ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان، هەڵبژاردنەکانی بایکۆت کرد

0
151

ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا کە نووسخەیەکی بۆ رۆژی کورد نێردراوە، هەڵبژاردنەکانی حەوتی ڕەشەممە بایکۆت دەکا و ڕایدەگەیەنێت: لەسەر ئەو باوەڕەین کە بەشدارییکردن لەو بەنێو هەڵبژاردنانەدا نەك سوود و کەڵکی بۆ ئێوە و بزووتنەوەی مافخوازانەی کوردستان و ڕەوتی ئازادییخوازیی نیە، بگرە هاوڕێ لەگەڵ خواست و مەبەستەکانی دەسەڵاتدارانی ڕژیم و بە قازانجی سیاسەتی ئەوان دەچێتە پێش و، بازاڕی ئەوان گەرم و زیندوو ڕادەگرێ.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەمشێوەی خوارەوەیە؛

ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان سەبارەت بە هەڵبژاردنی دەورەی دەیەمی مەجلیسی ئێران و دەورەی پێنجەمی مەجلیسی (خیبرەگان)

بە ناوی خودای دەهندە و دلۆڤان

خەڵکی ئازادییخوازی کوردستان!

هێز و کەسایەتییە سیاسییەکان!

وەک بڕیارە ڕۆژی جومعە ٧ی ڕەشەمەی ١٣٩٤ هاوکات دوو هەڵبژاردن لە ئێران بەڕێوەدەچن، یەکیان هەڵبژاردنی دەیەمین دەورەی مەجلیسی شوڕا و ئەوی دیکەش هەڵبژاردنی پێنجەمین دەورەی “مەلجیسی خیبرەگانی ڕێبەریی”ە.

ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان باوەڕی قووڵی بە دەسەڵاتی ڕاستەقینەی خەڵک و میکانیزمی هەڵبژاردن لە کاری سیاسییدا هەیە و، ڕێز لە دەنگ و ئیرادەی ئازادانەی خەڵک بۆ دیاریکردنی جۆری دەسەڵات و دەسەڵاتداران دەگرێ و، دابینکردن و پاراستنی ئەو مافە گرنگە ئینسانییە بە ئەرکێکی سەرەکیی خەباتی خۆی دەزانێ، بەڵام لە هەمان کاتدا و لە پێوەندیی لەگەڵ دۆخ و دەسەڵاتی سیاسیی زاڵ بەسەر ئێران و کوردستاندا ئەو ڕاستییە تاڵ و کەشە تاریکەش دەبینێ کە هەڵبژاردن و بڕیاری خەڵك لە سیستمی کۆماری بەنێو ئیسلامیی ئێراندا هیچ حورمەت و قیمەتێکی نییە و دەنگ و بڕیار و ئیرادەی ئازادی کۆمەڵ هیچ مانایەکی نیە.

هەموومان ئەو ڕاستییە دەزانین و دەبینین کە دەسەڵاتی حاکم بەسەر ئێران و کوردستاندا سەرتاپای نوقمی خوێن و تاوانە و، زیاتر لە ٣٥ ساڵە ئەتکی حورمەت و کەرامەتی ئینسانیی دەکا، بێڕیزیی بە ئازادییە سەرەتاییەکان و مافە دینیی و مەزەبیی و نەتەوەییەکان دەکا، بە هەموو شێوەیەك شەرعی خودا و یاسا خەڵکییەکان پێشێل دەکا، ئارامیی و ئاسوودەیی لە کۆمەڵ هەڵگرتووە، بەربینگی بە ئازادیی و ئازادییخوازان گرتووە، تینگی بە سەروەت و سامانی خەڵکەوە ناوە و، ژینگە و ژیان و زەوی و ئاسمان ژاراویی دەکا. لەگەڵ هەموو ئەوانەش هەڵبژاردن لە سایەی ئەو ڕژیمەدا لە سەرەتاییترین خاڵ و خەسڵەتەکانی هەڵبژاردنی ڕاستەقینە بێبەشە. نەبوونی یاسایەکی ڕوون بۆ هەڵبژاردن و دەنگدان، ناجێگیریی پێوەرەکانی خۆکاندیدکردن و پەسەندکردن یا ڕەتکردنەوەی کاندیدەکان، چاودێرییکردن و چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە، ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان و…. لەگەڵ پایە سەرەکییەکانی هەڵبژاردنێکی ئازاد ناتەبا و نەبانن.

لەوانەش گرنگتر ئەوەیە کە مێژووی هەڵبژاردنەکان لە ئێرانی بن دەسەڵاتی “کۆماری ئیسلامیی”دا لەمێژە نیشانی داوە کە دەنگدان و هەڵبژاردن و هەڵبژێران لە فەرهەنگی ئەواندا چ مانا و نێوەرۆکێکی هەیە. لە سێ دەیە و نیوی تەمەنی ئەواندا خەڵکی کوردستان و ئێران چەندین جار شاهیدی ئەو ڕاستییە بوون کە مەبەستی هەوەڵ و کۆتایی کاربەدەستانی ڕژیم لە وەڕێخستنی ئەو هەڵبژاردنانە لە ڕاستییدا تەنیا فریودانی خەڵک و شاردنەوەی ڕووی ڕاستی خۆیان و نیشاندانی وێنەیەکی پێچەوانەی ئەوەی لە ژێر دەسەڵاتی ئەواندا دەگوزەرێ، بووە. بۆیە هەموو هەوڵ و هەنگاوی مۆرە و دامودەزگا جۆراوجۆرەکانیان بۆ ئەوەیە بە هەر شێوە و ڕێگەیەك بێ زۆرترین خەڵک لە شار و دێ و شوێنی کار و ماڵەکان بەرنەدەر و بۆ جوانکاریی و ڕەنگپێدان بیانبەنە سەر سندوقەکانی دەنگدان.

هەر کات هەرا و هەنگامەی هەڵبژاردن دێننە گۆڕێ، کاربەدەستانی ڕژیم بۆ هاندانی خەڵك و خڕکردنەوەیان لە دەوری ناوەندەکانی دەنگدان سیاسەتی زۆر حیلەبازانە و چاوبەستانە دەگرنەبەر، وەك: بەڕێوەبردنی دوو هەڵبژاردنی جیاواز لە یەک کات و بە یەك پڕۆسە ( وەک هەڵبژاردنی “مەجلیسی شوڕا” و “مەجلیسی خیبرەگان” ئەمجارە و ، هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و شوڕای شار و دێیەکان لە مانگی جۆزەردانی ١٣٩٢ دا)، دروستکردنی هەرا و دەنگۆی ڕیفۆرم و ڕیفۆرمخوازان، گەورەکردنەوەی ڕەنگاوڕەنگیی کاندیدەکان و نیشاندانی بەرە و باڵی جیاواز لەناویاندا، هێنانەبەرباسی گەشە و ئاڵوگۆڕ و چاکسازیی و زۆر شتی دیکە. ئەوە ڕاستە کە بڕێک جار لە ناو هێندێک لە کاندیدەکاندا جیاوازیی بۆچوون و قسە لەسەر چەند مەسەلەیەك خۆ نیشاندەدا، وەك ئەوەی تاقمێک بە دوای کەم و زۆرکردنی ڕادەی بەشداریی کەسانن لە توێژە جیاوازەکانی وەک ژنان و لاوان، یا هێندێکیان مەسەلەی “بەمێزەر” و “بێ مێزەر” (“با کلاە” و ” بی کلاە”) دێننە گۆڕێ، هێندێکی تر باس لە کرانەوەی زیاتر بە ڕووی ڕۆژاوا و دنیای دەرەوە دەکەن، بەڵام برین و ئازارەکانی خەڵکی ئێران بە گشتیی و کوردستان بە تایبەتیی زۆر لەوە گەورەتر و بەژانترە، ئەویش دیکتاتۆریی و نەبوونی ئازادییەکان و زۆروزەوەندیی زەبروزەنگ و کپکردنی هاوار و دەنگەکانە.

ڕژیمی تاران ئەو هەڵبژاردنانە بە دوو ئاڕاستە بەکاردێنێ. لەلایەک ڕوو بە دەرەوە شانازیی بە ژمارە و قەوارەی هەڵبژاردنەکانەوە دەکا و، ئەو مانۆڕانە وەک بەڵگەی دێموکڕاتبوون و خەڵکیبوونی دەسەڵاتەکەی نیشان دەدا و وەک کارتێك بە ڕووی ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا یاری پێدەکا، لە لایەکی دیکەشەوە بۆ ڕەواییدان بە دەسەڵاتەکەی و درێژکردنەوەی تەمەنەکەی لە بەرانبەر خەڵکی نێوخۆدا بەکاری دێنێ. بەڕێوەبردنی پڕۆسەی ئەمجارەش لەم قۆناغ و بڕگە زەمانییەدا هەم درێژەپێدەر و تەواوکەری سیاسەتی پێشوو دەبێ، هەمیش هەوڵ و سەرەتایەکی نوێ بۆ پەلاژۆپێکردنی ئەو کۆمارە “ئیسلامیی”ە دەبێ کە ئیددیعای دەکا.

ئێمە دەبێ ئەوەمان لەبیر بێ کە بەشدارییکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا لە ڕووی یاسایی و لە واقیعدا مۆری پەسندکردنی مانەوەی ڕژیم و درێژەدانی ئەو سیاسەتانە بووە و، سەرانی رژیمیش هەر بۆ ڕەواییدان بە کار و ڕەوت و شێوەی سیاسەتی خۆیان کەڵکیان لە خەڵک وەرگرتووە. دەنا دانانی ئەو هەموو کۆسپ و بەربەست و پێوەرە پێوار و بەرپێوارانە، کە بە مەیلی دەمڕاستە دەستڕۆیشتووەکانی کۆماری ئاخوندەکان لەبەر دەم و لەسەر ڕێی پاڵێوراوەکان کراونە لەمپەر، پێش هەڵبژاردنیش ئامانج و ئاکام و ئەنجامەکەی بۆ هەموو خەڵک ئاشکرا دەکا و دەیسەلمێنێ کە خەڵك بەشداریی بکەن یان نا، ئەوەی لە “سندوقی دەنگدان” دەردەچێ و دەسەڵات بەدەستەوە دەگرێ، کەسێکە، بیەوێ یا نەیەوێ، دەبێ ڕەچاوی سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت و نیزام بکا و “وەحدەتی میللیی ئێران” بپارێزێ، کە ئەویش دیارە پێچەوانەی ویست و بەرژەوەندیی خەڵك و دژی ماف و ئامانج و ئازادییەکانی گەل و نەتەوەکانی بندەستی ئەو ڕژیمەیە.

بە بڕوای ئێمە تەنیا هۆکار و پاڵنەرێک کە دەتوانێ پانتایی بایکۆت بەرینتر و هەودای هەڵوێستی هێزە ئازادییخوازەکان بەهێزتر بکا ئەوەیە کە دەبێ هەموو ئەوانەی مافی بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا هەیە، بە چاوی واقعبینانە و بیری ئازادییخوازانە کارنامەی سیوپێنج ساڵی تەمەنی کۆماری بەنێو ئیسلامیی ئێران وەخوێنن و، لەو ڕاستییە ئاگادار بن کە لە هەموو قۆناغەکانی ئەو دەسەڵاتە و لە دوای هەر هەڵبژاردنێک جڵەوی فەرمانڕەوایی بە دەست هەر باڵ و بەرە و کەس و تاقمێکەوە بووبێ، سیاسەت و ڕێبازی ڕژیمەکە هەر زوڵم و زەبروزەنگ و ستەم و سەرکوت و چەوساندنەوە و کوشت و بڕ و کپکردنی دەنگی ئازادیی بووە.

خاڵێکی گرنگی دیکە، کە لەو پێوەندییەدا دەبێ سەرنجی بدرێتێ و لەبەرچاو بگیرێ، ئەوەیە کە بەتێکڕا لە هەڵبژاردن و بە تایبەتییش یاسای زۆرینە و کەمینەی بێ قەید و بەنددا، لە هەموو سیستەمەکاندا بە سیستەمە دێموکڕاتیکەکانیشەوە، مافپێشێلکردن و ستەم لە کەمینە بەیاسایی دەکرێ و بە ڕەوا دادەندرێ و دەزاندرێ. بۆیە ئەگەر خەڵك، هەم کاندید و هەم دەنگدەران، بەم تێبینیی و تێڕوانینەوە هەڵسەنگاندن و تاوتوێی دۆخی هەڵبژاردن لە ئێرانی ژێر سایەی ئاخوندەکاندا بکەن، دەبێ بزانن کە بە بەشدارییکردن لە هەڵبژاردنەکاندا و چوونیان بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان لە ئەنجامی کارنامەی کاربەدەستانی ڕژیم بەرپرسیار دەبن.

خەڵکی خۆڕاگر و مافخوازی کوردستان!

بە خوێندنەوەی بارودۆخی سیاسیی دژواری ڕژیم و هەڵسەنگاندنی سەنگی بەناو بەرە و باڵەکانی دەسەڵات و لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییانەی پێشتر ئاماژەیان پێکرا، لەسەر ئەو باوەڕەین کە بەشدارییکردن لەو بەنێو هەڵبژاردنانەدا نەك سوود و کەڵکی بۆ ئێوە و بزووتنەوەی مافخوازانەی کوردستان و ڕەوتی ئازادییخوازیی نیە، بگرە هاوڕێ لەگەڵ خواست و مەبەستەکانی دەسەڵاتدارانی ڕژیم و بە قازانجی سیاسەتی ئەوان دەچێتە پێش و، بازاڕی ئەوان گەرم و زیندوو ڕادەگرێ.

ڕژیم، بە تایبەتییش کاربەدەستە باڵاکانیان، ئەمڕۆ زۆر زیاتر لە جاران ئاتاجیان بە بەشدارییپێکردنی خەڵك لە دەنگدان و پڕۆسەی هەڵبژاردنەکاندا هەیە، بۆیە بەشداریینەکردن لەو بەناو هەڵبژاردنانەدا، بە پێچەوانەی بەشدارییکردن، هەڵوێستێکی ئازایانەی ئازادییخوازانەیە و پێویستی بە مایەبۆدانانە، چونکە بەشداریینەکردن لەو گاڵتەجاڕییەدا پێچەوانەی ویست و مەبەستی ڕژیمە و خزمەتە بە بزووتنەوەی مافخوازانەی کوردستان.

ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان

٢ی ڕەشەمەی ١٣٩٤ی ک. هـ (٢١/٢/٢٠١٦ی ز)

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