قادر ئەلیاسی:ئاواتەخوازم ڕۆژێک دابێ هونەرمەندی کورد جگە کار لە گەڵ هونەرەکەی هیچ ئەرکێکی دیکە نەگرێتە ئەستۆ/وتووێژ

0
1460

ناوم قادر ئەلیاسی ـیە. خەڵکی گوندێکی دەشتی زەهاوم بە ناوی گوندی قەرەسەنی (قەرەحەسەن) لە “پاریزگای کرماشان”ـی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. وەک لە ناسنامەکەمدا نووسراوە کە بۆ خۆم بە ڕاستی نازانم، ڕۆژی سێشەممە، ١٤ی سەرماوەزی ١٣٤٠ی هەتاوی بەرامبەر بە ٥/١٢/١٩٦١هاتوومەتە دنیا. ئەگەر تەمەن بوار بدا و سەربردەی ژیانم چاپ و بڵاو بکەمەوە، وەک ڕەسووڵی نادری دەڵێ: هەمووم لەوێدا گوتوون.

ڕۆژی کورد: مامۆستا قادر ئەلیاسیی زۆر سپاس بۆ ئەو دەرفەتەی بە ئێمەتان بەخشی. بۆ هەموو موزیکزانێک یەکەم پرسیارمان ئەوە بووە کە موزیک لە لای بەڕێزتان یانی چی و چۆن پێناسەی دەکەن؟

قادر ئەلیاسی
قادر ئەلیاسی

ئەلیاسیی: موزیک واتە مشتوماڵدانی مێشک و حەسانەوەی ڕۆحی مرۆڤ. موزیک، دنیای دڵفراوانیە. ئەوەی دەبێتە هۆی ڕاکێشانی مرۆڤ  بۆ ئەو دنیا پڕ لە هەست و دڵفراوانییە، دیسان موزیکە.

ڕۆژی کورد: بەڕێزتان لە دایکبووی کەلهۆڕایەتین کە لە باری موزیکەوە زۆر دەوڵەمەندە، بەس بەداخەوە وەک ئەوەی پێویستە موزیکی ئەو ناوچەیە کاری بۆ نەکراوە و تەنانەت ئەو هونەرمەندانەش کە لەوێ هەڵدەکەون زیاتر هەوڵددەن بەزاراوەی کرمانجی خواروو گۆرانیی بچڕن. بە ڕای ئێوە دەبێ چی بکرێت مووزیکی ئەو ناوچەیە وەک پێویست دەربکەوێت؟

ئەلیاسیی: پێشەکیی حەز ئەکەم شتێک ڕوون بکەمەوە. ئەوەیش ئەوەیە کە زمانی کوردی دابەش دەبێ بە سەر ٣ بەشی کوردیی خواروو، ناوەڕاست و ژووروودا. خواروو، خوار، خوارینگ یان خوارین، ناوچەکانی خانەقین، مەنەلی، سەعدیە، شارەبان، ئیلام، کرماشان، هەورامان، لەکستان و لوڕستان دەگرێتەوە. ناوەڕاست بریتییە لە موکریان، سلێمانی، هەولێر، ڕەواندز و سنە و جافی زەهاو و جوانڕۆ. سەرووش مەڵبەند و دەڤەری کرمانج دەگرێتەوە.

لە وەڵامی پرسیارەکەشتدا دەڵێم: ئەوانەی شارەزای ئەو زاراوەیەن (کوردی خواروو)، لە پاڵ زاراوەکانی ناوەڕاست و سەروودا، کاری زۆر باشیان بەو زاراوەیە (کوردی خوار) پێشکەش بە هونەری کوردی کردووە. گوێ بۆ کارەکانی نەمران عەلی ئەلبورزی، حیشمەتوڵڵا لوڕنژاد، ئیسمائیل خان مەسقەتی و ئیسمائیل پیرخزری بگرە، تەژین لەو زاراوە شیرینەی کوردی. من لەگەڵ ئەوەی زاراوەی دایکیم کوردیی ناوەڕاستە، دەیان کارم بە زاری خوارینگ تۆمار کردووە. بۆ وێنە پەرتەونامە، بەرهەمێکی CDی منە کە سەرجەمی بەو زاراوەیە وتراوە. ئەگەر دەبیستین کەسێکی کوردی خواروو بە زاراوەکانی ناوەڕاست یان سەروو گۆرانی دەچڕێ، ئەوەش کارێکی باشە، بەو مەرجەی توانیبێتی بیڵێ. بۆیە من وای نابینم کە لە دوو توێی پرسیارەکەی بەڕێزتاندا هاتووە.

ڕۆژی کورد: مامۆستا، هۆرە ناسراوترین شێوەی گۆرانی چڕینە لە کەلهۆرایەتیدا. ئەگەر دەکرێ بە کورتی باسی شێوەکانی هۆرەچڕین بکەی بۆمان و لە چ مەقام یان دەستگایەکدایە و مێژووەکەی بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟

ئەلیاسی:  “هۆرە” کۆنترین نەغمەی ناوچەی کرماشان و ئیلام  و ئەو دەڤەرەیە کە بە کوردی خواروو دەپەیڤن. تەمەنی هۆرە بە درێژایی مێژووە. مێژووی ئەم ئاوازە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ٤٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر. هۆرە، وشە و دەسەواژەیەکی سەردەمی میترایی و خۆرپەرستییە. ناوەکەی بە واتای ڕاز و نیاز لە گەڵ سروشت، یەزدان و مرۆڤ هاتووە. شێوەکانی هۆرە زۆرن، بۆ وێنە:

  • پاوەمووری
  • دوو دەنگی
  • هەی لاوە
  • هیجرانی
  • باریە
  • سوار سوار
  • کڵاودڕ
  • چۆڵچڕ
  • کوێچڕ یان کێو چڕ
  • یەکدەنگی
  • بان دەسانی
  • باربەدی و نەكيسايی
  • قەڵوەزی چڕ
  • قەڵخانی چڕ
  • قاچاخی چڕ
  • ئەکبەرخانی چڕ
  • ئەرکەوازی چڕ و….

ھۆرە چڕە ناودارەکان بریتین لە

  • عەلی نەزەر مەنووچیهری
  • ئەولەزیز بڕەوەنی(حەیدەری)
  • سەی قولی کەشاوەرز
  • کەرەم گوڵستانی
  • نەسوور قەڵاواڕی
  • ئەحمەد سەفەری
  • ئەقباڵ سەفەری و…

هۆرە لە زۆربەی دەزگا و مقامەکانی مۆسیقادا دەوترێ، بەتایبەت لە دەزگای چوارگا یان خورشیدی (لە عێراق پێی دەڵێن حیجازکار) و ماهوور (عەجەم) و بە کەمی لە بەیاد (شوور) دەبیسترێ.

ڕۆژی کورد: ئێوە ئەزموونێکی زۆرتان لە مووزیک بە تایبەتی گۆرانیی چڕیندا هەیە و شوێن و پێگەی بەڕێزتانیش بەجوانی دیارە. بە ڕای ئێوە بۆ کەسێک کە دەبێ بەگۆرانییبێژ جگە لە دەنگ خۆشیی دەبێ چ تایبەتمەندیگەلێکی دیکەی هەبێ؟

ئەلیاسی: بە پێی ئەزموونی خۆم، جگە لەوەی پێویستە بە شێوەی ئاکادمی وەک سولفێژ و فێربوون و ناسینی پەیژەی مۆسیقا، دەبێ ئەم کارانەی خوارەوە ڕەچاو بکا:

١ـ گوێ بۆ دەنگە ڕەسەنەکان کە وەک قوتابخانە و فێرگەی گۆرانی کوردیین، ڕابگرێ و بە لاسایی کردنەوە قوڕگی بە مقام و بەستە ڕابێنێ.

٢ـ جگە لە ئاواز و هەڵبەستە فۆلکلۆرییەکان، خوێندنەوەی شیعری شاعیرانی کۆن و نوێی کوردی وەک ئەرک لە بیر نەکا.

٣ـ بە کۆکردنەوە و گوێ ڕاگرتن بۆ ئاواز و بەستە فۆلکلۆری و ڕەسەنەکانی کوردی، پاشخانی خۆی دەوڵەمەند بکا.

٤ـ دوای ئەم قۆناغانە و خستنە پشت سەری سەردەمی لاسایی کردنەوە، بەرەو خۆ دەرخستن هەنگاو بنێ و هەوڵ بدا خۆی بدۆزێتەوە.

زۆر دەنگبێژی کورد هەبووە کە خاوەنی دەنگێکی خۆش بووە. بەڵام لە قۆناغی لاسایی کردنەوە دەرباز نەبووە، نەیتوانیوە ببێ بە خاوەن ناو. سادق هەریری کە خاوەنی دەنگێکی ڕەسەنی کوردی بوو، تا ڕۆژی مردنی (١٦/٩/٢٠١٤) بە لاسایی کردنەوەی کارەکانی مامۆستا تاهێر تۆفیقەوە نووسا و هیچ کارێکی سەربەخۆی تۆمار نەکرد. بۆیە دوای مردنی کارێکی ئەوتۆی نیە تا کورد بە ناوی ئەو بەرهەمە یادی ئەو کۆچکردووە بکاتەوە.

ڕۆژی کورد: هەندێک موزیسیەنی کورد هەوڵیان ئەوەیە کە چۆن عەرەب یان فارس ناویان بۆ هەموو مقامەکان هەیە بۆ موزیکی کوردیش هەمان کار بکەن! مەبەستم ئەوەیە بۆ نموونە لە جیاتی شووری فارس یان بەیاتی عەرەبیی ناوێکی کوردیی دابنێن و وەک خۆیان دەڵێن: دەیانەوێ بەم شێوە موزیکی کوردیی لەو پرش و بڵاوییە دەربێنن! ئێوە وەک خۆتان چەندە پشگیریی ئەم هەنگاوە دەکەن و چ پێشنیار یان سەرنجێکتان بۆ هەوڵی ئەو کەسانە هەیە؟

ئەلیاسی: بێگومان ئەو کارە ئەگەر بکرێ، خزمەتێکی گەورە بە سەربەخۆبوونی مووزیک و گۆرانیی کوردی دەکا. بۆ وێنە بەیاتی تورک لە بنەڕەتدا ناوی بەیادی زەند بووە. شوور ناوی بەیاد بووە. کاتێ ئیسلام و عەرەب ئێران و کوردستانیان داگیرکرد و ئاتەشگاکانی زەردەشتیان وێران کرد، دەڵێن ئەم بەیادە بە یادی ئەو ڕووداوە ناخۆشانەی ئەو چاخە وتراوە. گوێ بۆ ئای ئای و حەیران و لاوک بگرە، هەمووی داد و هاوارە. بۆیە بەیاد نەک بەیات بووە. تورکەکان مەحموود دەکەن بە مەحمووت و داماد دەکەن بە دامات. ئەم بەیادەش دوور نییە لە کوردەوە کەوتۆتە سەر زاری عەرەب و تورک و گۆڕدراوە بە بەیات. هەر وەها چوارگا دەکرێ بە مقامی خورشیدی ناودێر بکرێ و شووشتەری بە نیوەشەوی، سەبا بە ساردەبا  و هتد. ئەم کارە ئەگەر بە شێوەیەکی ئاکادمی و دوور لە دەمارگرژی و لە ژێر چاوەدێری پشپۆڕانی مووزیک و مێژووی ئەو بوارەدا بێتە ئەنجام، بە دڵنیاییەوە دەتوانێ لەو سەرگەردانییە ڕزگارمان بکا.

ڕۆژی کورد: مامۆستا قادر ئەلیاسی، دیسانەوە زۆر سپاس بۆ ئەو دەرفەتەی بەخشیتان بە ئێمە. لە کۆتاییدا چ بابەتێک ئێمە نەمان پرسیووە و بەڕێزتان دەتانەوێ ئاماژەی پێ بکەن بفەرموون!

ئەلیاسی: لە پای ئەم بەسەرکردنەوەیە، سپاس بۆ ڕۆژی کورد و جەنابت کاک ئازاد. هیوادارم کورد و مووزیک و هونەری کوردی بە هەوڵ و تێکۆشانی دڵسۆزانی ئەو بوارە و پشتیوانی خەڵکی کورد پێش بکەوێ. ئاواتەخوازم ڕۆژێک دابێ هونەرمەندی کورد جگە کار لە گەڵ هونەرەکەی هیچ ئەرکێکی دیکە نەگرێتە ئەستۆ. واتە ناچار نەبێ وەک ئێمە مانان بۆ بژیوی ژیان خۆی بە ئیشێکی دیکەوە سەرقاڵ بکا و نەیپەرژێتە سەر هونەرەکەی.

ئەوکات ئیتر نە قادرئەلیاسی یەک پەیدا دەبێ کە هیچ لە مووزیک نەزانێ و خۆی لە کاری هونەری هەڵقورتێنێ و نە هونەری کرچ و کاڵیش ڕێگای دەدرێ بە بێ هەڵسەنگاندن ببێ بە بەرهەمی هونەری. هەتا کۆتایی بە پاشاگەردانی لە مەڕ مووزیک و هونەری کوردی نەیە، هونەر پێش ناکەوێ و هونەرمەندیش نابێ بە خاوەنی پیشەکەی خۆی. سەرکەوتوو بن!

ڕۆژی کورد: لێرەدا یەکێک لە نوێترین بەرهەمەکانی مامۆستا قادر ئەلیاسی بەناوی (ڕاسان)  پێشکەش بە خوێنەرانی هێژا دەکەین.

هەڵبەست: عومەرغوڵامعەلی

ئاواز و موزیک:نزارزێوێی

ڕابەوە کورد، هەستەوە کورد، بۆ خەباتی شاخ و شار
وێک کەوە کورد، رێک کەوە کورد، ئەی ژن و پیاوی وشیار
قەڵا و پشتم پێشمەرگەیە، من ئەیگۆرم رۆژگار
هەڵدەدەم ئاڵای خەبات و پێ دەنێمە کارزار
سەف سەفی ئەم میللەتە من، رێک دەخەم لە دێ و لە شار
ڕابەوە کورد، هەستەوە کورد، بۆ خەباتی شاخ و شار
وێک کەوە کورد، رێک کەوە کورد، ئەی ژن و پیاوی وشیار
قەڵا و پشتم پێشمەرگەیە، من ئەیگۆڕم رۆژگار
تۆ لە گەڕەک، من لە شاخا، پێکەوە خەڵکی هەژار
دەست لە دەست و شان بە شانی ئامۆژگار و خوێندکار
ڕابەوە کورد، هەستەوە کورد، بۆ خەباتی شاخ و شار
وێک کەوە کورد، رێک کەوە کورد، ئەی ژن و پیاوی وشیار
قەڵا و پشتم پێشمەرگەیە، من ئەیگۆڕم رۆژگار
بەسیە تاڵی و ترشی ژیان، بەسیەتی زیندان و دار
با نەمێنێ حوکمی زاڵم، با نەمێنێ زۆردار
ڕابەوە کورد، هەستەوە کورد، بۆ خەباتی شاخ و شار
وێک کەوە کورد، رێک کەوە کورد ئەی ژن و پیاوی وشیار
قەڵا و پشتم پێشمەرگەیە، من ئەیگۆڕم ڕۆژگار

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت