ڕامانێک لەسەر ئەنجومەنی سەوزی چیا و چالاکییەکانی/ وتووێژ

0
840

خوێنەی هێژا:

محەممەد دانش
محەممەد دانش

بابەتی بەردەستت، وتووێژێکە لە زنجیرە وتووێژەکانی گەورە ژووری ڕاوێژ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تلێگرام. لەو بابەتەدا بە ئامادەبوونی بەرێز (محەممەد دانش)،ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی سەوزی چیا و بە پێشکەشکاری (سەعید باغی)، ڕۆژنامەنووسی ژینگەپارێز و چالاکی سیاسی، ئاوڕدانەوەیەکمان بووە لەسەر کار و چالاکییەکانی ئەنجومەنی (سەوزی چیا)ـی مەریوان.

ڕاوێژ: بەڕێز محەممەد دانش زۆر سپاس بۆ بەڕێزتان کە کاتتان تەرخان کرد تا لە ژووری ڕاوێژ لە خزمەتتان دابین.

دانش: منیش لە لایەن خۆم و هاوکارانمەوە لە ئەنجومەنی سەوزی چیاوە سڵاو و ڕێزم هەیە بۆتان و سپاس کە ئەو دەرفەتەتان بۆ ئێمە ڕەخساند.

سەعید باغی
سەعید باغی

ڕاوێژ: دەکرێ سەرەتا باسی پێهکاتەی ئەنجومەنی سەوزی چیا بکەن و هەروەها ئامانج لە دامەزرانی چییە و کەی و لەسەر دەستی کێ دامەزراوە و بە گشتی کورتەیەک لەسەر کار و چالاکییەکانتان باس بکەن؟

دانش: لە کۆتاییەکانی دەیەی حەفتای کۆچیدا، کاتێ مەسەلەی ژینگە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی و بە تایبەتی ناوچەی مەریوان،لە دۆخێکی نالەباردا بو،

کۆمەڵێک دۆست و دڵسۆزی ژینگە لە یەک کۆدەبوونەوەو هەوڵیان دەدا بە شێوەیەک لە شێوەکان، چارەسەری قەیرانە ژینگەییەکان بن. قەیرانگەلێک وەکو ڕاوی ئاژەڵانی کێوی، ئاگری دارستانەکان، زبڵ، داگیر کردنی مڵکە گشتییەکان و …تاد، بۆ نموونە خۆبەخشانە ئاگرەکانیان دەکوژاندەوە، زبڵیان کۆ دەکردەوە یان ڕاوچییەکانیان قەناعەت پێ دەهێنا کە دەس لە ڕاو هەڵگرن.

سەرەتاکانی دەیەی هەشتا هەوڵی دامەزراندنی ڕێکخراوەیەک درا کە هەر هەمان ئەو کارانە، بە شێوەیەکی ڕێکخراوەیی و لە بارێکیشەوە یاسایی بکرێت. هەر بۆیە هەر لەو ساڵانەوەو داوای دامەرزاندنی ئەنجومەنێکی ژینگەیی درا بە فەرمانداری شاری مەریوان وەکوو نوێنەری وەزارەتی وڵات. برۆکراسی و هاتوچۆ و کێشە باوەکانی کاروباری ئیداری لە ئێران، پرۆسەی وەرگرتنی مۆڵەتی زۆر لەوە زیاتر کە چاوەڕێ دەکرا خستە دواوە، تا ئەوەی کە ئاخری لە ساڵی ١٣٨٧ دا لە ژێر ناوی “ئەنجومەنی سەوزی چیا” بە بازنەی جوغرافیای مەریوان، بە شێوەی فەرمی لە فەرمانداری مەریوان مۆڵەت وەرگیردرا.

ئەنجومەنی سەوزی چیا وەک بە ناوەکەیدا دیارە، ڕێکخراوەیەکی ژینگەیی خەڵکییە کە هەوڵ دەدا پرسی ژینگە لە هەر شوێنێک بێت بە تایبەت ناوچە کوردستانییەکان بخاتە بەر باس و بە پێی توانا کاری بۆ بکات. لە ڕووی ڕێکخراوەییەوە چیا بریتییە لە چەندین کومیتە کە هەر کامەیان کاری تایبەت بە خۆیان هەیە و لە پێکهاتەی هەموویان ڕێکخراوەیەک بە ناوی چیا دروست دەبێت.

کومیتەکان بریتین لە: بەرگری لە قەیران، فێرکاری، مناڵان، پاراستنی مافی ئاژەڵان، بڵاڤۆک و ماڵپەڕ، پەلەوەر ناسی، توێژینەوەو لێکۆڵینەوە …

ڕاوێژ: بالە قەیرانەکانەوە دەست پێ بکەین، ئاماژەتان بەزۆریان کرد، چیا لە چارەسەرکردنی ئەو قیرانانە تا چەندە هەوڵی داوە.؟ بۆ نمونە ئاگرکەوتنەوەکان.

دانش: بەختەوەرانە یان بەداخەوە تا ئاستێکی بەرچاو چیا بە ئاگرەوە ناسراوە، لە ساڵی ٨٧ی هەتاوی بەملاوە ئیتر ئەنجومەن لەگەل قەیرانێک بە ناوی ئاگر دەستەو یەخە بووە، قەیرانێک کە تا سەر ئێسقان خەساری لە ژینگە داوە، خەسارێک کە قەرەبوو کردنەوەی ئێجگار زەحمەت دەبێت یان ڕەنگە قەد قەرەبوو نەکرێتەوە.

لوتکەی ئەم قەیرانە ساڵی ٨٩ی هەتاوی بوو، کە لای ئەندامانی ئەنجومەن بە ساڵی ئاگرە زۆرەکە ناسراوە. لەو ساڵە شوومەدا تەنیا لە جوغرافیای بچووکی مەریوان و سەوڵاوادا نزیک بە ٩٠٠ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەمان بوو کە لە ئەنجامی ئەم ئاگرانەدا ١٣٥٠٠٠ هێکتار لە دارستان و لەوەڕگەکانی ئەم دەڤەرە سووتان.

ئەنجومەن هەر لە ساڵە ئەوەڵەکانەوە کەوتە هەوڵی دروست کردن و ڕێکخستنی ئێکیپەکانی ئاگر کوژاندنەوە لە شار و دێهاتەکاندا، تا ڕادەیەک کە توانی هێزێکی ئێجگار بەرچاو و دڵسۆز کۆ بکاتەوە کە قارەمانانە بە گژ ئاگردا دەچوونەوە، لەو ساڵەنەدا جار هەبووە بۆ ٣٠ کاتژمێر لەسەر یەک، دۆستان لە دژوارترین دۆخی مومکیندا، لەسەر ئاگردا بوون.

ساڵی ١٣٩٠ کومیتەی فێرکاری چیا کەوتە خزمەت مەسەلەی چارەسەرکردنی قەیرانی ئاگر. بەم شێوەیە کە لە چەن تیمی جیاوازدا ئەچوونە دێهاتەکان بە تایبەت ئەو شوێنانەی کە ئاگری زۆر بوو و لەسەر پرسی ژینگە، قسەیان بۆ خەڵک دەکرد، تیمی ژنان، پیاوان و مناڵان، کە هەر کامەو بە شێوەی خۆی ئەرکی خۆیان بە جێ دەگەیاند. بڵاو کردنەوەی سی دی و پووستر و برووشر و بەڕێوەبردنی شانۆی ژینگەیی و … لە زۆر ڕێگەی تر کەڵک وەر ئەگیرا بۆ ئەوەی سەرنجی خەڵکی بۆ ئەم قەیرانە ڕابکێشن.

هەر لەو ساڵانەدا هەوڵی بە میدیایی کردنەوەی قەیرانی ئاگر درا، لە ڕێگەی میدیا ناوخۆییەکانەوە، نامە ناردن بۆ بەرپرسانی شار و پارێزگاو، پەرلەمان و … هەموو ئەمانە بوە هۆی ئەوەی کە ئاگر بوو بە پرسێک بۆ هەموان، بەشداری خەڵک لە کوژاندنەوەیدا بە ڕێژەیەکی بەرچاو چوە سەرێ و بە گشتی ئاگر بوە ڕۆژەڤ. هەرچەندە بە داخەوە زۆر کات لە لایەن میدیا ناخۆییەکانەوە تەحریم دەکراین، یان بە جۆرێ لە جۆرەکان بڤە بووین، بەڵام لە کۆتاییدا پرۆسەی بە میدیایی کردنی قەیرانی ئاگر سەرکەوتوو بوو.

 ڕاوێژ: ئاستی هاوکاریی دەوڵەت و بنکە حوکمییەکانی ئێران، سەبارەت بە چارەسەرکردنی قەیرانی ئاگرکەوتنەوە، چۆن لێک دەدەنەوە؟

 دانش: ئاگری دارستانەکان لە هەر ڕوانگەیەکەوە سەیری بکەیت، وەکوو قەیرانێک دەناسرێت. واتە بە هەر شێوەیەک پێناسەی قەیران بکەیت، ئەوە قەیران بوو، قەیرانێک لە ئاستی نەتەوەیی و ناونەتەوەییدا، بەڵام ئیدارە پێوەندیدارەکان و بە گشتی دەسەڵات وەکوو قەیران مامەڵەی لەگەڵدا نەکرد. لە کاتی قەیراندا دەبێت هەموو ئامێرەکانی سەرجەم کاناڵەکان گشت تواناییەکان لە خزمەتی چارەسەر کردنیدا بێت، بەڵام بە داخەوە قەت وا نەبوو.

ڕاوێژ: ئامارێک کە لە لایەن ئەنجومەنی چیای مەریوانەوە لەسەر ڕێژەی ئاگرەکانی پارێزگای سنە و ڕێژەی سووتانی لێڕەوارەکانی ئەم پارێزگایە تۆمار کراوە، چەندە؟ مەبەست لە ساڵی ١٣٩٤ی هەتاویدایە؟

 دانش: وەکوو ئامار، سەختە و بڕێک ڕەنگە نەگونجاو بێت، چونکە خۆتان دەزانن لە کاتی ئاگردا ئەو شتانە زەحمەتە بەڵام بۆ ساڵی ٩٤، چیا نزیک بە ٢٤٠ حاڵەتی ئاگری لە ناوچەی مەریوان تۆمار کردوە.

 ڕاوێژ: زۆر جا ئەوە دە بیسرێ کە دەڵێن سەرهەڵدانی ئاگر کەوتنەوەکان بە دەست بەکار بۆنی چیا، دەستی پێ  کردووە ئەم قسە تاچەندە راستە؟

 دانش: لەگەل ڕێزمدا ئەمە زیاتر لە سەفسەتە دەچێت تا واقع، مەبەستم ئەوەیە شێوەیەک پێچاندنە لە لایەن ئەوانەی نایانهەوێ ئاگر وەکوو واقعێک، لانیکەم واقعێکی ئەو ساڵانە قوبووڵ بکەن. ئاگرکەوتنەوە پێش چیایش هەر هەبووە، بەڵام کەس نەبووە بە میدیایی بکات، کەس نەبووە تۆماری بکا، ڕێکخراوەیەک نەبووە سیستماتیک کاری لەسەری بکات. من بۆ خۆم ساڵی ٨١ لە کوژاندنەوەی ئاگرێک لە نزیک چیای سوورێن، لە سنووری هەرێمی کوردستان بەشداریم کردووە. وەخت بووە چەند ساڵ کەمتر بووە یا ساڵێک نەبوە، ڕاستە ١٣٨٩ لووتکەی ئاگرکەوتنەوە بوو بەڵام بە درێژایی ئەم دارستانانە ئاگر کەم و زۆر هەر هەبووە.

 ڕاوێژ: زۆرجار ئەو هەواڵەمان بیستووە کە ئەندامانی ئەنجومەنی چیا بە مەبەستی کوژاندنەوەی ئاگرەکانی باشووری کوردستان، لەوپەڕی دڵسۆزییەوە هاوکارییان کردووە و یارمەتی هێزەکانی ئاگرکوژاندنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان داوە، هەڵسوکەوتی ناوەندە ئەمنیەتیەکان و سنووردارانی ئێران لەمەڕ ئەو بابەتە لەگەڵ ئێوە چۆن بووە؟

دانش: بەڵێ وابوە، ئەندامانی چیا بە تایبەت لە وەرزی هاویندا بەردەوام بۆ کۆنتڕۆڵ کردنەوەی ئاگرەکان دەچنە ئەو دیو سنوورەکان. ژینگە پارێزی بزووتنەوەیەک نییە کە داخراوی سنوور بێت، ڕەنگە تەنیا دووری و نزیکی جوغرافیایی چیا بەربەست بکات ئەگینا ژینگە هەمووی بەسراوە بە یەکەوە.ه ێزەکانی سەر سنوور چ ئەم دیو چ ئەو، ئیدئال نەبوون، ئەو جۆرەی کە ئەشێ بە دەم ئەندامانەوە نەبوون، هەرچەند ناتوانی موتڵەق لەوبارەوە قسە بکەیت، ڕەنگە بە پێی کەس یان فەرماندە هەڵسووکەوت جیاواز بووبێ.

