تەحریمی شانۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان، “نا”یەکی بەرز بە سەرەڕۆیی و دیکتاتۆریەت

0
624

ڕوانگەی ڕۆژی کورد
تەمەنی کۆماری ئیسلامی پێی ناوەتە ٣٨ ساڵییەوە، لەو ٣٨ ساڵەدا ٨ خولی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری بەڕێوەچوە و ئێستاش لە بەرەبەری خولی نۆیەم داین، لە سەرجەم خولەکاندا بەڵێنییەکان دووپاتە و چەندپاتە بوونەوە و لە کۆتایی هەر خولێکی سەرۆک کۆماریشدا دەرکەوتووە کە سەرۆک کۆمار تەنیا مۆرەیەکی بێ دەسەڵاتی گوێ لە مستی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بووە، ڕێبەرێک کە دوای چەندین تیرۆر و کوشتنی کەسانی نزیک لە خۆی و بە پێی پیلانێکی داڕێژراو بوو بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی.
ڕوانینێکی سیستەمیانە پێمان دەڵێ کە گۆڕینی کەسەکان لەو ڕژیمەدا ناتوانێ جێگای هیوا و هومێد بێ و دەرگای گۆڕانکاری بکاتەوە، ئەوەی دەبێ بیری لێ بکرێتەوە، گۆڕینی خودی سیستەمەکەیە، سیستەمێک کە بە دیکتاتۆریەت، تیرۆر و پشتیوانیی تیرۆریزم و لەسەر بنەمای شیعەی دوازدە ئیمامی و ویلایەتی موتڵەقەی فەقێ و نەبوونی بروا بە مافی گەلان و بەناو میلەت بانگکردنی گەلان بە مەبەستی تواندنەوەیان، ناسراوە و پێناسە کراوە، سیستەمێک کە هەر تاک و کۆمەڵێک کە لە چوارچێوەی ویست و خواستی ویدا نەبێ قڕانی دەکا و فەرمانی جیهادی بە دژی دەردەکا و هەڕەشەی تیرۆری لێدەکا و لەو پێناوەشدا هیچ سنوور و کاتێک ناناسێت.
کۆماری ئیسلامی، بەردەوام هەڵبژاردنەکانی وەک “ڕەوایی وەرگرتن” بۆ خۆی لە جیهاندا بەکار هێناوە، تێڕوانینێکی کورت لە لێدوانی بەرپرسانی ئەو ڕژیمە کە بەردەوام لە بۆنەکان و هەڵبژاردنەکاندا دووپاتی دەکەنەوە کە “خەڵک بە لە مەیداندا بوونیان، سمتێکیان لە دەمی نەیاران و دوژمنان دا” ئەو ڕاستییە دەردەخا کە کۆماری ئیسلامی، دەنگدان و دەنگ وەرگرتنە ڕواڵەتییەکانی خۆی وەک خستنە ڕووی هێز لە دەرەوە بەکار دێنێت. ئێستا کۆماری ئیسلامی کە لە ناوخۆ و دەرەوە لە قەیرانی چڕ دایە و ڕووبەڕووی هەڕەشەی هێرشی دەرەکی و هەڵقوڵانی ڕقی جەماوەری لە ناوخۆ بۆتەوە، ئەو ڕەوایی وەرگرتنە، زیاتر لە هەر کاتێک بۆ ڕژیم وەک ئەمرێکی حەیاتی، پێویستە، هەر بۆیەش دەبێ کورد و نەتەوە بندەستەکانی ئێران و تەنانەت فارسەکانیش، ئەو دەرفەتە بۆ خستنە ڕووی ڕقی خۆیان و خستنە ڕووی ڕەوایی ڕاستەقینەی ئەو ڕژیمە بخەنە گەڕ و بە بایکۆت کردنی هەڵبژاردنەکان، “نایەکی” بەرز بەو ڕژیمە و بە سیستەمی سەرەڕۆیی و کوشتن و داپڵۆساندن بڵێن.
لە ٤ ساڵ سەرۆک کۆماریی حەسەن ڕوحانی کە لەلایەن ئیسلاح تەڵەبان و بەتایبەت ئیسلاح تەڵەبە حکومەتییە کوردەکان کە هیچ کات لە ڕوانگەی مافی کوردەوە لە جیهان و ئێرانیان نەڕوانی و بەردەوام بەرژەوەندیی تاکەکەسیی خۆیان لەپێش چاو بووە و هەیە و وەک بڵیندگۆی ڕژیم کاریان کردووە و بوون بە ئاستەنگێک بۆ مافەکانی کورد، وەک هیوای ئازادی سەیری دەکرا، بینیمان کە ڕێژەی بێکاری لە کوردستان تا چ ئاستێک بەرز بۆوە، ڕێژەی کوشتنی کۆڵبەران، ڕێژەی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان لە کوردستان، ڕێژەی لەسێدارەدانی کوردەکان و دەستبەسەرکردنیان و وێران کردنی گوندەکان، تەنانەت لە سەردەمی ئەحمەدی نەژادیش بەرزتر بۆتەوە و ڕێژەی بەکارهێنانی کەسانی خۆجێی لە پۆستە سەرەکییەکانیشدا گەیشت بە ئاستی سیفر.
ئێمە وەک ناوەندی ڕۆژی کورد، بە خوێندنەوەی دۆخی ئێستای جیهان، ناسینی سیستەمی کۆماری ئیسلامی و لەهەمووی گرنگتر، ناسینی ماف و داواکاریی کوردەکان و ناتەبایی ئەو ویست و داوایانە لەگەڵ بازنەی هزریی ڕژیمی کۆنەپەرەست و توتالیتێری ئاخوندی و لەباربوونی دۆخی جیهان بۆ بیستنی دەنگی مافخوازانەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، لەسەر ئەو بڕوایەین تەنیا تاکتیک و هەڵوێستی گونجاو لە هەر هەڵبژاردنێکی ناو سیستەمی کۆماری ئیسلامی تەنیا “نا” و “بایکۆت”ـە، جیاوازیشی نیە ئەو هەڵبژاردنە بۆ سەرۆک کۆمار بێت یان تەنانەت شۆراکان کە ئیستا کراونەتە ڕێگایەک بۆ زیاترکردنی ڕێژەی بەشداری و لە ئەنجامدا کەسانی سەر بە ڕژیم لە شۆراکاندا قەتیس دەمێننەوە و نموونەی کاری هەرە بەرزیان بێدەنگی لە هەمبەر لەناوبردنی گۆڕستانی شەهیدان لە قوروە و بۆکان و تێکدانی مەزاری شاءیرانی کورد لە مهابادە و هیچ هیوایەکیان لێ بەدی ناکرێ.
بەو پێیە ئێمە وەک ناوەندێکی سەربەخۆی کورد کە هەوڵی بێ وچانمان، لەقاودانی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی کورد لە ڕۆژهەڵات، بردنە سەری ئاستی وشیاریی کورد، سازکردنی پەیوەندی لە نێوان نەتەوەی کورد و نەتەوە بندەسەتەکانی تری ناو ئێران و ناساندنی چالاکییەکانی حیزبەکان بە جیهانی ئازاد و ناوچە ـیە، هەڵبژاردنی ئەو خولەی شۆڕا و سەرۆک کۆماری لە ئێران “تەحریم” دەکەین و داوا لە سەرجەم هێز و لایەنە کوردییەکان و خەڵکی ناوخۆ دەکەین، بە تەحریمی هەڵبژاردنەکان، “نا”یەکی بەرز بە بەرەڕۆیی و کوردکوژی و داپڵۆسین و تیرۆریسم بڵێن.
لەبیرمان نەچێ زیندانیانی سیاسی و دەستبەسەرکراوانی کورد و هەروەها نەوەی نوێ، چاویان لە هەڵوێستی نەترسانە و بە کۆمەڵی ئێمەیە.
ناوەندی ڕؤژی کورد
٧ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت