گشتپرسی بۆ بەردەوامی حکوومەتی سیسی لە وڵاتی میسر دەستی پێکرد

0
746

رۆژی كورد : ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتی ٢٠ ئاوریل گشتپرسی بۆ بەردەوامی و نوێکردنەوەی خولی نوێی سەرۆک کۆماری عەبدول فەتاح سیسی لە وڵاتی میسر دەستی پێکرد و بڕیارە سێ رۆژ درێژەی بێت و لە ئەگەری سەرکەوتنی سیسی لەم ڕاپرسیە دا ناوبراو تا ساڵی ٢٠٣٠ زایینی لە وڵاتی میسر خاوەن دەسەڵات ئەبێت و لە پۆستەکەی دا وەکوو سەرۆک کۆمار دەمێنێتەوە.

به‌ پێی راپۆرتی ئاژانسی هه‌واڵنێری بی بی سی و ماڵپه‌ڕی ده‌نگی ئامریكا جەماوەری وڵاتی میسر ئەمڕۆ بەشداری ڕاپرسی بۆ دیاری کردنی چارەنووسی وڵاتەکەیان ئەبن و لە ئەگەری ئەرێنی بوونی دەنگەکان یاسای بنەڕەتی و سەرەکی ئەم وڵاتە گۆڕانی بە سەر دا دێت و دەسەڵات زیاتر لە جاران ئەکەوێتە ژێر دەستی عەبدۆلفەتاح سیسی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە، لە لایەک هێزە دژبەرەکانی حکوومەت باس لە سەروەری مافی مرۆڤ ئەکەن و ئەڵێن ئەم ڕاپرسیە سەربەخۆ و دادپەروەرانە نیە و لە لایەکی دیکەش لە پرۆپاگەندەکانی دەوڵەت لە شاری قاهیرەی پێتەختی وڵاتی میسر داوایان لە خەڵک کردووە لە بەر پاراستنی باری ئەمنی وڵاتەکەیان و جێگربوونی یاسا دەنگی ئەرێنی خۆیان بدەن به‌ ده‌وڵه‌تی سیسی.
 بە پێی ئەو گوڕانکاریانەی پێشوو کە لە پرۆسەی دەنگدان دانرابوو ماوەی سەرۆک کۆماری و دەسەڵاتی سیسی لە ٤ ساڵەوە بۆ ٦ ساڵ درێژ کرایەوە و سیسی ئەتوانێت جارێکی دیکەش وەکوو پاڵوێڕاوێک خۆی بەربژێر بکات کە ئەمە بە واتای ئەوەیە کە دەسەڵاتی سیسی لە وڵاتی میسر تا ساڵی ٢٠٣٠ زایینی بەردەوام ئەبێت.
 عەبدول فەتاح سیسی لە ساڵی ٢٠١٣ لە ئاکامی کوودەتایەک مۆحەممەد مێرسی سەرۆک کۆماری پێشووی وڵاتی میسر هاتە سەر دەسەڵات و ساڵێک دواتر لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە دا سەرکەوتنی وەدەست هێنا و بە فەرمیی هاتە سەر کار. جێگای ئاماژەیە کە لە یاسای بنەڕەتی چاککراوی وڵاتی میسر سەرۆک کۆمار بۆی هەیە تا دوو جار خۆی وەکوو پاڵوێراوێک بەربژێر بکات بەڵام بۆ ئاغای سیسی جیاوازی و تایبەتیەکی خاس دانراوە.
 هاوکات لە گەڵ چاکسازی و گوڕانکاری لە یاسای بنەڕەتی وڵاتی میسر سیسی کونترۆڵی زیاتر بۆ سەر دادگا و بەرپرسانی دادوەری ئەو وڵاتە وەدەست هێناوە و دەسەڵاتێکی تایبەتی بۆ سەر کارگێڕی گشتی دادگاکان و هێزە پلە بەرزە سەربازیەکان هەیە و ئەتوانێت گوڕانکاریان بە سەردا بهێنێت.
هەر وەک ئاماژەی پێکرا گشتپرسی وڵاتی میسر ٣ رۆژ بەردەوام ئەبێت و جەماوەر ئەچنە سەر سنووقەکانی دەنگدان، عه‌بدول فەتاح سیسی لە کاتی هاتنە سەر دەسەڵاتیەوە سەرکۆتی ڕەخنەگران و دژبەرانی خۆی کردووە و ڕێگای نەداوە دژبەرانی لەم گستپرسیەدا هێزێکی بەرچاویان بێت و هەموو ترس و دڵەورێزەی لە گەڕانەوەی وڵاتی میسر بۆ کاتی سەرۆکایەتی حۆسنی مۆبارەک سەرۆک کۆماری لە سەرکار دەرکراوی ئەو وڵاتەیە.
گشتپرسی ئەمجارەی وڵاتی میسر لە کاتێک دا بەڕێوە ئەچێت کە هاوکات چەند رۆژ پێشتر ئەنجۆمەنی نوێنەرانی وڵاتی میسر بە زۆرینەی دەنگەکانیان دەنگیان بە گۆڕانکاری یاسای بنەڕەتی ئەو وڵاتە دابوو. سیسی لە ساڵی ٢٠١٤ دەسەڵاتی بە دەست گرت و بڕیار بوو لە ساڵی ٢٠٢٢ دوای دوو دەورە دەسەڵات واز لە سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە بهێنێت بەڵام ئێستا بەم گۆڕانکاری و دەستێوەردانە لە یاسای بنەڕەتی وڵاتەکەی سەرۆک کۆماری و دەسەڵاتی خۆی تا ساڵی ٢٠٣٠ درێژ کردۆتەوە و تا ئێستاش لە مەڕ گۆڕانکاری لە یاسا بنەڕەتیەکانی وڵاتی میسر هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەداوە و هاوکات لایەنگرانی باس لەوە ئەکەن کە مانەوە لە سەر دەسەڵاتی ئاغای سیسی بۆ پێشخستن و چاکسازی پرۆسەی ئابووری وڵاتەکەیان پێویستە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.