ڕاوێژ: هەروەکئاگادارن لە شارەکانی دیکەی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا ئەنجومەن و بنکەی ژینگەیی چالاکن.  پێوەندیی ئێوە لەگەڵ ئەو بنکە ژینگەیانە چۆنە؟ ئایا لەمەڕ بابەتێکی هاوبەشی ژینگەیی، پێکەوە ئاریکاری و هەماهەنگی دەکەن؟

 دانش: بە خۆشحاڵییەوە ئێمە ئەگەر نەڵێم هەموو ڕێکخراوە ژینگەییەکان، بەڵام لەگەڵ زۆربەی ئەو ڕێکخراوانەدا پێوەندیمان هەیە، بۆ نموونە هاوینی ڕابردوو لەسەر بانگهێشتی چیا کۆبوونەوەیەکمان لە مەریوان لەسەر پرسی ئاگر بەڕێوە برد کە لە ئاکامدا کاریگەریشی هەبوو.

 ڕاوێژ: ئەنجومەنی چیا، بنکەیەکی ناحوکمییە و سەرانە و مووچەی دەوڵەتیی نییە، سەرچاوەی دارایی ئەنجومەنی چیا چییە و چ مکانیزمێکتان هەیە بۆ پشتیوانیی دارایی؟

 دانش: سەرچاوەی ماڵی ئەنجومەن یارمەتییە خەڵکییەکانە، ئەو یارمەتییانەی کە لە ڕێگەی ژمارە حسابەکانەوە بە شێوەی نەقدی دێتە حیسابمان. هەندێکیش بۆ نموونە لە ڕێگەی بەنزینی ماشینەکان، یان چاپ کردنی پۆستەر یان …تاد، دەینی خۆیان بەجێ دێنن.

 ڕاوێژ: لەبواری پەروەردەییەوە تا چەند کارتان کردووە لەو بوارەدا سەردانی قۆتابخانەکانتان کردووە؟ هەوڵی ئەوەتان داوە ڕوو لە گوندەکانیش بکەن؟

 دانش: پەروەردە لە هەموو بەشەکان و لە هەموو قۆناغەکاندا بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەکرێت. بەڵام بە شێوەی فەرمی کومیتەکانی مناڵان و فێرکاری ئەو ئەرکەیان بە جێ هێناوە. وەکوو مزگێنییەکیش لە چوارچێوەی گەڵاڵەیەکدا کە نزیک بە دوو ساڵە ئەنجومەن هەوڵی بۆ دەدات و ئێستا نزیک بە ئەنجامین، بڕیارە چیا بە شێوەی فەرمی بچێتە قوتابخانەکان و لە هەموو پۆلەکاندا وانەی ژینگەیی بڵێتەوە. لە گوندەکانیشدا بەڵێ، بە خۆشحاڵییەوە چیا لە زۆربەی گوندەکان پێگەی باشی هەیە.

 ڕاوێژ: زۆرێک لە هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە زرێباریش وەکوو گۆلی ورمێ بەرەو لە ناوچوونە، ئەمە تاچەند ڕاستە، لەم بوارەدا چیتان کردووە؟ پێت وا نیە کە سیاسەتێکی دژە کوردی تێدا بەستەیە؟ کانی بڵ ،گۆلی ورمێ، تاقوسان و ئێستاش باس لە زرێوار دەکرێ.

 دانش: حەز دەکەم ئاماژە بەم خاڵە بکەم کە پرسی ژینگە پرسێک نییە تایبەت بێت بە بەشێکی دیاری کراوی ئەو گۆی زەوییەوە، لە پێناسەی ژینگەدا دەڵێ، ژینگە پێکهاتەیەکی گشتییە کە هەموو بەشەکانی گرێدراوە بە یەکەوە، ناتوانی ئاڵقەیەکی بێ ئەوانی تر پێناسە بکەیت، ڕەنگە بیابانەکانی باشووری ئێراق لەسەر تەپ و تۆزی ناوچەی ئێمە کاریگەری هەبێت، یان هەر پێوەندییەکی تری لەو چەشنە.

بۆ زرێبار ئێمە باوەڕمان وایە کە لە ئەنجامی کارە ناکارناسییەکان و نازانستییەکانی کە کراوە لەسەر ئەم گۆلە، ئێستا ئەم ئکۆسیستمە لە دۆخێکی ناباشدایە.

 ڕاوێژ: کانی بڵ و مێژووی هەزار ساڵەی هەورامان کەوتە ژێر ئا،و ئەنجومەنی چیا لەم بوارەدا چی کردووە؟

 دانش: چیا هەر لەسەرەتاوە لە ڕێگەگەلی جۆراوجۆرەوە ناڕەزایەتی خۆی بۆ کانی بڵ و سەدی داریان دەربڕیوە، ئێستاش هەر بەردەوام فەوتانی کانی بڵ وەک قەیرانێک باس دەکات. چیا بە گشتی لەگەل هەرچەشنە بەنداوێکدا کێشەی هەیە، چیا باوەڕی وایە کە پەرەپێدان لە ڕێگەگەلی غەیری بەنداویشەوە ئەکرێ.

ڕاوێژ: هەموو شتێ مێژووی سەرهەڵدانی خۆی هەیە،بۆ نموونە ڕێنسان، مۆدێڕنیتە، یۆتۆپیا، ژینگەپارێزی و زۆر دەستەواژەی تر کە دەسکەوتیان بووە و لە دوای خۆیان کاریگەری ئەرێنیان داناوە، هەر کام لەو چوار دەستەواژەیە کە باسم کرد مێژووی سەرهەڵدانیان دەگەڕێتەوە لای بیڕمەندە ئەورووپیەکان، بۆ نموونە ساڵی ۱۹۷۲ ژان ژاک ڕۆسۆ باسی لە ژینگە و گرینگی پاراستنی کرد، ئەوەش بووە هۆی سەرهەڵدان و مێژووی بیری ژینگە پارێزی، بەڵام دەمهەوێ بپرسم بیری ژینگەپارێزی لە کوردستاندا کەنگێ گەشەی کرد و سەری هەڵدا؟ یان ئەگەر بمانهەوێ باسی مێژووی ژینگە پارێزی لە کوردستاندا بکەین دەبێت بگەڕینەوە بۆ کوێ؟ چۆن بوو یەکەم جار بیر لەوە کرایەوە کوردیش پێویستە ژینگەپارێز بێت و زیاتر گرینگی پێ بدا؟

 دانش: کوردیش وەکوو هەموو نەتەوەکانی تر، پێویستە ژینگەپارێز بێت، ڕەنگە ئەم ئەرکە بە هۆی گرێدراوی مێژووی ئەم نەتەوە بە سروشتەوە، دووقات بێت. بە شێوەیەک لە شێوەکان بزووتنەوەی ژینگەپارێزی لە کوردستان بەسراوەتەوە بە چیاوە، لە دایک بوونی چیا بە تایبەت لەو کات و ساتەدا پێویستییەکی مێژوویی بوو.

 ڕاوێژ: من پێم وایە پێویستە لە هەموو شارەکاندا قوتابخانەیەک بکرێتەوە بە ناوی””قوتابخانەی سەوز”” یان نا لە هەموو قوتابخانەکاندا وانەیەک تەرخان بکرێ بە ناو “”وانەی سەوز”” بۆ فێر بوون و پەروەردە کردن و پێگەیاندنی منداڵان بە شێوەیەکی زانستی، ئەگەری ئەم شتەی کە باسم کرد تا چەندە چاوەڕوانی دەکرێ لە ئێران یان خۆ کوردستان بە هەموو بەشەکانیەوە جێ بە جێ بکرێ؟

 دانش: وەک پێشتر باسم کرد ئەنجومەن هەوڵی ئەوەی داوە کە بە شێوەی فەرمی بچێتە قوتابخانەکانەوە و وانەی ژینگەیی بڵێتەوە، جاروباریش بە شێوەی پرژ و بڵاو ئەو کارەی کردوە.

بەڵام بۆ ئەوەی کە بتوانین ئەمە لە سیتەمی پەروەردەدا بگونجێنین، واتە وانەی ژینگەیی یان بە وتەی خۆتان وانەی سەوز بە شێوەی ئاکادمیک لە فێرگە فەرمییەکاندا وەکوو وانەیەک بوترێتەوە، بڕێک هەوڵی بۆ دراوە بەڵام هێشتا شتەکە لەوە کاڵترە بۆ باس بشێت.

 ڕاوێژ: لە شارێکی وەک مەریواندا،ڕێژەی ئەو خەڵکەی کە خەریکی ژینگە پارێزین و پەیوەندی دەکەن بە ڕێکخراوەکانی سەوزی چیا و ژینگە پارێزانەوە و یارمەتیان دەدەن، ئایا دەگاتە ڕێژەی ئەو خەڵکەی کە نە ژینگە و نە چیا و سروشت و فەزای سەوزیان بۆ گرین نیە؟

دانش: ئەگەر بڕیار بووبایە ئەو دوو دەستە لە خەڵک بە یەکەوە بەراورد بکرابان ئێستا ئەمە حاڵمان نەبوو، ئەمە نەک تەنیا لە کاری ژینگەییدا بەڵکوو لە هەموو بوارەکانی تری کاری مەدەنیدا وەها نییە، واتە بە داخەوە هەمیشەو هەمیشە (لانیکەم لەم ڕۆژهەڵاتی ناوینەدا) ئەوانەی کاری فەرهەنگی، مەدەنی یان بە گشتی کاری خۆبەخش دەکەن کەمینەی کەمینەی کەمینەن.

ڕاوێژ: ئەنجومەنی چیا چەند ئەندامی هەیە؟ ئەندامانی ئەنجومەنی چیا لە چ توێژ و چینێکی کۆمەڵگا پێکهاتوون؟ ئاستی بەشداری ژنان لە ئەنجومەنی چیا چەندەیە؟

دانش: بە شێوەی فەرمی، واتە ئەو کەسانەی کە هاتوونەتە نووسینگەی ئەنجومەن و فۆرمی تایبەتی ئەندامەتییان پڕ کردۆتەوە، ئەگەر هەڵەم نەکردبێ ئێستا لە ٧٠٠ کەس بەرەو ژوورە. بەڵام دیارە زۆرێک خەڵکی تر هەن کە بەردەوام کاری ژینگەیی دەکەن و لە بەرنامەکاندا یارمەتی چیا دەدەن و خۆشیان بە ئەندامی چیا دەزانن بەڵام نەهاتوون فۆرمی پڕ بکەنەوە. ئەندامانی چیا لە هەموو چین و توێژەکانن، خوێندکار، مامۆستا، قوتابی، بازاڕی، کاسب، کرێکار، کارمەند و …تاد. ژنانیش ئەندام و بەشداری کارەکانی چیا دەبن، بەڵام لەو ئاستەیدا کە چاوەڕێ دەکرێت نییە!

ڕاوێژ: دەسکەوتەکانی چیا چین؟ ئێمە گەر چیا بپاریزین، ئەی چیا چی هەیە تا پێمان ببەخشێت؟ زانایان باس لەوە دەکەن بۆ دروست بوونی یەک بست زەوەی دوو سەده کات پێویستە، ئایا ئێمە دەبێت چی بکەین بۆ ئەوەی خاکی خۆمان بپارێزین؟ مەبەستم ئەوەیە ئەو هۆکارانە چین وا دەکات خاک نەمر بێت و بەردەوام بەرهەم هێنەر بێت؟

 دانش: دەسکەوتەکانی چیا، زۆرن بەڵام پرژ و بڵاون و کەمتر هەوڵ دراوە بۆ فایل بەندی کردنیان، بەڵام چیا دەتوانێ بە بوێرییەوە بڵێت کە توانیویەتی لە درێژایی ئەم ساڵانەدا فایلێکی ژینگەیی لە مێشکی خەڵکی مەریوان و کوردستاندا بکاتەوە، ئێستاش ڕاو ماوە بەڵام کابرای ڕاوچی بە شەرمەوە دەچێ بۆ ڕاو بە دزییەوە، نەک لەبەر دەسەڵات بەڵکوو لەبەر ئەوەی وەکوو شتێکی نەشیاو لای خەڵک سەیر دەکرێت، ئەمە لە هەموو شتەکانی تری ژینگەدا وەهایە.

ژینگەپارێزی بزووتنەوەیەکە کە بێ جیاوازی ڕەنگی پێست و زمانی قسە کردن و ئایین و … خزمەت بە هەموو مرۆڤایەتی دەکا. زەوی بەخشندەیە زیاتر لەوەی کە ئێمە بۆی بکەین وڵاممان دەداتەوە، بەڵام پێچەوانەکەیشی قەیرانی ناخۆشی لێ دەکەوێتەوە. گاندی دەڵێ زەوی بەشی پێداویستی هەموو دانیشتوانی خۆی دەکات بەڵام بەشی تەماحی تاقە یەک کەس ناکات.

ڕاوێژ: ئایا تاکوو ئێستا لە لایەن کاربەدەستانەوە ڕێگری لە کاروو چالاکییە کانی چیا کراوە؟

 دانش: بە داخەوە ئەزموونی کاری گشتی و مەدەنی بە شێوەی سیستماتیک و گشتگیر، ئەزموونێکی ساوایە، ئەمە کاری ئێمەی زۆر سەختتر کردووە، چونکە دەورووبەر بەردەوام بە جۆرێک موحافزەکارییەوە (خۆپارێزییەوە) دەڕواننە ئەم چەشنە کارانە. ژینگە نەک تەنیا لە کوردستان بەڵکوو لە هەموو ئێران هەتیوە و لە قەیراندایە. هەروەها کاری NGO کانیش هەر هەمان وەزعیان هەیە. کۆی ئەم شتانە بۆتە هۆی ئەوەی جاروبار تووشێ بڕێک گرفت ببین.

