لە سیهەمین ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتۆر قاسملوو کوردانی دانیشتووی ئۆروپا یەکیەتی ئۆروپا شەرمەزار دەکەن

0
1426

ڕۆژی کورد :
لە بەرەبەرەی نزیکبوونەوەی یادی سیهەمین ساڵوەگەڕی تێرۆری ناجۆامێرانەی دوکتۆر قاسملوو و هاوڕێیانی بە دەست
دیپلۆماتکارە تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وڵاتی ئۆتریش جەماوەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان دانیشتووی وڵاتە ڕۆژئاواییەکان بە چالاکی جوراوجۆر و ڕێپێوان ئەو یادە بەرز ڕادەگرن و یەکیەتی ئۆروپا و دەسەڵاتدارانی وڵاتی ئۆتریش شەرمەزار ئەکەن.

نزیک بە سی ساڵ پێش ئێستا لە ڕێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی هاوکات لە گەڵ ١٣ی تەمووزی ساڵی ١٩٨٩ی زایینی ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران شەهید دوکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو، هاوڕێ لە گەڵ ڕێزدار عەبدوڵا قادری ئازەر ئەندامی کۆمیتە ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و دوکتۆر فازیل ڕەسووڵ نوێنەری یەکیەتی نیشتمانی کوردستان لە ویەن پێتەختی وڵاتی ئۆتریش کاتێک بۆ وتووێژ ئامادە بوون، بە دەستی دیپلۆماتکارە تێروریستەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی زۆر ناجوامێرانە و لەو پەڕی بێ بەزەیی هاتنە شەهید کران و کۆماری ئیسلامی بەم هەنگاوە لاپەڕەیەکی ڕەشی دیکەی لە مێژووی خۆیدا تۆمار کرد. دوابەدوای ڕووداوەکە لە گەڵ ئەوەی بکۆژانی ڕێبەرانی گەلی کورد لە لایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە دەسبەسەر کران، بەڵام بە هۆی پێوەندی دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی ئۆتریش بە بەرپرسانی ڕژیمی ئێران و هەڕەشەیان لە مەڕ بێدەنگی و دەربڕینی بێ لایەنی ئەو کاتی دەوڵەتی ئۆتریش سەبارەت بە شەڕی نێوان ئێران و عێراق و فرۆشتنی چەکەچۆڵ بە هەر دوو لایەنی شەڕەکە کە ئەمەش بە پێچەوانەی بڕیارنامەی نێودەوڵەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بوو، دەوڵەتی ئۆتریش لەو پەڕی بێئەمەگی و لە گەڵ هەبوونی کۆمەڵێک بەڵگەنامەی بەرچاو و شایەتحاڵی ئاشکرا دیپلۆماتە تێروریستەکانی کۆماری ئیسلامی بە فڕۆکەی تایبەت گەڕاندەوە بۆ وڵاتەکەیان و لە دەس یاسا ڕزگاریانی کرد.
هەموو ساڵێک جەماوەری کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات یادی ئەو بۆنە بەرز ڕادەگرن و بە ڕێپێوان و چالاکییەکانیان لە بەردەم باڵۆیزخانەکانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی ئۆروپایی و ئامادەبوونیان لە بەردەم بنکە و ناوەندەکانی یەکیەتی ئۆروپا ئەو کارەساتە شەرمەزار ئەکەن و هاوکات لە ساڵڕۆژی تێرۆری شەهید دوکتۆر قاسملووی نەمر و هاوڕێیانی بە ئامادەبوونیان لە سەر مەزاری ناوبراو و دانانی تاجە گوڵێنە وەکوو ڕێز و وەفایەک پەیمان لە گەڵ ڕێبەری خۆیان نوێدەکەنەوە و بە هەموو کۆمەڵگا و ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکانی دونیا دەسەڵمێنن کە گەڵێکی ستەملێکراو و بەشخوراو و لە هەمان کاتیشدا نەتەوەیەکی ئاشیخوازن و دژی تێرۆر و شەڕ و ئاڵۆزی و خوازیاری ئارامی و برایەتی گەلان و خاوەن پرستیژن.
ناوەندی ڕۆژی کورد وەکوو ناوەندێکی سەربەخۆ و خاوەن بیر و بڕوای کوردستانی و هەوڵ بۆ بەرەوپێش چوونی ئاشتی و ئارامی لە هەموو پارچەکانی کوردستان هاوڕا لە گەڵ ئەندامانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران، ئەم یادە بەرز و بەڕێز ڕادەگرێت و بێدەنگی دەسەڵاتدارانی ئەو کاتی دەوڵەتی ئۆتریش و یەکیەتی ئۆروپا بەرانبەر بەو ستەمە ئاشکرای لە گەلی کورد کراوە شەرمەزار دەکات و خوازیاری پێداچوونەوە و وەگڕخستنەوەی دۆسیەی تێرۆری ڕێبەرانی کورد و دەرکردنی سزای قورس بۆ ئەو تاوانبارانە و بڕیاردەرانی سەرەکی تاوانەکانە.
ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌یی ناوه‌ندی رۆژی كورد له‌ وڵاتی فه‌رانسه

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.