هەڵبژاردنی تورکیا نشستێکە بۆ کوردستان

0
564

سەرۆ قادر

هەڵبژاردنی تورکیا بۆ جاری دووەم، چەند سەعات پێش ئێستا کۆتایی هات. ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە، گۆڕانی چاوەڕوانکراوی تێدا بوو. حزبی کوردان(هەدەپ) لە کەڕەتی دووەمدا بیست کورسی لە کیس چوو. لە هەشتا کورسی ڕا بووە شەست کورسی. کەچی حزبی ئۆردوگان(ئاک پارتی) شەست کورسی زیادەی بەدەستهێنا. لەو ژمارەیەی حزبەکەی ئۆردوگان، بیست کورسی حزبی کوردانی بۆخۆی ڕاکێشا. چل کورسییەکەی تری لە حزبی مەهەپە ڕاکێشا. ئێستا حزبی ئۆردوگان، بەبێ منەتی دەتوانێت کابینە پێکبێنێت و قانونی سەرۆکایەتیش بێنێتەوە بەر چاوان.
پرسیار ئەوەیە: ئایا کورد بە تێپەڕاندنی %10 بردوتییەوە؟ ئەو سەرکەوتنەی حزبی ئۆردوگان لە کوێوە دابین بوو؟
سەرکەوتنی هەدەپ لە هەڵبژاردنی حوزەیرانی(80 کورسی) ڕابردو، سەرکەوتنێکی گەورە بوو، بەڵام ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنەی ئێستای(60 کورسی)، شکستێکی گەورەیە. بەڵی کورد کارت داخڵبونی پەرلەمانی وەرگرت، بەڵام بەڵام ناتوانێت بە قوەتی جاران هەڵسوڕێت. لە هەڵبژاردنی پێشو، حکومەتی تورکیا چاوی لە هاوکاری کوردان بوو. کوردێش پێویستی بە گفتوگۆ و هێنانەدی ئامانجەکانی خۆی بوو. هەربۆیەش کۆمەڵگای کوردستان، بە هەموو توێژەکانییەوە، هەڵوێستێکی مێژووییان نواند و بۆ ئازادی دەنگیان بەخشییە هەدەپ. ئەوە جیا لە هۆکاری سیاسیی کاریگەر لە ناوچەکە، ئەوانەی دەستیان لە ڕەخساندنی بارودۆخی سەرکەوتنی هەدەپ و ڕام کردنی ئۆردوگان هەبوو. ئەو هۆکارە سیاسییانە بریتی بوون لە ئەمریکا، هەرێمی کوردستان(بارزانی)، هەڵوێستی دیاری ئۆجەڵان، یەکێتی ئەوروپا، بەرژەوەندییەکانی ئۆردوگان.
ئەگەر کورتی بکەمەوە، هەڵەی هەدەپ لە سیاسەتی هەڵە و وابەستەی پ ک کەو دێت. قەندیل سیاسەتی خۆی بە ئێران گرێداوەو بە خواستی ئەو وڵاتەش سیاسەتێکی توندی گرتەبەر و بەبێ لەبەرچاوگرتنی هەدەپ، یەکلایەنە دەستی بە شەڕ کردەوە و پەلاماری چەند شارێکیدا. ئەو شەرە بۆ ئۆردوگان نیعمەت بوو، هەر بۆیەش لە سەرەتادا ڕیگایان شل کرد تا پ ک ک بە ئاسانی شەڕ بخاتە ناو چەند شارێک. بە کامیرای زیندو دیمەنەکانیان نیشاندەدا. بەمە هەدەپی بێدەسەڵات کرد و پ ک کی بەدناوتر دەکرد. ئەوە بەتایبەتی لەناو کۆمەڵگای تورکدا کاریگەر بوو. هەروەها کوردیشی لە ئاشتی و کارامەیی هەدەپ بێ ئومێد کرد.
ئۆردوگان توانی کوردان لێکدی بترازێنێت،توندڕۆیی پ ک ک بقۆزیتەوە، شۆڤێنییەتی تورکان سەرکردەیی بکات، قەیرانەکان بە مل کوردان داببڕێت، لە کۆتاییدا دەنگەکانیان کۆبکاتەوە. لەملاوە پ ک ک یەکلایەنە شەڕی دەستپێکرد، بەبێ ئەوەی وەڵام بداتەوە بۆ وای کرد! یەکلایەنەش شکستی شەڕەکەی بەسەر کورداندا سەپاند و ڕایگرت، بەبێ ئەوەی بڵێ بۆچی دەستیپێکرد و بۆ کام ئامانج ڕایدەگرێت! ئەمەیە ئەنجامی سیاسەتی وابەستە. پ ک ک، حزبی هەدەپ و دەمیرتاشی نەک گەورە نەکردن، بەڵکو بچوکیشی کردنەوە. ئێستا دەمیرتاش دەتوانێت وەڵامێکی بە جورئەتانەی بۆ ئەم سەرلێشێواویە هەبێت؟ باوەڕناکەم.
پ ک ک بۆی هاتبوو بە ئاشتی، ئامانجەکانی کورد لە باکور بێنێتەدی. ئۆردوگان ناچار بکات، بێتە ناو پڕۆسەی ئاشتی. کەچی بەدوای سیاسەتی شەڕخوازانەی ئۆردوگان کەوت! لەم سۆنگەیە دەڵێم ئەگەر لە کوردستانی سوریا، پ ی د عاقڵ نەبێت، بەدەست پ ک ک و ئێرانەوە، حاڵی لە هەدەپ شڕتر دەبێت. هەڵبەت هیوادارم وایان بەسەر نەیەت و کوردانی باکوریش دەرس لە شکستی خۆیان وەرگرن.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.