چیا بوو بە هه‌ڵبژاده‌ی گرینگترین ڕووداوی جیهانی تالابەکان لە ساڵی ۲۰۱۶ دا

0
800

به‌ پێی هه‌واڵی گه‌یشتوو به‌ ماڵپه‌ڕی ژینگه‌وان ئەنجومەنی سەوزی چیا لە فستیڤاڵی نێودەوڵەتی ڕۆژی جیهانی تالاب (ئاوپه‌نگ، زه‌لکاو) کە لە شاری ئەسفەهان بەڕێوە چوو، وەکوو قارەمانی تالابی ئێران ناسرا.
۱۳ی ڕێبەندان، ڕێکەوت لەگەڵ ڕۆژی جیهانی تالاب، لە هۆڵی کۆنفڕانسی هۆتێل عەباسی ئەسفەهان، گەورەترین ڕووداوی بواری تالاب لە ساڵی ۲۰۱۶ لە ئاستی جیهاندا، بەڕێوە چوو.
بە ئامادە بوونی سکرتێری گشتیی و ئەندامانی دەبیرخانەی کونوانسیۆنی نێونه‌ته‌وه‌یی ڕامسەر، نوێنەری کاتیی ڕێکخراوە نێو دەوڵەتییەکان لە ئێران، ڕێزدار دوکتور “مەعسوومە ئبتکار” جێگری سەرۆک کۆمار و به‌رپرسی ڕێکخراوه‌ی پاراستنی ژینگه‌ی ئێران و بەرپرسانی پلە بەرزی ئه‌و ڕێکخراوه‌، بەرپرسانی پارێزگای ئەسفەهان، باڵوێزی بڕێک لەو وڵاتانەی لە بواری تالاب چالاکییان کردووە و هەروەها چالاکان و هەڵسووڕاوانی ژینگەیی، ئەم ڕێوڕەسمە بەڕێوە چوو.
بۆ ڕێز لێنان لە چالاکییەکانی ئەنجومەنی سەوزی چیا و هەوڵدان بۆ پاراستنی تالابی زرێبار بە تایبەت ڕێوڕەسمی “ڕۆژێکم بۆ زرێبار” و کۆکردنەوەی زیاتر لە ۱۰ هەزار کەس لە شارۆمەندان، شوێن کەوتن و تۆمار کردنی پەلەوەرە کۆچەری و خۆجێیەکانی زرێبار و هەوڵدان لە پێناو پاراستنیان وەکوو میوانێک، بەڕێوەبردنی ۴ کارگە لە پێوەندی لەگەل تالابی زرێبار بە ئامادە بوونی بەرپرسانی شار و پارێزگاو وڵات، هەر وەها کاریگەرە کەلتوورییەکانی ئەم ئەنجومەنە لە سەر خەڵکی بۆ مامەڵە کردنیان لەگەل ئکۆسیستمی زرێباردا، ئەم خەڵاتە پێشکەشی چیا کرا. ڕێزدار “کاوە کوردستانی وەکوو نوێنەری چیا خەڵاتی قارەمانی تالابی لە دوکتور “ئانیا گروبیگ” سکرتێری گشتیی کۆنوانسیۆنی نێونه‌ته‌وه‌یی ڕامسەر وەرگرت.
کۆنوانسیۆنی ڕامسەر کۆنترین پەیمانی ژینگەیی دونیایە کە لە ۱۳ی ڕێبەندانی ۱۳۴۹ی هەتاوی (۱۹۷۱ی زایینی) لە ڕامسەر دامەزراوە و لە ساڵی ۱۹۷۷ بەملاوە، هەموو ساڵێک فستیڤاڵی ڕۆژی جیهانی تالابەکان لە ئاستی نێو دەوڵەتی دا، لە یەکێک لە وڵاتانی ئەندام بەڕێوە ئەبات. تا ئێستا ۱۶۹ وڵات ئەندامی هەیە و ۲۱۸۶ تالاب لە کۆنوانسیۆنی ڕامسەردا تۆمار کراون.
لەم فستیڤاڵەدا ڕێکەوتننامەیەک لە نێوان ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران و کۆنوانسیۆنی نێودەوڵەتی تالابەکان واژۆ کراوە کە تێیدا تالابی زرێبار یەک لەو تالابانە دەبێت کە کۆنوانسیۆن پرۆگرامی تایبەتی تێدا بەڕێوە دەبات. دواتر وردەکارییەکانی ئەم ڕێکەوتنە بڵاو دەبێتەوە.
شایانی باسە ئەنجومەنی سەوزی چیا لە ساڵی ۱۳۹۳ی هەتاوی دا پلەی یەکەمی “خەڵاتی نەتەوەیی ئێران”ی وەرگرت.