“هێزی ژنانی هەتاو، لە جێگەی قسە خەبات بۆ ناسنامەی خۆیان دەکەن”

0
1488

گۆڤاری سورپرایزی سویس، لە راپۆرتێکدا باس لە ژنای ئیزەدی و بەشداری شەرێ داعش دەکات، کە تایبەت بۆ شەرێ داعش و رزگار کردنی کچانی ئیزەدی لە دەستی داعش دامەزراون.

ئەو گۆڤاڕە لە سەررووبەرگی چاپی نوێی‌دا وێنەی ژنە پێشمەرگەیەکی کوردی ئیزەدی سەربە “هێزی ژنانی هەتاو” داناوە و باسی لە چالاکی، ئامانج و کاری هێزی ژنانی هەتاو کردووە، کە بە ئامانجی رزگار کردنی کۆیلە سێکسیەکانی داعش لە مووسڵ دامەزراون.

سورپرایز، کە یەکێک لە گۆڤارە پڕفرۆشەکانی وڵاتی سویسە، لە بەشێکی راپۆرتەکەیدا نووسیویەتی، “ئیتر ژنانی کورد لە یەکەم ژنەکانی سەر گۆی زەوین، کە بڕیاریان داوە لەبری قسە کردن، بە کردەوە بۆ مافی ژن و ئازادیی ژنان چەک لە شان بکەن”.

گۆڤاری سورپرایس دەڵێ: خاتوون خدر فەرماندەی هێزی ژنانی هەتاو کە پێشتر گۆرانیبێژی شایی و زەرماوەند بوو، فەرماندەیی ئەو تیپەی لە ئەستۆ گرتووەو ١٤٠ کەس لە کچانی رزگاربووی دەستی داعش چوونەتە ریزی “هێزی ژنانی هەتاو”.

خاتوون خدر دەڵێ: “ئێمە دەمانهەوێ هەموو دنیا بزانێ چی لێرە روویداوە و دەبێ هەموو جیهان دڵنیا بن کە رووداوی شەنگال دووبارە نەبێتەوە.

ئەو ژنە فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگەی ژنانی هەتاو دەشڵێ: “تەنیا بە قسە کردن مووسڵ ئازاد ناکرێ و کۆیلە سێکسییەکانیش ئازاد نابن، بۆیە بە کردەوە هەنگاویان هەڵگرتووە.

گۆڤارەکە وێنەی کۆمەڵێک لەو شوێنانەی بڵاو کردۆتەوە کە لەلایەن هێزی ژنانی هەتاوەوە ئازاد کراون و هەروەها باسی لە رۆڵی نادیا موراد، لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە رۆڵی لە ناساندنی ژنانی ئیزەدی‌دا هەبووە.

هەروەها نادیا حاجی تەمەن ١٧ ساڵ، یەکێک لەو پیشمەرگانەی ‌‌هێزی ژنانی هەتاو کە پێشتر لە ژێر دەستی داعشدا بوو، دیمانەی لەگەڵ ئەو گۆڤارە کردووە و دەڵێت، تەنیا شتێک کە دەتوانێ هێز و ورەی پێ ببەخشێتەوە ئەوەیە کە دەتوانێ لەدژی چەکدارانی داعش شەڕ بکات.

نادیا، کە ماوەی سالێکە ژیانی هاوبەشی پێک هێناوە، دەیهەوێ منداڵی ببێ و ئاواتیشی ئەوەیە کە جارێکی دیکە لەگەڵ کەسوکار و بنەماڵەکەی بژی و دوو ماشێن، تراکتۆرێک و ٣٠٠ سەر مەریان هەبێ، دووکانێکی فرۆشتنی کەلوپەلی ئەلکترۆنیش بۆ باوکی بکاتەوە.

گۆڤارەکە دەنووسێ، کچانی ئیزەدی گوێ لە مۆسیقای پاپ و هاوکات گوێ بۆ رێبەرەکەشیان دەگرن. هەروەها لە وەسفی نادیا حاجی‌دا دەنووسێ، ئەگەرچی ئەو زۆر چکۆلەیە، بەڵام پڕە لە وزە و هیوای گەورە بە ژیان.

بە پێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، داعش پاش داگیرکردنی شەنگال و ناوچەکانی دەوروبەری لە ساڵی ٢٠١٤ نزیک بە ٣٥٠٠ ژن و کچی ئێزدیی وەکوو بەردەی سێکسی گواستۆتەوە بۆ مووسڵی عێراق و ڕەقەی سووریا.

هێزی ژنانی هەتاو کە زۆربەیان لە کچان و ژنانی ئیزەدی شنگال پێک دێن، لە ساڵی ٢٠١٥ و بۆ مەبەستی رزگارکردنی ژنانی ئیزەدی لەژێر دەستی داعش دامەزراوە.

ئامادەکردن و وەرگێڕان: هادی عارفی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت