هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕژیم ١٥ هاووڵاتیی کوردیان دەستبەسەر کرد

0
796

ڕۆژی کورد: بەپێ یهەواڵی هەواڵنێری ناوەندی ڕؤژی کورد، دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٣ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی دوو هاووڵاتی تری شاری شنۆ لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەست بەسەر کران.

 دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، ١٢ کەس لە هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕژیم هەڵیانکوتاوەتە ماڵی فەتاح  پورئەحمەد مامۆستای خانە نشین کراو و سه‌ید لوقمان ئه‌مینی کوڕی سەید جەلال لە گوندی چواربۆت ـی سەر بە شاری شنۆ و دەستبەسەریان کردوون و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستوون.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا،لە کۆتایی حەوتووی ڕابردوودا، هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری مەهاباد لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، بە هێرش کردنەسەر ماڵی هاووڵاتییان، پێنج کەسی خەڵکی ئەو شارەیان دەستبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیار گواستووتەوە.

هەروەک لە هەواڵەکانی ڕۆژی کورددا هاتبوو ڕۆژی پێنج شەممە ١٠ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، هاوولاتییەکی شاری بۆکان بە ناوی عەلی سورخی، تەمەن ٣١ ساڵان و خەڵکی گوندی کۆسە ـی شاری بۆکان  لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیم لە شاری بۆکان دەستبەسەر کراوە بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستراوە.

بەیانیی ڕۆژی  سێ شەممە ٨ پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیم، دوو گەنجی گووندی قەرەسەقەلـیان دەست بەسەر کران.

لەلایەکی ترەوە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ دوو گەنج به ناوەکانی سدیق بائیکرام کوڕی حاجی حوسێن و یەعقوب بائیکرام کوڕی ڕەسووڵ ـیان دەست بەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستوون.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ئاژانسی کوردپا شوناسی دەستبەسەرکراوەکانی، مستەفا سوڵدۆزی خەڵکی گوندی “قەرەقشلاق”، سیروان مستەفایی خەڵکی گوندی”داشخانە”، ئەمیر عەبدوڵڵا زادە خەڵکی گوندی “بێنگوێن” و  داڕەحیم و خوشناو ئیسماعیلی خەڵکی گوندی”خۆڕخۆرە” ڕاگەیاندووە.

ئەمیر عەبدووڵازادە نیشتەجێی  گەرەکی شەهرەکی فەرهەنگیانی مەهابادە و  ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبه کوردییەکان بۆ ماوەی شەش مانگ لە زیندانی مەهاباد دەستبەسەرکرابوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بە دەستبەسەر کراوەکان لە پەیوەندییەکی تەلەفونی بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ئەو هاووڵاتییانە کە لە نیوەشەوەی ١٠ی پووشپەڕ، لەلایەن مەئموورانی ئەمنییەتیی لەگەڵ چەکدارانی سپای پاسداران دەستبەسەر کراون، تەمەنیان لە نێوان ٢٥ هەتا ٣٥ سال دایە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ئەوەشی خستەڕوو: هێزەکانی حکوومەتی بەبێ موڵەتی یاسایی، خانووی ئەو پێنج هاووڵاتییانیان پشکنیوە و هێندێک لە کەرەسە و وەسایلی شەخسیان لەگەڵ خۆیان بردوە.

هێندێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ ڕایانگەیاندووە، کە ئەو پێنج هاووڵاتییە بە تۆمەتی “لاینگەری لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران” دەستبەسەر کراون و لە ستادی خەبەری ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد ڕاگیراون کە ئاژانسی کوردپا ناتوانێ ئەو هەواڵە پشتڕاست بکاتەوە.

هەروەها لە شاری سەقزیش لاوێکی تەمەن ٢٤ ساڵە بە ناوی ئاوات شەریفی لە سەرەتای حەوتووی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی حیفازەت ئیتلاعاتی سپاوە دەستبەسەر دەکرێت.

ئەو هێزانە سەرەڕایی پشکنینی ماڵەی ئەو هاووڵاتییە سەقزیە، هێندێک کەرەسەی شەخسی ئاوات وەک لەب تاب، دەفتەری یادداشت و موبایلیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

ناوبراو چەند مانگ پێشدەستبەسەر بۆ ماوەی ١٤ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسی ستادی خەبەری ئیتلاعاتی شاری سەقز زیندانی کرا بوو.

هەروەها لە شاری سەردەشتیش، ٤ هاووڵاتیی بە ناوەکانی “ناسیح ڕەسووڵی و ئەبووبەکر عەلیخانی لەگەڵ عومەر عەبدوڵڵاپوور”  و خەڵکی گوندی گوێزیلێ ـی سەر بە شاری سەردەشت لە پەیوەندیی لەگەڵ کوژرانی دوو کۆڵبەر کە برا بوون دەستبەسەر کراون.

ئەو چوار هاووڵاتییە ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی حیفازەت ئیتلاعات”ناجا” دەستبەسەر و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەیی ئەم هەواڵە لە چارەنووسی دەستبەسەر کراوەکان هیچ زانیاریەک لە بەر دەست دا نیە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت