بەیتی سەیدەوان لە ئەدەبی زارەکیی کوردیدا

0
680

جەمال نەجاری

باسکردن لە ئەدەبی زارەکیی کوردی کارێکی ئاسان نییە و زۆر هەڵدەگرێ، بەگشتی لقە جۆربەجۆرەکانی ئەدەبی فۆلکلۆریی کوردی هەڵگری لێکۆلینەوەن، “سیاچەمانە” و “هۆرە” و “لاوک” و “حەیران” و “قەتار” و “بەیت”، کە دەچنە خانەی ئەدەبی زارەکیی کوردیدا و بۆ ئەمڕۆ بوونەتە سەرمایەکی کەلەپووری نەتەوەیی بۆ گەلی کورد.

دوکتور عێزەدین مستەفا رەسوڵ لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا سێ هێڵی دیاریکردووە لە نێوان بەرهەمی ئەدەبیی کوردیدا.

یەکەم: ئەدەبیاتی فۆلکلۆری کوردی.

دووهەم: ئەدەبیی میللی کوردی.

سێهەم: ئەدەبیاتی نووسراوەی کوردی (عێزەدین مستەفا رەسول،۲۰۱۲: ل۱۲)

ئەوەی لێرەدا تیشکی دەخرێتە سەر، قسەکردنە لەسەر ئەدەبیاتی فۆلکلۆر لە خەرمانەی ئەدەبی زارەکیی کوردیدا و بە شیوەی گشتی باس لە بەیت دەکرێ و بەیتی سەیدەوان وەک نموونەیەک دەهێنینەوە کە وەک شاکارێک لە ئەدەبی زارەکی کوردیدا چاوی لێدەکرێ.

پێناسەی بەیت:

بەیت لەناو ئەدەبی فۆلکلۆری کوردیدا بە ژانرێکی زۆر گرنگ لە قەڵەم دەدرێ و شوێنی تایبەت بە خۆی ھەیە. ئەگەر بمانەوێ بە شێوازێکی ئەمڕۆیانە لێکۆڵینەوە لەسەر بەیت بکەین، وەک ئەوەی کە پێشتر بۆ بەیت کراون، ناتوانین بەشێوەیەکی پوخت بیروبۆچوونی خۆمان دەرببڕین، چونکە پێناسەی جۆراوجۆرەکان گەلێک لایەنی شاراوەیان تێدایە کە باس لە چۆنیەتی سەرھەڵدانی بەیت دەکەن کە راستەوخۆ لێکۆڵینەوەکەمان پەیوەندی پێوەیە.

عەبدوڕەحمان شەرەفکەندی لە قامووسی ھەمبانە بۆرینەدا، بەم شێوەیە پێناسەی بەیت دەکا: (بەیت، چیرۆکی شیعر ھەوای گۆرانی بەیت و بالۆرە بە یەکتریان ھەڵدەگوت.( عەبدورەحمان شەرەفکەندی (ھەژار) ۱۹۹۰: ل۸۷)

کەواتە بەیت لە واتا قامووسییەکەیدا بریتییە لەو بەیت و باوەی لە سەر زار و زمانی پێشینیان بووە و لەوانە زار بە زار هاتووە و بە ئێمە گەیشتووە.

سوارە ئیلخانیزادە لە بەرنامە ئەدەبییەکەی “تاپۆ و بوومەلێڵ” کە لە ساڵانی حەفتاکاندا لە رادیۆی تاران بڵاوی دەکردەوە و دواتر لە کتێبێکدا هەر بەو ناوە بڵاوکرایەوە؛ “بەیت” بە “شیعری وتار” ناو دەبات و ئاوا پێناسەی دەکات: “شیعری وتاری یان “بەیت” بەلای منەوە گەنجێکی هێژا و سامانێکی گەورەی زەق و چێشکەی هۆزەکەمانە. (ئیلخانیزادە، ۲۰۰۷:ل ۱۵۷)

دوکتور مارف خەزنەدار بەمشێویە پێناسەی بەیتی کردووە؛ ” بەیت بە قەوارە زۆر درێژ و زمانی میللییە و رستەی ساکارە زۆربەی خەڵک لێی تێدەگا. کێشی خۆماڵییە و قافیەی رەنگاوڕەنگە، لەسەر بنجی بەند (کۆپلە) دادەمەزری و بە مەستی گۆرانی ووتن دادەنرێ.”(خەزنەدار، ۲۰۰۱ ل ۱۶۹)

لەم پێناسەیەدا تا رادەیەک بەیت پێناسە کراوە لە رووی زانستیشەوە ئاماژە بە شێوەی فۆرم و داڕشتنی کردووە دواتر بە چڕی بەم شێوەیە باسی بەیت دەکا: “بەیت وەکو بابەتێکی چیرۆکی شیعری زیاتر بە مەبەستی گۆرانی چڕین دادەنرێ، خەریکی دڵداری و خۆشەویستی و سروشتە، ھەروەھا رووداوی مێژووی و قارەمانیەتی و پاڵەوانی نەتەوە لە شۆرش و جەنگ و بەرگری لە نیشتمان دەگێڕێتەوە.” (خەزنەدار، ۲۰۰۱ ل ۱۷۷)

رەهبەر مەحموود زادە لە کتێبی “پێکهاتەی بەیتی کوردی”دا ئاوا ئاماژەی بە وشەی بەیت کردووە:

“وشەی بەیت لە نووسراوەکان و لە ئاخاوتنی خەڵکی ئاساییدا بەسێ مانای جیاواز دەکار کراوە.

۱ـ بە مانای ھەرە گشتی: واتە ئەم بەشە لە فۆلکلۆری کوردی کە تێکڕای (ئەدەبی داستانی زارەکی) دەگەڕێتەوە دیارە لەم بەکارھێنانەدا وشەی بەیت جگە لە لاوک و حەیران و بەندە کە بەشێک لە گۆرانی و چیرۆکی فۆلکلۆریشی گرتۆتەوە.

۲ـ  بە مانای تایبەتی: واتە بەشێک لە ئەدەبی زارەکیی کوردی کە گەرچی خزمایەتی لەگەڵ لاوک و حەیراندا ھەیە، بەڵام نە لاوک و نە حەیرانە.

۳ـ  بە مانای گشتی: واتە چەشنە بەکارھێنانێک لە نێوان مانای ھەرە گشتی و مانای تایبەتیدا جێگیر دەبێ. لەم چەشنە لێکدانەوەیەدا بەیت بە مانای تایبەتی و ھەرەوھا لاوک و حەیران تێکڕا ناوی بەیت یان جاری وایە لە بەکارھێنانی بەرفراوانتردا ناوی “بەیت و باو” یان لەسەردا دەنرێ. (مەحموودزادە، ۲۰۰۳ : ل۴)

دوکتور ئەمیر حەسەنپوور لە بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا  باسی لەوە کردووە کە شێوەی بەیت لەناو نەتەوەکانی تریشدا ھەیە. ئەوروپییەکان وشەی کۆنی یۆنانی (epic) بۆ شتێکی لە بەیتی کوردییەوە نزیک بەکاردێنن، ئیپیکی ئەوروپییەکان دوو جۆرن:

(Folk epic) واتە بەیتی رەمەکی، کە ئەمەیان بە زاری گەلدا دەگەڕا و دێ بەدێ و ناوچە بە ناوچە لەبەر دەکرا و دانەرەکانیان نەناسراو بوون وەکو (ئیلیاد و ئۆدیسە)، جۆری دووەم پێی دەڵێن: (art epic) واتە بەیتی ھونەری ئەمەیان دانەرەکەی دیارە. (حەسەنپوور، ۲۵/۳/ ۲۰۰۲ دەنگی ئەمریکا)

ئەرەستۆ لە کتێبی “هونەری شیعر”دا  بەم جۆرە باس لە (Epic) دەکات: “داستان (Epic) یان (Epapeia) لە (Epos) ئیپۆسی یۆنانییەوە ھاتووە کە مانای: قسە، گۆرانی، چیرۆک،… دەدات”. (و: عەزیز گەردی، ۲۰۰۴ ل ۱۱۲)

دوکتور ئەمیری حەسەنپور پێی وایە: جیاوازی بەیت لەگەڵ ھەندێک گۆرانی میللی کوردی وەک حەیران و قەتار و لاوک ئەوەیە کە بەیت بە زۆری گێڕانەوەی تێدایە و بە گشتی درێژە بەیت ھەروەھا بە روونی لە حیکایەت یان چیرۆکی کوردی جیایە. (حەسەنپوور، ۲۵/۳/ ۲۰۰۲ دەنگی ئەمریکا)

دوکتور ئیدریس عەبدوڵڵا لە توێژینەوەی “بەیت و تێورییەکانی هۆنینەوەی بەیت” دا بەمشێوەیە پێناسەی بەیتی کردووە: بەیت ھونەرێکی شیعری خۆماڵییە، بە کێشی پەنجە دەنووسرێتەوە، زمانی دەربڕینی ساکارە و نزیکە لە تێگەیشتنی زۆرینە، لە داستان نزیکە بەڵام لێشی جیاوازە، لەبەر ئەو وەسفانەی پێشووی ھی سەردەمی بەر لە سەرھەڵدانی ئەدەبیاتی ھونەری بەرزە زیاتر لە جۆرێکی ھەیە، وەکو کۆمەڵایەتی، ئەڤین، قارەمانی، دەکەوێتە خانەی ئەدەبیاتی میللی نەتەوەیی.( ئیدریس عەبدوڵڵا،۲۰۰۷: ل۴)

رەهبەر مەحموودزادە باس لە جیاوازی نێوان بەیت و قەسیدە دەکات و دەنووسێت: بەیتی کوردی مەدحی دەسەڵاتداران ناکا و یەکچوونی بەیت و قەسیدە نەک لەم لایەنە ناوەرۆکییەدا بەڵکو لە لایەنێکی فۆرمی پێکھاتەییدا زەق دەبێتەوە، بەیتە درێژەکان لەسەرەتاوە ھەتا کۆتایی چەندین بەشی جۆراوجۆر لەخۆدەگرن، کە مەنتقی فۆرمی، ناوەرۆکی ئەم بەشە جۆراوجۆرانە تا ڕادەیەک پێکەوە جیاوازییان ھەیە. (مەحموودزادە، ۲۰۰۳ : ل۳۳)

ناوەرۆکی بەیتی سەیدەوان

بەیتی سەیدەوان، بە یەکێک لە گرنگترین و بەرچاوترین بەیتە کوردییەکان لە قەڵەم دەدرێت کە لەناوچەی موکریانیی کوردستانی ئێران لە لایەن بەشێک لە بەیت بێژەکانەوە گوتراوە و شێوە و ریوایەتی جۆراوجۆری ھەیە، ئەحمەد بەحری لێکۆلەری بەیت و باوی کوردی لە کتێبی “گەنجی سەر بە مۆر” دا ئاماژەی بەوە کردووە کە ۱۷ کەس بەیتی سەیدەوانیان گوتووە کە ناوی ۱۵ بەیتبێژ دیارە و دوو بەیت بێژیش نەناسراون.

ناوی ئەو بەیتبێژانەی کە لە کوردستانی ئێران بەیتی سەیدەوانیان گوتووە برتیتین لە: عەلی کەردار ـ حەمەدی بەیتان ـ حاجی ساڵەی تەورە ـ مەحمەڵ رەسووڵ شێرمۆخ ـ حەمەدی ئاغای ـ مام ئەڵڵا ـ حەمە رەسوڵی سۆفی مینە ـ قالە شین ـ حەمە ساڵەی محەمەدی ـ کوێخا حەمەدی کاکۆڵی ـ حەمەجان ـ قادر قادر پوور ـ رەحیمی مەحمود حاجی- حاجی حەمەدی ئەسمەرێ.

بەڵام لە کوردستانی عێراق لەگەڵ ئەوەی کە شوێنی روودانی بەیتی سەیدەوان کەوتۆتە سنووری کوردستانی عێراق، تەنیا یەک کەس بە ناوی “رەسوڵ ئاوەژەیی” ئەم بەیتەی گوتووە کە “زیاد محەمەد ئەمین” ساڵی ۱۹۸۳لە کەشکۆڵی (چووزەبیزا)دا لە لاپەرەکانی ۶۵-۷۲ تۆماری کردووە. (محەممەد ئەمین،۲۰۰۹ ل۱۸۸)

بەمجۆرە ریوایەتەکانی بەیتی سەیدەوان دەبنە ۱۸ ریوایەت کە لە لایەن ۱۸ بەیتبێژەوە گوتراون.

لەو ۱۸ ریوایەتەدا، ھەرکام بە شێوەی جیاواز لەوی تر گوتراون، واتە لە بەیتەکان لە شێوەی گوتندا لە یەکتر ناچن، ئەوەی کە زۆر گرنگ بێ ئەوەیە کە بەیتی سەیدەوان لە ریوایەتدا دوو فۆرمی ھەیە.

یەکەم: شێوەیەکە کە تەنیا بە ( دەنگ و ئاواز، بە بێ موسیقا) دەگوترێت. (عەلی کەردار- حەمەمدی بەیتان ـ مەحمەڵ ـ  رەسوڵ شێر موخ ـ  حاجی حەمەدی ئەسمەرێ ـ مام ئەڵڵا ـ حەمە رەسووڵی سۆفی مینە ـ  حەمە ساڵەی محەمەدی ـ  کوێخا کاکۆڵی، حەمەجان و رەسوڵ ئاوەژەیی و دوو بەیتبێژی نەناسراو.)

دووهەم : بەیتبێژ بە قسە و گێڕانەوە بەیتەکە دەست پێدەکا، دواتر دەیکاتە دەنگ و ئاواز. (حاجی ساڵە تەورە ـ حەمەدی ئاغای ـ  قالەشین ـ قادر قادرپوور ـ  رەحیمی مەحمود حاجی.)

لێرەدا ئاماژە بە گرنگترین جۆری رەوایتەکان دەکەین.

لە جۆری دەنگ و ئاواز دا، گرنگترینیان بەیتەکەی (عەلی کەردار)ە کە بەمجۆرە گوتوویەتی و یەکێکە لەو ریوایەتانەی بەشێوەی تۆمارکراو پارێزراو لەبەر دەستە.

“بەھارە، بەھاڕیکی لە من بە دزی
رەبی خودایە ئەتۆ ھەوری رەحمەتێ بێنی
لە لای قوبلەی موبارەک لە داوێنی فەرەنگیان
لە سەر قەبری سەیدی خدری حەوت رەنگی
ئەمن زەینێ خۆم دەداوە تیلەگی دە کوێستانان
لێی دەرسقا ھەڵاڵە و بەیبون و سوێسنە
دەگەڵ گوڵی دەنێرگزی
تۆ خوا خزمینە کێ دیویەتی لە دەورەتی زەمانەی دا
باب بە دەستی خۆی کوری خۆی بکوژی!
***
بەھارە ئەوە بەھاڕیکە لە دڵی بابی کاکە سەیدەوانی دا دێ
چ بەھارێکی لە من لە نەکاوێ
ئەمن زەینێ خۆم دەداوە ئەوە ماڵ و مەڕەکەی کاکە سەیدەوانی
ھەڵی دەدا لە تیلەگی دەکوێستانێ
بەرانبەر و پێشاوپێش بە گۆمە دەلاوێ
ئەمن زەینێ خۆم دەکردە نێر وبەرانەکەی کاکە سەیدەوانم
ھەڵدەپسێنن سەری ھەڵاڵێ، بەیبونێ، گیاخاوێ
بۆ کەس نەبو بڵێ یارەبی عەبدولعەزیز
چاوی جاسوسێت کوێر بێ قامکی پەلەپیتکەت ھەڵوەرێ
ئەوە سەیدەوانە تفەنگی خۆت ماوێ
***
بەھارێک بە دڵی کاکە سەیدەوانم دادێ
چ بەھارێک لە من شین دەنوێنێ
ئەورۆ رەبی خودایە تۆ ھەوری رەحمەتێ بێنی
لە لای قوبلەی موبارەک لە داوێنی فەرەنگیان
لە سەر چادر و چیغەکەی کاکە سەیدەوانم ھەڵبرژێنی
ئەوە رەبی ھەڵکەیە بای رەحمەتێ
لە غەمی عەبدولعەزیزی بدە لە بەحری خوێیەی تێپەڕێنی
تۆ خوا خزمینە کێ دیویەتی لە دەورەتی زەمانەی دا
باب بە دەستی خۆی کوری خۆی بکوژێ ، دەخوێنی بگەوزێنی!
***
ئەوە بەھارێک بە دڵی بابی کاکە سەیدەوانی دا دێ
ئەرێ چ بەھارێکی لە من لە شەرە
رەبی خودایە ئەتۆ ھەورێکی بێنی
لە لای قوبلەی موبارەک لە داوێنی فەرەنگیان
ببارێنی بارانی رەحمەتێ
قەبری کورانم بۆ بکەیەوە تەڕە
ئەمن زەینێ خۆم دەداوە سەری قەبری کورانم
لێێ دەرسقا ھەڵاڵە و بەیبون و سوێسنەو گوڵە شێست پەڕە
ئەمن دەستی خۆم دەدا تفەنگێ روم دەکردە چیاێێ مەغڵووبێ داسنیان
بە داوێنی بەردادا دەرۆیمە خوارێ
دەمروانی تاقێ سیپانێ وێران بوو
خۆ من نەمدەزانی کاکۆڵی کاکە سەیدەوانی یە
دەگەڵ گوڵی کوێستانێ، پشوێکە بای شەماڵ لێی دەدا
بە یەکیان دەداتەوە گەرە
ئەمن تفەنگێ خۆم داوێشتە سەر بەردی و جاسوسم لێدەگرت
بۆ کەس نەبوو بڵێ چاوی جاسوسێت کوێر بێ
تەقەم لە تفەنگێ دەھات
لەوێ سەیدەوانم وەسەر یەک دەگەڕا
ئەلحان ئەگە ئەمن بچم بڵێم خزمینە داوەتێ ناکەم
دەستی دیلانێ بەردەن
ئەوە پێم دەڵێن عەبدولعەزیز شێت بوە ، خەرەفاوە
پیرێکی ئاخر شەڕە
***
ئەوە بەھارە چ بەھارێکی لە من بەغللورە
ئەورۆکە ئەمن زەینێ خۆم دەداوە سەری قەبری کاکە سەیدەوانم
لێێ دەرسقا ھەڵاڵەو بەیبون و سوێسن و گوڵە زەمبوورە
وەرن خزمینە کێ دیوێتی لە دەورەتی زەمانەی دا
لە سەر سێ کوران را
بووک بچنەوە ماڵی بابیان بە بەژنی دەسوورە
شەرت بێ رۆڵە ئەمن لە پاش ئێوە
دە لاقم نەکەم چەکمان و دە شانم نەکەم تفەنگی سێ تیر
تازە ناچمەوە راوی نێری بەلەکوورە
***
ئەوە بەھارێک لە دڵی بابی کاکە سەیدەوانم دادێ
چ بەھارێکی لە من ھالۆزە
ئەمن زەینی خۆم دەداوە سەری قەبری کاکە سەیدەوانم
لێی دەرسقا ھەڵاڵەو بەیبون و سوێسنەو و گوڵە نەورۆزە
شەرت بێ بە شەرتی خودای ئەمن لە پاش ئێوە
دەلاقم نەکەم چەکمان و دە شانم نەکەم تفەنگێ
تازە ناچمە راوی نێری بەلەبۆزە
***
بەھارێک لە دڵی بابی کاکە سەیدەوانم دا دێ
چ بەھارێکی لە من سەر بە زستانە
ئەورۆ ئەمن زەینێ خۆم دەداوە سەر قەبری کاکە سەیدەوانم
لێی دەرسقا ھەڵاڵەو بەیبون و سوێسنەو و نەورۆزە
گوڵی دانە بە دانە
شەرت بێ بە شەرتی خودای ئەمن لە پاش ئێوە
دەلاقم نەکەم چەکمان و دە شانم نەکەم تفەنگی سێ تیر
تازە ناچەمە راوی ئوان کێویانە
***
ئەرێ ھەر لە زەمانی ھەوەکونێ ئەو زەمانی
ھەر لە دەوری شای ھەتا دەوری نۆشیروانی
خزمینە وەرن ئەنگۆ سێ داوەتان بۆ دڵی عەبدولعەزیزی بگرن
یەکیان ئی مەلکەوانی
دومینت ئی نێچیرەوانی
سێ مینەت ئی کاکە سەیدەوانی
ئەرێ گەلی دەبرادەران گەلی دەخزمان
تۆ خودا کێ دیویەتی لە دەورەتی دەزەمانان
لە سەر سێ کوران را
بووک بە جلی سور بچنەوە ماڵە بابانی
***
وەرە نێوچیرەوانم مرد دەنگم نەکرد
مەلکەوانم مرد ھەر شوکری خودام کرد
بە خودای سەیدەوان رۆڵە خۆڵی گەرمێن و کوێستانێت
وەسەری عەبدولعەزیزی دەکرد
ئەیرۆ ئەرێ رۆڵە بابەکەی بابم کاکە سەیدەوانم رۆ
ھەتا ئەوێ رۆژێ خودا لە من دەکاتەوە دیوانێ
وەسەری عەبدولعەزیزم دەکردەوە خۆڵی کۆ کۆ
***
ئەوە بەھارێکم گەیوەتێ چ بەھارێکی لە من سەرە بەھارێ
خزمینە عاشیرەتی داسنیان ئەھلی دەژەنگارێ
دارەمەیتکم بۆ ساز کەن
مەیتی کاکە سەیدەوانم لە چیایێ رەنگین دەگەڵ بێننەوە خوارێ
تۆ خودا قەبری ئەویشم بۆ ھەڵکەنن لە کن نێچیرەوان و مەلکەوانێ
ئەویشم بۆ بدەنەوە لە قەتارێ
شەرت بێ رۆڵە لە پاش ئێوە پشت دە دینی داسنیان کەم
روو کەمەوە بیتی شەریف
بۆ مەککەی موعەززەم بچمە خوارێ.

بەیتەکە سەرجەم بە دەنگ و ئاواز گوتراوە و عەلی کەردار بەیتبێژی بەیتی سەیدەوان خۆی لە جێی عەبدولعەزیزی داسنی سەرۆکی عەشیرەی داسنیان دادەنێ و هەر لە دەسپێکەوە لە زمانی عەبدولعەزیزەوە شینگێری بۆ لە دەستدانی کوڕە لەدەستچووەکانی دەکا و لووتکەی تراژیدیا ئەو کاتەیە کە سەیدەوان بە دەستی خۆی دەکوژرێ و داوا لە عەشیرەی داسنیان دەکا مەیتی سەیدەوان لە چیای مەغلووب بێننە خوارێ و لە تەنیشت نێچیروان و مەلکەوانەوە بینێژن. بەیت بێژ لە زمانی عەبدولعەزیزەوە تەرمی کوڕەکانی بە تایبەتی سەیدەوان دەلاوێنێتەوە و بەمشێوەیەسەرنجی بەیت بێژ سەرنجی گوێگر و بەردەنگەکانی بۆ لای خۆی رادەکێشێ کە تا کۆتایی بەیتەکە.

لێرەدا لەسەر چەند لایەنی گرنگی بەیتی سەیدەوان دەدوێین؛

ئایین لە بەیتی سەیدەوان دا

مەسەلەی ئایین لە تەواوی ریوایەتەکانی بەیتی سەیدەواندا بە زەقی دەبیندرێ و ئاماژە بەوە کراوە کە عەبدولعەزیزی داسنی کە سەرۆکی عەشیرەتی داسنیانە، بەهۆی ئەو موسیبەتانەی بەسەری دێ، لە دینی خۆی روو وەردەگێڕێ و روو دینی ئیسلامی دەکا و دەبێ بە موسوڵمان.

لە هیچ کام لە بەیتەکاندا بەیت بێژەکان بە روونی ئاماژە بەوە ناکەن عەشیرەتی داسنی پەیرەوی چ ئایینێکن، تەنیا لە ریوایەتی “حەمەدی ئاغای” دا لە دەسپێکی بەیتەکدا، بەیت بێژ دەڵێ: ” عەبدولعەزیز لە یەزیدیان بوو”، کە مەبەستی ئیزیدییەکانە.

هەر وەک لە کۆتایی ریوایەتەکەی “عەلی کەردار” دا هاتووە کە عەبدولعەزیز وەک سەرۆکی عەشیرەتی داسنی سوێند دەخوا پشت لە دینی داسنیان کا و رو لە مەککەی پیرۆز بکا و ببێتە موسوڵمان.

شەرت بێ رۆڵە لە پاش ئێوە پشت دە دینی داسنیان کەم
روو کەمەوە بیتی شەریف

بۆ مەککەی موعەززەم بچمە خوارێ
.” (بەحری، ۲۰۰۰ ل۲۴۴)

خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە کە بەیتی سەیدەوان پەیوەندی بە دەڤەری شەنگال و پەیرەوانی ئایینی ئێزیدی لە کوردستانی عێراقەوە هەیە و ئەمەش لە شێوازی گێرانەوەی بەیتبێژەکەوە دەردەکەوێ کە لێکۆلەرانی بەیتە کوردییەکان ئاوڕیان لەو لایەنە نەداوەتەوە و پتر چوونەتە ناو ئاواز و شێوازی گێرانەوەکە.

پرسیاری گرنگ ئەوەیە داسنییەکان کێ بوون و لە کوێ ژیاون؟

نەوشیروان مستەفا ئەمین لە کتێبی “بە دەم رێگاوە گوڵچنین” بە ئاماژەپێکردن بە کتێبی “معجم البلدان”ی یاقووتی حەمەوی بەمجۆرە وشەی “داسن” شی دەکاتەوە:

“ئیزەدی

ناوی شوێنیکی دیکەی بردووە

داسن

شاخێکی گەورەیە لە باکووی موسڵ لە لای رۆژهەڵاتی دیجلە، خەڵکێکی زۆری لێیە “من اطوائف الکراد” کە پێیان دەوترێ: داسنی.

ئێستاش هەمان چیا و ناوچە بە هەمان ناو ماوە، پێرەوانی ئۆلی ئیزەدی لێیە. هەندێ جار بە ئیزەدیەکانیان وتوە داسنی.” (ن مستەفا ئەمین، ۲۰۱۲: ل۴۳)

لە کۆنترین دەستنووس بەزمانێکی ئەوروپیشدا کە بۆ یەکەمجار دوکتور هەڵکەوت حەکیم وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، لە بەشی دووهەمدا بەم چەشنە باس لە ئێزیدی داسنی کراوە؛ “یەکەم جۆری ئێزیدییەکان میللەتی داسنین، داسنییەکان نزیکەی نیورۆژ ڕێ زیاتر دوور نینلە مووسڵەوە کە نەینەوای تازەیە”، هەرەها لە بەشی پەراویزدا لە شەرحی وشەی داسنی دا نووسیویەتی: “بە پێی Menzel مەنزەل کە وتاری یەزیدیی ئەنسیکلۆپیدیای ئیسلامی نووسیوە، داسنی و یەزیدی دوو ناون بۆ هەمان میللەت، خدرێ سلێمان و سەعدوڵڵای شێخانی لە کتێبی کورتە باسێک دەربارەی شێخان و شێخان بەگی، بەغدا، ل۱۰-۱۲، روونیکردۆتەوە کە خەڵکی غەیرە ئێزیدی لە دەوروبەری مووسڵ پێیان دەڵێن داسنی، هەروەها بۆچوونێکی مەسعود محەمەدیان هێناوەتەوە کە دەڵێ: ئەم ناو کەسانیتر داویانە بە ئێزیدییەکان بۆ سووککردنەوە. ماناکەشی دێوپەرەستە. هەروەها عەباس عەزاویش لەو بڕوایە دایە، هەر چەندە بۆ ئەوە دەچێ کە لە ڕبوردوودا ئەم ناوە ناوی خێڵێکی ئێزیدی بووبێت. (حەکیم، ۲۰۱۳ ل۷۳)

لە بەیتەکەدا باسی چیای مەغلووبی داسنیان کراوە کە مەبەست چیای مەقلووبە و لە نزیک موسڵ هەڵکەوتووە و پەرستگەیەکی مەسیحییەکان بە ناوی “دێر مارمەتی” لێیە و بە گوێرەی زانیارییەکی مەیدانی، “دێر مارمەتی” كۆنترین دێری مەسیحییەكانە لە سنووری پارێزگای مووسڵ و دەكەوێتە سەر چیای مەقلوب و ۳۵ كم لە سەنتەری شاری مووسڵەوە دوورە .

بەو پێیەی بەیتبێژ ریوایەتی سەیدەوان دەگێرێتەوە، روودانی بەیتەکە بۆ سەردەمانی پێش هاتنی مەسیحییەکان بۆ ئەو ناوچەیە دەگەڕیتەوە کە هەر وەک ئاماژەی پێکرا بە ئیزەدییەکان گوتراوە داسنی. بەیتبێژ زانیاریی لەمەڕ ئەو دینە نییە کە عەبدولعەزیز و عەشیرەتی داسنی باوەڕیان پێیەتی. لە راستیدا بەیتی سەیدەوان وەک هەموو بەیتەکانی دیکە سینگ بە سینگ هاتووە و بەسەدان بەیت بێژ گوتوویانە تا گەیشتووە بەو بەیت بێژانەی کە بەیتەکانیان بە دەنگ تۆمار کراوە، بۆیە ئەوانیش بەیتەکانیان لە کەسانی دیکەوە بیستووە و لەبەریان کردووە و دواتر ئاڵوگۆڕییان بەسەردا هێناوە و سەر لە نوێ گوتوویانەتەوە،ئەو کەسانەش کە لێکۆڵینەوەیان لەسەر ریوایەتەکانی بەیتی سەیدەوان کردووە کەمتر ئاوڕیان لە مەسەلەی دین داوەتەوە، بەڵام لە هیچ دەقێکدا بە ئاشکرا باس لە ئایینی ئیزەدی ناکرێ کە عەشیرەتی داسنی پەیرەوییان لێکردووە.

لە شوێنێکی دیکەدا باس لە “ئەهلی دە ژەنگارێ” کراوە کە بە کوردی “شەنگال Şengal ” و بە عەرەبی “سنجار”ی پێدەگوترێ و کە شارێکی بەناوبانگی ئیزەدییەکانە و لە کوردستانی عێراق هەڵکەوتووە و لە ئیستاشدا زۆربەی دانیشتووانی ئەو شارە سەر بە ئایینی ئیزەدیین. بەشێک لەو بەیت بێژانەش کە لە کوردستانی ئێران بەیتەکەیان بە زیندوویی هێشتۆتەوە و سینگ بە سینگ هێناویانە، پێدەچێ دەستکاری ناوەرۆکی بەیتەکەیان کردبێ، وەک لەوەی عەلی کەردار دا، هەڵگەڕانەوە لە دینی داسنی و هاتنە سەر دینی ئیسلام زۆر زەق کراوەتەوە.

لەراسیتدا بەیتی سەیدەوان بەیتێکی ئایینی نییە و لایەنی ئایینی بەسەردا زاڵ نییە، بەڵام ھەندێ لە بەیتبێژەکان بۆچوونیان وابووە کە ئایینی عێلی داسنیان لە ئایینی ئیسلام جیاواز بووە بۆیە خۆیان ئاڵوگۆرییان لە ناوەرۆکی بەیتەکەدا پێکهێناوە.

ئەو بەیتبێژانەی کە ئاماژەیان بە جیاوازبوونی دینی عەبدولعەزیز کردووە لە کۆتاییدا دەگەنە ئەو ئەنجامەی کە عەبدولعەزیز پشت لە دینی داسنیان دەکات و دەبێتە موسوڵمان، ئەوەش کاریگەری زۆری لەسەر کۆمەڵگەی کوردی داناوە و ئایینی ئیسلام لای کورد بە ئایینی پیرۆز لە قەڵەم دراوە و موسوڵمانبوونی عەبدولعەزیز دڵی جەماوەری خۆش کردووە، ئەگەر چی تراژیدیای سەیدەوان ناخی بیسەری وروژاندووە بەڵام ھەندێکی تر لە بەیتبێژەکان باوەڕیان وایە کە عەبدولعەزیز لە دوای گیان لەدەستدانی کوڕەکانی دەمرێ و کۆتایی بە ژیانی دێ.

سیستەمی باوک سالاری لە بەیتی سەیدەوان دا

ھەر وەک باسکرا زۆربەی ریوایەتەکان لە زمانی عەبدولعەزیزەوە گوتراوە، بەیتبێژ ھەوای گێڕانەوەی کارەساتەکە دەداتە دەست باوک واتە (عەبدولعەزیز).

بەیتبێژەکان ھەوڵیان داوە،باوک وەک فاکتەرەی سەرەکی، وەک خاڵی بەھێزی ناو بەیتەکە نیشان بدەن،تەنانەت ئەو کاتەش کە شینگێڕی بۆ مەرگی کوڕەکانی دەکا.

” قارەمانی زۆربەی بەیتەکانی سەر بە یەکەم قۆناغی پەرەسەندنی بەیت لە سەرۆک عێل پێک دێن، کەوابوو عەبدولعەزیزیش تاقە ھێزی باندە و گەورەی قەومی داسنیان بووە، دیلان، کەسەر، ژیان، مەرگ، تەنیا بە ئاماژەی سەرپەنجەی ئەو بووە و بەس” (وەلیانی،۲۰۰۴ ل۱۶۹)

لە بەیتی سەیدەواندا دەسەڵاتی عەبدولعەزیز وەک سەرۆک عەشیرە و وەک گەورەی داسنیان لە ھەموو ریوایەتەکانی بەیتەکەدا دیار و بەرچاوە، تەنانەت ئەم دەسەڵاتە بەھێزە لە بنەماڵەکەی خۆشیدا رەنگی داوەتەوە و شێوەیەک لە باوکسالاری لە کۆمەڵگەی کوردی نیشان دەدات.

عەبدولعەزیز دەیەوێ دەسەڵاتی پڕ لە زەبر و زەنگی خۆی بەسەر بنەماڵە و عەشیرەکەیدا بسەپێنێ و لە ئاکامی ئەو باوکسالارییەدا کوڕەکانی تێدا دەچن.

“مەلکەوان و نێچیرەوان ھەریەک بە لەونێکی پڕشک و گومان لەناکاو تێدا دەچن بەڵام سەرەڕای تابۆی ماتەم و کەسەر بە عەزمی سەرۆک گڕی دیلان گەرمە و بەردەوام یانی دەسەڵاتی لە رادەبەدەر و غورووری بێ سنووری پیری ئاخر شەڕ ڕێ نادا ھیچ مرۆڤێ تەنانەت ھێزی باندەستی سروشتیش قسە دە قسەیدا بکا و رێی پێ چەواشە کا” (وەلیانی.۲۰۰۴ ل ۱۷۰ و ۱۷۱)

عەبدولعەزیز ئەوەندە بە دەسەڵات بوو، کە ھەر قسەیەکی کە دەیکرد دەبوایە جێ بەجێ بکرایە،لە یەک رۆژدا بڕیار دەدا سێ بووک بۆ سێ کوڕانی بخوازێ بەڵام لەگەڵ مەرگی کوڕەکانیشدا دەلێت نابێ دەستی دیلان بەربدرێ و دەبێ شایی و خۆشی بەردەوام بێ. یان لە هەندێ ریوایەتدا یەک بووک بۆ مەلکەوان دەخوازێ، لە پاش مەرگی ملکەوان دەدرێ بە نێچیرەوان و لە پاش مەرگی نیچیرڤان دەدرێ بە سەیدەوان.

باوکسالاری لێرەدا دەگاتە ئەو پەڕی خۆی ـ لێرەدا بەیتبێژ باسی لەوە دەکات کە سەیدەوان بە خواستی خۆی رازی بووە دوای مردنی براکانی بووک بگوازێتەوە، بەڵام ئەوەی راستی بێ ھەندێ لە لێکۆڵەران پێیان وایە کە سەیدەوان، ملکەچی عەبدولعەزیزی کردووە و بۆ ئەم مەبەستەش روودەکاتە چیا و عەبدولعەزیز بۆ ئەوەی بیگەڕێنێتەوە دەچێتە چیای مەغلوبی داسنیان و ئیتر لەبەر ئەوەی سەیدەوان نا فەرمانی کردووە، بە تفەنگ دەیکوژێ و دواتر شینگێڕی بۆ کوڕەکانی دەکات.

پێگەی ژن لە بەیتی سەیدەواندا:

تەنیا جیاوازییەکی بەرچاو کە دەکرێ ئاماژەی پێ بکرێ لە چاو بەیتەکانی تر ئەوەیە کە لەبەیتی سەیدەواندا پێگەی ژن زۆر کاڵ و کەم رەنگە.

دیارە ھەروەک ئاماژەمان پێکرد رەنگە ئەویش بۆ ئەو سیستەمە باوکسالارییەی ناو عەشیرە بگەڕێتەوە.

بەیتبێژەکان لە زاری عەبدولعەزیزی باوک و عەبدولعەزیزی سەرۆک عێلی داسنیان رووداوەکە دەگێڕنەوە و ھەر عەبدولعەزیزیش شینگێڕی بۆ کوڕەکانی خۆی دەکات. لەیەک شوێنی بەیتی سەیدەواندا لە کۆی ھەموو ریوایەتەکان، ھیچ ئاماژەیەک بە وشەی دایک و رۆڵی دایک نەکراوە،  پێدەچێ لەو سەردەمەدا ژنانی ناو عەشیرە دەسەڵاتێکی ئەوتۆیان نەبووبێ، ھەر بۆیە باس لە خێزانی عەبدولعەزیز و دایکی مەلکەوان و نێچیرەوان و سەیدەوان نەکراوە.

