ترامپ ئەڵێت دڵنیام ئێران بە زووترین کات خوازیاری وتووێژ ئەبێت

0
515

رۆژی كورد :
سەرۆک کۆماری ئامریکا لە سەر ئەو باوەڕەیە کە سیاسەتی زۆرترین گوشار بۆ سەر رژیمی ئێران ئەوان ناچار بە وتووێژ ئەکات و بە پێی بڕوای سەرۆک ترامپ ئێران لە زووترین کات دا خوازیاری وتووێژ ئەبێت. بەڵام هاوکات وەزیری دەرەوەی ئاڵمان هۆشداری داوە لە پێوەندی تێکهەڵچوونی سەربازی لە ناوچەکەدا.

دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئامریکا هەروا پێداگرە کە سیاسەتی زۆرترین گوشار بۆ سەر رژیمی کۆماری ئیسلامی وەڵامدەرە و ڕێبەری ئەو وڵاتە ڕائەکێشێت بۆ سەر مێزی وتووێژ. ترامپ دوێنی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٥ ئایار لە سەر لاپەڕەی توییتێری خۆی نووسی : دڵنیام کە ئێران لە نزیکترین کات خوازیاری وتووێژ ئەبێت. هاوکات ترامپ لە دوو توییتی دیکە دا گریمانەکانی واشنگتۆن پۆست و نیۆیۆرک تایمزی لە مەڕ ناتەبایی دەوڵەت بە درۆ خستەوە و ئاماژەی پێدا بیر و ڕای جیاواز ئاشکرا دەبێت و من بڕیاری کۆتایی و لێبڕاوانە ڕادەگەیەنم و ئەم پڕۆسە زۆر ساکار و سادەیە و هەموو لایەنەکان، ڕوانگەکان و سیاسەتەکان لە خۆ دەگرێت.
سەرۆک کۆماری ئامریکا لە ماوەی رۆژانی ڕابردوو دا گوشارەکانی خۆی بۆ سەر ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای بە کارهێنانی بایکۆتە نوێکان و پێداگری لە سەر مانەوە و خۆدەرخستن لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و هاوکات ناردنی پەیامی وتووێژ لە گەڵ ئێران دا زیاد کرد. لە حەوتووی ڕابردوو دا سەرۆک ترامپ ئامادەگی خۆی ڕاگەیاند بۆ وتووێژ لە گەڵ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران.
لە بەرانبەر دا عەلی خامنەیی ڕێبەری شۆڕشی ئێران لە گەڵ ئەوەی ئەگەری ئاڵۆزی و شەڕی نێوان ئێران و ئامریکا دوور ئەزانێت بەڵام لە هەمان کاتیش دا وتووێژ لە گەڵ دەوڵەتی ترامپ وەکوو ژەهرێکی دووقات ناوئەبات. ترامپ خوازیاری وتووێژی دووبارە لە سەر پەیمانی ناوەکی لە گەڵ ئێران و پێکهاتنی کۆماری ئیسلامی لە سەر بەرنامەی ناوەکی ئەم وڵاتەیە. زیاتر لەوانە سەرۆک کۆماری ئامریکا خوازیاری سنووردارێتی پرۆگرامی ناوەکی ئێران و ڕاگرتنی چالاکیەکانی ئەم وڵاتەیە لە ناوچەی قەیراناوی رۆژهەڵاتی ناوین، کە ئەوان بە دەستێوەردان و بشێوی باری ئەمنی ناوچە ناوی لێ ئەبەن.
ئاڵۆزیەکانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا حەوتوویەک پێش ئێستا لە ساڵوەگەڕی ڕاگەیاندنی دەرچوونی ئامریکا لە پەیمانی ناوەکی بەرجام لە لایەن ترامپ زۆرتر بوون. واشنگتۆن بایکۆتی زۆرتری بۆ سەر پیشەسازی کانزاییەکانی ئێران دابینکرد و دەوڵەتی تاران ڕایگەیاند کە لە ئێستا بەدواوە پابەند نابن بە کۆمەڵێک لە بەڵێنەکانی پەیمانی ناوەکی بەرجام.
هاوکات و لە لایەکی دیکەوە دەوڵەتی ئامریکا جیا لە جێگر کردنی چەند بۆمبهاوێژی بی ٥٢ لە دامەزراوەی سەربازی ئەلعەدید لە وڵاتی قەتەر، ناوگانی فڕۆکەهەڵگری یو.ئێس.ئێس ئابراهام لینکۆڵنی بۆ ئاوەکانی کەنداوی فارس لە ناوچەکە بەڕێکرد و هۆکاری ئەم هەنگاوەشی هەڕەشە گوڕەشە لە لایەن ئێرانەوە ڕاگەیاند.
هەروەها رۆژی ڕابردوو واشنگتۆن ڕایگەیاند بەشێکی زۆر لە دیپلۆماتکارەکانی خۆی لە عێراق کە مانەوەیان لەو وڵاتە پێویست ناکات ڕائەگوێزێت. بە وتەی چەن سەرچاوەیەکی ئاگاداری دەوڵەتی ئامریکا هۆکاری ئەم بڕیارە مەترسی هێرشی گرووپە هاوشێوە سەربازیەکانی عێراقیە بۆ سەر ئامریکاییەکان کە لە ژێر دەسەڵاتی سۆپای تێرۆریستی پاسدارانی ئێران دان و ڕاستەوخۆ لەوان دەستوور وەرئەگرن.
لەم نێوانە دا هایکۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئاڵمان هۆشداری داوە لە مەڕ مەترسی ئاڵۆزی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەگەری تێکشکانی یەکجارەکی بەڵێننامەی ناوەکی لە گەڵ ڕژیمی ئێران دا. ماس لە ئەنجۆمەنی نوێنەرانی ئاڵمان بۆندس تاگ ئاماژەی پێدا پێویستە ئێمە هەموو هەوڵ و تێکۆشانی خۆمان بەوپەڕی لەخۆبوردوویی وەگڕ بخەین بۆ ئەوەی بەرگری بکەین لە شەڕ و ئاڵۆزی لە ناوچەکەدا. وەزیری دەرەوەی ئاڵمان مەترسی تەشەنە کردن و زۆربوونی کێشە و ئاڵۆزی لە ناوچەکەدا بە گشتی بەرز نرخاند و داوای لە ئامریکا کرد بۆ پێکهێنانی رێگا چارەیەکی دیپلۆماتیک هەوڵ بدەن. هایکۆ ماس جەختی لە سەر ئەوە کرد زۆرترین گوشار هەموو کات مەترسی شەڕ و ئاڵوزییەکی نەخوازراوی لە گەڵ خۆی هێناوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.