ڕۆژی كورد به مه‌به‌ستی باسكردن له ئه‌نترناسیۆناڵی سۆسیالیست و قازانجی ئه‌و ڕێكخراوه و چۆنیه‌تی به ئه‌ندام بوونی حدك ئه‌و وتووێژه‌ی له گه‌ڵ به‌ڕێز مەولوود سوارە نوێنەری حدك لە ئەنترناسیونالی سۆسیالیست پێكهێناوه
كاك مه‌ولوود بفه‌رموون كه له چ ساڵێكه‌وه حیزبی دێموكرات له كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نترناسیۆناڵی سۆسیالیست دا به‌شداره و چ كه‌س یان كه‌سانێك هه‌وڵیان داوه و ڕۆڵیان هه‌بووه له چوونه ناو ئه‌و ڕێكخراوه‌یه‌وه ؟
ئه‌و كاته‌ی كه کۆنگرەی ئه‌نترناسیۆناڵی سۆسیالیست لە لیمای پێتەختی پێرۆ له ساڵی ١٩٨٥ دا به‌ڕێوه چوو حیزبی ئێمه و به تایبه‌تی ڕێبه‌ری كاریزماتیك و بوێر و نه‌مر ذ.عه‌بدوڕه‌حمانی قاسملوو بۆ یه‌كه‌م جار وه‌ك كورد له‌و كۆنگره‌یه دا وه‌ك میوان به‌شدار بوو . له‌و کاته‌وه تا ئێستا حیزبی دێموكرات به به‌رده‌وامی له هه‌موو کۆنگره و کۆبوونه‌وه‌کانی تری ئه‌و رێکخراوه‌دا به‌شدار بووه ، له بیسته‌مین کۆنگرەی ئەنتەرناسیۆنالی سوسیالیست که ساڵی ١٩٩٦ له نیۆیۆرک به‌سترا ، حیزبی دێموكرات بوو به ئه‌ندامی چاوه‌دێر و له دوایین كۆبوونه‌وه‌ی شووڕای ئەنتەرناسیۆنال سوسیالیست كه ئه‌و ساڵ و ماوه‌یه‌ك له مه‌وبه‌ر له لواندای پێته‌ختی ئانگۆلا به‌ڕێوه چوو حیزبی دێموكراتی كوردستان وه‌ك ئه‌ندامی ئه‌سڵی و خاوه‌ن ماف وه‌رگیرا و پاش ٣٠ ساڵ هه‌وڵ و ماندوو بوون و تێكۆشان ئه‌و نه‌مامه‌ی شه‌هید د. قاسملوو هه‌وڵی بۆ دا هاته به‌رهه‌م و بۆ كورد به‌ری گرت ، له ڕاستیدا ئه‌وه درێژه پێدانی هه‌مان ڕێگه‌ی د.قاسملوو و ڕێبه‌رانی دیكه‌ی دێموكراته و بۆ من فه‌خر و شانازییه كه وه‌ك نوێنه‌ری حیزبی دێموكراتی كوردستان له‌و كۆبوونه‌وه دا به‌شدار بووم و ئه‌و كاته‌ی ناوی حیزبی دێموكرات له كۆبوونه‌وه‌كه دا به ده‌نگی به‌رز وه‌ك ئه‌ندامی ئه‌سڵی ڕاگه‌یه‌ندرا ،ئاسۆیه‌كی ڕوونم بۆ گه‌له‌كه‌م به‌دی كرد ،چونكه ئه‌و سكۆیهی د، قاسملوو و د.شه‌ڕه‌فكه‌ندی و سكرتێره‌كانی دیكه‌ی حیزب بۆ كوردیان ده‌خواست و یه‌ك له ئاواته‌كانی ڕێبه‌رمان د.قاسملووی مه‌زن بوو ،به ده‌ستمان هێنا ، ئه‌وه‌ش سه‌ركه‌وتن ، ده‌سكه‌وت و شانازییه‌كی گه‌وره‌یه نه‌ك ته‌نیا بۆ حیزبی دێموكرات به‌ڵكوو بۆ هه‌موو كوردێكی ئازادیخواز .
ئامانج له دامه‌زرانی ئەنترناسیونالی سۆسیالیست چ بووه ،به گشتی پێناسه‌تان بۆ ئه‌و ڕێكخراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه چییه ؟
ئەنترناسیونالی سۆسیالیست له مێژووی دوور و درێژه‌ی خۆیدا گه‌لێك ئاڵووگۆڕی بنه‌ڕه‌تی به سه‌ر داهاتووه و زۆر جاریش تووشی هه‌وراز و نشێوی و نوشست و ته‌نانه‌ت دابڕان و له‌ت بوون و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ش هاتووه و نابێ ئه‌وه‌ش له یاد كه‌ین كه کێشەی فكری و ئیدئۆلۆژی و سیاسی لە کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده و نیوه‌ی یه‌که‌می سه‌ده‌ی بیست و رووداوه‌کانی پاش شه‌ڕی یه‌که‌م و دووه‌می جیهانی راستەوخۆ لەسەر ئەو رێکخراوە شوێندانه‌ر بوون ،
ڕێكخراوی ئەنترناسیونالی سۆسیالیست یه‌كه‌م ئه‌وه‌ی كه ڕابردوویه‌كی دوور و درێژ و له مێژینه‌ی هه‌یه و درێژه‌پێده‌ر و میراتگری زۆرینه‌ی ئه‌و ڕێكخراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه كرێكاریانهیه كه سه‌رده‌مانێك له سه‌ر بنه‌ما و بیر و باوه‌ڕی ماركسیستی دامه‌زرابوون ، ئێستا شكڵ و قه‌واره و ماهیه‌تی ئه‌و ڕێكخراوه‌یه له سه‌ر هه‌مان بنه‌ما و چوارچێوه‌یه كه ساڵی ١٩٥١ له كۆنگره‌ی فرانكفۆرت له سه‌ری دامه‌زرایه‌وه و به گشتی ئیس ئای رێکخراوەکانی سۆسیالیست و سۆسیال دێموکرات و کرێکاریەکانی جیهان له خۆ ده‌گرێ ، دووهه‌م جیا له‌مه‌ی باسم كرد ئه‌و ڕێكخراوه‌یه ئێستا گه‌وره‌ترین فۆرۆمی نێوده‌وڵه‌تییه بۆ ڕێكخراوه سیاسیه‌كانی جیهان و ئه‌گه‌ر له سه‌ره‌تاكانی خولی نوێبوونه‌وه‌ی دا زیاتر پارت و دامه‌زراوه و رێكخراوه چه‌په ئورووپاییه‌كانی له خۆ ده‌گرت ئه‌وه ئه‌مڕۆكه بازنه و گۆڕه‌پانی چالاكیی خۆی به‌رفراوانتر كردۆته‌وه و جیا له قاڕڕه‌ی ئورووپا ، قاڕڕهكانی ئه‌فریقا ، ئه‌مریكای لاتین و ئورووپای ڕۆژهه‌ڵاتیشی كردۆته مه‌یدانی چالاكی و تێكۆشان .
له پێوه‌ندی به ئامانجی ئێس ئای پێم وابێ ئه‌وه‌نده به‌س بێ كه بڵێم هه‌وڵ بۆ سه‌قامگیری و جێگیربوونی دادپه‌روه‌ری ، یه‌كسانی ، ئازادی ، دێموكراسی و مافه‌كانی مرۆڤ به گشتی له ئاستی جیهانیدا ده‌دا .
حیزب و ڕێكخراوه‌كان له ئەنترناسیونالی سۆسیالیست به چ مه‌رج و شێوه‌یه‌ك ده‌بنه ئه‌ندام یان به زمانێكی ساده‌تر مه‌رجی وه‌رگیران له‌و ڕێكخراوه دا چییه ؟
بۆ ئه‌و ڕێكخراوه‌یه پێشینه و ئێعتباری ئه‌و حیزبه‌ی داوای ئه‌ندامیه‌تی ده‌كا زۆر گرینگه و به وردی سه‌رنجی ده‌درێتێ و ده‌بێ ئه‌و پارته‌ی داوای به ئه‌ندام بوون ده‌كا ، تاقیكاریی مه‌یدانیی خۆی دابێ و به شێوه‌یه‌كی چالاك و ئه‌كتیڤ له مه‌یدانی كرده‌وه دا باوه‌ڕی هاوبه‌شی به ئیده و فكره سیاسیه‌كانی ئێس ئای هه‌بێ و ئه‌وه‌شی له چوارچێوه‌ی كرده‌وه دا سه‌لماندبێ و به گشتی پێویسته لایه‌نی داواكار بۆ به ئه‌ندام بوون هه‌ڵگری ڕێباز ، پێڕه‌و و پڕۆگرامێكی باوه‌ڕمه‌ند به دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی بێ كه له گه‌ڵ پێوه‌ره مرۆیی و دێموكراتیكه‌كانی ئەنترناسیونالی سۆسیالیست یه‌ك بگرێته‌وه .
به شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌نترناسیۆنالی سۆسیالیست له چه‌ند ئه‌ندام پێكهاتووه و چه‌ند حیزب و ڕێكخراوی كوردستانی تێیدا ئه‌ندامن و به كورتی قازانجی ئه‌و ڕێكخراوه بۆ كورد چییه و چی بۆ كورد پێیه؟
ڕێكخراوی ئه‌نترناسیۆنالی سۆسیالیست سه‌رجه‌م پێكهاتووه له ٢٠٥ ئه‌ندامی ئه‌سڵی ، ٢١ئهندامی ڕاوێژكار ، ١٧ ئه‌ندامی چاوه‌دێر و سێ ڕێكخراوی تایبه‌ت به ژنان ، لاوان و په‌روه‌رده .
وه‌ك كورد له‌و ڕێكخراوه دا ، حیزبی دێموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئه‌ندامی ئه‌سڵین ، حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و هه‌ده‌په و په‌یه‌ده ئه‌ندامی ڕاوێژكارن ، کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێری زه‌حمه‌تکێشان و کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانیش ئه‌ندامی چاوه‌دێرن.
به‌ڵام له مه‌ڕ قازانجی ئه‌و ڕێكخراوه بۆ كورد هه‌ر وه‌ك پێشتریش ئاماژه‌م به چه‌ند خاڵێك كرد ، پێویسته ئه‌وه زیاتر ڕوون بكه‌مه‌وه كه ئەو رێکخراوە وەك خۆی دەزگایەکی جێبەجێکار نیە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، به‌ڵام بەهۆی ئەوە کە فۆڕۆمێکی زۆر بەرفراوانه و بەشێوەی به‌رده‌وام لانیکەم یەک له سه‌ر سێی حیزبه‌كانی ئەندام لەو رێکخراوەدا دەسه‌ڵاتی وڵاتی خۆیان بەدەستەوەیە یا لە حکوومەتدا بەشدارن، دەتوانین بڵێین هەم لەرووی سه‌مبولیکەوە و هەم لەرووی سیاسەتی عەمەلیەوە، شوێنێکی گرینگه بۆ باس و موناقشەی سیاسەتی نێونەتەوەیی و تریبوونێکی باشه بۆ ناساندنی کێشه‌کانی گه‌لانی بێده‌وڵه‌تی وه‌ک گه‌لی کورد. جگه له‌وانه‌ش، ئه‌نترناسیۆنالی سۆسیالیست ده‌توانێ وه‌ک که‌ناڵێک بۆ تاقیکردنه‌وه‌ی کاری هاوبه‌شی نێوان پارته کوردییه‌کان نه‌ک هه‌ر له به‌شێكی کوردستان به‌ڵکوو له‌نێوان هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستاندا که‌ڵكی لێ وه‌ربگیرێ، لانیکەمی دەسکەوتێکیش کە ئەو رێکخراوە بۆ کوردی هەبووە ئەوەیە کە کوردەکان له‌وێ توانیویانە تۆرێکی پیوەندی بۆ خۆیان دروست بکەن و تا ئه‌و كاته جێ متمانە ترین و دایمی ترین شوینی ناساندنی قەزیەی کورد بە دونیای دەرەوە بووه و ئه‌وه ده‌سكه‌وتی به‌شداریكردنه له ئه‌نترناسیۆنالی سۆسیالیست دا كه وابوو ئه‌وه‌ی هه‌ندێ كه‌س ده‌ڵێن ئێس ئای هیچی بۆ كورد نه‌كردووه و به بێ هۆكارێكی ڕوون ده‌یانهه‌وێ له گرینگیی ئه‌و ڕێكخراوه كه‌م بكه‌نه‌وه ، له ڕاستیدا غه‌در ده‌كه‌ن
دوای ئه‌وه‌ی حیزبی دێموكراتی كوردستان بۆته ئه‌ندامی سه‌ره‌كی و ڕه‌سمی چ ئه‌رك و به‌رپرسیاره‌تیه‌كی له‌و رێكخراوه دا ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ و وه‌رگیرانتان وه‌ك ئه‌ندامی ئه‌سڵی تا چه‌ند كاریگه‌ری له سه‌ر پێوه‌ندییه سیاسی و دیپلۆماسیهكانتان داده‌نێ؟
ئێمه هه‌ر به شێوه‌ی ڕابردوو له ئه‌نترناسیۆنالی سۆسیالیست دا بۆ پرسی كورد به گشتی و كوردی ڕۆژهه‌ڵات به تایبه‌تی هه‌وڵ ده‌ده‌ین و له به‌رنامه‌مان دایه وه‌ك پردێكی پێوه‌ندی بین له نێوان كورد و ئه‌نترناسیۆنالی سۆسیالیست و بێشك ئه‌وه‌ش كه بووینه ئه‌ندامی ئه‌سڵی هه‌م مافی زیاترمان به مه‌به‌ستی به‌شداری له ئۆرگان و كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌و ڕێكخراوه دا ده‌بێ و هه‌م له پێوه‌ندی به دروست كردنی لۆبی و گه‌یاندنی زیاتری ده‌نگی كورد به‌رپرسیاریه‌تیی گه‌وره‌ترمان له ئه‌ستۆ ده‌بێ ،
له باره‌ی به‌شی دووهه‌می پرسیاره‌كه‌تان هه‌ر وه‌ك هه‌موو لایه‌ك ئاگادارن ئه‌مڕۆكه پرسی كورد له ئاستی دونیای ده‌روه دا پرسێكی نامۆ نییه و هه‌موو سیاسییه‌كانی جیهان پێی ئاشنان ، به تایبه‌تی به هۆی شه‌ڕی قاره‌مانانه‌ی هێزی پێشمه‌رگه و كورد به گشتی به دژی گه‌وره‌ترین ڕێكخراوی تیرۆریستی واته داعش ، پرسی كورد ته‌واو به جیهانی بووه و ته‌نانه‌ت له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌و جاره‌ی ئه‌نترناسیۆنالی سۆسیالیست له لۆوانداش ئاماژه‌ی پێكرا و كه‌وته به‌ر رێز و ته‌قدیری به‌شداربوان .
پێوسته ئه‌وه‌ش بڵێم كه ئێمه وه‌ك حیزبی دێموكراتی كوردستان پێش ئه‌وه‌ش كه ببینه ئه‌ندامی ئه‌سڵی له گه‌ڵ وڵاتانی كاریگه‌ر و خاوه‌ن نفووزی جیهانی تۆڕێكی پێوه‌ندیمان ساز كردبوو و هه‌ر واش به‌رده‌وامین ، به‌ڵام به هۆی ئه‌وه‌ی پرسی كوردی ڕۆژهه‌ڵات له ئاست پارچه‌كانی تری كوردستان كه‌متر له ڕۆژه‌ڤی باس و خواسه‌كانی جیهانی دایه ، ئه‌وه ئه‌ركی ئێمه‌ی قورس‌تر كردووه و به ئه‌ندام وهرگیرانمان وه‌ك ئه‌ندامی ئه‌سڵی هانده‌ر و رێگه‌خۆشكه‌ره بۆ ئه‌وه‌ی به گوڕ و تینێكی نوێوه و هاوئاهه‌نگ و هاوده‌نگ له گه‌ڵ حیزبه كوردستانیه‌كانی دیكه ، بۆ په‌ره پێدانی زیاتری پێوه‌ندییه دیپلۆماسیه‌كان له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی دا هه‌نگاو باوێین و دۆست و هاوپه‌یمانی پتر بۆ پرسی كوردی ڕۆژهه‌ڵات بدۆزینه‌وه و پرسی كورد له ئێران و له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا بخه‌ینه ڕۆژه‌ڤه‌وه.
ئێوه وه‌ك حدك به‌رده‌وام باس له‌وه ده‌كه‌ن كه كۆماری ئێسلامیی ئێران ڕژیمێكی تۆتالیتێر و دیكتاتۆره ،باشه چۆن ده‌كرێ له گه‌ڵ وه‌ها ڕژیمێك دانیشتن و ڕێككه‌وتن بكرێ و ئه‌وه‌ش له حاڵێكدایه كه ئێوه له ڕێكخراوێكی جیهانیی وه‌ك ئه‌نترناسیۆنالی سۆسیالیست كه ده‌ڵێ پێڕه‌وی له بنه‌ماكانی دێموكراسی ده‌كا ئه‌ندامن ؟
حیزبی دێموكرات پێش ئه‌وه‌ی له‌و ڕێكخراوه جیهانیانه‌ش دا ئه‌ندام بووبێ باوه‌ڕی به چاره‌سه‌ریی پرسی كورد به هه‌موو ڕێگه‌كان و یه‌ك له‌وان دانیشتن و دیالۆگ هه‌بووه و له‌و پێناوه‌شدا نرخ و به‌های زۆر و گه‌وره‌مان داوه و بۆ وێنه سكرتێری گشتیی حیزبه‌كه‌مان د،عه‌بدوڕڕه‌حمانی قاسملوو له سه‌ر مێزی وتووێژ به ده‌ستی دیپلۆمات تیرۆریسته‌كانی كۆماری ئێسلامی شه‌هید كرا ، سه‌ره‌ڕای ئه‌و ئه‌زموونه تاڵه‌مان له وتووێژ ، ئێمه وه‌ك پره‌نسیپ هیچ كات دانوستان و وتووێژ بۆ چاره‌سه‌ریی پرسی كورد و وه‌ك یه‌كێك له ڕێگاكانی خه‌بات ڕه‌ت ناكه‌ینه‌وه ،به‌ڵام له هه‌لومه‌رجی ئه‌وڕۆ دا باوه‌ڕ ناكه‌م كۆماری ئیسلامی له‌و پێوه‌ندییه دا جیددی بێ
له پێوه‌ندی به رێگه و شێوه‌كانی خه‌بات ، تا چه‌ند به نیازن به‌رده‌وام بن له شێوه خه‌باتی چه‌كداری ؟
کورد لە هەموو ژیانی سیاسیی و ئاسایی خۆیدا هەمیشە هێرشی کراوەتە سەر و ئه‌گه‌ر ده‌ستیشی بۆ چه‌ک بردبێ ئه‌وا بۆ دیفاع و داكۆكی له خۆ كردن بووه . به‌رگریی چه‌کدارانه‌ی کوردی رۆژهه‌ڵاتی و حیزبی دێموکڕاتیش له به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی دوژمنکارانه و شه‌ڕخوازانه‌ی رژیمی کۆماری ئیسلامی‌یش هه‌ر ده‌چێته ئه‌م خانه‌یه‌وه. حیزبی ئێمه له ساڵانی رابردوودا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که نه‌یویستووه خه‌باتی چه‌کدارانه وه‌ک له ساڵانی پێشوودا باو بوو به‌ڕێوه به‌رێ، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌کی زۆر دیار و مه‌یدانی کار و چالاکیی شۆڕشگێڕانه‌ی له نێوخۆی رۆژهه‌ڵاتدا بووژاندۆته‌وه و په‌ره‌ی به حزووری پێشمه‌رگه به‌مه‌به‌ستی سیاسی و ته‌شکیلاتی له نێوخۆ داوه. ئێمه پێش هه‌موو شتێک حیزبێکی سیاسیین که له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌ره‌تانی چالاکیی سیاسی و به‌شداریی دێموکڕاتیکمان پێ نادرێ، ناچار بووین چه‌ک هه‌ڵگرین. له هه‌رحاڵدا ئێمه وامان پێ باشتره مه‌سه‌له‌ی خۆمان ته‌نیا له رێگای ئاشتیخوازانه و سیاسییه‌وه ببه‌ینه پێش. به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێویست بێ به شێوه‌ی چه‌کدارییش دیفاع له خۆمان وله گه‌له‌که‌مان بکه‌ین، ده‌یکه‌ین. هه‌ر له‌و کاته‌شدا خه‌باتی ئێمه خه‌باتێكی چه‌ند ره‌هه‌ندییه که هه‌موو شێوه‌کانی خه‌بات ده‌خاته خزمه‌ت ئامانجی ره‌وا بۆ به ده‌ست هێنانی مافی گه‌لی كورد له ئێران دا .