ئاماده‌یی پۆڵۆنیا بۆ بەشداری لە پرۆسەی ڕاسپاردەی دابینکردنی باری ئه‌منی تەنگەبه‌ری هۆرمز لە کەنداوی فارس

0
889

ڕۆژی کورد :
دەوڵەتی پۆڵۆنیا ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی بەشداری دەکات لە پرۆسەی ڕاسپێردراوی نێودەوڵەتی زەریایی بە سەرۆکایەتی ئامریکا لە تەنگەڕێی هۆرمز. ئامریکا بۆ بەشداریکردن لە پڕۆسەی دابینکردنی باری ئەمنی و ئاسایشی هاتووچووی کەشتییە بازرگانی و بارهەڵگرەکان لە ئاوەکانی کەنداوی فارس بانگهێشتی ٦٠ وڵاتی کردووە.

ئاڵمان و فەڕانسە سەرقاڵی تاوتوێکردنی گەڵاڵەیەکن بۆ پێکهێنانی هێزێکی ئەوروپی بۆ دابینکردنی باری ئەمنی کەشتییەوانی لە ئاوەکانی کەنداوی فارس. زۆرینەی کەسایەتییە سیاسییەکانی ئاڵمان بەشداری وڵاتەکەیان لە بەرەی هاوپەیمانیی سەربازی بە ڕێبەرایەتی ئامریکا ڕەتکردووەتەوە. لە وەها بارودۆخێک دا، پۆڵۆنیا ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ بەشداریکردن لە ناوگانی هێزی زەریایی دابینکردنی باری ئەمنی کەشتییەوانی لە ئاوەکانی کەنداوی فارس. ناوگانێک کە سەرۆکایەتی کردنی وەئەستۆی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکایە.
ناوەندی هەواڵنێری ئاڵمان (dpa) ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٦ی ئاگۆست بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک لە وەرشۆ، پێتەختی وڵاتی پۆڵۆنیا، باسی لە ئامادەبوونی هێزەکانی ئەو وڵاتە کردووە بۆ بەشداریکردن لە بەرەی هاوپەیمانیی ناوگانی زەریایی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی دەوڵەتی ئامریکا.
یاجیک ژاپۆتۆویچ، وەزیری کاروباری دەرەوەی وڵاتی پۆڵۆنیا بە هەواڵنێری ناوەندی هەواڵنێری ئاڵمانی ڕاگەیاندبوو : ئێمە ئاگادارین کە بارودۆخەکە بە شێوازێکی تایبەتە کە ناتوانین بەرانبەری بێ لایەن بمێنینەوە. وەزیری کاروباری دەرەوەی وڵاتی پۆڵۆنیا هەروەها باسی ئەوەی کردبوو کە وڵاتەکەی ئامادەیە بە هەر شێوازێک بێت پشتیوانی بکات لە هەوڵ و تێکۆشانەکانی ئامریکا و بریتانیا بۆ دابینکردنی باری ئەمنی کەشتییەوانی لە ئاوەکانی کەنداوی فارس.
گەڵاڵەی پێکهێنانی ناوگانی نێودەوڵەتی هێزی دەریایی دوابەدوای هێرش بۆ سەر نەوتهەڵگرەکانی بەندەر فۆجەیرە بۆ یەکەم جار لە لایەم “ژۆزێف ئێستانفۆرد” بەڕێوەبەری ناوەندی فەرماندەیی هاوبەشی سۆپای ئامریکا ڕاگەیەندرابوو. ناوبراو خوازیاری دابینکردنی باری ئەمنی گەمییەوانی لە تەنگەڕێی هۆرمز و بابۆلمەندەب ببوو. دوابەدوای دەست بە سەرداگرتنی نەوتهەڵگری بریتانیایی لە ڕێکەوتی ١٩ی تەمووزی ڕابردوو، ئەم وڵاتە ڕایگەیاند کە لە ناوگانی زەریایی پێشنیارکراو لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکاوە بەشداری دەکات. هەروەها چەن وڵاتێکی دیکە لەوانە ئۆسترالیا و دانیمارک ڕایانگەیاندبوو کە لە هەر بارودۆخێکدا ئامادەن بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی ڕاسپاردەی نێودەوڵەتی بۆ دابینکردنی باری ئەمنی کەشتییەوانی لە کەنداوی فارسدا.
هەواڵنێری ئاڵمان لە درێژەی ڕاپۆرتەکەی دا نووسیوەتی : وەزیری کاروباری دەرەوەی وڵاتی پۆڵۆنیا لە چۆنییەتی بەشداریکردنی هێزەکانی وڵاتەکەی و هەروەها هاوکاری و پشتیوانی ئەم وڵاتە لە ڕاسپاردەی هێزی دەریایی ئامریکا و هاوپەیمانانی شیکردنەوەی زیاتر و وردتری نەداوە. مایک پۆمپێئۆ، وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕایگەیاندووە کە بۆ بەشداری لە پرۆسەی ڕاسپاردەی دەریایی بانگهێشتی ٦٠ وڵاتیان کردووە. هاوکات ئاڵمان لەو وڵاتانەیە کە ئامریکا داوای بەشداری لێکردوون لە ناوگانی هێزەکانی دەریایی دا. ئاڵمان ڕایگەیاندووە کە سیاسەتی دابینکردنی “زۆرترین گوشار و بایکۆتەکان” دژی ئێران پەسەند ناکات و هەر بۆیە لە بەشداریکردنی وڵاتەکەی لە ڕاسپاردەی دەریایی لە ژێر سەرۆکایەتی ئامریکا خۆی پاراستووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ژاپۆتۆویچ ڕەخنەی لە هەڵسووکەوتی وڵاتانی ئەندامی یەکیەتی ئەوروپا گرتووە لە هەمبەر سیاسەتەکانی ئامریکا. ناوبراو وتوویەتی : بە بڕوای ئێمە، پێویستە یەکیەتی ئەوروپا ڕێدۆزێکی ئەرێنی و ڕوونتر بگرێتە بەر لە بەرانبەر سیاسەتەکانی ئامریکا لە ناوچەکەدا. وەزیری کاروباری دەرەوەی پۆڵۆنیا باسی ئەوەی کردووە کە هەرکات کەلەبەرێک بکەوێتە نێوان سیاسەتەکانی یەکیەتی ئەوروپا و ئامریکا، ئەمە ئەتوانێت کاردانەوەی ناشیاوی بێت بۆ وڵاتی لەهێستان و وڵاتەکانی ئەوروپای ناوەندی. ناوبراو جەختی لە سەر ئەوە کردووە کە پێویستە ئەوروپا پێوەندییەکانی خۆی لە گەڵ ئامریکا ڕابگرێت و بەرپەرچی هەر چەشنە کەلەبەر و لێکترازانێک بداتەوە و ڕێگا نەدات کێشە بچووکەکان ببێتە هۆی دوور کەوتنەوەی یەکیەتی ئەوروپا لە دەوڵەتی ئامریکا.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.