ئێران لە بواری ژینگە پارێزییەوە لە هەموو جیهان پلەی ۱۰٥ی بە دەست هێنا

0
725

بەپێی ارپۆڕتی ماڵپەری ژینگەوان، لە نێو کۆی ١٨٠ وڵاتی جیهاندا، ئێران لە بواری پاراستنی ژینگەدا، پلەی سەدوپێنجەمی وەدەستهێنا.

بە پێی توێژینەوەیەکی ناوەندێکی زانستیی لە ئەمریکا نیشان دەدا کە؛ پاراستنی ئێکۆسیستم و تەندروستی لە وڵاتی ئێران، بەرەوڕووی قەیران بووەتەوە.

هەروەها ڕاپۆڕتێکی زانستگەی ییل دەریدەخات کە؛ کردەوە پەیوەندیدارەکان بە ژینگە لە ئێران(EPI) لە زۆرێک لە تایبەتمەندیەکانی وەکوو زیادبوونی پیسی ئاو و هەوا، لەنێوچوونی لێڕەوارەکان، ڕاوی لەڕادەبەدەر و کاولکردنی سەرچاوە سروشتییەکان، ڕەوتێکی سەرەولێژ دەپێوێت.

ڕەشبینی و ڕەخنەی توندی لێکۆڵەرانی زانستگەی ییل بە نیسبەت تایبەتمەندیی کردەیی ژینگە لە ئێراندا، لە ساڵی ٢٠١٦ لە کاتێکدایە کە بیرمەندان، توێژینەوەی EPI بە متمانە پیکراوترین توێژینەوەی ساڵانە لە بواری ژینگەیی لەقەڵەم دەدەن.

ساڵی ڕابردوو پلەی ئێران لەو بوارەدا، ١٠١ بوو کە ئەوساڵ بە ٤ پلە دابەزینەوە، گەیشتە ١٠٥، لەسەر ئاستی جیهاندا.

هەروەها لە نێو ٢٠ وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا کە کردەوە ژینگەییەکانیان لەسەر بنەمای پاراستنی ئێکۆسیستمی سروشتی و تەندروستیی مرۆڤەکان هەڵسەنگێندراوە، ئێران لە پلەی سێزدەدایە.

لەم توێژینەوەدا، فینلاند، سوید، دانمارک و ئسلونی لە جیهاندا، بە ڕیز پلەی یەک تاکوو پێنجیان وەدەست هێناوە و سوومالییش لە پلەی ١٨٠دا جێیگرتووە.

بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتی کردەوە ژینگەییەکانی ئێران لە ماڵپەڕی ئەو زانستگەیە، هاوکات دەگەڵ پیشاندانی چالاکیی خەڵکیی لەمەڕ پاراستنی ژینگەی کوردستان و بزاڤی شکاندنی چەکی ڕاو و پێدانی خۆراک بە گیانلەبەر و باڵندەکان، لە کۆتایی حەوتووی ڕابردوودا، وێنەگەلێک لە ڕیزبەستنی ڕاوچییەکانی مەریوان بۆ وەرگرتنی فیشەکی دەوڵەتیی بۆ ڕاو بڵاو بوویەوە.

وشکەساڵی، لەنێوچوونی لێڕەوارەکان، بەنداو دروستکردن و ناکارامەیی لە بەڕێوەبەریی زێرابەکانی شار و شوێنە پیشەییەکان، لە قەیرانگەلی ژینگەیی ئێران دێنەهەژمار.