دۆخینی شلی نامەکان

0
1072

ئەرسەلان چەڵەبی

.

دوایین نامە کە لە سەر مێزێک نەنووسراوە

وەکوو کەلاکی کتێبێکی تۆپیو کە نەکراوەتەوە

یان کارمەندێکی نەخۆش کە کورسییەکەی چیتر ناوەڕێ

وەک مرۆڤێک کە وێڵە بە شوێن شەپۆلەکانی خوێن!

 

دوایین نامە کە لە گیرفانی مشکێک دایە و ماڵە و ماڵ دەڕوا

وەکوو پشیلەکانی هەتاو کە هەناسەبڕکەیانە

چنگ لە نامەکان دەدەن و ئیدارەکان نیشتمان دەفرۆشن

بۆن دەکەن و کارمەندەکان کرێکارەکان بە دیل دەگرن!

 

دوایین نامە کە خۆی دەکووژێ

مشکەکان هەڵیدەگرنەوە و دەینێژن

بە چەشنی دوایین کەیسی تاوانبارێکی هەتاهەتایی

کە دادگایەک دۆخینەکەی داکەوێ و لە نێوگەڵی وەحەسێ!

 

دوایین نامە کە لە سەر مێزێک داوەشاوە

نە دەگاتە دەست کەس و نە ئادرەسێک دەقیژێنێ

بە چەشنی کۆمەڵێک مشکی کۆیلە

کە شەقامە و شەقام دەکوژران!

 

هەر لە رۆژی یەکەمەوە نامەکان نەنووسران

تۆش دڵت خۆشە و ساڵگارێکە چاوەڕوانی نامەیەک بخوێنیەوە

ئەوە هۆکارێکی روونە کە نامەیەک ناگاتە بەر دەرگای ماڵت و

ساڵگارێکە رەزگی قەڵەمێکت خستووە و ئاوت نایەتەوە!

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.