سەربەخۆییخوازی، تێپەڕینە لەهەموو فۆرمەكانی چەوسانەوە

0
756
جەلیل ئازادیخواز

سەربەخۆبوون،  كاركردنە بۆ بوونیادنانی گەل و تاكێكی وشیار، كە لە هەموو چەمكەكانی ژیاندا،  ناسنامەی نیشتمانی و كولتووریی خۆی ناسب بكات. ڕسكانی كۆمەڵگایەكە، كە هەموو فۆرمەكانی چەوسانەوە، لە هەموو ئاستەكاندا ڕەتكاتەوە. خەلق و ئافراندنی مرۆڤێكە، هێزی پارێزگاریی ئازادی و دابین كردنی سەربەخۆیی و فرەچەشنی و هەڵكردن و  ئاسانگیری هەبێت. دروست كردنی گەل و نیشتمانێكە، لەسەر پاراستنی كەرامەتی مرۆڤ و مل نەدان بۆ باڵادەستیی چەوسێنەرانەی هیچ  گەل و هێزێكی باڵادەست،  لانیكەم لە ڕووی فكری و لە ڕەهەندە ئەقڵانی و لۆژیكیەكەیدا. جووڵانی ویژدانی گشتیی گەل و تاكێكە كە هەست بەبوونی خۆی وەك كاراكتەرێكی چالاكی مێژوو بكات. بەرهەمهێنانی بوون و شارستانیەتێكە لە مێژوودا مامەڵەی ڕێبواری لەگەڵ نەكەن، نەسڕێتەوە.

سەربەخۆیی، خوڵقان و ڕسكان و ئامادەكردنی ئاوەها گەل و كولتوورێكە.  بڕیار نییە تەنیا بریتی بێت،  لە /جووڵەیەكی میكانیكی/ بۆ سازدانی شتێک بەناو دەوڵەت. ڕاستە ئەگەر ئاوەها كۆمەڵ و تاكێكت هەبوو، سەربەخۆیی هەمیشە گونجاوە و دەستت پێی ڕادەگات، وەگەرنە دەبێتە”مەحاڵێكی مێژوویی”، وەك ئەوەی تا ئێستا لە مێژووی كورددا بووە.

هێزی سەربەخۆییخواز، هێزی بوونیات نانی نەتەوەی مۆدیڕنە،  خەڵقی وشیار و ویستی هاوشاری و هاووڵاتیە. بۆ گەل و كۆمەڵگایەكی وەها، هیچ هێز و دەسەڵاتێ ناتوانێ دیموكراتیك و دادوەر و خەڵكی بێت، ئەگەر هێزێكی سەربەخۆییخواز نەبێت.

سەربەخۆییخوازی شەڕی نابەرابەر و سەپانی ویستێكی ئێرادەگەرایانە نیە. ئەقڵانیەت و وشیاری و دادگەری و  ویستی جەماوەرە،  لە چركەساتی گونجاوی خۆیدا .  یان دەبێت لە چەوسانەوە و دیكتاتۆریەتی سیاسی و چینایەتی ئازاد بیت، یان لە هەموو فۆرمەكانی چەوسانەوە .

هیچ بزووتنەوە و شۆڕش و هێزێكی كوردی  (مانا پەیداناكات و نابێتە بوونێكی مێژوویی)  ئەگەر كۆی فۆرمەكانی چەوسانەوە هەڵنەتەكێنێ. كورد هەرگیز بەتەواوی لە ئەو فۆرمانە ڕزگاری نابێت و بوونی مانا هەڵگرنییە،  ئەگەر سەربەخۆ نەبێت. بوونی كورد تائێستاش بوونێكی ڕێبوارانەیە و مانەوەی بەسراوە بە وەدیهاتنی سەربەخۆییەوە لە چركەساتی گونجاوی خۆیدا. هەموو هەوڵ و جووڵەیەكیش دەبێ لە ئاراستەی ئافراندنی ئاوەها بوونێكا بێت، وەگەرنەسەرئەنجامی بێ دەرئەنجامییە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.