پ.ک.ک تاکەی هەڵە مێژوویەکانی دووبارە دەکاتەوە؟

0
5438
ڕەشید قازی

نووسینی: ڕەشید قازی

کاتێک کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦ بە پیلانی ناوخۆ و دەرەکی تێکشکا،  پێشەوا قازی محەممەد، بۆ پاراستنی گێانی هاونیشتمانییەکانی، بەرپرسایەتی تەواوی ڕووداوەکانی گرتە ئەستۆی خۆی.

 کاتێک ئۆجەلان وێڕای بوونی هەزاران گریلا و بنکە و بارەگا لە چیاکاندا، لە پیلانێکی نێونەتەوەیدا دەستبەسەر کرا هەر لە نێو فڕۆکەدا ڕایگەیاند، دایکی تورکە. ئەوەش بەو مانایە بوو کە بە خاتری خودا و تورکبونی  ئازاری نەدەن.

کاتێک  پێشەوا قازی  لە پادگانێکی سەربازیدا لە نیوەشەو و بە نهێنی دادگایی دەکرا شێرانە حکومەتی پاشایەتی و ئەرەتش و دامودەزگاکانی ڕژیمی شاهەنشاهی هێنا ژێر پرسیار و بوێرانە داکۆکی لە مافی نەتەوە و هەنگاوەکانی خۆی کرد. بەتایبەت ئەو کات کە لەشکری شای شاهان پشت بە دوژمن!! سنورەکانیان چۆڵ دەکرد بەڵام  زۆر دڕندانە هێرشی ناجوامێرانەیان بۆسەر هەردوک حکومەتی ئازەربایجان و کوردستان  بۆ قەڵاچۆکردنیان دەست پێکرد.

 کاتێک ئۆجەلان دادگایی دەکرا وێڕای بوونی دەیان  پارێزەر و دادپەروەر و دادوەر و دەیان تی وی و تلویزۆن و کامێرای کاناڵە جیاوازەکان کە دەنگی ئەویان بە جیهان دەگەیاند، ئۆجەلان نەیتوانی لەم دەرفەتە مەزنە کەڵک وەربگرێ و لە کێشەی کورد و داخوازییەکانی داکۆکی بکات، بە پێچەوانە داوای لە هەموو هێزەکانی کرد هەرچی زووتر لە خاکی کوردستان تورکیە  بچنەدەر.

کاتێک جووڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی باشوور لە ئامانجەکانی نزیک و نزیکتر دەبوونەوە پ.ک.ک ڕایگەیاند کە ئیزن نادەن کە باکووری ئیراق ببێتە مەترسیەک بۆ سەر تەواویەتی عەرزیی وڵاتانی عەرەبی و بە دەستتێوەردان لە کاروباری ئەم بەشەی کوردستان، بەداخەوە  شەڕێکی نەخوازراوی بەسەر  خەڵک و هێزەکانی هەرێمدا سەپاند و بە هەزران ڕۆڵەی کوردیان لە پێناو بەرژەوەندییە لێڵ و تاریکەکانیان بە کوشت دا.  کاتێک کیشەی کورد لە تورکیە  خەریک بوو لە ڕێگای ئاشتیانەوە قۆناغەکانی سەرکەوتنی دەبڕی، پ.ک.ک تەوای هێرشە تەبلیغی و پرۆپاگەندەکانی لە دژی ئەو دەستەڵاتەی کە لەگەڵی لە وتووێژ دابوو چڕتر کردەوە.

 پ.ک.ک جووڵانەوەی کوردی ڕۆژهەلاتی بە زیانی بزاوتی گشتیی کورد دەزانی و لە ڕاگەیەندراوەکانیاندا دەیان جار ئاماژەیان کردووە کە ئەوان بەو مافانە لە تورکیە  ڕازین کە حكومەتی ئیران بۆ کوردەکانی ئەمبەشەی دابین کردووە. ئەوە نیشان دەدا کە پ.ک.ک هیچ داوخوازییەکی نیە چون لە ئێران هیچ مافێک نەک بۆ کوردان بەڵکو بۆ تاکی ئێرانیش دابین نەکراوە. هەربۆیە کاتێکی پێشمەرگەکانی  حدکا و حدک گەڕانەوە ناوچە سنوورییەکان،  پ.ک.ک بەربەرەکانی لەگەڵ کردن.

  کاتێک لە ساڵح موسلیم دەپرسن کە چ داوخوازیەکتان لە دەوڵەتی سووریە هەیە، ڕایگەیاند کە هیچیان ناوێ. ساڵح موسلم و یەپەگە ئیزن دەدەن هێزەکانی ئەسەد و ئێران، لە ناوچەی ژێردەسەڵاتیاندا ئازادانە تێکۆشانی خۆیان هەبێت و ئاڵای ئەسەد و وێنەکانی لە ئاسمانی شارەکانی کوردستان شەکاوە بن بەڵام هێزە کوردییەکانی دیکە بە بیروباوەڕی جیاوازەوە، مافی تێکۆشانیان نیە هیچ، ئاڵای کورد و کوردستانیش ڕۆژ نیە بێ ڕێزی پێنەکرێت یا نەسوتێندرێت.

کاتێک  داعش خەریک بوو کۆبانی  داگیر بکات،  هەرێمی کوردستان بە ناردنی هێزی پێشمەرگە توانی ئەرکی مێژوویی خۆی لەمەڕ ڕزگاریی ئەم شارە وەک بەشێک لە جەستەی زامداری نیشتمانی مەزن بەجێ بگەیەنێ و بە بێ ئەوەی خۆیان بە ئاغا و کوێخای ئەم ناوچەیە بزانن یان بڵێن ئەو ناوچەیە دەبێ بگەڕێتەوە بۆ دیمەشق و  سەر بە ئەسەد بێت یان پ.ک.ک مافی ئەوەی نیە  ئێرە ئاوەدان بکاتەوە، پاش کۆتایی پێ ئەسپێردراویەکەیان، گەڕانەوە هەرێمی کوردستان.  بەڵام کاتێک پ.ک.ک وەک هێزێکی ڕزگاریدەر ڕۆڵی لە شەنگال بەجێگەیاند ڕێزی بۆ  هیچ کەس و هێز و لایەنی کوردی لەبەرچاو نەگرت و  بە پێچەوانە، خۆی و عەرەب و عەجەمی بە ئاغا و کوێخای ناوچەکە دەزانی و چوکترین ڕێزێکی بۆ  حکومەتی کوردی قائیل نەبوو و نیە. لە بانگەشەیەکی گشتیدا ڕایگەکەیاندووە کە نابێ شەنگاڵ بگەڕێتەوە سەر هەرێمی کوردستان و دەبێ ئەم ناوچەیە کە بە خوێنی کورد و ڕۆڵەی کورد ڕزگار بووە،  بگەڕێتەوە سەر ناوەند واتە بەغدا.

پ.ک.کە  لە ڕۆڵی سەرەکیی خۆی کە پشتگری لە ئازادی و سەربەستیی کوردستان بوو گۆڕیوەو بۆتە بەربەستێک لەمەڕ گەیشتنی کوردەکان بە مافەکانیان و ئامرازێک لە دەستی داگیرکەران.

پ.ک.ک تاکەی دەست لە کاروباری بەشەکانی دیکەی کوردستان وەردەدات و هیچ بەهایەک بۆ ئیرادەی خەڵک و هێزەکانی ئەم بەشانە قائیڵ نابێت؟

ئایا پ.ک.ک هیچ پەندێکی لە مێژووی پڕ لە کارەساتی ڕووداوەکان وەرنەگرتووە  یان دیسان دەیهەوێ بە سیاسەتە ناڕەواکانی خۆی نەورۆزی کوردستان بەرەو نەورۆزێکی خۆیناوی و پڕ لە کارەسات بەرێت؟

ئایا لە بەرژەوەندیی هەمو کورددا نیە کە پ.ک.کا ش هەروەک  پاشەکشەی هێزەکانی هەرێم لە کۆبانی لە شەنگاڵ پاشەکشە بکات و ڕێز لە یاسا و ئیرادەی خەڵکی ئەم بەشە بگرێت و شانازییەک لە مێژووی خۆیدا  بۆ کورد تۆمار بکا و ببێتە هەوێنی پشتگری و تەبایی نەتەوەکەمان؟

بەرپرسیارەتیی سەرجەم ئەو بابەتانەی لە ناوەندی ڕۆژی کورد بڵاودەبنەوە، لە ئەستۆی نووسەرە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشووپێشانگای وێنە و خۆشنووسیی بەهاران لە مهاباد، دەستی بەکار کرد
بابەتی دواترفەلسەفەی جامانە و هۆکاری دژایەتی کردنی لەلایەن ئانتی ناسیۆنالیستەکانەوە