وریا ماملێ: هەرکات دیپلۆماسی نەیتوانی بگاتە ئەنجام، ئەوکات بەکارهێنانی هێز دەبێتە جێگرەوەی دیپلۆماسی

0
856

خەباتی چەکداری لە کوردستانی خۆرهەڵات لە ئارا دایە، شەڕ لە چەندین ناوچەی وەک شنۆ، ڕەبەت، مهاباد، پاوە، بانە و مەریوان و سەقز کراوە، ڕژیم گورزێکی گەورەی لێکەوتووە و دەگوترێ زیاتر لە ١٧٠ کوژراو و برینداری هەیە، لە لایەکی تریشەوە بەشێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی و سەرجەم ڕیفۆرمخوازەکانی ناوخۆ و میدیای فارس و ئۆپۆزیسیۆنی فارس  بە گشتی دژ بە خەباتی چەکداری دەدوێن و بە کاولکاریی ماڵی خەڵک و ڕژانی خوێنی دەزانن و دەڵێن دەستکەوتی نابێ.

بۆ تاووتوێ کردنی ئەو باسە، وتووێژێکمان لەگەڵ ڕێزدار وریا ماملێ، ڕووناکبیر و چالاکی هونەری ئەنجام داوە کە لێرەدا دەخرێتە ڕوو.

ڕۆژی کورد: حدکا لە دوو ساڵی ڕابردووە سیاسەتێکی نوێی گەڵاڵە کردووە، کاراکتێرە سیاسیەکانی ئەو حیزبە ڕایانگەیاندووە پشگیری خەباتی مەدەنی دەکەن و هاوسەنگەرانی شەقامیان لە بەرانبەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە خۆرهەڵاتی کوردستان بە تەنیا ناهێڵنەوە بۆ ئەم مەبەستەش جووڵەیان بە هێزی پێشمەرگەیان کردووە بە چەشنێک وەک راگەیەنەرە گشتیەکان باس دەکەن چالاکیە سیاسی تەشکیلاتیەکانی ئەو حیزبە لە ئاستێکی بەریندا لە ناوخۆی خۆرهەڵاتی کوردستان درێژەی هەیە و  ئەمەش  دژ کردوەی هێزە ئەمنییەتی و نیزامیەکانی دەسەڵاتی ئیرانی بە شوێنەوە بووە بە گشتی روانینتان لەو بوراەوە چیە؟

وریا ماملێ: پێشەکی ئیزن دەخوازم تا سەری کڕنۆش دانەوێنم بۆ ئەم شەهیدانەی لە ماوەی ڕابوردوو دا گیانی پاک و بێگەردیان پێشکەشی خاک و وەتەن کرد. بەم بۆنەیەوە سەرەتا سەرەخۆشی لە خۆم و پاشان لە گەلی کورد بەگشتیی و بنەماڵەی سەربەرزیان بەتایبەتی دەکەم.
لە دوونیای پێشکەوتووی ئەمڕۆ دا، هەوڵدان بۆ وەدیهێنانی مافی توێژەکانی ناو کۆمەڵگا یا ڕێکخستنی پێکهاتەکانی ناو کۆمەڵگا بۆ گەیشتن بە ئامانجە گشتییەکان، پێناسەی کەرەسەیەکە، کە بە حیزب یان ڕێکخراوی چالاک نێودێر دەکرێت.

کەواتە، هەر حیزبێک کە خۆی بە هەڵقووڵاو لە کۆمەڵگای خۆی دەزانێت، ڕێکخستن، ڕابەری‌کردن و داکۆکی‌کردن لە چین و توێژەکانی گۆمەڵگاکەی خۆی دەکەوێتە ئەستۆی.
دیارە لە وڵاتێکی نادیموکرات و داگیرکراودا کە لە لایان داگیرکەرەوە بە نامرۆڤانەترین قانون و ئاکار، بەڕێوە دەچێت و هەوڵ بۆ سڕینەوەی ئێتنیکیمان دەدرێت، هەوڵ بۆ برسێتی و دواکەوتنمان دەدرێت، ڕۆڵەکانمان بە تریاک و شیشە هاندەدرێت و سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆنمان لەسەر پەیڕەو دەکرێت و …   ڕۆڵ و ئەرکی ئەم حیزب و ڕێکخراوانە بە دەیان قات قوورستر و گرنگترە.  هەر بەو پێیە لە ئەگەری پاسیوبوونی حیزبەکان یا نەبوونی وەها هێزێکی داکۆکیکار و ڕابەر، سیاسەتەکانی پاکتاوکردنی ئێتنیکی و کولتووری بۆ داگیرکەران لەبارتر و ئاسانترە. بۆیە بە هیچ کلۆجێک دابڕان لە گەل و خەڵکی خۆ، بە باش نازاندرێت و حیزبەکان بە هەر بارێک کە بۆیان دەکرێت دەبێ لە خەڵکی خۆیان بە خاوەن دەربکەون و داکۆکییان لێ بکەن تا ئەو خەڵکە بزانن کە بێ‌پشت و پەنا نین و لە لایەکی تریشەوە با دڵگەرمتر بن بۆ وەدەستهێنانی مافە ڕەواکانیان.

بە باوەڕی من حزووری فیزیکی هێزە کوردییەکان لە ناو جەرگەی خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە باوەشی گەلی خۆیان دا، کە مێکانیزمێکی سیاسی/نیزامی هاوبەش و یەکگرتووی گشت حیزبەکان ئامیان بێت، هەم بە پێویست و هەم بە مافی بێ‌ئەملا و ئەملای کوردی دەزانم. ناکرێت دەست لەسەر دەست دابنێین و جڵەو بۆ داگیرکەران شل بکەین تا بە ئارەزووی خۆیان بکەونە گیانمان.

ڕۆژی کورد: هۆکار، بەستێن و دەسکەوتەکانی شێوازی بەرگریی چەکداری دەتوانێ چی بێت؟

وریا ماملێ
وریا ماملێ

وریا ماملێ: لە زانستی سیاسی دا باسێک هەیە کە وەک هۆکاری سەرەکی بۆ بەکارهێنانی هێزی فیزیکی پێناسە دەکرێت، کە دەڵێن: “گەر دیپلۆماسی نەیتوانی بگاتە ئەنجام، ئەوکات بەکارهێنانی هێز دەبێتە جێگرەوەی دیپلۆماسی”. هەر ئەم خاڵەش بوو کە لە ساڵی ١٩٩١و ٢٠٠٣ هێزەکانی هاوپەیمانان پشتیان پێ بەست و هێرشیان کردە سەر عێڕاق و لە ساڵی ١٩٩٩ ـش هێرشیان کردە سەر سێربیا و کۆسۆڤۆ.  پێچەوانەکەش لەم دواییانە دا و لە کێشەی ئەتۆمی ئێڕان دا کەڵکی لێ وەرگیرا و “جان کێڕی” بە ڕاشکاوی باسی ئەو خاڵەی کرد و  لە پرێس کۆنفێرانسێکدا گووتی: (ئەمڕۆ هەموومان بە چاوی خۆمان بینیمان کە دیپڵۆماسی بەسەر شەر دا سەرکەوەت).

پێش تێکهەڵکێشی ئەم باسە لەگەڵ دۆخی کوردستان، دەبێت باس لەم گرنگە بکەین کە لە کۆنەوە ڕژێمە یەک‌لەدوایەکەکان، دیپڵۆماسی و دیالۆگیان چەقبەستوو کردووە و ئامادە نین تا گوێڕایەڵی ویست و خواستی گەلی کورد بن. تەنانەت بە شێوەیەکی سیستێماتیک و پلان‌بۆداڕێژراو، بەردەوام خەریکی تێکدانی بیچمی کولتووری، ئێتنیکی و خووغرافی کوردستان بوون. ڕوون و ئاشکرایە کە کورد بە درێژایی خەباتی خۆی داواکاری چارەسەرکردنی ئاشتیانەی دۆزی خۆی بووە و بۆ ئەم گرنگەش ڕێبەرە هەڵکەوتتوەکانی لە کاتی دانیشتن و دیالۆگ دا لەگەڵ ئەم داگیرکەرانەدا، گیانی پاکیان فیدا کردووە.

