ڕۆژهەڵات و مەترسیی پیلانێکی چڕی چەندلایەنە

0
205
هەڵمەت مەعرووفی

تا ئێستا و تەنیا لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، کورد لە دوو پارچەی باشوور و ڕۆژاوا، لە ناو پیلانێکی ناو دەوڵەتیەوە گلاوە و بەپێچەوانەی ئەوەی کە چاوەڕوان دەکرا، شەڕی دژ بە داعش و شەڕی ناوچەکە، بە قازانجی کورد بشکێتەوە، ئێستا ئاماژەکان باس لەوە دەکەن کە نەتەنیا گەڵاڵەیەک بۆ درووست بوونی حکومەتی کوردی لە ئارادا نیە، بگرە، هەموو هەوڵەکان بۆ سڕینەوەی یەکجارەکیی کورد و خەباتی کورد و کپ و کڕ کردنیەتی. هەوڵەکان بۆ ئەوەن کە بەشێک لە باشوور بۆ هەمیشە بخرێتەوە سەر عێراق و بەشێک لە ڕۆژاوا بخرێتە سەر تورکیە و کوردستان، دابەش بوونگەلێکی تر بە خۆیەوە ببینێ.

کوردستانی باکوور کە پێشتر لە ڕووی نەریت و زمان و کەلتوورەوە ئاسمیلە بووە و تواوەتەوە، لەو ساڵانەی دواییدا، هەم بە هۆی نەبوونی سیاسەتێکی کوردی و برەو پێدان بە سیاسەتی ناو و ناوەرۆک بەتاڵی “برایەتیا گەلان” و هەمیش بە هۆی سیاسەتی گەشەپێدانی ئابووری و دامەزراندنی کەسانی ئیسلامی و سەر بە ئەردۆغان، زیاتر لە جاران هەست و خوستی کوردایەتی لێ بڕاوە، بۆ نموونە شاری “گەوەر” کە هەمیشە دەنگی بەرزی کوردایەتی بووە، ئێستا لە چرکەساتی مەرگی کوردایەتیی خۆیدا دەژی، دیاربەکریش کە لەمێژە، هەناسەی کوردایەتی لێ بڕاوە.

بەڵام ئەوەی کە ئامانجی ئەو نووسراوەیە، بریتیە لە مەترسیەک بۆ سەر ڕۆژهەڵات. گەلۆ، داگیرکەرانی کوردستان و زلهێزە بەرژەوەندی خوازەکانی جیهان، تەنیا بەو سێ پارچەیە دەوێستن و دەست ڕادەگرن یان ئەوەتا ڕۆژهەڵاتیش کە زیندووترین پارچەی کوردستانە، لەژێر مەترسی دایە و لەو پارچەبوونە نوێیەدا، پشکی شێری بەردەکەوێ؟

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەواڵ و زانیاریی تەواو لەبەر دەست دایە کە پارتی کرێکارانی کوردستان کە تا ئێستا هەم ڕۆژاوای تووشی ژینۆسید کرد و هەمیش لاقی تورک و ئێران و سووریە و حیزبووڵای کێشاوە ناو خاکی کوردستان لە عەفرین، چەند شوێنێکی ژیۆپۆلتیک و ستراتژیکی لە کێلەشین و قەندیل بۆ هێزەکانی تورکیە چۆڵ کردووە، ئەوە لە کاتێکدایە کە هیچ شەڕێکی ئەوتۆ لە ئارادا نەبووە کە ناچار بە پاشەکشە بن. بەپێی ئەو هەواڵ و زانیاریانە، گریلاکانی پارتی کرێکاران، لەسەر فەرمانی ڕێبەریی حیزبەکەیان، بەشێکی زۆر لە خواکورکیان چۆڵ کردووە و ئێستا ژاندارمی تورک بەوپەڕی بێ ئاریشەییەوە لە شوێنەکانیان دامەزراون.

پێشمەرگەیەکی ڕۆژهەڵات دەڵێ، بەپێی بەراوردەکان، ژاندەرمە تورکەکان بە نیازن، مەودای بوونی خۆیان بەرەو ناوچەی خنێرە و لوولان پەرە پێبدەن و ئێستا لەسەر چۆمی خواکورک، خێوەتیان هەڵداوە و پاشەکشەکەی پارتی کرێکاران، بێ هیچ شەڕ و بەربەرەکانیەک و بە دڵخوازە.

مەزندە دەکرێ، هاتنی تورک و سوپای تورک بۆ قەندیل، بەپێی پیلانی سێ لایەنەی ئێران، تورکیە و ڕووسیە لە سووچی هاتبێتە ئاراوە. هەروەک پیلانی هێرشی تورکیە بۆ عەفرین و لە هەمبەردا دەست بەسەردار بوونی تورکیە لە شۆڕشیەکانی غووتای ڕۆژهەڵات، لە دانیشتنی ٦ مانگ بەر لە ئێستای سووچی، داڕێشتراوە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە ئێستا ئێران و عێراق و تورکیە، پێکەوە ڕێکەوتننامەیەکی مێژووییان لە سەعدابادەوە واژۆ کردووە کە بە گۆڕینی ڕژیمەکانیش هەر پێی پێ مل بوون، دەتوانن تا مەودای ١٥ کیلۆمیتر بچنە ناو خاکی یەکتر، کە ئەوە تەنیا بۆ سەرکوت کردنی کوردە نەک هیچ هێرش و هەڕەشەیەکی تر. جیا لەوەش ئێران لە باشوور و عێراق، خاوەن ماڵە و بۆی هەیە هەم لە لای باشوور و هەمیش لە لای ئێرانەوە، هێرش بکاتە سەر پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات.

لێرەدا دوو سیناریۆ دەتوانێ هەبێ:

یەک: لە ماوەی ١٥ ڕۆژ تا یەک مانگی داهاتوودا، تورکیە بەسەر قەندیل دا زاڵ بێ و ئێرانیش بە بیانووی بوونی تورکەکان، هێزی زیاتر لەو دەڤەرە و لە سنوورەکان جێگیر بکات کە لە ڕواڵەتدا، دژ بە یەکن و بە بیانووی پێشێل کرانی سەروەریی خاک، لە دژی یەکتری بوەستنەوە، لە حاڵێکدا لە ژێرەوە پیلانی هاوبەش بەڕێوە دەبەن، هەروەک لە عەفرین بینیمان کە ئێران پشکی سەرەکیی ئەو پیلانەیە بەڵام بەڕادەیەک خۆی بە دۆستی یەپەگە و کورد نیشان دەدا کە هەواڵدەری ئێران لە عەفرین، ڕاستەوخۆ ڕاپۆرتی دەدا لە حاڵێکدا هەواڵنێری کورد بۆیان نەبوو بچنە ئەو دەڤەرە و هەمان ئێرانیش، حەشدی شەعبی و حیزبووڵا و فاتمیون و تاهریون و حیزبووڵای ئەلنوجەبای بردەوە عەفرین تا بۆ قسەی خۆیان بەرگری لە کورد لە هەمبەر تورک بکا، کەچی تا ئێستاش نە تەقەیان کرد و نە بەرگریان کرد و نە پەکەکە و یەپەگەش باس لەوە دەکەن کە ئەدی ئەو هێزانە چیان لێهات؟ ئەدی چما پێشیان بە تورک نەگرت؟ ئایا هەر ئەو میلیشیایانە، لە ناو عەفرین خەڵکیان نەکوشت و ڕێگایان بۆ تورک نەکردەوە؟

دوو: لە ئەگەری چڕبوونەوەی خەباتی چەکداری و شڵەژانەوەی ناوخۆی ئێران، هێرشێکی دوو لایەنە دەکرێتە سەر کوردی ڕۆژهەڵات. جیا لەوەش بۆیە هەیە تورکیە کە لەگەڵ پارتی دێموکرات واتا پارتی، پەیوەندیەکی برایانەی هەیە، پلانی بۆ گرتنی هەندێک شوێنی کوردستان یان چوونە ناو کەرکووک هەبێ کە هەڵبەت، تەنانەت لە دەڤەری دهۆک و ئاکرێ، تورکیە لانیکەم ١٣ پایەگای سەربازی هەیە کە ئەوەش جێگای ڕامانە.

کۆبەند:

ڕۆژهەڵات لەبەردەم مەترسیەکی جیدی دایە، مەترسیی هێرشی دوو لایەنە و تەنانەت بۆی هەیە لایەنی کوردیش چ پەکەکە و چ بەشێک لە یەکێتی یان ئیسلامیەکان، لەگەڵی بن و هاوکار بن. لێرەدا تەنیا ڕێگاچار، رێکخستنی هێزێکی سەربازیی تۆکمەی هاوبەش، توندوتۆڵ کردنی سەنگەرەکان، سازدانی پەیوەندی لەگەڵ هەندێ وڵات و لە ناویاندا وڵاتانی عەڕەبی و دەستبەرداربوونی بیری ئیسلاح تەڵەبیە.

کوردی ڕۆژهەڵات و هێزەکانی، دەبێ ئەو ڕاستیە بزانن کە دۆخەکە زۆر نالەبارە، هەموو جیهان و لانیکەم زلهێزان، مامەڵەیان لەسەر کورد کردووە و بۆی هەیە سایکس- پیکۆیەکی تر باوەشی نگریسی بۆ کورد کردبێتەوە و دابەشی بکات. لەو ناوەدا تا ئێستا هەم پارتی و هەم پەکەکە، بە هۆی سەرەڕۆیی، پاوانخوازی، بیری سەرۆک سەرۆکێن و قەبووڵ نەکردنی لایەنی تر و نزیکی لە داگیرکەران و بوون بە داردەست و بووکەڵەی سیاسیی ئەوان، دەورێکی نەرێنیان گێڕاوە، بەتایبەتی کە پارتی کرێکارانی کوردستان، تا ئێستاشی لەگەڵ دابێ، ڕوون نیە لە چی دەگەڕێ و چی گەرەکە و ئەرک و پێ ئەسپێردراویەکەی چیە؟ ئەو پرسیارانە، کاتێک زەقتر دەبنەوە کە چاو لە سیاسەتی پەکەکە لە عەفرین و هەواڵبەندیەکانی و شێوەی پاشەکشە و دانوستانەکانی بکەین و لە هەمان کاتدا، ئاوڕێک لە سیاسەتی پەکەکە لە شنگال بدەینەوە. خۆ ئەگەر ئەوانە هاوتا بکەین لەگەڵ بەندکران، ڕەتاندن و پەلاماردانی کەسانی نەتەوەیی لە ڕۆژاوا و هەڵبژاردنی درووشمی بێ ناوەرۆکی “برایەتی گەلان” و نەبوونی هەڵوێست لە باکوور لە دژی هێرش بۆ عەفرین تێک بخەینەوە و لێکیان گرێ بدەین، بۆمان دەردەکەوێ کە پارتی کرێکاران، پارتێکی کرێکارە و کرێکارێکی سیاسیە، ئەوەش بە بێ سرنجدانە بە دۆخی کورد و ویستی کورد. گۆڕنی هێما نەتەوەییەکان، گۆڕینی خۆشەویستیی خاک بۆ سەرۆک، دژایەتی کردن لەگەڵ هەموو هێزێکی کوردی، هەوڵ دان بۆ بەدەستەوەدانی شنگال، هەوڵدان بۆ بە ناکورد ناساندنی هەورامی و ئێزیدی و زازا و یارسان و …تاد، بەشێک لە کردەوەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانن کە لە مێشکی واقع بین و لۆجیکی دا هیچ پاساوێک هەڵناگرن.

هێزی سەربازیی پەکەکەش بە هۆی هێزی میدیایی ئەو پارتە، زیاتر لەوەی ڕاستی بێ، خیاڵیە، خەیاڵێک تا ڕادەیەک قووڵ کە هیچ هێزێک نیە و نابینی لە کاتی ژینۆسیدی کورد و کۆمەڵکوژیەکەیدا، بە هانایەوە بنێرێت، ئەو هێزە جەماوەریەش کە لە شایی و هەڵپەڕکێ لە باکوور یان لەسەر شەقامەکانی ئوروپا باسی دەکرا، بنەمایەکی بۆشی هەبوو و هەڵۆڵتر لە هەمیشە بیندرا و خۆی نیشان دا.

کەواتە با ئێمەی ڕۆژهەڵاتی، لەسەر هەست و دەست لەسەر پەلاپیتکەی تفەنگ بین و لە ئوروپاش خۆمان بۆ ناڕەزایەتیی جەماوەری لە کاتی پێویستدا، ئامادە بکەین.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