دیکتاتۆر بە سەربانەوە

0
1527
ئەنوەر عەباسی (هەرەس)
.
لە خەو هەڵدەستی
هەروا کە هێشتا سەرت سەرینەکەتی بەر نەداوە
ریشت لە بن پێخەفەکەت دەردێنی و وڵات ئەژاکێ
.
راست ئەبیتەوە و لەسەر تەختەنوێنەکەت دائەنیشی
عەمامەکەت دەنێیتە سەرت وڵات کڵاوی دەچێتە سەر
.
هەڵدەستی و عاباکەت بە شانتدا ئەدەی
هەورێکی چڵکن ئاسمان دائەپۆشێ
.
دەست بە نانخواردن ئەکەی
مێرولەکان پۆل پۆل لە برسان ئەمرن
.
ئەمەیە چیرۆکی بوونی تۆ خامنەایی مەبە.
.
لە بەیتەوە لێم بڕوانە
ئەو کاتەی دوا تەکانەکانم جنێو بە سێدارە ئەدەن
سەیری قۆشمەیی ئەو منداڵە بکە
کە دوێنێ شەو خەونی گولی پێوە دیوی
های دیکتاتۆری موعەزەم
عەزمی زەمان جەزمی زەبونیتە
چاوت رەش چاڵی کاکەشانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نەفرەت لێکراوە
دڵنیام دەمبینی لە بەیتەوە
دەیبینی لە بەیتەوە
های دیکتاتۆری ئەدیب
کە گوێت زیندانی وشەیە دڵنیام دەمبیسی
کە هەڵدەستی چی خونچەیە ئەوەرێ هەڵمەستە
کە رێدەکەی چی چرایە ئەکوژێتەوە رێمەکە
های دیکتاتۆری جەلاد
دەموچاوت داپۆشیوە بەڵام
ئەو منداڵە خەونی گولی پێوە دیوی
من هێشتا جنێو بە سێدارە ئەدەم
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەمزوانە دەست بە ئەژنۆیەوە ئەگرێت و هەڵدەستێ
تاران هەڵدەستێ و ئەمجار بورجی ئازادی بەرەو ئەوسەری ئینقلاب هەنگاو دەنێت
تۆ لە بەیتەوە ئەمانە دەبینی
من دەبینی کە منداڵ بوومەتەوە و خەونی نەمانت ئەبینم
کرێکارێک لە بن بورجی ئازادی دەبینی کە بە سوور لەسەر عەرز ئەنوسێ:
سەیرم کەن من ئێستا دەزانم ئەبێ چی بکرێ
یەکبگرن بۆنی گەنم دێتە لوتم
های دیکتاتۆری پیر
هەناسەت رەنگی ئاسمانی تاڵ کردوە هەناسە مەدە.
بوونت رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی رەش کردوە مەبە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.