لە وەها دۆخێکی دا بەکارهێنانی هێز بۆ پاراستنی خاک و بەها نیشتیمانییەکان شەرعییەتی خۆی وەردەگرێت. گەر کورد نەتیتوانیبێت دەستکەوتی گەورە وەدەست بێنێت بەڵام، ئەم کارتەی بە شێوەیەکی باش بەکار هێناوە و تەنگی بە داگیرکەران هەڵچنیوە و بەربەستی سازکردووە بۆ سیاسەتە چەپەڵەکانیان. لە وەها حاڵەتێکیشدا، هیچکات خەڵکی کوردستان بێ‌هەڵوێست نەبوون و لە پشتیوانیکردن،  شەهیددان و گیانبەخشیندا کەمیان نەهێناوە و ناهێنێت.

جێی خۆیەتی ئاماژە بەم خاڵە هەستیارە بکەم کە ڕەوشی ئەمڕۆکەی جیهان بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی زۆر جیاوازە لەگەڵ ساڵەکانی دوای شەڕی ئێران/ئێراق. گۆرانکارییەکان لە هەر بیچم و کلۆجیکەوە لێیان بنواڕین جیاوازن. بۆ خۆگونجاندنی خەباتی چەکداری لەگەڵ ئەم دۆخە، پێویستە  کورد، بە شێوازی نوێ، بە کەرەستەی بەهێز و پێشکەوتوو، بە گووتارێکی سیاسی و گشتگیر، بە تۆکمەکردنی دەنگی سیاسی و نیزامی کە گشت هێزەکانی ناو گۆڕەپانی خەبات لە خۆ بگرێت، شۆڕش دەستپێبکاتەوە و درێژە بە خەبات بداتەوە.

ڕۆژی کورد: ئاوێتە کردنەوەی بەرگریی چەکداری و خەباتی مەدەنی ئاراستە کردەییەکانی چۆن پێناسە دەکەن ؟

وریا ماملێ: من لە وڵامی پرسیارەکەی بان، ئاماژەم بە پێویستییەکانی خەباتێکی چەکداری نوی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد. ئەم پێویستییانە یەکەم فاکتۆڕە بۆ قوورسکردنی پێگەی خەبات هەم لەلای جەماوەری کوردستان و هەمیش لەلای دوونیای دەرەوە.

زۆر گرنگە کە هێزە کوردییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگەنە ئەم ڕادەیە لە ژیریی سیاسی کە هیچکامیان بە تاک و تەریک نوێنەری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نین و ناشتوانن بە تاک و تەریک بڕیاری سیاسی گەورە بدەن. گەر هەر حیزبێک و بەتەنیا جووڵە بکات و بڕیار بدات، بە دڵنییایەوە ئەو دەستکەوتەی نابێت کە دەبێ هەیبێت.

پێکهێنانی کۆدەنگییەکی سیاسی یا بەرەیەکی گشتگیر کە بتوانێت ئاوێنەیەکی تەواونوێنی داواکانی خەڵکی ڕۆژهەڵات بێت و لە هەمانکاتیشدا داڕێژەری دێزاینێکی نوێ بێت بۆ خەباتی چەکداری، لە هەزار جووڵەی سەربازی لاواز و بێ‌دەستکەوت بۆ کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستترە.

ئاوێتەکردنی خەباتی چەکداری و خەباتی مەدەنی (کە من پێم باشە بە “خەباتی ناو شار” ناوی بێنم) کاتێک وەڵامدەرەوە دەبێت کە ئیدەئالەکان یا بە واتایەکی تر هیوا و ئاواتەکانی، لە کۆی دەنگێکی سیاسی یەکگرتوو و گشتگیردا ڕەنگ بداتەوە.  دەنا نە خەباتی چەکداری چی لێ شین دەبێت و نە خەباتی ناو شار.

ڕۆژی کورد: شێوازی بەرگریی چەکداری دەخوازێ هەموو لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هاوئاهەنگی یەکتر، ئەرکە نیشتمانییەکانیان بەڕێوە بەرن، پێتان وایە ئەقڵییەتی کردەیی بۆ بەڕێوە چوونی ئەرکێکی شیاو چەندە ئیمکانی کردەیی هەیە ؟

وریا ماملێ: من لەو باوەڕە دام کە نەک ئەو هاوئاهەنگییە ئیمکانی کردەیی هەیە بەڵکوو دۆخەکە بۆ ئەم گرنگە زۆر لەبارە.

 هیچکات بە ڕادەی ئەمڕۆ ویستی خەڵکی ڕۆژهەڵات بۆ سازدانی بەرەیەکی هاوبەش ڕوون و ئاشکرا نەبووە. هیچکاتیش بە ڕادەی ئەمڕۆ هیزە کوردییەکان پەرتەوازە و ناکۆک نەبوون. هیچکاتیش بە ڕادەی ئەمڕۆ کۆماری تریاک و سێدارە وەک لووی شێرپەنجە ڕیشەی لە ناوچەکە بەگشتی و لە باشووری کوردستان بەتایبەتی دانەکووتاوە، هیچکاتیش بە بارتەقای ئەمڕۆ کوردی دیازپۆڕامان نەبووە کە پوتانسییەلێکی باشیان هەیە بۆ پشتیوانیکردنی هەمەلایەنە لە بەرەیەک و خەباتێکی یەکگرتوو بۆ ڕۆژهەڵات.

 بێدەنگیکردن و پاسیوبوونی ئەو حیزبانە لە سازدانی بەرەیەکی سیاسی و نیزامی هەڵەیەکی گەورەیە و بە واتای (بیور لە ڕیشەی خۆ دان) خوێندنەوەی بۆ دەکرێت. ئێدی ناکرێت وەڵامیان نەبێت بۆ ئەم هەزاران داواکارییانەی کە لە دەرەوە و ناوخۆی وڵات دا بۆ سازدانی بەرە ئاراستەیان دەبێتەوە. چی تر خەڵکی ناوخۆ ئامادە نابن لە ژێر سێبەری ناتەبایی و ناکۆکی دا گیانی خۆیان و هیز و ووزەی خۆیان ببەخشن. لایەنە سیاسییەکان دەبێت وەڵامیان هەبێت بۆ مێژوو و بۆ جیلی داهاتوومان. دەبێ هیوا و هومێد بگەڕێننەوە ناو دڵی شکاوی جەماوەر و  خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ڕۆژی کورد: هێزە نیشتمانیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەماهەنگێکی شیاودا کە ئاماژەتان پێکرد دەتوانن ئەو ئەزموونە بۆ دواڕۆژی دەسەڵاتی سیاسیش بەکار بێنن ؟ ئایا ئەو هاوکارییانە چەندە بۆ گەیشتن بە ئەقلییەتیکی سیاسی – دێموکراتیک و پلۆراڵ دەبێتە پێویستی خەبات و تێکۆشانی هەمە لایەنە؟

وریا ماملێ: من پێم وابێت کە لە پرسیاری سەرەوە وەڵامی ئەم پرسیارەم داوەتەوە بەڵام، بەپێویستی دەزانم ئەم خاڵەی پێوە بلکێنم کە بەرەیەکی سیاسی/نیزامی تا گەییشتن بە کەشێکی لەبار و گوونجاو بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان گرنگی هەیە. لەم کەشەدا پێویستە جەماوەری کوردستان بواری ئەوەیان بۆ بلوێت کە دەنگی دیموکراتیک و ئازادی خۆیان بدەن بە سیاسەت و درووشمی حیزبی سیاسی دڵخوازی خۆیان.

بە دڵنیاییەوە کارکردنی هێزە نیشتیمانییەکان لە بەرەیەکی وەها دا دەبێتە ڕاهێنان و ئەزموونێکی باش بۆ کاری شیاوتر و هەنگاوی گەورەتر. با ئەوە لە یاد نەکەین کە ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای هەموو ئەو نەهامەتییانەی کە بەسەرمان هاتووە، یەکەم هەنگاوەکانی دیموکراسیمان لە کۆنەوە هەڵێناوەتەوە. هەم لە ئاست وەڵاتانی دراوسێمان و هەم لەچاو بەشەکانی تری کوردستان. کۆماری کوردستان باشترین وێنەی ئەم ڕاستییەیە.
هەر بۆیە چاوەڕوانی لەم هێزانە بە ڕادەیەکی بەرز هەیە تا دیسان بیسەلمێنن کە پێشرەون لە لەکارگرتنی دیموکراسی و دۆزینەوەی شێوەخەباتی نوێ. تا بیسەلمێنن کە حیزبی دایک ئەو حیزبەیە کە هەنگاو بۆ وەها بەرەیەک بنێتەوە،  تا بیسەلمێنن کە حیزبی باوک ئەو حیزبەیە کە بەرژەوەندی حیزبی بکاتە فیدای بەرژەوەندی نەتەوەیی.

ڕۆژی کورد: کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژانی ڕابردوو دا گوشاری بۆ سەر حکومەتی هەرێم هێناوە هاوکات ناوچە سنوورییەکانی نێوان باشوور و خۆرهەڵاتی کوردستانی ئاور باران کردووە ئەوەش بۆ ئەو مەبەستە چالاکی پێشمەرگەکانی حدکا بوەستێنێ پێتان وایە ڕای گشتی باشووری کوردستان و حیزبە سیاسیەکانی ئەو بەشە دەبێ چۆن هەڵسو کەوت لە گەل ئەو پیلانەی دەسەڵاتی تاران بکەن؟

وریا ماملێ: گومان لەوە دا نییە کە کۆماری تریاک و سێدارە هەر چەشنە کارتێکی بندەستی خۆی بکاردێنێت تا گووشار بێنێتە سەر هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئێمە تۆپبارانکردنی ناوچەکانی باشوری کوردستانمان لە ساڵەکانی پێشووتریش دا بینی کە ڕژێم بۆ گووشار هاویشتنە سەر پەژاک پەیڕەوی دەکرد. ئێمە هێرشکردنە سەر بارەگاکانی حیزبی دیموکراتمان لە کۆیە بینی. ئێمە تێڕۆڕی لانی کەم ٣٥٠ پێشمەرگە و چالاکی سیاسیمان لە باشووری کوردستان بینی کە ڕژێم ئەنجامی دەدان. بۆیە دیسان هەر دەگەڕێمەوە سەر ئەم باسەی پێشووم کە (مێکانیزمێکی سیاسی/نیزامی بەهاوبەشی گشت حیزبەکان) پێویستە تا لە دۆخێکی وەها دا بە کۆدەنگی شان وەبەر ئەم گرفتانە بدرێت. حیزبەکان دەبێ خۆیان لە ڕکێف و سێبەری حیزبەکانی باشوور بێننە دەرێ. دەبێ لییان بێ‌منەت بن. شۆڕشکردن نە لە ئوروپا دەکرێت و نە لە کۆیە و زڕگوێزێ. لە داڵاهوو ڕا تا قەندیل دەکرێت ببێتە جێی حاواندنەوەی شۆڕشگێر و خەباتکاری کورد.

 لە باشووری کوردستان جیا لە ڕادەیەکی کەم لە دڵسۆزان و نیشتمانپەروەرانی کورد کە دەنگیان ئەو قوورساییەی نییە تا کاریگەری باش دابنێت، دەنا من لەو باوەڕە دا نیم کە ڕای گشتی لەم دەڤەرە چی لە دەست بێت بۆ ئەم دۆخە. ئەوان تا سەرئێسقان بە حیزبی کراون و بەرژەوەندی حیزبی نادەن بە بەرژەوەندی زیاتر لە ١٠ میلیۆن کورد لە ڕۆژهەڵات یا زیاتر لە ٢٠ میلیۆن کورد لە باکوور. بەڵکوو هەردەم چاوەڕوانن کە هەم باکووریەکان و هەم ڕۆژهەڵاتییەکان ببنە فیدای ئەم دەستکەوتە لەرزۆکەی کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر گرێپووچکەی تێدەکەوێت و بۆتە مایەی سەرلێشێواوی و نەهامەتی هەم بۆ خۆیان و هەم بۆ بەشەکانی تری کوردستان.

ڕۆژی کورد: ئەگەر پرسێک هەیە کە لە پرسیارەکاندا ئاوڕییان لێ نەدراوەتەوە دەتوانن باسی بکەن.

وریا ماملێ: جێێ خۆیەتی دەستخۆشی لە ماندووبوونی ئێوە تێکۆشەرانی ڕۆژکورد بکەم کە ئەم دەرفەتەتان بۆ من رەخساند. هەر بژین و سەرکەوتوو بن.

ڕۆژی کورد: بەڕێز وریا ماملێ ڕووناکبیر و چالاکی بواری کولتووری و هونەری  سپاس بۆ کات و راتان 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت