کەلەشی: بایکۆتی چالاک، کاتێک دەکرێ کە هەموو هێزەکان یەکگرتوو بن

0
112

٧ی ڕەشەممەی ئەمساڵ، لە حاڵێکدا خولی دەیەمی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی کۆماری ئیسلامی و خولی پێنجەمی مەجلیسی خبرەگانی ڕێبەری بەڕێوە دەچێ کە زۆربەی نزیک بە تێکڕای ئەو کەس و لایەنانەی کە بە ڕیفۆرمخواز ناسراون لە لایەن شۆڕای چاوەدێری نیزامەوە، متمانەیان پێ نەبه‌خشراوە و زۆربەشیان دەنگیان هەڵبڕیوە و بەشێک لە پارێزەر و مامۆستاکانی زانکۆش لە نامەیەکدا بۆ ڕووحانی باسیان لە نەبوونی هەڵبژاردن لە دۆخێکی ئەوتۆدا کردووە، هاوکات زۆربەی هێز و لایەنە کوردییەکانی خۆرهەڵاتی کوردستانیش بە دانی بەیاننامە، هەڵبژاردنەکانیان تەحریم کردووە و داوایان لە خەڵک کردووە لەو هەڵبژاردنەدا بەشداری نەکەن.

ڕۆژی کورد بە مەبەستی تاووتوێ کردنی ڕای چالاكان و کەسانی خاوەن ڕای کورد، لەگەڵ بەشێک لەو چالاک و چاوەدێرە سیاسییانە، چاوپێکەوتنی ئەنجام داوە، کە چاوپێکەوتنی بەردەست تایبەتە بە بەڕێز سلێمان کەلەشی، چالاکی سیاسیی ناسراوی کورد.

ڕۆژی کورد: هه‌ڵبژاردنه‌كانی پارلمان و خیبره‌گانی ئێران له‌ چ به‌ستێن و هه‌لومه‌رجێكی سیاسیدا به‌ڕێوه‌ ده‌چێ ؟

کەلەشی: ئەوەی ڕاستتی بێ ئەم هەڵبژاردنە لە هەلومەرجێکی زۆر هەستیار وئاڵۆزی سیاسیدا بەڕێوە دەچێ. هەروەک دەبینن ڕۆژهەڵاتی ناوین بە گشتی و هەرێم و دەوروبەری ئێمەش بە تایبەتی لە ناو شەڕ و ململانێیەکی بێ ئەمان دایە، لەو شەڕ و ململێیانەدا جەهەتگیری و بەرەی تازە دێنە مەیدان و هەر کامەیەک بۆ پاڕاستتنی بەرژەوەندی خۆی و دۆستەکانی ئامادە دەکا، ئێران یەکێک لەو دەوڵەتانەیە کە ڕۆڵی سەرەکی دەبینێ بۆ ئاژاوەو دەست تێوەردانی و دووبەرەکی نانەوە لە ناوچەدا. بەڵام کاربەدەستانی ئێران هەتا ئەمروش لە گەل بێ زۆر ماهرانە لە گەل هەلۆمەرج و پێش هاتەکان هەڵسوکەوتیان کردووە، وەک دەزانن حکومەتی ئێران توانی لەو کات و ساتە قەیراناوییەدا لەگەڵ گروپی ٥+۱ بگا بە ڕێککەوتن و دەست ئاواڵەییەکی زۆرتر لە بارەی ئابووری و بایکۆتەکانەوە بە دەست بێنێ و هەروەها دەستی کراوەتر بکا بۆ سەرکۆت و داپلۆساندنی ناوخۆیی و دەست تێوەردانی ناوچەکە، هەر بۆیە سەردەمدارانی کۆماری ئیسلامی لەە کاتێکدا بەرو هەڵبژاردن دەچن کە خۆیان سەرکەوتوو دەبینن لە سیاسەتی دەروە و دەست تێوەردانی ناوچەکەدا.

ڕۆژی کورد:  سیاسه‌تی باڵه‌ جۆربه‌جۆره‌كانی ڕژیم له‌و پێوه‌ندییه‌ دا چۆنه‌ ؟

کەلەشی: دەبێ بگۆترێ هەموو باڵەکانی ناو رێژیم، سیاست و پرێنسیپەکانی کۆماری ئیسلامی و ویلایەتی فەقێیان قەبووڵە و هەروەها هەوڵ و تێکۆشانیان ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی بپارێزن. هەرچەند ئەوانیش وەک حیزبەکانی ئێمە شەڕیان لە سەر کورسی و دەسەڵاتە نەک لە سەر ئازادی، دیمۆکیاستی، مافی مروڤ و نەتەوەکان، یان ئەگەر باڵەکانی ڕژیم ناکۆکییان لەگەڵ یەکتری هەبێ ، ناکۆکی سەلیقەییە. بۆ نمونە: ئەگەر ئەحمەدی نژاد بە هەڕەشە و گوڕەشە و ئاشکرا و بە درووشمی لەناو بردنی ئیسرائیل لەسەر زەوی سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بە ڕێوە دەبرد،  بەڵام ڕوحانی بە نەرم و نیانی و دورووی و قەول و بەڵێنی دان و خاپاندن بەڕێوەی دەبا، لە ئەسڵدا هەر یەک سیاسەت پەیرەوی دەکەن و هەر بۆیەش هەموو باڵەکان بێ جیاوازی داوا لە خەڵک دەکەن بێنە سەر سەندوقەکانی هەڵبژاردن و دەنگ دان و بەشداری چالاکانە بکەن بۆ سەرکەوتنی نێزامی کۆماری ئیسلامی.

 ڕۆژی کورد: ڵێكدانه‌وه‌ و ڕوانینی خه‌ڵك بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ چۆنه‌ ؟

کەلەشی: ئەوەی من بزانم، خەڵک زۆر بێ هیوا و بێ لایەنە. مەبەستم خەڵکی ئاساییە نەک کاربەدەست و دارودەستەکانی حکومەت. هەروەک لە زۆر جێگا دەبنی و دەبیسی، خەڵک دەڵێ بۆ ئێمە جیاوازییەکی نییە. ئەوان چەندین دەورە بەڵێنی یان داوە دۆخی ژیان و کار کاسبی خەڵک باشتر دەکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ شتک بۆ باشتر کردنی ژیان و گۆزەرانی خەڵک نەگۆڕاوە و بەرەو پێش نەچووە، هەر بۆیە سەرەڕای ئەوە ڕێژیم بە شێوەی ئاڵەوواڵ و خەملاندی کێ بەرکێ و ڕەد و تەئید کرنی سەلاحییەتەکانی بەربژێرەکان، دەیهەوێ بە خەڵک بلێ دەنگی ئێوە گرنگە و وەن بۆ دەنگ دان، بەڵام خەڵک زۆر گرنگی پێ نادەن.

ڕۆژی کورد:  ئایا به‌ ڕای ئێوه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئێراندا هه‌لومه‌رج بۆ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ کەشی هه‌ڵبژاردن ده‌خوڵقێ ؟

کەلەشی: بەڵێ، دەرفەتیکی بچووک لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا پێک دێ، بەڵام نە ئەو دەرفەتەی کە ئێمە دەمانهەوێ. لێ مخابن کۆماری ئۆپۆزسیونێکی ئەکتیو و بە باندۆر نە لە ناوەوە و نە لەدەروە بە دژی کۆماری ئیسلامی ىوونی  نیە کە بتوانێ لەو دەرفەتە پچووکەدا کار بکا و بۆ خوڵقاندنی دەرفەتی گەورە و گونجاوتر. دژبەرانی کۆماری ئێسلامی، ئەوانەی سەرتاسەری بوون یان نەماون یان ئەگەر مابن ئەو هێندە بێخەم و پرش و بڵاون کە هەر وەک ئەوە وایە نەبن. ئەگەر باسی خەباتی نەتەوەکانی ئێرانیش بکەین، بێجگە لە کوردەکان ئەوانەی دیکە زۆر ڕێکخراو و جیددی نەبوون لە دژی کۆماری ئێسلامی وەک کوردەکان. ئێستا هێزەکانی کوردیش زۆر پرش بڵاون . هەر کام لەو هێزە ئێرانی و نەتەوەکانی ژێردەستی ئێران، لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا بە ڕاگەیاندنی بایکۆتێک خۆیان قەناعەت پێ دێننن و پێیان وایە هەموو ئەرک و وەزیفەیان بە جێ گەیاندووە.  بەو شێوەیە دەبن بە تەماشاچی هەڵبژاردنەکان. پێم خۆشە ئەوە بڵێم، کۆماری ئێسلامی ئێران بە دەستی خۆی بۆ ئێمە هەلومەرج ناخۆلقێنێ، نەک کۆماری ئێسلامی، هیچ حکۆمەتەکی دیکتاتور ئەو کارە ناکا. ئەوا ئەرکی هێزە سیاسی و دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی یە ئەو هەلومەرجە بچووکانەدا کە جار جار دێنە ئاراوە، بقۆزنەوە و کەڵکی لێ وەربگرن. دیارە دەرفەت ئافراندنیش بێ فیداکاری و نرخ دان بە دەست نایە. هەموو شتێک بە کار و تێکۆشان و هێز دەکرێ. ئەگەر هێوامان ئەوە بێ حکۆمەتی ئێران یان هێزەکانی دەرەکی بێن و بۆمان ڕێگا خۆش بکەن و دەرفەتمان بۆ بخۆلقێنن ، ئەوا خیاڵ بەس.

ڕۆژی کورد: تاكتیكی بایكۆتی چالاك واته‌ ته‌حریمی فه‌عال چۆن ده‌توانرێ سازمان بدرێ و رێكخستنی بۆ بكرێ ؟

کەلەشی: با ئاوا بەرسڤی ئەم پرسیارەی ئێوەی بەڕێز بدەمەوە. پێش هەموو شتێک، ئەو کەس و هێزانە دەتوانن بایکۆتی چالاک یان فعال ڕێک بخەن، دەبێ پێش هەموو شتک، خۆی و هێزەکەی خۆی ڕێک بخات و رێک و پێک بکەن. لە کاتێکدا کە هێز و توانایی ئەوەیان نیە خۆیان و ناوماڵی خۆیان ڕێک بخەنو لەگەڵ یەکتر ڕێک بکەون، چۆن دەتوانن خەڵکی ئێران بە ئەو هەموو جیاوازیاینەوە رێک بخەن؟ و بایکۆتی چالاک بەڕێوە بەرێ؟ هەر کات دژبەرانی کۆماری ئیسلامی هێز و توانایی ئەوەیان هەبوو پێکەو دانیشن و بەرەیەکی پێک بێنن و یەک دەست و پێکەوە بایکۆتی هەڵبژاردننەکان بکەن، ئەو کات دەتوانن بایکۆتی چالاک و بە باندۆر بە ڕێوە بەرن. بێجگە لەوە دەبێ وەک ئێستا بە هێوای تەقینەوە و بوویەرەکانی ناوخۆ و دەرەکی بکەین. سەرکەوتن بۆ ئێوە و نەتەوەکەمان

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