نووسینی: هاوار بازیان
ئەركی سەرەكیی نوێنەری هەر حكوومەت یان وڵاتێك پاراستنی بەرژەوەندییەكان و ڕاگرتنی هاوسەنگیی نێوان هەردوو وڵاتە كە ستاندارد و نۆرمێكی ناودەوڵەتییە و باس هەڵناگرێ، بەڵام دەرچوون لەو پێناسەیە و تێكدانی هاوسەنگییەكە جگە لەوەی بە كەموكوڕی بۆ پۆستەكە هەژمار دەكرێ، هاوكات گومانیڕەوا درووست دەكا لە كار و پلانی كەسی دیپلۆمات. ماوەیەكی زۆرە هەوڵ دەدەم قەناعەت بكەم بەوەی نازم دەباغ نوێنەری یەكێتیی نیشتمانی و بەرپرسی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێم لە ئێران پیشەیی كار دەكا و لەو پێناسەیە دەرنەچووە، بەڵام هەڵوێست وڕەفتارەكانی شتێكی پێچەوانەمان پیشان دەدەن كە لێرەدا بەپێی سەرچاوەڕەسمییەكان ئاماژەی پێدەكەین.
كوردانی ئێران
نازم دەباغ هاوشێوەی بەرپرسانی ئێرانی هێرشی كردووەتە سەر جووڵە و خەباتی كوردانی ئێران و یەكلایەنە مافی هەرجۆرە هەڵوێست و كردەیەوەكی بەرامبەر جووڵانەوەی كوردی بە تاران داوە و پێیوایە كوردی ئێران تا هەیە دەبێ “كەمپنشین و پەنابەری خاوەن ئیقامەی شەش مانگەی هەرێم بن تا ئێران نەڕەنجێ”. بۆچوونێك پێیوایە ئەوڕەفتارەڕەنگە بچیتە خانەی واقعێكی سیاسی بەوەی “نوێنەری هەرێم لە تاران لە مینبەری پۆستێكی ڕەسمییەوە ناتوانی دژی ئێران قسە بكا”، بەڵام هاوكات گلەیی دیكەیشی لەسەرە كە ئەركی نوێنەرێكی كورد هەڵكووتانی ناڕەوای سەر هاونیشتمانیانی خۆی لە پارچەیەكی تر نییە كە دەچەوسێنەوە.
لە نوێترین لێدوانیدا دەباغ جگە لەوەی دیسان باس لە ڕاگرتنی هەرجۆرە چالاكییەكی ئەو كوردانە دژی ئێران دەكا، بەناوی هەموو كوردی ئێرانەوە دەڵێ: كوردانی ئێران سەربەخۆیی كوردستانیان ناوێ. ئەو قسەی دەباغ تەواو بۆ دڵی بەرپرسانی تاران و چەواشەكردنیڕاستییەكی سیاسییە بەتایبەت ئێستا كە هێز و حیزبە سەرەكییەكانی كوردی ئێران بەڕەسمی باسی لە مافی چارەی خۆنووسین دەكەن. بۆ نموونە باڵێكی حیزبی دیموكرات (حدك) 10 ساڵە پاشگری “ئێرانی” لە ناوەكەی خۆی سڕیوەتەوە. بێجگە لە هەڵوێستیڕەسمی و بەشداریی پێشمەرگەیڕۆژهەڵات لە شەڕی داعش وڕاگەیاندنیڕەسمی بەوەی كوردی ئێران پشتگیری پرۆژەی سەربەخۆیی كوردستان دەكا.
موجاهیدینی خەڵق
نوێنەری یەكێتی و هەرێم لە ئێران توندتر لە بەرپرسانی ئێرانی هێرش دەكاتە سەرڕێكخراوی موجاهیدینی خەڵق و هاوتای دەسەڵاتی تاران ئەو هێزەی نەیاری حكوومەتی ئێران بە “منافقين” واتە “دووڕوو و دۆڕاوی سیاسی” ناو دەبات، دەستەواژەیەك كە جمهوری ئیسلامی بۆ موجاهیدین بەكاری دەبا و هەوڵ دەدا وەك هەڵگەڕاوانی سەرەتای هاتنی ئایینی ئیسلام پیشانیان بدا بۆ ئەوی “لەناو بردنیان” كارێكی پیرۆز بی!
هیچ كەس چاوەڕوانیی ئەوە ناكات دەباغ وەك كەسێكی دیپلۆماسی باسیڕۆڵی موجاهیدین لە بەرەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیدا بكا، بەڵام هەموو كەس گلەیی ئەوەی دەكات ئەو نوێنەرەی هەرێم لە تاران بۆچی دەنگی دەخاتە پاڵ دەنگی دەسەڵاتێكی وەك ئێران و زیاتر لە خودی جمهوری ئیسلامی دژایەتیی موجاهیدینی دەكا! لە كاتێكدا هەڵوێستی خودی حكوومەتی هەرێم بەرامبەر موجاهیدین وا نییە و حاشاهەڵنەگرە لە ساڵی 2008 لەسەر داوای خودی نێچیرڤان بارزانی كە ئەوكاتیش هەر سەرۆكوەزیرانی هەرێم بوو، نێزیكەی 100 ئەندامی موجاهیدینی خەڵق لە هەولێر نیشتەجێ كران و هاوكاریان كرا تا دواتر بەشێكی زۆریان دەربازیان بوو.
ئیسرائیل
نازم دەباغ لەلایەن میدیاكانی ئێرانەوە بەردەوام پرسیاری پەیوەندیی كورد و ئیسرائیلی لێدەكرێ، بەڵام هەمووجار وەك ترسێكی گەورە سەیری ئەو پرسە دەكات و قسەی دڵی ئێرانییەكان دووبارە دەكاتەوە بەوەی “ئیسرائیل نابیتە دۆستی كورد و هەرگیز دۆستی كورد نەبووە” و گوناهێكی گەورە دەبی ئەگەر كورد و جوو دۆست بن. ئەو بۆچوونەی دەباغ لەبارەی كورد و ئیسرائیل لە كاتێكدایە هەر ئێستە لە ئاستێكی زۆر باڵادا پەپوەندی سیاسی و ئەمنی لە نێوان هەردوو حكوومەتدا هەیە و زۆربەی پلانە ستراتیژییەكانی كورد بە ئاگاداری شارەزایانی ئیسرائیلی بەڕێوە دەچن. جگە لە بواری ئابووری كە زیاتر لە 5 كۆمپانیای ئیسرائیلی لە هەرێمی كوردستان كاری گەورەی بازرگانی دەكەن و جێگەی حاشا نییە،ڕاستییەك كە ئێرانییەكان پێیان سەیرە بۆچی نازم دەباغ حاشای لێدەكا!
تەنانەت گاڵتە بە هەندێكڕووداويش دەكات، بۆ نموونە لەبارەی ناونانی شەقامێك لە ئۆرشەلیم لەسەر ناوی “بارزانی” دەڵێ: زۆر ساویلكەین ئەگەر پێمان وابی ئەو ناونانە نیشانەی سۆزی ئیسرائیلە بۆ كورد”. دەباغ فەرامۆشی كرد كە ناونانی شەقامێك بە “تاران” لە هەولێر ئەگەر سۆزی كوردى بۆ ئێران لە پشت نەبی، چییە؟ لەوبارەوەش دەباغ قسەی ئێرانییەكان دەڵێتەوە و وەك كورد قسە ناكا.
بەرامبەر ئێران
“من چەندین جار گوتوومە كە شانازی بە دۆستایەتییم لەگەڵ سەردار قاسم سلێمانیدا دەكەم و زیاتر لە 26 ساڵە دەیناسم”، ئەوە لێدوانێكیڕەسمی و بێ شەرمانەی دەباغە و نایشارێتەوە كە بەردەوام شانازی كردووە بەوەی بەرپرسانی ئەمنی و سەربازیی ئێرانی لە هەرێمن و دەڵێ: بەرپرسانی ئێران نەك هەر لە شەوی هێرشەكەی داعش بۆ سەر هەولێر، بەڵكوو پێشتریش و ئێستاش بەردەوام لە كوردستان بوونە و هەن! هەروەها دەڵێ: ئێستاش بەرپرسانی ئێرانی لە ناوچە جۆراوجۆرەكان لە نێزیكەوەڕاوێژكاریمان پێدەدەن و بەو پەیوەندییە دڵخۆشین!
زۆر پرس وڕووداوی وەگ گیران و سێدارەى چالاكانی كورد لە ئێران هەبووە كە لە وەڵامی داوای كوردان بۆ ناوەندگیری وەك كوردێك، نازم دەباغ هیچ هەڵوێستێكی نەبووە، بێدەنگییەك كە بە لایەنگیری له ئێران هەژمار كراوە. چەند ساڵ پێشتر ئیمەیل و پێوەندییەكانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمنی ئێرانی دژی كوردی ئێران بە بەڵگە ئاشكرا كران. هەروەها لە لێدوانێكی دیكەدا نایشارێتەوە: من لە ساڵی 1986ـەوە پەیوەندیم لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانیدا هەیە، تەنانەت هەر خۆمڕێكخەری ئۆپەراسیۆنی “فەتحی یەك”ی سوپای ئێران بووم!
لەسەر پ.ك.ك و پژاك
نوێنەری هەرێم لە تاران دیسان لە بەرژەوەندیی ئێران قسە دەكا و دەڵێ: پارتی كرێكاران بەرامبەر توركیا سیاسەتێكی هەڵەی هەیە و پێویستە دوور لە شەڕ كاری سیاسی بكا! لێدوانێك كە بەرپرسانی ئێرانی وەك نموونەیەك بۆ كوردانی ئێرانیش بەكاری دەبەن و هەوڵ دەدەن وای پیشان بدەن نەك هەر نەیارانی كورد، بگرە كوردەكان خۆیان دژی خەباتی چەكدارین بەرامبەر ئەو وڵاتانەی كوردستانیان بەسەر دابەشكراوە، پرسێك كە لەڕاستیدا وا نییە و چەواشەی پێوە دیارە. خودی جمهوری ئیسلامیى ئەمڕۆ بەرهەمی شەڕە و شەڕی عێراقی تا 8 ساڵ درێژ كردەوە تاڕەوایی بەمانەوە و بەهێزبوونی خۆی بدا.
نازم دەباغ پێیوایە شەڕ و پێكدانانەكانی نێوان سوپای ئێران و پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (كە ئێستە ناوی كۆدارە) هەر لە ئەساسدا شەڕێكی بێ ئامانج و دۆڕاو بووە و دەڵێ: من ناوەندگیری نێوان پژاك و ئێران بووم و لە سەرجەم گفتوگۆكاندا بەشدار بووم و هۆی دانانی من بەو ئەركە تەنیا یەك شت بوو، چونكە من بڕوایەكی زۆرم بە بوونی پەیوەندی لەگەڵ ئێراندا هەیە!
لە چاوپێكەوتنێكدا دەباغ بەڕاشكاوی هێرش دەكاتە سەر هەر جووڵەیەكی چەكداری دژی هەركام لە وڵاتانی داگیركاری كوردستان و تەواو فەرامۆشی كردووە كورد شەڕفرۆش نییە ئەگەر دەستێك بۆ ئاشتی هەبی! هەروەها لەبیری كردووە كە خۆی و پۆستەكەی لە تاران و حیزبەكەی لە هەرێم و پۆستی سەرۆكایەتیی عێراق كە پشكی حیزبەكەی دەباغە هیچ كامیان بەرهەمی تەنیا خەباتی سیاسی نین بەڵكوو بەرهەمی لوولەی تفەنگ و خەباتی چەكدارییە، بەتایبەت ئەمڕۆ دەیان نموونە هەیە بەوەی خەباتی سیاسی دەكەوێتە پاش بازنەی دەستكەوتی خەباتی چەكداری.
بەكورتی
نازم دەباغ كە زیاتر لە 10 ساڵە نوێنەری یەكێتیی نیشتمانی و بەرپرسی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێم لە ئێرانە و بە قسەی خۆی 31 ساڵە لە هەموو ئاستێكدا پەیوەندیی نێزیكی لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانيدا هەیە، بەردەوام لەگەڵ سیاسەتەكانیڕیژیمی ئێراندا خۆی گونجاندووە و بووەتە ئامرازێك بۆ پروپاگەندەی سیاسەتە نەگۆڕەكانی تاران بەرامبەر هەندێك پرسی دیار و تایبەت كە باسیان كرا. ئەگەر تێبینی بكەین بووەتە مینبەرێكی كوردانەی تاران دژی كوردانی نەیار و ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بەگشتی. ئەو تایبەتمەندییەی دەباغ و هاوپەیمانێتی حیزبەكەی (یەكێتیی نیشتمانی) لەگەڵ ئێران هۆی سەرەكین بۆ مانەوەی دەباغ لەو پۆستەدا، هەرچەندە پارتی دیموكرات بەتایبەت مەسعوود بارزانی چەندجار تێبینی لەسەر دەباغ هەبووە.
سەرچاوەكان:
http://www.nazimdabbagh.com/new/index.php/welcome/item/487-mona
http://krg-iran.com/farsi/index.php/eghlimiran/item/600-n http://namehnews.ir/fa/news
http://krg-iran.com/farsi/index.php/eghlimiran/item/595-w
http://www.mashreghnews.ir/news/654383/%D9%86%D8%A7%D8%B8%D9%85-%D8%AF%D8%A8%D8%A7%D8%BA-%D8%A7%DB%8C%D8%B1%D8%A7%D9%86-%D9%86%D8%A8%D9%88%D8%AF-%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82-%D8%AF%D8%A7%D8%B9%D8%B4-%D8%B4%DA%A9%D9%84-%D9%85%DB%8C-%DA%AF%D8%B1%D9%81%D8%AA