خه‌بات قوربانی
پێشه‌کی
له دونیای ئه‌مڕۆی نووسیندا بۆ ناسینی زیاتری هه‌ر که‌سایه‌تیه‌ک یه‌کێک له باشترین ڕیگاکان چاوخشاندنه‌وه به سه‌ر به‌رهه‌م و کاره‌کانی که‌سه‌که یه.
جا ئه‌گه‌ر ئه‌و که‌سه نووسه‌ر بووبێت نووسینه‌کان و به‌رهه‌مه‌کانی پێشانده‌ری ڕێژه‌ی شاره‌زایی و هزر و فکری ئه‌و که‌سه‌ن هه‌ر به‌و پێیه ئه‌گه‌ر سینه‌ماکار بێت کاره‌کانی سینه‌مایی و ئه‌گه‌ریش نیگارکێش بێت ئهونهخشانهی که خوڵقاندویه‌تی باس له هزر و فکری که‌سه‌که ده‌که‌ن.
به‌ڵام له هه‌ڵسه‌نگاندنی به‌رهه‌مه‌کاندا ئه‌مرۆکه ئامرازێک به‌کاردێت که هێشتا لای ئێمه وه‌ک که‌ره‌سته‌یه‌کی سه‌ره‌کی و کاریگه‌ر جێگای خۆی به درووستی نه‌کردۆته‌وه ئه‌ویش “ره‌خنه” یه.
“ره‌خنه” که بابه‌تێکی ڕۆژئاوایه و له کوردی‌دا له بڕی (critique) دا هاتووه هێشتا له کوردی‌دا مانای پر به پێستی خۆی نه‌دۆزیوه‌ته‌وه که ئه‌مه له ڕاستیدا ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت که له سه‌رچاوه‌که‌یدا به‌کار هاتووه، چۆن؟
ره‌خنه یان (critique) به به‌رهه‌مێکی هزری ده‌وترێت که هاوکات له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بابه‌ته‌که یان باشتره بوترێت به‌رهه‌مه‌که تاوتوێ ده‌کات ڕیگاش خۆش ده‌کات که ئه‌م ئه‌گه‌رانه بخاته ڕوو که له کاتی دووباره بوونه‌وه‌دا کاتێک به‌رهه‌مه‌که دارێژرێتهوه به شێوه‌کانی دیکه له سه‌ری باس بکرێت ئه‌مه‌ش ده‌توانێت به شێوه‌کانی ئه‌رێنی ، نه‌رێنی ، ته‌واو که‌ر یان شی که‌ره‌وه و یان جۆره‌کانی دیکه بێت. به گشتی ڕه‌خنه مه‌یدانی جه‌وله‌ی به‌رهه‌مه‌که فراوانتر ده‌کا و ئاسۆی فکریش گه‌وره‌تر ده‌کا.
ڕه‌خنه یان (critique) له سه‌ر بنه‌مای بۆچوونه‌کانی زانیاریدار دامه‌زراوه نه‌ک له‌سه‌ر بۆچوونه‌کانی شه‌خسی.
بۆچوونه‌کانی زانیاریدار به‌و بۆچوونهنانه ده‌وترێت که وه‌کوو زانیاریه‌کانی تێکنیکی ،تاقیکاریه‌کانی شه‌خسی یان پیشه‌یی یان ڕاهێنانی تایبه‌ت قه‌بوول کرابێت.
من پێش باس کردن له سه‌ر به‌رهه‌مه‌کانی دکتور قاسملوو به پێویستم زانی که ئه‌م پێشنووسه له سه‌ر “ڕه‌خنه” به ده‌سته‌وه بده‌م تا ئه‌م چوارچێوه‌یه‌ی که ده‌مه‌وێت تێدا باسه‌که بکه‌مه‌وه دیار بێت.
دکتور قاسملوو له نووسینه‌کانیدا به به‌رده‌وامی باسی له ڕه‌خنه و نووسین و پێداچوونه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه به مانا ڕۆژئاویهکهی واته (critique) کردووه.
له کتێبی ” چل ساڵ خه‌بات له پیناوی ئازادی” دا کاتێک لاپه‌ره‌کانی ئه‌م کتێبه ده‌خوێندرێته‌وه، خوێنه‌ر هه‌ست به‌وه ده‌کات که ئه‌م کتێبه گه‌رچی کتێبێکی مێژۆیه به‌ڵام به‌س فاکتۆگرافی نیه که ڕووداوه‌کان به پێی ڕێره‌وه‌ی زه‌مه‌ن و کات ریز کرابێت به‌ڵکوو په‌یوه‌ندی ناو ڕووداوه‌کان ،هۆی ڕووداوه‌کان ، دینامیزمی مێژوو و هێزه‌کانی هانده‌ر و یان ڕاگر خراونه‌ته روو.
له زۆر بڕگه‌ی مێژووئیدا وێرای باس له ڕووداوه‌کان، پرسیار خراوه‌ته ڕوو و نه ته‌نیا وه‌ڵامی پرسیاره‌کان دراوه‌ته‌وه به‌ڵکوو باس له ئه‌گه‌ره‌کانی دیکه‌ش کراوه که وه‌کوو ئالتێرناتیو ده‌کرا یان ده‌بوا ههبایهن.
ئه‌مانه هه‌موو ده‌بنه هۆی ئه‌وه که شێوه نووسینی به‌رهه‌مه‌که کاری خوێنه‌ر ئاسان بکا به‌و مانایه که خوێنه‌ر خێرا له ناخی بابه‌ته‌که تێ بگات و هه‌روه‌ها ئهوپێچ و په‌نایانه‌ی مێژوو که کاری شی کردنه‌وه دژوار ده‌کا، کارچاکی و ئاسانکاری بۆ بکرێت.
بۆیه کاتێک ئه‌م کتێبه دخوێندڕیتهوه خوێنه‌ر هه‌ست به ڕه‌زامه‌ندیه‌کی قووڵ ده‌کا، چوونکه هه‌م ڕووداوه‌کانی مێژووی به سه‌ر کردۆته‌وه و هه‌م خاڵه گرینگه‌کانی ده‌ست که‌وتووه و له هه‌مان کاتیش‌دا ئه‌و پرسیارانه‌ی که هاتۆته ئاراوه به وه‌ڵام و به ئه‌گه‌ری جۆره‌کانی دیکه‌ی وه‌ڵامه‌کان ده‌ستی که‌وتووه.
که‌سایه‌تی قاسملوو (Personnage )
دیاره که‌سایه‌تی هه‌ر که‌سێک ده‌کرێ له بوارگه‌لی جۆراوجۆره‌وه وه‌کوو ئه‌خلاق، زیره‌کی، هه‌ڵسوکه‌وت، زانیاری، قسه‌خۆشی و …. زۆر بواری دیکه لێکدانه‌وه و به‌دواداچوونی بۆ بکرێت به‌ڵام چوونکه باسمان له به‌رهه‌مه‌کانی قاسملوو کردووه بۆیه من ئاماژه به کاره نووسراوه‌کانی ئه‌م که‌سایه‌تیه ده‌که‌م تا زیاتر به‌رچاوڕوونیمان بداتێ. “کوردستان وکورد”، چل ساڵ خه‌بات له پێناوی ئازادی” و ” کورته‌باسێک له سه‌ر سۆسیالیزم” به‌رهه‌مه سه‌ره‌کیه‌کانی قاسملوون که له تێڕامانێک له ناوه‌رۆکی ئه‌م کتێبانه‌دا ده‌کرێ ئه‌م کتێبانه له سێ ته‌وه‌ری سه‌ره‌کیدا، ژێئۆپۆلیتیک، مێژوو، سیاسه‌ت و فه‌لسه‌فه‌دا باسیان له‌سه‌ر بکرێت.
– “کوردستان و کورد” که تێزی دوکترای قاسملوویه وه‌کوو کتێبێکی جۆغرافیا دێته به‌رچاو به‌ڵام به ورد بوونه‌وه له ناخی کتێبه‌که زۆر شتی دیکه ده‌رده‌که‌وێت که پانتای ئه‌م کتێبه وێرای ئه‌وه که زیاتر له 50 ساڵ به سه‌ر نووسینیدا تێده‌په‌رێت زۆر له‌وه به‌رینتره که به‌ڕواڵه‌ت ده‌بینرێ و هێشتا تازه‌یی خۆی پاراستووه و ئه‌وه‌ش ده‌گه‌رێته‌وه بۆ سه‌ر بناغه‌ی زانستی و پشت به‌ستن به فاکته‌کان و ڕاستیه‌کان که جه‌وهه‌ری ئه‌م کتێبه‌ی پێکهێناوه که دواتر وردتر ده‌چینه ناو بابه‌ته‌که.
– “چڵ ساڵ خه‌بات له پێناوی ئازادی” باس له مێژوو ده‌کات به‌ڵام هه‌روه‌کوو له سه‌ره‌وه باسی کرا شێوه‌ی نووسینی ئه‌م کتێبه وایکردووه که له بازنه‌ی کتێبێکی سرف مێژوویی بچێته ده‌ره‌وه و بیکاته هه‌نبانه بۆرینهیهک که ئه‌گه‌ر له بابه‌ت ئه‌م زه‌منیه‌ی که تێدا باسی کراوه هه‌ر پرسیارێکت هه‌بێ ده‌ست بخه‌یه ناوی، وه‌ڵامی پرسیاره‌کانت بداته‌وه.
– “کورته‌باس” یان “کورته‌باسێک له سه‌ر سۆسیالیزم” باڵی خۆی زیاتر دهکشێنی و هه‌رچه‌ند نامیلکه‌یه‌کی بچووکه که باس له سنووره‌کانی حیزبێک ده‌کات به‌ڵام دیسانه‌وه به هۆی به هێز بوونی ڕوانگه‌ی نووسه‌ر و هه‌روه‌ها زانیاری له سه‌ر بابه‌ته‌کان، له چوارچێوه‌ی نامیلکه‌یه‌ک که سنوور بۆ دێمۆکرات بوون دیاری ده‌کا ده‌چێته ده‌ره‌وه و ده‌بێته به‌رهه‌مێکی زانستی فه‌لسه‌فی.
ئه‌گه‌ر ئێمه زانست به مانای خوێندنه‌وه و لێکدانه‌وه‌ی فاکته‌کان به پێوه‌ری مه‌نتق و وه‌ڵام دانه‌وه له تاقیکاریدا قه‌بوڵ بکه‌ین و فه‌لسه‌فه‌ش به کۆکردنه‌وه و له په‌نا یه‌کدانانی به‌شه‌کان به مه‌به‌ستی وه‌دی هێنانی غایه‌تێکی باشتر وه‌ر بگرین ، ئه‌و کات ده‌بینین که ئه‌م نامیلکه بچووکه خاوه‌نی هه‌ردووک تایبه‌تمه‌ندیه واته هه‌م زانستیه و هه‌م فه‌لسه‌فی.
کوردستان و وکورد
کتێبێ “کوردستان وکورد” کتێبێکه که بارودۆخی ساڵه‌کانی کۆتایی ده‌یه‌ی50 بۆ 60 زائینی به وردی باس ده‌کا.
له‌م کتێبه‌دا ده‌کرێ بارودۆخی کورده‌کان له ناو ساڵه‌کانی 1960 بۆ 1965 بێته به‌رچاو، هه‌روه‌ها پێشانماندهدات که دوکتور قاسملوو و جیلی قاسملوو چ که‌سانێک بوون، چوونکه بێ شک ئه‌و که‌سانه‌ی وه‌کوو قاسملوو، له پێشره‌وانی ده‌وره‌ی زه‌مه‌نی ئه‌و کات بوون.
جیلێک که له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا و به‌تایبه‌تی له کوردستاندا خاوه‌نی جۆرێک له ڕووناک‌بیری خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندی خۆیان بوون.
جۆره ڕووناکبیریهک که وه‌سفی به شه‌کانی دیکه‌ی جیهانی له گه‌ڵ خۆی هه‌ڵده‌گرت، ڕۆشنبیریه‌ک که هه‌ڵگری تایبه‌تمه‌ندی له به کرده‌وه‌یی کردنی هزر و تێئوری، یه‌کێک له خاله گرینگه‌کان نواندنی پرسی جووڵانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی بوو که له هه‌مان کاتدا به ته‌نیا نهتهوهیهیش نه‌بوو.
له ڕوانگه‌یه‌که‌وه دوکتور قاسملوو سه‌ر به‌و جیله واته جیلی سالانی 50 تا 60 زائینی له کوردستاندا بوو و له ڕوانگه‌ی دووهه‌مه‌وه دوکتوور قاسملوو له‌م کتێبه‌دا که به هاوکاری خاتوو ئێلێنا نووسراوه باس له ده‌وره‌یه‌کی مێژوویی ئێران و زۆر دراماتیک ده‌کا، ده‌ورانێک که پاشایه‌تی و مۆنارشی هێشتا به‌رده‌وام بوو، پاشایه‌تی وه‌لا نهنرابوو و ته‌نانه‌ت کوده‌تاش نه‌کرابوو و له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ئاڵوگۆریهکان ده‌ره‌نجامێکی سامناکی بۆ کورده‌کان له گه‌ڵ خۆی هێنابوو و له هه‌مان کاتدا له عێراق چاره‌نووسێکی دیکه بۆ کورده‌کان تا ساڵی 1968 خه‌ریک بوو ده‌نووسرا.
ئه‌و ڕیرهوهی که ئێستا بۆ لێکۆله‌رانی ئه‌مرۆ جێگای سرنج و ڕامانه و به ئه‌رێنی ده‌ژمێردرێت، ئیده و فکره ئه‌رێنیه‌کانی دوکتور قاسملوو له سه‌ر وه دیهاتنی ڕێژیمێکه که ده‌ستخۆشی پرۆسه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان کورده‌کانی ئێران و عێراق بوو و هه‌روه‌ها جووڵانه‌وه‌ی گشتی کورد که له‌م بڕگه‌ی زه‌مه‌نیدا له ئارا دا بوو.
هه‌ڵبه‌ت بارودۆخی ئه‌وکات بۆ خه‌باتی کورده‌کانی ئێران و عێراق ساده نه‌بوو و هه‌ر به‌م هۆیه‌وه بۆ مێژوونوسانی داهاتووش سه‌هل و ئاسان نابێ.
ئه‌م کتێبه له باره‌ی چ شتێک و له کوێدا قسه ده‌کا؟؟..
ئه‌م کتێبه له پراگ و له ڕوانگه‌یه‌کی چه‌پ گهرایانهوه نووسراوه، له ڕوانگه‌ی چه‌په‌وه ئه‌ویش چه‌پێک که خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندی چه‌پی شۆرشگێرانه بووه و له هه‌مان کاتیش‌دا خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندی دێمۆکراتیک و هه‌روه‌ها ڕهخنهگرانهشه.
دوکتور قاسملوو به ئه‌ده‌بیاتی چه‌پ وه‌ها بابه‌ته‌کانی نووسیوه که به بڕوای ئه‌و ژێرخانی هزره‌کانی له سه‌ر سۆسیالیسته نه‌ک له‌سه‌ر زۆر خوازی.
به‌ڵام ئه‌وه‌شی له به‌ر چاو گرتووه که ئه‌م چه‌په ده‌بێ ڕه‌خنه‌گرانه بێ و توانای خۆ گونجاندنیشی هه‌بێ و له هه‌مان کاتیش‌دا له ڕێره‌وه‌ی سۆسیالیزمێکی واقعگرا دا بمێنێته‌وه و درێژه به جووڵانه‌وه‌ی خۆی بدا.
هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌وه، له‌م ئه‌ده‌بیاته چه‌په‌دا، دوکتور قاسملوو بابه‌تی ئۆتۆنۆمی واته خودموختاری باس کردووه که پێشی به پاوانخوازی گرتووه و ئۆتۆنۆمی وه‌کوو پاڵپشتیه‌ک بۆ گشت چین و توێژه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگا هێناوه‌ته مه‌یدان.
هه‌روه‌ها له لایه‌کی دیکه‌وه ئه‌م ئه‌ده‌بیاته چه‌په‌ی قاسملوو، ڕه‌خنه‌گرانه بووه و باسی قازانجه‌کانی کردووه، هه‌م قازانجه تاکه که‌سیه‌کان و و هه‌م قازانجه گشتیه‌کان.
به‌و مانایه که له به‌ر چاو گرتنی قازانجه تاکه که‌سیه‌کان، بێ شک قازانجه‌کانی نه‌ته‌وه‌یی کورد له پێناو جووڵانه‌ی نه‌ته‌وه‌ییدا دابین ده‌کا یانی له ڕوانگهیهوهکه جووڵانه‌وه‌ی کورد نهتهوهئیه و له دورنمای کۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه له قالبی جوڵانه‌وه‌ی سۆسیالیستی دایه و ئه‌وه پێشانده‌ری به‌رفراوانی و گشتگیری هزری قاسملوو بووه.
واته له یه‌ک لاوه خاوه‌نی بیرۆکه‌ی چه‌پ بووه و له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه له ڕوانگه‌ی جیهان شمولی، نه‌ترازاوه و جیا نه‌بۆته‌وه، ئه‌م ڕوانگه دوولایه‌نه‌یه هاوکات به دیدێکی چه‌پگه‌رایانه‌ی سۆسیالیستی و له ڕوانگه‌یه‌کی دیکه‌وه به دیدێکی نه‌ته‌وه‌یی و ناسیۆنالیستیه‌وه ده‌ڕوانێته بابه‌ته‌کان.
له‌و سه‌رده‌مه‌دا چه‌پ ئه‌و ئیزنه‌ی ده‌دا که به وردی بابه‌ته‌کان رێئالیزه و به کرده‌وه‌یی بکرێت وه‌کوو “ماکسیم ڕودانسون” که زۆر به ورد بینیه‌وه موناقشه‌ی له گه‌ڵ ڕووناکبیرانی چه‌پ ده‌کرد، هه‌ر به‌م شێوه‌یه که ڕیگاچارهکانی پرۆفێسۆر “ژغوسلاو مارتینا” له‌م سه‌رده‌مه‌دا کاریگه‌ریان هه‌بوو.
سه‌ڕه‌رای به سه‌ردا چوونی زیاتر له په‌نجا ساڵ به سه‌ر ئه‌م کتێبه‌دا، که زه‌مه‌نێکی زۆره به‌ڵام ئه‌م کتێبه هێشتا زۆر بابه‌تی بۆ گووتن له باره‌ی ئێرانی ئه‌و کات و هه‌روه‌ها کوردستان، له‌م ماوه‌یه‌ی زه‌مه‌نیدا هه‌یه.
به شێوه‌ی سوونه‌تی ڕوانگه‌ی چه‌پ که به داخه‌وه لێکۆله‌رانی مۆدێرن له ده‌ستیانداوه، چه‌پی سوونه‌تی هه‌میشه به حه‌ساسیه‌ت و گرینگیه‌کی زێده‌وه ڕوانیویه‌ته په‌یوه‌ندی نێوان چین و توێژه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگا، دینامیکی شار، گرینگی باج و داهات، ساختاری ئهشیره و تایفی تا به گشتی وه‌کوو سیستێمێک له جێگای خۆیدا لێکۆڵینه‌وه و شیکردنه‌وه‌ی بۆ بکرێت و ئه‌وه شێوه‌یه‌ک بوو که له ساڵانی 60 بۆ 70 ی زائینی له ناوه‌نده‌کانی لێکۆلینه‌وه وبه‌دواداچوونی فه‌رانسه ئه‌نجام ده‌درا، ئه‌وه‌ش ناخ و ناوئاخنی لێکۆلینه‌وه‌کانی کتێبی دوکتور قاسملووی له خۆ گرتووه.
بۆ که‌سێک بیه‌وێت سه‌باره‌ت به بارودۆخی ساڵه‌کانی 50 و 60 زائینی ئێران و کوردستان به‌دواداچوون و لێکۆلینه‌وه بکا، ئه‌م کتێبه بێ شک خاوه‌نی زانیاری گه‌لێکی زۆر و ده‌وڵه‌مه‌نده چوونکه نووسه‌ری کتێبه‌که ورد بینهیهکی تایبه‌ت و زیده‌ی له سه‌ر ژماره و پێوه‌ر وپێوانهکانی وه‌کوو ڕووبه‌ر به میتری چوارگۆشه و به‌رهه‌مان به کیلۆ و هه‌روه‌ها نرخی زه‌وی و زار و ژماره‌ی تراکتۆر و…. به کار هێناوه، به گشتی کارتۆگرافیهکی زۆر باش دخاته به‌ر ده‌ست خوێنه‌ری کتێبه‌که.
کتێنی کوردستان و کوردی دوکتور قاسملوو له هه‌مان کاتدا چۆنیه‌تی ناسیۆنالیستی کورد له‌و سه‌رده‌مه‌دا و ته‌نانه‌ت تا ئێستاکه باس ده‌کا که له تێئۆریه‌کانی بیرمه‌ندانی ئه‌و سه‌رده‌مه وه‌کوو “کارل دۆیچ”، “هانس کون”،”گال نیغ”، “ئاندێرسۆن”،”کامینکا”و که‌سانی دیکه سوودی وه‌رگرتووه.
عه‌بدوره‌حمانی قاسملوو هه‌ولی داوه که به قووڵبینیهوه بڕوانێته ناسیۆنالیزمی کورد و هه‌ر به‌م بۆنه‌شه‌وه هه‌ولی داوه که ده‌رک و تێگه‌یشتنێکی نه‌ک به شێوه‌ی ستاتیک به‌ڵکو به شێوه‌ی دینامیکی له بزووتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیزمی کورد له کوردستان و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و هه‌روه‌ها جیهاندا هه‌بێت.
و له کۆتایی کاردا نه‌ک یه‌ک ڕیگا چار به‌ڵکو له ڕاستیدا 2 ڕیگا چاری سه‌باره‌ت به پرسی کورد پێشنیار کردووه.
ڕێگا چاری یه‌که‌م، پرسی کورد وه‌کوو بیر‌و رایه‌کی ئازاده که ئه‌ویش ساختاری ده‌وله‌تێکه که ئاڵوگۆری فکر و ڕای ئازاد له سه‌ر بنه‌مای یه‌کسانی و عه‌داڵه‌ت بێت و دووهه‌مین ڕیگا چاریش ، مۆدێلی فێدێراسیۆن له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا پێشنیار ده‌کات.
ئه‌م کتێبه هه‌روه‌ها چه‌ندین بابه‌تی سوودمه‌ندی دیکه‌ی تیدایه بۆ نموونه عه‌بدولرحمان قاسملوو یه‌که‌م که‌س بووه که هه‌ستی به‌وه کردوه که بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد پارادۆکسێکی تێدایه ئه‌وه‌یش ئه‌وه‌یه که به‌شێکی زۆری ڕیبه‌رانی فکری بزووتنه‌وه‌ی کورد سه‌ر به روشنبیرانی شار بوون و به‌شێکی زۆری هێزه‌کانی نیزامی کورد سه‌ر به تایفه و عه‌شیره‌ته‌کان بوون که ئه‌مه وه‌کوو گووشارێک خۆی ده‌رخستووه.
ئه‌مه‌ش له کاتێکدایه که لێکۆله‌رانی ئێستا وه‌کوو زه‌روره‌تێکی تایبه‌ت باسی ئه‌م پارادۆکسه له ساڵه‌کانی 80 ی زائینیدا ده‌که‌ن که قاسملوو زۆر پێشتر له ساڵی 1960دا باسی کردووه.
له کۆتاییدا له کتێبی ‘کوردستان وکورد” دا دوکتور قاسملوو ڕه‌خنه‌ی له بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد گرتووه و له ناو دێره‌کانی ئه‌م کتێهدا ده‌رده‌که‌وێت که پرسی کورد به بێ بزوتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیستی ئیمکانی نیه و زۆر گرینگه.
ئه‌م کتێبه ئاوێنه‌یه‌کی ته‌واو قه‌باره له سه‌رده‌می خۆیدایه‌و هه‌ڵگری هزر و فکره‌کانی قاسملوویه.
کتیبێک که هێشتا بۆ لێکۆله‌ران و ئه‌و که‌سانه‌ی ده‌یانه‌وێت به‌دواداچوون بکه‌ن پڕه له زانیاری سوودمه‌ند.
درێژه‌ی هه‌یه….