسەواری ئەو کردوەیە لە مێشکی هەڵئەکەندرێ و لە مێشکیدا دەمێنێتەوە. ئەگەر منداڵ تێبگەینی ئەوا زیرەکی ناکات خۆی لێی تێبگات و هەوڵی بۆ بدات سەری لێ دەربێنێ چی ڕوویداوە، هەموومان خۆمان ڕابردووی خۆمان لەبیرە  بە دڵنیایه وە.

ڕاوێژ: ڕۆڵ و پێگەی منداڵان لە ئەمڕۆی کۆمەڵگادا تا چەند کاریگەری دەبێ لە نێو خۆدی کۆمەڵگادا؟

خزری: منداڵی کاریگەریەکی گەورەی هەیە بۆ داهاتوو و ئەگەر باش پەروەردە  بکرێ، ئەتوانێت کۆمەڵگایەکی بەختەور پێکبێنی بەڵام ئەوەی جێگەی داخە مناڵان لە کۆمەڵگای ئێمەدا جێگەو پێگەیەکی ئەوتۆیان نیەو لە پەروەردەیەکی گۆنجاو بە هێز بێ بەشن منداڵانی ئەمڕۆ سەرگەرم دەکرێن ومنداڵانی دۆێنێ دەچەوسانەوە، بوێە کۆمەڵگای کوردی کە زیاتر مەبەستی منە لە پەروەردەیەکی گونجاو بەداخەوە بێ بەشەو بەهۆی نەبونی پەروردەیەکی گونجاو نەبونی دایک وباوکی بەرپرس لە پەروەدەی منداڵ، منداڵان لە پێگەیەکی باش دانابین و بەداخەوە پێگەیەکی کۆمەڵایەتیشیان پێ نەدراوە.

ڕاوێژ: چی بکەین مندڵ درۆزن بار نەیێت؟

خزری: بۆ ئەوەی منداڵان درۆزن بار نەیێن، دەبێت گەورەکان لە درۆکانیان کەم بکەنەوە وهیچ نەبێت لەبەر چاوی منداڵان کەمتر درۆ بکەن. نابێت هیچ قەول و بەڵێنیەک بە منداڵان بدەن کە ناتوانن جێ بەجێی بکەن. نابێت تەنانەت بۆ تەنبێ کردنیش بێت درۆی لەگەڵ بکەی و بۆ هاندانیش هەروەها.  دەبێت لەگەڵ مناڵ بە پێی تەمەن و توانای خوی هەڵسوکەوت بکرێ نەک بەپێی توانای و ویستی گەورەکان ..

ڕاوێژ: چ شتێک یان کردەوەیەک یان جۆرە کردارێک دەتوانێت جێگرەوەی درۆ بێت؟

خزری: گه ورترین کردەوە بۆ فێربونی وانەکانی ژیان و دوورکەوتنەوە لەدرۆ، ڕاستگۆییە. ڕاستوێژی کلیلی جۆکەرە وهەموو قفڵە کانی دڵ دەکاتەوە، بۆیە دەبێت دایک وباوک بە ڕێژەی یەکەم ڕاستوێژ بن و لەبەر چاوی منداڵ خۆ لە هەڵسوکەوت و گفتاری درۆ بەدور بگرن. بۆیە دوبارەی دەکەمەوە کە ڕاستوێژی دەرمانی چارەسەریی درۆیە.

ڕاوێژ: ترسیش یه‌کێک له‌و هۆکارانه‌یه‌ که‌ ده‌بێته‌ هۆی درۆ کردن  چ لە منداڵدا و چ لە دایک و باوکاندا، بە ڕای ئێوە لە کاتی بوونی مەترسیەکدا دایک و باوکان چۆن دەتوانن پێش بە درۆ کردنی خۆیان بگرن تا منداڵەکانیان فێری درۆ نەبن؟

خزری: بەڵێ ڕاستە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی درۆ کردن ترسە. دایک و باوک بە هۆکاری  دروست کردنی هەیمەنەی زاڵ لە ڕێگەی ترساندنەوەو لە ڕێگەی هەڕەشەکردن وتەنبێ کردنەوە منداڵ ناچار ئەکەن بە ئەنجامدانی کارێک کە دەیانهەوێت منداڵ جێبەجێی بکات یان لێی دووربکەوێتەوە. لێروەیە منداڵ کاتێک لە سەر قسەی دایک و باوک لادەدات و کارێک دەکات یان تووشی زەرەرو زیانێک دێت لە ترسان دەیان درۆ و پاساو دێنێتەوە کە تەنبێ نەکرێ. لێرەدا منداڵ یەکەم هەنگاوی درۆکردنی ناوە و فێر دەبێت، ئەویش لە ڕێگەی خودی دایکان و باوکانەوەیە کە منداڵ بەهەڵە لە ڕێگەی پەروەردەیەکی نادروست و یان نەزانینی پەروەردەکردنی منداڵ، ڕادێت.

ڕاوێژ : بەڕێزتان فەرمووتان کە منداڵ لە ترسی سزادران بە هۆی کارێکی هەڵە، هەم پاساو دێنێتەوە و هەم درۆ دەکا، لێرە پرسیار دەخووڵقێ کا ئایا سزا دان ڕەوایە؟ بە چ شێوەیەک؟

خزری: سزادان بە شێوەی ڕابردوو بەدڵنیایەوە ناڕەوایە، هۆکاری فێربوونی درۆکردن، سزادانە کە مرۆڤ بە گەورەو بچوک، لەسەر پێشهاتێک یان بەزاندنی یاسایەکی دیار لە بنەماڵە یان دەوەی بنەماڵە کاتێک ئەزانێ سزا ئەدرێ، ناچار دەبێت بۆ دوورکەوتنەوە لە سزا درۆ بکات. بەدڵنیایەوە هۆکاری زور هەن کە دەکرێت بەکاری بێنی کە مدناڵ بەهۆی ترسان لە ئازاری ڕوحی و دەروونی و جەستەیەوە  ڕەها ببێت وڕاستگۆ بێت.یەک لەوانە لێبوردەییەو هاندانی کەسی هەڵەکار بە دووبارەنەکردنەوەوەی هەڵەکەی و هاندانی بەورە کاری چاک وهاوکات پاداشت کردن ئەتوانێت منداڵ ڕاستگۆ بکات لەسەر ئەو هەڵەی کە کردویەتی و فێر ئەبێت داوی لێبوردن بکات هاوکات فێر بکرێ هەست بە هەڵەکەی بکات بێ ترسان لە سزادان.

ڕاوێژ : هەندێ منداڵ لە هەندێ لایەنەوە لە هەمبەر هاوتەمەن و منداڵەکانی تر یا بە هۆی کێشە و کەمییەک کە لە دەروون یا دەرەوە واتا جەستە دا هەیانە و ناتوانن وەکوو مناڵێکی ئاسایی بن، درۆ کردن بۆ ئەو کەسانە دەبێتە هۆی چوونەسەری ورە و باوەڕ بە خۆبوونیان، ڕای بەڕێزتان لەو بارەوە؟

خزری: درۆکردن پێدەچێ ڕەنگدانەوەی کاتی هەبێت و کەسێک بە هۆکارێکی لاوازی نەخۆشیی کەم ئەندامی، هەژاری و …تاد، زۆرجار درۆ وەک کەرستەیەک یان چارەسەرێک بەکار بێنێ بەڵام بەداخەوە درۆ یەکجار دەکرێت بەڵام  بۆ ئەوەی ئاشکرا نەبێ دەبێت نیوەی تەمەنت لە ترسی ئابڕووچون یان بە زمانی خۆمانە لە ترسی خیت نەبوونەوە دەبێت درۆ بۆ ئەو درۆیە بکەن، لێروە دەبێتە عادت و دژکردوەی لێدەکەوێتە و خیانەتی لێدەکەوێتەوە، بۆ ئەوەی بمانهەوێت کەسێکی وا لە درۆکردن بپارێزین دەبێت ورەی پێببەخشین کە تواناکانی خۆی بناسێت و هەرکەس دەتوانێت بە هەر کەموکوڕیەکەوە سەرکەوتو بێت، بۆیە گەورەترین شت بڕوا بەخۆبوونە کە دەبێت لەو کەسە لاوازانەدا دروستی بکەیت و لێروە ئەو کەسە لە درۆ دوور ئەکەوێتەوەو متمانەی بەخۆی زیاد دەبێت.

هەزاران نموونە هەیە، چەند ڕۆژ لەوە پێش وێنەی منداڵێکی بێ دست وقاچ بڵاو بۆوە کە لە ڕێگەی دەمیەوە فێرکرابوو بنوسێ، وێنە بکێشێ کایە بە پلەستەیشێن بکات، ئەم فێرکردن و ڕاهێنانەیە کە ورە بە مناڵ وگەورەساڵیش دەبەخشێ.

ڕاوێژ: چ کاتێک درۆ کردن لە منداڵدا دەبێ بە کێشەیەکی جدی و مەترسیدار، واتا دەکرێ وەکوو نەخۆشی پێناسەی بکەین؟ چارەسەری چیە؟

خزری: درۆ هەر لە یەکەم دسپێکەوە کێشەیەی جیدیەو دەبێت ڕێگەی لێ بگیرێ، لەبەر ئەوەی لە کاتی گەورەبووندا کارەسات دەخوڵقێنێ، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە کاتێک مرۆڤ فێری درۆ بوو بۆ دوو کار دەیکات، یان دەیهەوێت هەڵەکانی بشارێتەوە یان دەیهەوێت کەسانێک تاوانبار بکات و بە قازانجی خۆی شتێک بسەپێنی بۆیە بە هەردوک باردا دەبێتە تاوان دژ بە کەسانی تر و بەڵێ دواتر دبێتە نەخۆشیی دەروونیش چونکە منداڵ یان گەورەساڵ خۆشی دەکەوێتە قەیرانەوە کە بۆ وایکرد؟ بەهۆی ئەو درۆیەی ئەو کارەساتە دروست بوو؟ چی پێشهات؟ لای خۆی لە مێشکی خۆیدا دەکەوێتە کێشمەکێشم و خۆشی هەست بە تاوان دەکات. بۆ ئەوەی کە چۆن چارەسەری درۆ  بە تایبەت لەمنداڵ دا بکەین دەبێت چەند کاری گرنگ ئەنجام بدەین.

یەکەم: دەبێت ڕیشەی ترس لە مێشکی منداڵ دەربێنین.

دووهەم: دەبێت فێری بکەین هەمیشە لە پێناو هەڵەکانی داوای لێبوردن لە بەرامبەرەکانی بکات.

سێیەم: دەبێت فێری متمانە بە خۆبوونی بکەین کە جیاوازیی جەستەی نیشانەی نەتوانین نیەو نموونەی بۆ بێنیەوە، بەتایبەت بۆ کەم ئەندام  ومنداڵی هەژار.

چوارەم: بەردەوام دەبێت لە پێناو کردەی باش و ڕاستوێژ بوونی پاداشتی بکەین.

ئەم چوار خاڵە دەتوانن چارەسەرێکی گونجاو بن بۆ پاراستنی منداڵ بە تایبەتی لە درۆ کردن. خاڵی دیکە زۆرن کە بەپێی کورتی کات ناتوانم هەمووی باس بکەم.

ڕاوێژ: دایک و باوک چەند دەتوانن کەڵک لە چیرۆک وەرگرن بۆ فێر کردنی منداڵ بە ڕاستگۆیی؟

خزری: دیارە خاڵێکی جوانت ئاماژە پێکرد، بەدڵنیایەوە دەکرێت لە ڕێگەی چیڕۆکی گونجاو و شێعری گونجاو، منداڵ فێری ڕاستوێژی بکرێ بەڵام بەداخەوە سەدانەودونۆی ئەو چیڕۆک و شێعرانە لە ڕونگەی گەورەساڵانەوە نووسراون و زیاتری حەزی خۆیان تێخزاندووە، ڕەنگە لە شێوەی زماندا شیرین بن بەڵام لە بواری فکری-پەروەردەی و سناریۆی چیڕۆکیەوە لاوازن..بۆ نمونە دەمهەوێ دوو چیرۆکە شێعر باس بکەم کە زۆریش پڕفڕۆش بوون، یەکیان “پێنج ئەنگوست دەبنە یەک مست” و ئەوی دیکە “ماسی خانم ناو دەریا چارشێوی دا بەسەریا”..بەڵام دڵنیاتان دەکەمەوە ئەوەندەی گەورەکان سودیان لێ بینی، منداڵان هەرگیز. بەداخەوە من ئەوە لە دونیای ئەدەبی مناڵاندا من وەک کارەسات دەیبینم.

ڕاوێژ: وەکوو دوایین پرسیار جۆرێک لە درۆ کردنی منداڵان درۆی تۆڵەسەندنەوەییە، لێرەدا منداڵ درۆ دەکات بۆ ئەوەی منداڵێکی تر تاوانبار بکات بەتایبەت ئەو منداڵەی کە رقی لێیەتی و ئەمەش بە تاوانی رێکخراو کە سزادان یاخود ناوبانگی خراپی لەدوابێت، ئەمەش بەهۆی حەسودی و ئیرەیی یاخود هەستکردن بە نایەکسانیەوە دروست دەبێت هەروەها بە پێچەوانە و بۆ پاراستنی ئەو کەس و شتەی کە بەلایانەوە گرینگ و خۆشەویستە، دایک و باوکان چٶن دەتوانن پێش بەو جۆرە درۆیانە بگرن؟

خزری: بەڵێ ڕاستە بەڵام وەک پێشوەخت عەرزم کردن ئەگەر منداڵ لەسەر ئەو چوار خاڵە بەتایبەتی ڕابێت و فێربێت کە جیاوازی هۆکاری بەکار نەهێنانی تۆ نیە نەک کەسێ بەرانبەرت، ئەوە منداڵ ئەتوانێت فێر بێت حەسودی واتە ئێرەیی نەبات، هەژاریی خۆی لە چاوی منداڵانی دیکەدا نەبینێ و عەز بە لاوازی کەسەکانی دیکە نەکات. زۆر جار کەسانێک بۆ جەفەنگ و ڕابواردن درۆ دەکەن بەڵام کاتێک تۆ منداڵەکەت فێر کرد تواناییەکانی خۆی بناسێ، نەترسێ، متمانەت پێ بەخشی. بۆی بسەلمێنی کە بێ پوڵی و هەژاری، نیشانەی نەتوانین نیە یان کەمئەندامی هۆکاری نەتوانین نیە، منداڵ باوەڕی بەخۆی دەبێت و خۆی لە هەر جۆرە هەڵوێستێکی درۆزنانە دەپاریزێ.

هەڵبەت ئەوەشمان لە بیر نەچێت جیهانی بازرگانی، ئەڤین و خۆشەویستی و هاوڕێیەتیشی گرتۆتەوە، دەتوانم بڵێم ئەگەر بمانهەوێت کاری بۆ بکەین بۆ هەر هۆکارێک دەبێت دەیان کاتژمێر لەسەری بدوێن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت