با سامانی سرووشتیی به‌ نه‌ته‌وه‌یی بكرێت و له چنگی حیزبدا نه‌مێنێ

0
1941
نووسینی: ئاریتما موحه‌مه‌دی

له نووسینی : ئاریتما موحهممهدی

ده‌مێكه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ ده‌ستی قه‌یرانی سیاسیی و ئابوورییه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت و بنه‌مای هه‌موو قه‌یرانه‌كانیش له‌ بێ متمانه‌ییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت. له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا هه‌رێمی كوردستان به‌ قۆناغگه‌لی جیاواز، هه‌ستیار و هاوكات چاره‌نووسسازدا تێپه‌ڕ بووه‌ و تاكوو هه‌نووكه‌ش به‌ ته‌واوه‌تیی له‌ ده‌روازه‌ی ئه‌م گۆڕانكارییانه‌ ئاودێو نه‌بووه‌ كه‌ كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی سیاسیی و ئابووریی به‌رۆكی پێگرتووه‌. هۆكاری سه‌ره‌كیی ئه‌م كێشانه‌ش بۆ بێ ئه‌زموونیی سیاسیی و نه‌بوونی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی شاره‌زا له‌ دامووده‌زگاكانی حوكوومیی ده‌گه‌ڕێته‌وه.‌ هاوكات تاكوو هه‌نووكه‌ش له‌ هیچكام له‌و كێشانه‌دا سه‌ركه‌وتووانه‌ ده‌رباز نه‌بووه‌.

شاراوه‌ نییه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا ده‌سه‌ڵاتێكی نه‌ته‌وه‌یی نییه‌ كه‌ پابه‌ند بێ به‌ ڕێكخستنی سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردن به‌ چه‌شنێكی پێشكه‌وتوو، ئه‌مڕۆیی و سه‌ربه‌خۆ. بۆیه‌ هه‌ركام‌ له‌ جمگه‌كانی ده‌سه‌ڵات ده‌ربه‌ستی لایه‌نگه‌لی سیاسیین‌ و هه‌ركام به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان هه‌وڵ ده‌دات گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ‌ كۆمپانیای جیاواز ببه‌ستێت و به‌و چه‌شنه‌ سه‌ركه‌وتن بۆ خۆی تۆمار بكات و له‌م نێوه‌نده‌شدا كۆمه‌ڵێك كۆمپانیا كه‌ ئه‌زموونی كاركردن و به‌رهه‌مهێنانیان زیاتره،‌ له‌ دۆخه‌كه‌ كه‌ڵك وه‌رده‌گرن و چه‌كووشی خۆیان له‌ سامانی نه‌ته‌وه‌یه‌كی بێخاوه‌ن ده‌وه‌شێنن.

بێگومان چه‌مكی كاپیتالیسم به‌رهه‌مهێنراوی كۆمپانیاكانی زه‌به‌لاحی سه‌رمایه‌داریین و له‌ هه‌ر وڵاتێكدا ده‌رفه‌تی گه‌شه‌كردنیان هه‌بێ خۆیانی پێوه‌ ده‌نێن. هه‌رێمی كوردستانیش له‌م ڕووه‌وه‌ به‌ده‌ر نییه‌ و به‌هۆی ململانێی سیاسیی و ناشارستانی هه‌ركام له‌ لایه‌نه‌كان كه‌لۆر و ده‌رگایان بۆ كۆمه‌ڵێك كۆمپانیای سه‌رمایه‌خواز كردووه‌ته‌وه‌. مه‌زنترین كێشه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێیان وایه‌ هاتنی كۆمپانییاكان بۆ هه‌رێم به‌ واتای پێشكه‌وتنی سیاسیی و ئابووریی هه‌رێم دێت! نا بێگومان ئه‌م بۆچوونه‌ هه‌ڵه‌یه‌.

هاتنی كۆمپانیاكان به‌ هۆی ده‌رفه‌تی كۆكردنه‌وه‌ی سامان و سه‌رمایه‌یه‌. وڵاتێكی وه‌ك نۆروێژ كه زۆربه‌ی كۆمپانیاكان خه‌ریكن چۆڵی ده‌كه‌ن، به‌ واتای دواكه‌وتوویی سیاسیی و ئابووریی نایه‌ت. به‌ڵكوو به‌واتای ئه‌وه‌ دێت كه‌ ده‌رفه‌تی خه‌شكردن و گه‌نده‌ڵیكردن كه‌متره‌. سه‌رمایه‌ش له‌ كۆمه‌ڵگا و له‌نێو سیسته‌می سیاسیی گه‌نده‌ڵدا كۆ ده‌كرێته‌وه‌. ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی له‌ هه‌رێمی كوردستان كاتێ دڵ به‌ هاتنی كۆمپانیاكان خۆش بكات كه‌ لیژنه‌ی شاره‌زا له‌ بواری نه‌وتدا به‌ هاوكاریی په‌رله‌مانی كوردستان و له‌به‌رچاوی میدیاكانه‌وه‌ چاوه‌دێریی گرێبه‌سته‌كان بكه‌ن.

هه‌نووكه‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كان به‌هۆی شاره‌زا نه‌بوون له‌ كایه‌ی ڕاوێژ و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كۆمپانیا سه‌رمایه‌خوازه‌كان هه‌رێمی كوردستانی تووشی قه‌یرانی ئابووریی كردووه‌. ئه‌م‌ دۆڕاندنه‌ له‌ كه‌س شاراوه‌ نییه‌. به‌ڵام ئیستا پرسیار ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چۆن ده‌كرێ هه‌رێم له‌ژێر قه‌رزی كۆمپانیاكانی بوواری نه‌وت و گاز ده‌ربچێت و یه‌كێ له‌ كۆمپانیاكانیش‌ دۆسییه‌یه‌كی دوو ملیار دۆلاریی له‌ حوكوومه‌تی هه‌رێم بردووه‌ته‌وه‌ و ساڵی داهاتووش دۆسییه‌یه‌كی دیكه‌ی یه‌ك میلار دۆلاری له‌ دادگای بریتانیا تۆمار ده‌كات‌.

تاكه‌ ڕێگه‌چاره‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سامانه‌ سرووشتییه‌كان كه‌ له‌ ئاو، نه‌وت، گاز و كانگاكانی ژێر زه‌وی پێك دێن به‌ نه‌ته‌وه‌یی بكرێن و ببنه‌ موڵكی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان. واتا له‌ژێر چه‌نگی حیزب و ڕێكخراوه‌كانی سیاسیی ده‌ربهێنرێن. ده‌بێ یه‌كه‌م قۆناغیش له‌ پارله‌مانی كوردستانه‌وه‌ ده‌ست پێبكرێت. پێویسته‌ كه‌ پارله‌مانی كوردستان هه‌موو گرێبه‌سته‌كانی بوواری نه‌وت و گاز هه‌ڵبووه‌شێنێته‌وه‌ و بڕیار له‌سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یی كردنی سامانه‌ سرووشتییه‌كان بدات. ئه‌و كات دادگا ملی له‌ژێر پێی ده‌نگ و ڕه‌نگی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستاندا ده‌بێت. چونكه‌ پارله‌مان له‌ كاتی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی تێكڕای گرێبه‌سته‌كاندا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌به‌ر گه‌نده‌ڵی و ده‌ستی حیزبی له‌نێو گرێبه‌سته‌كاندا بڕیار له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌موو گرێبه‌سته‌كانی داوه‌ و ده‌بێ گرێبه‌سته‌كان دیسان له‌ژێر چاوه‌دێریی ئه‌و لیژنه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م پێدا ڕێكبخرێنه‌وه‌.

د. موحه‌ممه‌دی مووسه‌دیق یه‌كێ له‌ نێوه‌ ناسراوه‌كانی گۆره‌پانی به‌ نه‌ته‌وه‌یی كردنی نه‌وتی ئێران بوو و ئیستاش ڕۆڵی به‌رز ده‌نرخێنرێت. ئه‌و كات واتا ساڵی ١٩٣٣ زایینیی ڕه‌زا شا گرێبه‌ستێكی له‌ بوواری نه‌وتدا له‌گه‌ڵ وڵاتی بریتانیادا به‌ست و‌ له‌و گرێبه‌سته‌ش‌دا وه‌ك ئه‌م گرێبه‌ستانه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی بوواری نه‌وت و گازدا به‌ستراوه‌ به‌بێ ئاگاداربوونی خه‌ڵك و له‌ ژووره‌كانی تاریكدا بڕیاری له‌سه‌ر درا و هه‌موو گرێبه‌سته‌كانیش له‌‌‌ قازانجی بریتانیا بوون.

پاش ئه‌وه‌ د. مووسه‌دیق به‌ هاوكاری چه‌ند كه‌س له‌ ده‌ست و پێوه‌نده‌كانی كه‌وته‌ دژایه‌تیكردنی ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ و دواتر به‌ هاوكاری شه‌قامی ئێران نه‌وتی ئه‌و وڵاته‌ی به‌ نه‌ته‌وه‌یی كرد و گرێبه‌سته‌كانی له‌گه‌ڵ بریتانیادا هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و سه‌رله‌نوێ گرێبه‌ستی دیكه‌یان ‌له‌گه‌ڵ به‌ستن. پێویسته‌ كه‌ پارله‌مانی كوردستان له‌ هه‌رێمی كوردستاندا ڕوڵی مووسه‌دیق بگێڕێت و گرێبه‌سته‌كانی هه‌رێم و كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان هه‌ڵبووه‌شێنێته‌وه‌. ئه‌و كات هه‌رێم له‌ژێر قورسایی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ قه‌رزه‌ ده‌رده‌چێت. ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ نه‌كرێت چاڵه‌كانی نه‌وت و گازی كوردستان ده‌بنه‌ موڵكی ئه‌و كۆمپانییانه‌.

بێگومان كۆمپانییایه‌كی وه‌ك داناگاز به‌ مه‌به‌ستی تاییبه‌ته‌وه‌ هاتووه‌ته‌ هه‌رێم، چونكه‌ ئه‌گه‌ر كۆمپانییه‌ك بیهه‌وێت له‌ وڵاتێكدا به‌رهه‌مهێنان بكات، قه‌د پردی دواوه‌ی خۆی ناڕۆخێنێت و هه‌وڵ ده‌دات له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته‌دا كێشه‌كانی چاره‌سه‌ر بكات و قه‌د كێشه‌كانی ناباته‌ دادگا. به‌ڵام دیاره‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌م كۆمپانییه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌ ناشاره‌زایی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كان و ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له‌ به‌ستنی گرێبه‌ست ئاگادار بوونه‌‌، بۆیه‌ گرێبه‌ستێكی له‌و چه‌شنه‌یان له‌گه‌ڵ به‌ستوون و قه‌د به‌ مه‌به‌ستی به‌رهه‌مهێنان نه‌هاتووه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان.

ئه‌م گرێبه‌سته‌ش وه‌ك گرێبه‌ستی نێوان هه‌رێم و توركیه‌ بۆژ ده‌رچوو، چونكه‌ له‌ گرێبه‌ستی نێوان هه‌رێم و توركییه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌ كه‌ ده‌بێ هه‌رێم هه‌ر بۆشكه‌یه‌ نه‌وت ده‌ دۆلار هه‌رزانتر له‌ نرخی ستانداردی جیهانیی بفرۆشێته‌ توركیه‌ و هاوكات به‌جیا كرێی بۆرییه‌ نه‌وته‌كه‌ش بدات. واتا كرێی بۆرییه‌ نه‌وته‌كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ تاكوو به‌نده‌ری جیهان ده‌درێته‌ توركیه‌ و له‌وێشه‌وه‌ توركیه‌ نه‌وته‌كه‌ ده‌‌ دۆلار هه‌رزانتر له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كڕێت، پاش ئه‌وه‌ش خۆی نه‌وته‌كه‌ هه‌ڵده‌گرێته‌وه‌. ئه‌مه‌ پێی ناوترێت ڕێكه‌وتنی ستراتیژیی. “ڕێك پێی ده‌وترێت كڵاو له‌سه‌ر نانی ستراتیژیی”.

هاوكات وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كان له‌ جێی ئه‌وه‌ دان به‌و هه‌ڵه‌یه‌ی خۆیدا بنێت، كه‌چی ده‌ڵێ نابێ كۆمپانیای داناگاز له‌م دۆخه‌دا سه‌ر له‌م ڕازه‌ هه‌ڵ بداته‌وه‌ و خه‌ڵكی لێ ئاگادار بكاته‌وه‌. له‌بیری چووه‌ كه‌ كۆمپانیای داناگاز كۆمپانییه‌كی سه‌رمایه‌خواز و كاپیتالیسته‌ كه‌ به‌ شوێن كۆكردنه‌وه‌ی سامان و سه‌رمایه‌یه‌‌. ئه‌م چاوه‌ڕوانییه‌ی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كان ئاماژه‌یه‌ بۆ بێ ئه‌زموونیی و ناشاره‌زایی له‌ بوواری به‌ستنی گرێبه‌ست و به‌رهه‌مهێنان. چونكه‌ پتر پێداگری له‌سه‌ر هه‌ستیاریی دۆخی هه‌رێم ده‌كات تاكوو خه‌ڵه‌كانی نێو گرێبه‌ست و ڕێكه‌وتننامه‌كه‌ی نێوانیان.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشووله‌ پایته‌ختی فه‌ڕانسه‌ 21 هه‌مین كۆنفرانسی‌ گۆڕانی كه‌شوهه‌وا ده‌ستیپێكرد
بابەتی دواترسێ خوێندکاری کوردی سەردەشتی لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستبەسەر کران