پەرەئه‌ستاندنی قاچاخی مرۆڤ و مادە هۆشبەرەکان لە سنووره‌كانی نێوان تورکیە و ئێران

0
1036

ئاماده‌ كردنی : ئه‌مین خه‌واله‌ – ڕۆژنامه‌نووس و هه‌واڵنێر

تەنها لە سەرەتای مانگی ئاب و لە کۆتاییەکانی تەمووز دا لە پارێزگای وان هەڵکەوتوو لە نێوان سنووری وڵاتەکانی ئێران و تورکیە زیاتر لە ٧٥ کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری هێروئین و ڕێژەیەکی بەرچاو نزیک بە ٢٥٠٠ باكس سیگاری قاچاخ و بڕی ٤٤ کیلۆ مادەی هۆشبەر لە جۆری حەشیش لە لایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستی بە سەر دا گیراوە.

بە پێی ڕاپۆرتی چەن ناوەندی هەواڵنێری تورکیە لەوانە ناوەندی هەواڵنێری ئاناتۆلی لە دەستپێکی مانگی ئابی ئەم ساڵی نوێی زایینیەدا لە شارۆچە سنوورییەکانی باش قەڵا و گەوەڕ سەر بە پارێزگای وان هەڵکەوتوو لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتی تورکیە و هاوسنوور لە گەڵ پارێزگا سنوورییەکانی ئێران زیاتر لە ٧٥ کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری هێروئین و بڕی نزیک بە ٤٤ کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری حەشیش و نزیک بە ٢٥٠٠ باكس سیگار کە بە قاچاخ هاوردەی تورکیا کراوە لە لایەن هێزەکانی تایبەتی پۆلیس دژی کڕین و فرۆشتنی و کۆگاکردنی مادە هۆشبەرەکان لە سەر سنووری هاوبەشی هەر دوو وڵاتانی ئێران و تورکیا دەستیان بە سەردا گیراوە و هاتوونەتە گرتن.
لە کۆتایی مانگی تەمووزی ڕابردوو ئۆتۆمبیلێکی جۆری پاسی بچووکی گواستنەوە نەفەر لە شارە بچووکەکان کە بارستایی هەڵگرتنی ١٤ مرۆڤی هەیە لە ڕێگا هەورازە سنوورییەکانی پارێزگای وان سەر بە وڵاتی تورکیا لە کاتێکدا رێژەیەکی ٦٨ کەسی مرۆڤی ژن و پیاو و منداڵ و پیر و گەنجی پێدەبێت لە ڕێگادا تووشی قەزا و پێشهاتەیەکی نەخواراو ئەبێت و ڕێژەیەکی بەرچاو لە نەفەرەکانی ناو ئۆتومبیلەکە کە ویستبوویان بە ڕێگای نائاسایی خۆیان بگەیننە شارەکانی تورکیە و داوای مافی پەنابەری و مانەوە بکەن گیانیان لە دەست ئەدەن. بە پێی دوایین ئامارەکان لەم پێشهاتە نەخوازراوەدا ڕێژەیەکی ٢١ کەسی لە جەماوەری وڵاتانی ئەفغانستان، پاکستان و ئێران گیانیان لە دەس داوە و نزیکەی ٤٠ کەسی دیکەش بە توندی بریندارن و لە ئێستادا گواستراوەنەتەوە بۆ بنکەکانی فریاکەوتن و خەستەخانەی ناوەندی شاری وان لە وڵاتی تورکیە.
ڕادەی بەرچاوی بێکاری و گوشار و بایکۆتەکانی ئەم دواییانە بۆ سەر وڵاتانی ئێران کارێکی وەهای کردووە کە جەماوەرێکی زۆر گیان و ماڵیان لە سەر دەستیان دابنێن و بە دژوارترین ڕێگاکان دا ڕوو بکەنە وڵاتی تورکیە و هیواخوازن لەوێشەوە خۆیان بگەیننە وڵاتانی ئەوروپایی. لەم نێوانەشدا ڕێژەیەکی زۆر بەرچاو هاووڵاتی ئەفغانی کە ساڵانێکی زۆرە لە وڵاتی ئێران لە دژوارترین بارودۆخدا ژیانیان بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان دابینکردووە ئێستا بە هۆی گوشارەکان و گرانی لە ڕادەبەدەر و داڕمانی باری ئابووری ئێران و لە سەرووی ئەوانەش گوشاری حکوومەتی ئێران بۆ دەرکردنی ئەوانە کارێکی وایکردووە کە ڕیژەیەکی بەرچاو نزیکەی ٣ ملوێن کەس پەناخوازی هاوڵاتی ئەفغانستان لە ڕێگای نائاسایی و بە سەر شاخ و چیاکاندا ڕێگا بگرنە بەر و بەرەو وڵاتی تورکیە بەڕێبکەون. ڕۆژانە بە دەیان و سەدان پێشهاتەی نەخوازراو بۆ ئەو پەناخوازە هەژارانە ڕوو ئەدات کە زۆربەی زۆری ئەو پێشهاتانە لە چاوی میدیا و رۆژنامەکان دوور دەمێنێت و کەس ئاگای لێ نابێت و دیارە سیاسەتی دەوڵەتی تورکیاش لەم نێوانەدا دیار و ڕوون نیە و ئاشکرا نیە کە ئەیەوێت چی بکات لە گەڵ چارەنووسی زیاتر لە ٤ ملوێن پەناخواز لە وڵاتەکەیدا.
لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ی زایینی و لە کۆتاییەکانی زستانی ساڵ پاردا چەن جار هەواڵی دوزرانەوەی تەرمی بێ ناوونیشانی پەناخوازانی زیاتر ئەفغانستانی و پاکستانی لە چیا سەرکەشەکانی پارێزگای وان هەڵکەوتوو لە سەر سنووری وڵاتەکانی ئێران و تورکیا ڕاگەیەندرا کە دوای چەن مانگ و دوابەدوای توانەوەی بەفری چیا و شاخەکان لە لایەن خەڵکی دانیشتووی گوندەکانی ناوچەکەوە دۆزرابوونەوە و دوای چەن ڕۆژ بێ ناونیشان دوور لە چاوی کەس و کار و بنەماڵەکانیان لە گۆڕە بێ ناونیشانەکان ئەم وڵاتەدا ئەسپاردەی خاک کران بێ ئەوەی کەسێک ڕێگا لە تەشەنە کردنی ئەم دیاردە دزێو و ناشیرینەی قاچاخچێتی مرۆڤ بگرێت یان بەربەستێکیان بۆ ساز بکات.
لە درێژەدا ئەتوانین لە پەراوێز دا ئاماژە بکەین بە هەواڵێکی توزێک پێشتر لە ئامارەکانی هەمان ناوەندی هەواڵنێری ئاناتۆلی کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ی ئەمساڵی زایینیدا لە سەر ڕێگای ئەرزرووم بۆ ئەرزەنجان توانین دەست بگرن بە سەر بارێکی گەورەی مادەی هۆشبەر لە هەمان جۆری هێروئین کە لە ڕێگای ئێرانەوە هاوردەی ناو تورکیە کرابوو و بە شێوازێکی زۆر زیرەکانە لە دوتۆی بەردی مەڕمەڕ لە ناو ئۆتۆمبیلێکی جۆری کامیۆنی بارهەڵگر حەشار درابوو و جێسازی بۆ کرابوو کە هێزەکانی تایبەت بە کڕین و فرۆشتنی مادە هۆشبەرەکان توانییان زاڵ بن بە سەر ئەو تۆڕە گەورەی دابەش کردن و قاچاخی مادە هۆشبەرانەدا و هەموو پیلانەکانیان پووچەڵ بکەنەوە. لە ڕاستی دا قاچاخچییەتی مادەی هۆشبەر و قاچاخچییەتی مرۆڤ لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر مەترسیدار و ئەگەر پێش بەم دیاردە و دیاردە هاوشێوەکانی دیکە نەگیرێن مەترسییەکی زۆر گەورەیە بۆ سەر ناوچەکە و بە گشتی هەموو دونیا.
—————————————————————————————————————
سەرچاوەکان :
ناوەندی هەواڵنێری ئاناتۆلی
ماڵپەڕی هەواڵنێری حۆڕییەت
ماڵپەڕی وان خبر
ناوەندی هەواڵنێری سۆن دەقیقە یان کۆتا خولەک

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.