کەمپەینی “پێشەوا، باوکی کورد”، ڕاگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە

2
40

ماوەی نزیک بە یەک مانگە، کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کورد لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات، هەڵمەتێکیان بۆ دەست نیشان کرانی ڕۆژی ١١ی بانەمەڕ، ساڵڕۆژی لەدایک بوونی پێشەوا قازی محەمەد، سەرۆک کۆماری تاقانە کۆماری کوردستان، خستە گەڕ.

ڕۆژی کورد: ئەو کەمپەینە کە لە ماوەی ڕابردوودا، بە چەند شێوەی جیاجیا کار و چالاکی کردووە و ئامانج و ویستی خۆی خستووەتە بەر باس، لە کۆتایی چالاکیەکانی و لە سەرەتای دەست پێکردنی ڕۆژی باوکی کورد واتا ١١ی بانەمەڕ کە بەرانبەرە لەگەڵ ١١ی ئوردیبەهیشت و ١ی مەی، ڕاگەیێندراوێکی بڵاو کردۆتەوە.

یەکێک لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی کەمپەین لەناوخۆ کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ، لە لێدوانێک بۆ بەشی کوردیی ناوەندی ڕۆژی کورد گوتی: “هەڵمەتەکە بە چڕی لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان و بەتایبەت لەلایەن کوردانی ڕۆژهەڵاتی نیشتمانەوە پێشەوازی لێکرا، هەر لە شەوی دووشەمە ١٠ی بانەمەڕەوە، ژومارەیەکی زۆر لە کوردانی بەکارهێنەری ڕایەڵە کۆمەڵایەتیەکانی تلێگرام، ئینستاگرام و فەیسبووک، بە دانانی وێنەی باوکیان، پیرۆزبایی ئەو ڕۆژەیان کردووە بەڵام نایشارینەوە کە گازندەیەکی زۆرمان لە ڕاگەیاندنی کوردی بە حیزبی و سەربەخۆوە بەتایبەتی لە ڕاگەیاندنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات هەیە کە تەنانەی دێموکراتەکان کە پێشەوا بە ڕێبەری حیزبەکەی خۆیان دەزانن، تەنانەت ئامادە نەبوون هەواڵیشی لەسەر بڵاو بکەنەوە، کە هیوادارین بۆ ڕووداوی هاوشێوە و چالاکیی هاوتا و بۆ ساڵانی داهاتوو، گۆڕانکاری لە خۆیاندا پێک بێنن و بە دڵ گەورەیی و هەستی نەتەوەییەوە بەرەو پیری چالاکیی ئەوتۆ بچن.

دەقی ڕاگەیێندراوەکە:

هاوڕێیانی هێژا
کوردستانیانی ئازیز
وەک ئاگادارن، ئێمە کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی و سیاسیی ناوخۆ و دەرەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە ماوەی یەک مانگ لەمەوبەر، هەڵمەتێکمان بۆ دەست نیشان کردنی ڕۆژی ١١ی بانەمەڕ، ساڵڕۆژی پێشەوای کوردان، پێشەوای کۆماری کوردستان، قازی محەمەد، وەک ڕۆژی باوکی کورد، دەست پێکردووە، ئێستاش ئەوا گەیشتووینە کاتی دیاریکراو و لە ئێستاوە “ڕۆژی باوکی کورد” دەستی پێکردووە.
لەو ماوەیەدا، زۆر کەس لە ناوخۆ و دەرەوە بە شێوەی جیاجیا، یارمەتیان داین، پشتیوانی و ڕێنماییان کردین و بابەتەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان هاوپشک کرد و بڵاو کردەوە کە دەستی هەموو لایەک دەگوشین و سپاسیان دەکەین.
جێگای خۆشحاڵیە کە ئەو هەڵمەتە لەلایەن زۆربەی خەڵکی بەشەڕفی کوردستان جێگای خۆی کردەوە و بە دڵێکی ئاوەڵا و نەتەوەییەوە وەرگیرا.
نایشارینەوە کە ئامانجی ئێمە، هەروەک لە پێشوو ڕامانگەیاندووە، تەنیا و تەنیا، هێماسازی بەرەو نەتەوەسازی و ڕێزگرتن لە مێژووی خۆمان و پیرۆزیەکانی کورد بووە و هەر بۆیەش دڵنیابووین و هەین کە هەنگاوەکەمان جێگای خۆی لە دڵ و هزری کوردستانیاندا دەکاتەوە.
لە کۆتاییدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ سەرجەم شەهدانی ڕێگای کورد و کوردستان و کوردایەتی و بەتایبەت باوکی ڕووحیی نەتەوەی کورد، پێشەوای مەزن دەچەمێنین و بە بۆنەی لەدایک بوونی ئەو مرۆڤە مەزنە، پیرۆزبایی لە سەرجەم باوکانی کوردستان دەکەین و دڵنیاین زۆربەی باوکانی کوردستان، هەڵگری پەیامی مێژوویی پێشەوان و لەوەبەدوا زیاتریش ئەو پەیامە لە گوێی خۆیان و زاڕۆڵەکانیاندا دەچرپێننەوە و زیاتر لە جاران، سەربەخۆییخوازی و بەدیهێنانەوەی کۆمار لە هزری کورددا چەکەرە دەکات و چیتر، سەربەخۆیی نابێتە خەونی شاعیران و دەبێتە ویستی شەقام و شاخ و گوندی کورد.
دڵنیاتان دەکەینەوە، ئەگەر تەمەن مەودای بە ئێمەش نەدا، ئەوا کەسانێکی تر، ساڵێکی تر و دەیان و سەدان ساڵی تر، ئەو ڕۆژە ئەو بۆنەیە زیندوو دەکەنەوە و ئەو هەڵمەتە بەردەوام دەبێتن.
پیرۆز بێ ڕۆژی باوکی کورد
دەستەی بەڕێوەبەریی کەمپەینی “پێشەوا، باوکی کورد|.
١١ی بانەمەڕی ٢٧١٨ی کوردی
١١ی اردیبهشت ١٣٩٧ شمسی
١ی مەی ٢٠١٨ی زایینی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

2 ‎كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