“رووپەڕێکی تر لە کەسایەتی (عەبدولعەزیز) پەیوەندی بەم مەبەستەوە ھەیە کە بە  ھێندگرتن و بزربوونی کەسایەتی ژن، تایبەتییەکی جێی سەرنجە لە نیزامی (باوک میری)دا. ژن لە ھیچ سووچێکی بەیتەکە دەورێکیان نییە و تەنانەت نە شینی دایکی مل بە کوێن و زگ سووتاو دەبیستین ، نە بەرۆک دادڕین و رۆڕۆی بووکی کۆستکەوتە، چۆن بەحوکمی خونکار، کۆڕی رەشبەڵەک گەرمەو بزە نابێ لە لێو بترازێ و دەبێ ئەسرین ھەروا لە چاو قەتیس بمێنێ.”(وەلیانی، ۲۰۰۴ ل ۱۷۱)

ئەحمەد بەحری لە کتێبی گەنجی سەربەخۆ مۆرادا سەبارەت بە پێگەی ژن لە بەیتی سەیدەواندا دەڵێت:

“یەکێ لە خاڵە گرنگەکانی ئەم بەیتە کە دەبێ سەرنجی بدرێتی مەسەلەی ژنە، ئەگەر بێژین لە بەیتی سەیدەواندا ژن بێ بایەخترین شتە، بە ھەڵەدا نەچووین، لانی کەم دەبوایە دوو ژن لەم بەیتە خەماوییەدا دەوریان دیار بوایە، یەکەم دایک و ئەویتر بووکە، ئەو دایکەی سێ کوڕی بە شێوەیەکی ئاوا دڵتەزێن بێ نێوەبڕ، جوانە مەرگ دەبن، نە تەنیا دەوری نییە! نە تەنیا شینگێڕی ناکا، بەڵکو تەنانەت جارێکیش ناوی نایە لە بەیتی سەیدەوان لەمبارەوە لە شینگێڕی و پێھەڵاگوتندا لەگەڵ گشت بابەتەکانی لەم چەشنەی ئێمە جیاوازی ھەیە” (بەحری ۲۰۰۰، ل ۲۴۹)

کەوایە بۆمان دەردەکەوێ کە زمانی پیاو، زمانی زاڵە بەسەرلەبەری بەیتی سەیدەواندا.

کارەکتەرەکان پیاون و ھیچ رۆڵێکی ئەو تۆ بە ژن لەم بەیتە نەدراوە.

تراژیدیا لە بەیتی سەیدەواندا:

لەناو بەرهەمە بەناوبانگەکانی جیهان لایەنی تراژیدیا بەرجەستە نیشاندراوە و لە ناو ئەدەبیی زۆربەی گەلانی جیهان لایەنی تراژیدیا دەبیندرێ.

بەیتی سەیدەوان بە نمونەی بەیتی تراژیدیا لە قەڵەم دەدرێت کە ناخی مرۆڤی کوردی ورووژاندووە. لە بەیتی سەیدەواندا یەکێک لە قارەمانەکانی لە شاخ ھەڵدەدێردرێ و یەکێکی تر شەوی بووکێنی پەردووگیر دەبێ و ئەوی سێھەم بە دەستی باوکی دەکوژرێ، لە یەکێک لە ریوایەتەکاندا دوو کوڕ بە دەستی باوکیان دەکوژرێن، کەواتە ناوەرۆکی بەیتەکە پڕە لە کارەسات وەک چۆن ھەندێ بەیتبێژەکان لایان وایە کە قارەمانی سەرکێش واتە عەبدولعەزیز لە پاش مەرگی کوڕەکانی (مەرگ) ھەڵدەبژێرێ، مەرگێک کە ھەڵبەت لە ناکاو نییە، بەڵکو ئەنجامی مەنتیقی راستەوخۆی رووداوەکان لەناو پێکھاتەی بەیتەکە دایە.

“قارەمان بە ھۆی نەبوونی بەخت (ھەڵگەڕانەوەی بەخت Reversal) یان گەمەی چارەنووسی لەناکاو لە لوتکەی بەختەوەری دەکەوێتە ناو چاڵی بێبەختی. گۆڕانی چارەنووس، ئەنجامی ئەو کارە ھەڵەیەیە کە لەلایەن قارەمانەوە روودەدات. بە وتەی لێکۆڵەرە رۆژئاواییەکان، ئەو بە ھۆی ئەو خاڵە لاوازەی کە ھەیەتی، تووشی ئەم ھەڵەیە دێت، بەو خاڵە لاوازە لە یۆنانی (ھەمەرتیا Hamartia دەگوترێ کە لە ئینگلیزیدا بە Tragic flaw واتە خاڵی لاوازی تراژیک وەرگێردراوە.” (شمیسا ۱۹۹۹، ل ۱۳۳)

سوارەی ئیلخانی زادە لە کتێبی تاپۆ و بومەڵێڵ دا کە کۆی ئەو وتارانەن کە کاتی خۆی لە رادیۆی کوردی تاران پێشکەشی دەکرد دەڵێت: “بەداخەوەم کە وێژەی ئێمە لەناو گەلانی جیھاندا بڵاونەبۆتەوە، دەنا خوای عالەم کە بەیتی (سەیدەوان) زۆر لە (ھاملێتی)ی (شکسپیر) بەرزترە. شکسپیر لای وایە (ھەبوون یان نەبوون) مەبەست یەکێ لەو دوانەن؛ بەیتبێژی سەیدەوان دەڵێت: (دیلان یا ماتەم) کامیان مەبەستی ژیانە؟”

سوارەی ئیلخانی زادە لە وتارەکەیدا بەم جۆرە باس لە قارەمانی ناو بەیتی سەیدەوان و قارەمانی شکسپیر دەکات: “قارەمانی شکسپیر (ھاملێت)ی باوک کوژراوە، دایکی خیانەتکار و مامی پیاوکوژ، بووتە ھۆی پەژارەی (ھاملێت) بەڵام لە(بەیتی سەیدەوان)دا باوکێک سێ کوڕی گەنجی دەمرن کە یەکێک بە دەستی باوکەکەوە دەکوژرێ.” (ئیلخانیزادە ۲۰۰۷، ل ۳۸۷)

