دوکتۆر عەبدولرەحمان قاسملوو، تێکۆشەرێک بۆ هەموو قۆناغەکان

0
1480

بێهزاد خۆشحاڵی :
ئەم وتارە خوێندنەوەیەکی کورتە لە سەر ژیان و تێکۆشانی دوکتۆر عەبدولرەحمان قاسملوو کە بە بۆنەی ساڵرۆژی شەهیدبوونی بەڕێزیان ئامادە کراوە.

دوکتۆر عەبدولرەحمان قاسملوو هاوکات لە گەڵ چوونە ناو قۆناغەکانی خوێندنی ناوەندی و دواناوەندی و دواتر قۆناغی خوێندکاری زانکۆ، چالاکییە سیاسییەکانی خۆی بە شێوازی ڕێکخراوەیی لە “یەکیەتی لاوانی دێموکرات” و “ڕێکخراوی خوێندکارانی توودە” و دواتر “ئەنجۆمەنی خوێندکارانی کورد” لە ئەوروپا دەستپێکرد.
دوکتۆر قاسملوو لە ڕوانگەی بۆچوونی سیاسییەوە، ڕێڕەوی بیروبۆچوونەکانی مارکس بووە و لە ساڵی ١٩٤٨ هەتا ١٩٦٨ی زایینی بە ماوەی ٢٠ ساڵ یەکێک لە ئەندامانی چالاکی حیزبی توودەی ئێران بووە. هاوکات لە ساڵەکانی ١٩٥٣ هەتا ١٩٦٠ی زایینی وەکوو ئەندامی دەستەی ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، چالاکییە سیاسییەکانی خۆی لە دڵی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان درێژە پێداوە. سەبارەت بە ئەندامەتی دوکتۆر عەبدولرەحمان قاسملوو لە حیزبی توودە، نە دۆستانی و نە دوژمنانی بە باشی داکۆکییان لێ نەکردووە، بە ئانقەست یان بە هۆی پێویستی کاتی و شوێن ئەو ماوەیان لە بەرچاو نەگرتووە. حیزبی توودە لە ساڵەکانی دوای شەڕی دووهەمی جیهانی، تاقانە حیزبی بە مانای ڕاستەقیینەی وشە ئۆپۆزیسیۆنی دژی ڕژیمی پاشایەتی لە وڵاتی ئێراندا بووە و ئەتوانین بڵێین بەشێکی زۆری ڕۆشنبیران و خوێندکاران و قوتابیانی ئێرانی لەو سەردەمەدا حیزبی توودەیان وەکوو تاکە دامەزراوەی تێکۆشان دژی سیستەمی پاشایەتیی چاو لێدەکرد و هەڵیانبژاردبوو.
دوکتۆر عەبدولرەحمان قاسملوو بە هۆی تێگەیشتوویی زانستی و کەسایەتیی سیاسی بەرچاویەوە و هەروەها زانیاری سەردەم و بەرۆژ لە وتووێژی سیاسی قۆناغی خۆیدا، خاوەنی پلە و پایەیەکی زۆر مەزنە لە ناو نەتەوەی کورد وەکوو ڕێبەرێکی زانا و کاریزماتیک بە گشتی و هەموو کەسایەتییە سیاسی و زانستییەکانی دونیا و ڕێبەرانی کورد و تەنانەت دژبەرانی بە تایبەت بووە. لە چەن بەڵگەنامەی ئاشکراکراوی کۆماری ئیسلامی دەرکەوتووە کە دوای مردنی خۆمەینی و هەڵبژاردنی عەلی خامنەێی وەکوو ڕێبەری ئایینی ئێران و جێگری خۆمەینی سەرەکیترین سیاسەتەکانی ڕژیم سڕێنەوەی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات، ڕێکخستنی تێرۆریسمی نێودەوڵەتی بە مەبەستی پلان داڕشتن بۆ لەناوبردنی “دوکتۆر عەبدولرەحمان قاسملوو” و “شاپوور بەختیار” وەکوو دوو ئاڵترناتیڤی سەرەکی ڕێبەرایەتی ئێران بووە. (چاو لێبکەن لە بیرەوەرییەکانی سەعید ئیمامی. نووسراوەی دوکتۆر عەلیرەزا نووری زادە. بڕگەی دووهەم).
دوکتۆر قاسملوو وەکوو ڕێبەری “بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان” لە ڕۆژهەڵات، دەورێکی ئاشکرای لە پەرەپێدانی بزووتنەوەی سیاسی و تێکۆشانی چەکداری دژی ڕژیمی پاشایەتیی گێڕاوە. بە تایبەتی لە ساڵەکانی ١٩٧٤ هەتا ١٩٧٨ی زایینی وەکوو داڕێژەری درووشمی “دێموکراسی بۆ ئێران، خودمۆختاری بۆ کوردستان” وشەگەلێکی نوێی بە وێژەی بەرگری ڕەوای نەتەوەی کورد زیاد دەکات.
دوکتۆر قاسملوو ساڵەکانی دوایی تەمەنی خۆی بۆ ناساندنی شۆناسی نەتەوەی کورد لە پانتاییەکانی دیپلۆماسی و سیاسەتی کورد دا تەرخان کرد و لەم ماوەیەدا بە سەفەر کردن بۆ زۆر لە وڵاتانی دونیا و وتووێژ لە گەڵ ڕێبەرانی سیاسی وڵاتان، بەشداربوون لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان و بەشداریکردنی لە وتار و بۆنەکان، شۆناس و ناسنامەی کوردی وەکوو نەتەوەیەک لە بیر و زەینی زۆریەک لە کەسایەتیی سیاسییەکان و بیرمەندانی دونیا دا جێگر کرد. قاسملوو لەم قۆناغەدا لە ساڵەکانی ١٩٧٩ هەتا ١٩٨٩ی زایینی تاقانە ڕێبەری ناسراو و جێگا متمانەی نەتەوەی کورد بووە.
دوکتۆر عەبدولرەحمان قاسملوو لە قۆناغی بەرگری چەکداری لە گەڵ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، هەوڵێکی زۆری داوە تا حیزبە سیاسییەکانی کورد پێکەوە هاوڕێ و یەکگرتوو بکات و دواتر هەنگاو بۆ لای یەکگرتوویی نەتەوەیی ئێران هەڵبگرێت. پێشنیاری دوکتۆر قاسملوو بۆ پێکهێنانی “بەرەی بەرگری نەتەوەیی” لە کوردستان و دواتر پەرەپێدان بۆ لای پێکهێنانی “بەرەی نەتەوەیی ئێران” تێکڕای ئەم هەوڵ و تێکۆشانانە بووە.
قاسملوو لە درێژەی ژیانی سیاسی خۆیدا بەردەوام هەوڵی ئەوەی داوە بە دەربڕینی بیرۆکە سیاسییەکانی بە زمانێکی سادە و ساکار و شیکردنەوەی بیرۆکەکانی، هەنگاو بەرەو بەناوچەیی کردنی بێرۆکەکانی هەڵبگرێت. “سۆسیالیزمی دێموکراتیک” وەکوو داخوازی قاسملوو کە لە “کورتەباس” دا بە وردی باسی دەکات، وەکوو نموونەیەکی بەرچاوی ئەم بابەتەیە.
وانەبێژی گەورەی ڕۆژهەڵات کە ئێستا ناوبانگی بە ئەوروپا گەیشتووە و هاوکارەکانی لە زانستگای پڕاگ ئەو بە “ئەنسکلۆپیدیای چێک” ناودەبن، هیچ کات پشمەرگەکانی لە کوردستانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی داگیرکەر بە جێنەهێشتووە و شان بە شانی ئەوان و لە جل و بەرگی پێشمەرگایەتی دا لە ڕێگای وەدەست هێنانی ئازادی هەوڵی داوە و تێکۆشاوە. ئەو تەنانەت پاشماوەی بنەماڵەیی خۆی تەرخان کردووە بۆ سەرمایەداڕشتن بۆ پێشمەرگەکانی و حیزبەکەی بۆ ئەوەی بۆ یەکەم جار لە مێژوودا کوردستان ببێتە خاوەن حیزبێکی مودێڕنی سیاسی و سەربەخۆـ سەربەخۆیی هەم لە بواری سیاسی و هەم لە بواری ئابوورییەوەـ و بتوانێت بنەماکانی ئەم حیزبە داڕێژێت. ناوبراو چەندین جار وەبیری هاوسەرە فەرانسەویەکەی کە ئێستا کوردێکی دێموکراتە ئەهێنایەوە کە هەرچێکی هەیە و هەر شتێکی وەکوو سەرمایە داناوە، پەیوەندی بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە هەیە. ئەو تەنانەت گیان و دڵی بە قیمەتی خۆی چەندین ساڵ پێش ئەوکاتە بە کوردستان و نیشتمانی بەخشیبوو.
قاسملوو بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستانی ـ لانیکەم لەو کاتە پڕهەوراز و نشێوەدا ـ دەسکەوتێکی وەدەست نەهێنا. بێجگە لەوەش ئەگەرچی هەوڵێکی زۆری ئەدا هەتا بتوانێت بەرەیەکی ڕاستەقینەی ئێرانی پێک بهێنێت، بەڵام بە هۆی پاوانخوازی نەتەوەی بەدەستەڵات و چاولێکردنێکی پڕاوپڕ لە گۆمان و ڕەشبینی ئەوان سەبارەت بە نەتەوەی کورد، دیسانەوە سەرکەوتنێکی ئەوتۆی وەدەست نەهێنا.
قاسملووی ڕێبەر دوابەدوای ئەوەی تێئەگات کە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لە ئێستادا هیچ مەیلێک بۆ لای گۆڕانکاری بارودۆخی بەردەستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە خۆیان نیشان نادەن، ڕووی کردە دامەزراوە نادەوڵەتییەکان و بزووتنەوە ڕزگاریخوازە نەتەوەییەکان و پێوەندی قووڵی لە گەڵ تێکۆشەرانی نەتەوەخوازی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە لایەک و ڕێکخراوە سۆسیال دێموکراتەکانی ئەوروپا لە لایەکی دیکەوە پێک هێنا.
دوکتۆر قاسملوو لە ساڵەکانی کۆتایی ژیانیدا وەکوو ” ڕاسپاردەی ئاشتی و برایەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” لە پەنای بیر و باوەڕی پتەوی بە ڕەسەنایەتیی مرۆڤ و ئازادی جۆرەکانی مرۆڤ، نەتەوەخوازی کوردی لە ڕێگای ڕاستەقینەی میژوو بۆ خۆی جێگر کرد.
قاسملوو دوای چوار دەیە چالاکی سیاسی و ماوەی ٢٠ ساڵ ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و دەسەڵاتداری بە سەر ڕۆح و دڵی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی نەتەوەیی لە هەموو دونیادا، لە ئاکامدا کەوتە داوێکی گەورەی کە دوژمنانی بۆیان دانابوو، ئەویش بە لە بیرکردنی ئامۆژگاری باوکی کە پێی وتبوو : ” ئەگەر عەجەمێکت بینی یان بیکوژە یان لە دەستی ڕابکە” تووشی چارەنووسی باپیرانی خۆی وەکوو سمکۆ و … بوو. ڕاسپاردەی ئاشتی و برایەتی لە کوشتارگەی تێرۆریسمی دەوڵەتی ئێران، قوربانی خەیانەتی دیپلۆماتیک و جەنایەتی پیرۆز بوو.
دوکتۆر عەبدولرەحمان قاسملوو گیانی خۆی لە پێناو بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی مرۆڤە بەندکراوەکان و “بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان” دانا، بەڵام دونیا ئێستاش زیاتر لە هەموو کاتەکانی دیکە، ئامادە و تەیاری چارەسەری کێشەی نەتەوەیی کورد لە ڕێگای وتووێژ و دیپلۆماسی و سەردانەواندن بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووسی ئەوە… ئەو ڕێگایەی کە قاسملووی ڕێبه‌ر پێیدا ڕۆیشت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.