بەهمەن قوبادی: هیوادارم کورد بە کەڵک وەرگرن لە قەیرانەکانی ناوچە ببێ بە یەک

0
652

فیلمی “هەندێك جار چاو لە سەرێ بكە” لە دەرهێنانی دەرهێنەری کورد، “بەهمەن قوبادی” لە چوارچێوەی كۆمەڵە فیلمی “چەند وتەیەك لەگەڵ خوداكان” لە نمایشێكی تایبەتدا لە شاری “تۆرین”ی ئیتاڵیا نمایش كرا و ئەم سینەماكارە كوردە لە ڕێگای سكایپەوە لە وتووێژ لەگەڵ دەزگاكانی ڕاگەیاندنی ئەو وڵاتەدا و لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە نمایشی نوێترین بەرهەمی بڵیندی خۆی واتا “ئاڵایەکی بێ وڵات” لە ئاستی جیهانیدا گوتی: “یەكەمین نمایشی ئەم فیلمە لە ژانویەی ساڵی ٢٠١٦ لە وڵاتی ئەمریكا دەست پێ دەكات و لە دواییشدا لە وڵاتەكانی دیكەی دنیاش نمایش دەكرێت”.

پەیامنێرێكی ئیتاڵیایی لە “بەهمەن قوبادی” پرسی: ئەمڕۆ ڕۆژی ئاڵایە و ئێوەش فیلمێكتان بە ناوی “ئاڵای بێ وڵات” ساز كردووە كە ئەم سینەماكارە كوردە لە وەڵامدا گوتی: “ئەم ڕۆژە یەكێكە لە گرینگترین ڕۆژەكانی نەتەوەی كورد، چونكە ئەم میللەتە زوڵملێكراوە تا ئێستا ئاڵای هەیە بەڵام بە شوێن زەوییەكەیدا دەگەڕێت. بە شێوەی سروشتی لە سەرەتادا دەبێت وڵات دروست بكرێت، پاشان ئاڵای بۆ ساز بكرێت، بەڵام كورد ئاڵای هەیە و دیارە پێشتر وڵاتی بووە و لێیان ون كردووە و لەم سەردەمەی ئێستاشدا بە شوێن ئەم وڵاتەیدا دەگەڕێت”.

قوبادیلە درێژەدا گوتی: “ئەگەر بە سەرنجەوە لە ئاڵای كوردستان بڕوانن دەبینن کە لە چوار پارچە پێکهاتووە كە خۆرەكە بەشێكی ئەم چوار پارچەیەی لە خۆ گرتووە و هەروەها تیشكەكانی ئەم خۆرەش ٢١ تیشکن وئەوە بۆ من ئەو واتایەی هەیە كە لە سەرەتای سەدەی بیست و یەكەمدا دەبێت كورد یەكگرتوو بێت و چەند ساڵێك لەم سەردەمە تێپەڕیوە و ئەوە ڕووی نەداوە و دەبێت لە یەك دوو ساڵی داهاتوودا ئەوە ڕوو بدات و كوردستانێكی سەربەخۆ بەتایبەت لە عێراقی ئەمڕۆدا پێك بێت”.

ڕۆژنامەنووسانی ئیتالیایی سەبارەت بە ئاڵۆزی و ڕووداوەكانی ئەم دواییانەی كوردستانیش پرسیاریان كرد و قوبادی لە وەڵامدا گوتی: لە ئێستادا پێویستە هەمووی كورد، کۆدەنگیان هەبێ و ئەگەر کورد بەو کۆدەنگییە نەگات و لە لایەنی ئایدیۆلۆژییەوە بەو یەك سنوورییە نەگات، قەت ناتوانێت سنوورەكانی خۆشی یەکبخاتەوە و بیکاتە یەک سنوور.  .

سینەماكاری كورد “بەهمەن قوبادی” لە كۆتایی ئەم چاوپێكەوتنەدا گوتی: “كوردەكان تاكوو سنوری مێشك و سنووری ئایدیۆلۆژییەكان یەک نەخەن، ناتوانن وڵاتێك دروست بكەن. بەو هیوایەم كە كورد لەو قەیرانەی ئێستای ناوچەكە کەڵکی باش وەربگرێت و بە یەكپارچەبوون بگات.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشوومەترسی کردەوەی تیرۆریستی لە “پیکەن”ڕۆژەکانی کریسمەسدا
بابەتی دواترئێران بە پێدانی قەرەبوو بە قوربانیانی ڕووداوە تیرۆریستییەکانی بەیروت و عەرەبستان مەحکووم کرا