ڕاوێژ: بۆ چاندنی نەمامێک دەیان و سەدان مەسەلە هەن کە دەبێت لە بەر چاو بگیردرێن، بۆ نموونە شوێنی کڕینی نەمامەکە، شوێنی دانانی، شێوەی چاندنی، خزمەت کردنی، لە بەر چاو گرتنی سەرما و گەرما، ئاو دان و خزمەتی کردنی، لە ئاکامی ئەو هەمووە ماندووبوونەدا بۆ پێگەیاندنی نەمامێک و بوونی بە درەخت، ئەی درەخت چ جۆرە هەڵوێست یان باشترە بڵێم قەرەبوو بوونەوەەکی هەیە لە هەمبەر مرۆڤ؟

 دانش: لە سەرەتادا ئەوە بڵێم کە سروشت و ژینگە بە گشتی، بە تەنیا هی مرۆڤ نییە! بەڵکوو ئەوە مافی هەموو دانیشتوانی زەوییە.  گەورەترین کەڵکی درەخت ئەوەیە کە ئۆکسیژن بەرهەم دەهێنێت، کە ئەمە مەرجی مانەوەی هەموو زیندەوەرێکە.

ڕاوێژ: شوێن پەنجەی ئەنجومەنی سەوزی چیا هەر لە مەریوان تا هەورامان و پاوە و کرماشان و ئیلام دیارە بە تایبەت لە ساڵی ڕابردوودا ئایا چیا هەوڵی ئەوەی داوە کەلە شارەکانی تر بنکەدابنێت ؟ وەک کرماشان و ئیلام و ورمێ …

دانش: مەرج نییە لە شارەکانی تری کوردستان حەتمەن بە ناوی چیاوە دابنرێت. لەو شارانەی تر دۆستان و دڵسۆزانی ژینگە هەر کت ویستی دامەزراندنی ڕێکخراوەیەکی ژینگەییان بووبێت بە پێی توانا یارمەتیمان داون، کە بەختەوەرانە ئێستا لە زۆربەی شارەکان ڕێکخراوەی لەو چەشنەمان هەیە.

ڕاوێژ: لەم دوو ساڵەی 94 -93دا ئاستی پێشوازی خەڵک لە چیا دانەبەزیوە، ئەگەر وایە بۆ؟

دانش: بە ڕای من نە، دانەبەزیوە. بە گشتی لەم وڵاتەی ئێمە دەزگا یا ناوەندێک نییە بۆ ئەوەی ئەو چەشنە ئامارانە هەڵبسەنگێنێت، واتە ڕا لە خەڵک بخوازێت کە چەندە فڵانە ڕێکخراوەت گەرەکە یان نەتگەرەکە. بەڵام ئێمە ئەتوانین چەند فاکتەر بۆ قسەکانی خۆمان بهێنینەوە:

یەک: بە پێی ئاماری دۆستانی بەشی ناونووسین، ڕێژەی ناونووس کردنی خەڵک بەردەوام زۆری کردوە.

دوو: لە کارەکانی چیادا بەشداری خەڵک نەک کەم نەبۆتەوە بەڵکو زۆریشی کردوە، نموونەی ڕێوڕەسمی “ڕۆژێکم بۆ زرێبار” بوو کە ٢٤ی ڕێبەندانی ٩٣ بەڕێوە چوو، لەو ڕێوڕەسمەدا ١٠ تا ١٢ هەزار کەس بەشدارییان کرد.

 ڕاوێژ: ئەو هەموو  وێرانکاری و سروشت شێواندنە لە لایەن خاوەن کارخانە لمەکانەوە دەکرێت لە سەر چۆمی سیروان و گاڕان ….. تا، ئێوە لەو بوارەوە چیتان کردوە؟

 دانش: بە داخەوە ئەوە زۆر هەیەو کارەساتی ناخۆشیشی لێ کەوتوەتەوە. چیا بە شێوەی جۆراوجۆر هەوڵی بەرەنگاری لەگەل ئەو شتانەی داوە، لە ڕێگای کردنەوەی هەواڵ و ڕیپۆرتاژی تایبەت لە ماڵپەڕ و بڵاڤۆکەکانیدا هەوڵی داوە ئەو بابەتە زەق بکاتەوە. بە قسە کردن لەگەل خاوەن کارگەو کارخانەکان هەوڵی داوە قانعیان بکات کە بە شێوەی ستاندارد ئەو کارە بکەن. بەڵام بەداخەوە کاتێ ژیان تەنیا و تەنیا لە پەنجەرەی تەماحەوە ببینرێت، ئیتر کاری ژینگەپارێزان سەخت و سەختتر دەبێتەوە.

ڕاوێژ: هەبوونی ئەو هەموو رێکخراو و کەمپینەی تایبەت بە ژینگە پارێزی چۆن شرۆڤە دەکەن؟

 دانش: هەبوونی ڕێکخراوە ژینگەییەکان خاڵێکی پۆزەتیڤە، هیوادارم لە دونیای واقعیشدا کاریگەر بن و تەنیا لە دونیای مەجازیدا نەمێننەوە.

ڕاوێژ: ئەنجومەنی چیا پڕۆگرامەکانی زۆرتر بۆ کام چینی کۆمەڵگایە و ئەو پڕۆگرامانە چین ؟

 دانش: چیا هەوڵ دەدا بۆ هەموو چینەکان پرۆگرامی ببێت، ئیتر چەندە سەرکوتوو ببێت دەوە ئەبێ بەردەنگ بڵێت. بەڵام لەسەر مناڵان بەرنامەی تایبەتی هەیەو فێرکاری بە ئەرکی سەرەکەی خۆی دەزانێ.

 ڕاوێژ: چ جۆرە سزایەک شایەنی ئەوانەن کە تێناگەن و دەیانهەوێ دار ببڕن یان لێرەوارەکان بسۆتێن و ژیان بمرێنن؟

 دانش: سزای یاسایی کە دیاری کراوە، بەڵام لە باری ویژدانی و ئەخلاقییەوە ڕەنگە هیچ شتێک نەتوانی قەرەبووی بڕینی دارێک بکاتەوە، سزای ئەو کەسانە داوێن گیری خۆیان دەبێتەوە. کاتێ دارستانێ دەسووتێ سووکایەتی بە هەموو مرۆڤایەتی دەکرێت و تاک بە تاکی مرۆڤەکانی بەرپرسیارن لێی.

 ڕاوێژ: ئایا چیا بەرنامەی هاوبەشی هەیە لەگەڵ ئەنجومەنی شارەکانی تر؟ واتە کارێکی هاوبەشی ئەنجام داوە یان ئەنجامی دەدا ؟

 دانش: بەڵێ، وەک پێشتریش باسم کرد هاوینی ئەوساڵ لە دەرەنجامی کۆبوونەوەیەکی گشتی نێوانی ڕێکخراوە ژینگەییەکانی زاگرۆس، لەسەر مەسەلەی ئاگر، هەموو ئەنجومەنەکان بەیەکەوە بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاو کردوە. هەر وەها یەک پۆستەر و یەک دروشم بە پەسەندی هەموو ڕێکخراوەکان لە گشت ئەو شارانە بڵاو کرایەوە.

 ڕاوێژ: کار و پلانی داهاتووی ئەنجۆمەنی چیا چییە؟ کومیتەی فێرکاری ئەنجومەن دەیهەوێ لە گەڵاڵەیەکدا بە شێوەی چڕ و پڕ لە سەر وانەکانی ژینگە لە قوتابخانەکاندا کار بکات.

دانیش: ماوەتەوە ئەوە بڵێم کە ئێستا چیا خاوەنی ماڵپەڕێکە بە ناونیشانی؛ www.chya.ir هەر وەها خاوەنی مانگنامەیەکی ژینگەییە بە ناوی چیا کە ١٥ی هەموو مانگێک چاپ دەکرێت و لە هەموو شارەکانی پارێزگای سنە دەست دەکەوێت. چاوەڕێی ڕەخنەو پێشنیارەکانتانین لە هەر بوارێکدا بێت.

ڕاوێژ: سپاس بۆ بەڕیزتان و ئامادەبوونتان، هەروەها سپاس بۆ ئەندامانی ژووری ڕاوێژ کە هاوکار و هاوڕێمان بوون، هیوامان سەرکەوتنی چیا و چیاکانە.

دانش: ئێمەش سپاسی ئێوە و ڕاوێژییەکان دەکەین بۆ ئەو دەرفەتە بە نرخە