لە ھەندێ ریوایەتدا (سەیدەوان) نافەرمانی باوکی دەکا روو لە چیای مەغلووب دەکا و عەبدولعەزیز دەست دەداتە تفەنگ کە بچێت ڕاوی بزنە کێوییەک بکات، باوک و کوڕ ھەردوو لە چیان لێرەدا سات دەگاتە ئەو پەڕی خۆی و پێی وایە کاکۆڵی سەیدەوان، ڕدێنی بزنە کێوییە، تەقە لە تفەنگ دەکاو کوڕ لە خوێنیدا دەگەوزێنێ. بەیتبێژەکان ئەوەندە شارەزایانە ئەم بەیتەیان ھۆنیوەتەوە کە ھەر لە سەرەتاوە ئاماژەیەک بە کوشتنی کوڕ  لەلایەن باوک کراوە و دواتر چۆنیەتی روودانەکە لە زاری عەبدولعەزیز دەگێڕنەوە.

(توخوا خزمینە کێ دیویەتی لە دەورەتی زمانەیدا

باب بە دەستی خۆی کوڕی خۆی بکوژێ!)

ئەنجام

بەیتی سەیدەوان یەکێک لە شاکارەکانی ئەدەبیی زارەکیی کوردییە کە تا تا ئێستا لە لایەن ۱۸ بەیتبێژ بە ۱۸ ریوایەتی جۆراوجۆر گوتراوە، بەڵام ناوەرۆکی هەر هەموومان یەک چیرۆکە کە لە ناوچەیەکی ئێزیدی نشین لە کوردستانی عێراق روویداوە،ئەم بەیتە سنوورەکانی بەزاندووە و گەلێک بەیتبێژ لە ناوچەی موکریانی کوردستانی ئێران سینگ بە سینگ هێناویانە و بەشێکیان بە تۆمارکراوی پارێزراون.

بەیتی سەیدەوان هەتا ئێستا بە وردی لێکۆلینەوەی لەبارەوە نەکراوە و تەنیا ریوایەتەکان لە شێوەی زارەکیی گواستراوەتەوە سەر کاغەز و نووسراونەتەوە. ئەگەر لێکۆلینەوەی ورد لە رووی ناوەرۆک و شێوازی گێراوە و توخمەکانی چیرۆک، لە سەر بەیتی سەیدەوان بکرێ، ئەم بەیتە شان لە شانی شاکارە ئەدەبییەکانی جیهان دەدات و وەک سەرمایەیەکی کلتووریی و ئەدەبیی بۆ گەلی کورد تۆمار دەکرێ.

بەیتی سەیدەوان تێکەڵاوییەکە لە ئایین و باوک سالاریی و تراژیدیا. بەیتبێژەکان بە شێوازی جۆر بەجۆر ئەم بەیتەیان سینگ بە سینگ گواستۆتەوە و وەها بە گوێی بیسەرانی خۆیان گەیاندووە کە چێژی لێوەربگرن و کاریگەریی لەسەر ژیانیان دابنێ. ئەوانەی تەنیا یەکجار بەیتی سەیدەوانیان بیستبێ، بۆ هەتاهەتایە لە بیر و زەینیاندا ماوەتەوە. بەیتی سەیدەوان بەرهەمێکی بەپێزی ئەدەبیاتی فۆلکلۆریکی کوردییە و لە خانەی ئەدەبیی زارەکیی کوردیدا دەبێ بە بایەخەوە لێی بڕوانین.

پێرستی سەرچاوەکان

کتێبە کوردییەکان:

ئەحمەد بەحری، گەنجی سەر بە مۆر، سلێمانی، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، زنجیرە ۷۹/ ۲۰۰۰٫

ـ  ئیدریس عەبدوڵڵا، بەیت و تیۆرییەکانی ھۆنینەوەی بەیت، ھەولێر، ۲۰۰۷٫

ـ  د. مارف خەزنەدار، مێژووی ئەدەبی کوردی، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، بەرگی دووەم/۲۰۰۱٫

ـ  رەھبەر مەحموود زادە، پێکھاتەی بەیتی کوردی، مرکز نشر و فرھنگ (بیات کردی، اورمیە ۱۳۶۳ ھەتاوی.

ـ  سوارە ئیلخانی زادە، ناپۆ و بومەلێڵ، تاران، چاپی یەکەم/ ۱۳۷۸ ھەتاوی.

ـ  پ.د.عێزەدین مستەفا رەسوڵ، مێژووی ئەدەبی کوردی،بەرگی یەکەم/ سلێمانی،۲۰۱۲

– نەوشیروان مستەفا ئەمین، بەدەم رێگاوە گوڵچنین،کتێبی یەکەم/بیروت،۲۰۱۲

– دەربارەی کوردە ئیزیدیەکان (کۆنترین دەستنووس بە زمانێکی ئەوروپی لەسەر کورد، بڵاوکردنەوە بۆ یەکەمجار لەگەڵ پێشەکی: پۆل پێردرێزی، وەرگێڕان و پێشەکی و پەراوێز: د. هەڵکەوت حەکیم/ هەولێر، ۲۰۱۳

ـ  عەزیز وەلیانی (ژیلەمۆ) ئاوڕێک لە ئەدەبی فۆلکلۆری کوردی، مرکز نشر فرھنگ ھیوا مھاباد، چاپ اول/ ۱۳۸۳ ھەتاوی.

– عەبدوڕەحمان شەرەفکەندی (ھەژار)، ھەنبانە بۆرینە، تاران، چاپی یەکەم/ ۱۳۶۹، ھەتاوی

– زیاد محەمەد ئەمین، جوانستان، چەند بەیتێکی فۆلکلۆریی ناوچەی پشدەر و مەرگە، ئەنستیتۆی کەلەپووری کورد،سلێمانی،۲۰۰۹

سەرچاوە فارسییەکان:

ـ  د. سیروس شمیسا، انواع ادبی، چاپ ششم، تھران ۱۳۷۸ هەتاوی.

گفتوگۆ:

۱ـ  گفتوگۆی ئۆمەر دزەیی لەگەڵ د. ئەمیری حەسەن پور دەنگی ئەمەریکا، ۲۵/۳/۲۰۰۲

ئەرشیڤی دەنگی:

بەیتی سەیدەوان بە دەنگی عەلی کەردار:

https://www.youtube.com/watch?v=9wtBrTwgrrs

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت