حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پەیامی نەورۆزی ئەمساڵی خۆیدا ڕاسانەوە و دەست پێکردنەوەی خەباتی حیزبەکەی خۆی ڕاگەیاند کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە میدیاکانی کورد و جیهاندا دەنگ دانەوەیەکی بەرینی هەبووە لە لایەکی تریشەوە لە زستانی ڕابردووە لە ناوچەی عەرەبەکانی ئێران چەند هێرش کراوەتە ناو مۆڵگە و پایەگاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.
ئەمری عەلی حاجی زادە، فەرماندەی هەوافەزای ئێران کە لە ماوەی نیزک بە شەش مانگی ڕابردوو یەکێک لە کەسە هەواڵ ساز و پڕ هەڕەشەکانی ئێران بووە گوتی: ئێمە هیچ لە “هێرشی چەکداری” ناترسین بەڵکو ئەوەی جێگای مەترسییە “ناوخۆی وڵات”ـە.
حاجی زادە هەروەها گوتی: “دڵەڕاوکێی ئێمە لە ناوخۆی وڵاتە، لە ئاغازادەکان، برازاکان و خوشکەزاکان و کەسانێک کە کاریگەرییان لەسەر بڕیاردانی بڕیاردەرەکان هەیە”
ئەو بەرپرسە باڵایەی سەربازیی ئێران، ئاماژەی بە ناوی کەس نەدا بەڵام داوای لە بەرپرسانی ئێران کرد لە گەمارۆکان نەترسن و متەوتر لە جاران ڕاوەستن.
ناوبراو هەروەها گوتیشی: ئەگەر بڕیار بێ شتێک ڕووبدات یان هێرشی سەربازیمان بکرێتە سەر، یەکەم کەسێک کە دەبی وڵام بداتەوە ئێمەین. بەرپرسان دەبی پتەو و نەترس بن، هیچ ڕوو نادا، ئەگەر چاوتان لەسەر ڕووداوەکانی ناوخۆی وڵات بێ، هەموو شت چارەسەر دەبێ”.
حاجی زادە هەروەها گوتی: “پێشتریش گوتومانە ئەگەر دەوراندەوری ئێران پەرژین بکەن، هێشتاش واز لە بەرهەمهێنانی مووشەک ناهێنین. ئەوانە خەریکن بەرپرسانی وڵاتەکەمان لە گەمارۆکان دەترسێنن، ئەو ترسە گەورەترین مەترسییە ژ بۆ مە، بەڵام من داوا لە بەرپرسان دەکەم نەترسن و دڵەڕاەکەتان نەبێ”.
شایانی ئاماژەیە کە کارناسانی سەربازی و سیاسی جیهان ئێران بە دووڕگەیەکی ئارام لە ناو زەریایەکی پڕ لە شەپۆل و نائارام پێناسە دەکەن و لاشیان وایە کە ئێران بە هەناردە کردنی ئینقلاب بۆ دەرەوەی سنوورەکانی خۆی و گواستنەوەی ئاژاوەکان بۆ دەرەوەی وڵات و لە هەمان کاتدا بوونی سەرکووتی لە رادەبەدەر لە ناو ئێران، توانیویەتی، دۆخی ناوخۆی ئارام ڕابگرێت، بەڵام بە کەمترین هێز ئەم دوڕگە ئارامە دەشڵەژێ.