ڕۆژی کورد: دوای ئەوەی کە هێزێکی ٥٠٠ کەسی لە پێشمەرگەکانی ڕۆژئاوای سەر بە فەرماندەیی پێشمەرگەی زرێڤانی بە ناوی “رۆژ” چوونەوە نزیک سنووری کوردستان و لە نزیك شارۆچكەی سنوونێ ـی سەر بە قەزای شنگال و كۆمەڵگەی خانەسوور لە سنووری نێوان کوردستانی باشوور و ڕۆژئاوا جێگیر بوون و هێزێكی سەر بە پەكەكەش داوای چۆڵكردنی ئەو ناوچەیان لێکردن، شەڕ و پێکدادان لە نێوان ئەو دوو هێزە کوردیە هاتە ئاراوە.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ١٣ی ڕەشەممەی ١٣٩٥ی هەتاوی، شەڕ لەنێوان هێزی پێشمەرگەی رۆژئاوای سەر بە پارتی دێموکراتی کوردستان و یەبەشە، سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان، لە بازگەیەکی کۆمەڵگەی خانەسووری نزیک ناوچەی سنوونێ هاتە ئاراوە و لە ئەنجامدا شەڕڤانێکی یەبەشە شەهید بووە.
زانیارییەکان هەروەها باس لە برینداربوونی هەشت کەس دەکەن. بەپێی ئەو زانیارییانە ٤ شەڕڤانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان و ٤ پێشمەرگەی سەر بە پارتی دێموکراتی کوردستان کە سەرجەمیان کوردی کوردستانی ڕۆژئاوان، بریندار بوون.
هەروەها فەرماندەیەكی پێشمهرگه دهڵێ: بڕیارە هێزێکی دیكەش لەو پێشمەرگانە لەژێر ناوی پاراستنی سنووری باشوور و رۆژئاوای كوردستان بۆ سنوورەكە بنێردرێن و لەوێ جێگیر بن و بمێننەوە.
بەپێی زانیاریی بڵاوبۆوە لە ڕاگەیێنەکان، هێزی “ڕۆژ” كە لە پێشمەرگەكانی کوردستانی ڕۆژئاوا پێكهاتوون،ژمارەیان زیاتر لە 6 هەزار كەس دەبێت و ڕێکەوتی 12-4-2012، بە بڕیاری سەرۆكی ھەرێمی كوردستانی باشوور دامەزران و لەلایەن فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانیی کوردستانی باشوور رێکخراون.
ناوەندی ڕۆژی کورد ویڕای مەحکووم کردنی شەڕی کورد لەگەڵ کورد و قوربانی کردنی ڕۆڵەکانی کورد لە شەڕی کوردکوژیدا، داوای کۆتایی هاتن بەو شەڕ و گرژییە دەکات.
لە ئێستاشدا شەڕەکە بە قورسی بەردەوامە و شەهید و بریندار هەیە و چەندین خێزان گیریان خواردووە و چەندین ئۆتۆمبێل لە ناو چوون.
چاوەدێرێکی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵات کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، لە وتووێژێک لەگەڵ ڕۆژی کورد ڕایگەیاند: “ئەو شەڕە لە راستیدا شەڕی نێوان ئێران و تورکیەیە کە لە ڕێگای دوو هێزی کوردی بە ناوەکانی پەکەکە و پارتی بە کوردەکانی ڕۆژئاوا دەکرێت و مخابن هەر کوردی ڕۆژئاوا لەو شەڕەدا دەبێتە قوربانی”.
ئەو چاوەدێرە سیاسیە هەروەها ڕایگەیاند: “ئەو شەڕ و گرژییە، دوای دانیشتنی پەکەکە لەگەڵ قاسم سلێمانی لە ڕووسیە و هەروەها سەردانی بارزانی بۆ تورکیە هاتۆتە ئاراوە، هەر بۆیەش بە شەڕێکی نیابەتی دەکرێ کە کورد لە مێژوودا دەرسی لێوەرنەگرتووە و پێناچێ بەم زوانەش دەرسی لێوەربگرێت”.