کورد و شۆرشی ١٩٧٩ لە ئێران – بەشی ٢٣

0
449

سۆران کەرباسیان

کاتێک کە شاری سنە لە مانگرتنێکی بەربڵاو و تا ڕادەیەک گشتیی‌دا بوو، کوردەکان بە پێویستیان زانی کە ئەو ناڕەزایەتییە بەربڵاو و فرەلایەنە لە شەقامەکان نیشان بدەن و پەهلەوینەویستنی خۆیان بە حکومەت ڕاگەیەنن.

لە سنە، دوکان و بازاڕ داخرابوون. شەقامەکان چۆڵ بوون و بەشێک لە ئیدارەکانی دەوڵەت لەبەر مانگرتنی کارمەندە کوردەکان نەدەکرانەوە. لە کاتێکدا کە سێ ڕۆژان ئەم هەڵوێستەی ئەردەڵانییەکان تەواوی سنەی داگرتبوو، پازدە هەزار کورد لە سنە کۆبوونەوە و لە دژی پەهلەوی ڕێپێوانیان ئەنجامدا. لەم ڕێپێوانەدا قوتابیان، مامۆستایان، خوێندەکارانی زانکۆی ڕازی، کارمەندی ئیدارەکانی دەوڵەت، کۆمەڵەی «شیر و خورشید» و نەخۆشەوانەکان بەشداربوون. لە پەنای ئەمانەش کۆمەڵێک کوردی بەهەڵوێست لە شارەکانی سەر بە پارێزگای کوردستان لەو ڕۆژەدا لە سنە ئامادەبوون و بەشدارییان لە ڕێپێوانەکەدا کرد. لەم ڕێپێوانەدا، هەموو چین و توێژەکان هەڵوێستیان بە فەرمیی دەربڕی و تەنانەت بە نوێنەرایەتی دەبیرستانەکانی مەریوان پەیامی پاڵپشتیی خوێندراوە. ئاسایش و پاراستنی هێمنبەڕێوەچوونی ڕێپێوانەکەش بە دەستی خودی کوردەکان بوو و چەکدارانی پەهلەوی تەنیا بینەرێکی بێ‌کەڵکی گۆڕەپان بوون.[1]

لە کۆی پەیام و هەڵوێستەکاندا کۆمەڵێک داواکاری بەرچاو هەبوون کە گرنگترینیان بریتی بوون لە:

. ئازادیی چاپەمەنییەکان

. ئازادیی زیندانییە سیاسییەکان

. بەفەرمیناساندنی کۆمەڵەی مامۆستایان

. لابردنی بنکەکانی پاراستن لە ئیدارەکانی فێرکاری و پەروەردە

. لەسەرکارلابردنی بەرپرسانی باڵای پارێزگای کوردستان

. لەسەرکارلابردنی ئەو کەسانەی کە بە ناوی ئەندام پارڵەمانی کورد لە پارڵەمان ناسێندراون

. لابردنی سەردێڕی درشتی «زیادکردنی داهات» لە چاپەمەنییەکان‌دا[2]

لەو ڕۆژەدا کە ئەردەڵانییەکان سنەیان هەژاند و میوانداریان لە کوردانی خاوەن‌هەڵوێستی شارەکانی دەوروبەر کرد، کرماشان‌یش مانگرتنی سەرتاسەری شاری ڕاگەیاند. تەواوی دوکان و بازار داخران. قوتابی و مامۆستاکانی شار لە قوتابخانەکان و دەبیرستانەکان‌دا ئامادەبوون، بەڵام نەچوونە سەر کلاس و تەنانەت بەشێک لە دایک و باوکی قوتابییەکانیش لەوێ ئامادەبوون بۆئەوەی یارمەتیدەربن و نەهێڵن مناڵەکانیان بچنە سەر کلاس. شوێنە هەستیارەکانی کرماشان لە لایەن چەکدارە ئێرانی‌یەکانەوە پارێزرا و هیچ تێکهەڵچوونێک لەو ڕۆژەدا لە نێوان خەڵکی سیڤیل و چەکدارانی حکومەتی پێکنەهات.[3]

لە ورمێ دوکان و بازار بە هەمان شێوە داخران و بێدەنگی و چۆڵبوون بەسەر ئەو شارەی کوردستان‌یشدا زاڵبوو.[4]

لە ئیلام داخستنی دوکان و بازاڕ لە لایەن چەند کەسایەتییەکی ئایینییەوە ڕاگەیەندرا و هەربۆیە زۆربەی دووکانەکان و بازار داخران، بەڵام چەند دوکانێکی ئاوەڵا لەو ڕۆژەدا ئاوەڵا بوون کە کەل و پەلی پێویستی خەڵکی ئەو شارەیان دابینکرد.[5] بە پێی ئەو ڕاپۆڕتەی کە ڕۆژنامەوانی ڕۆژنامەی «ئێتێلاعات» تۆماریکردبوو، دوکان و بازاڕی نەغەدە و مەهابادیش داخرابوو.[6]

گرنگە لەبەرچاو بگیردرێت کە ڕێژەی کوردەکان لە ئەو زەمەن‌دا لەبەرچاو بگیردرێت. بۆ وێنە کاتێک باس لە ڕێپێوان لە شاری کرماشان دەکرێت، پێویستە خوێنەر لەمە ئاگاداربێت کە ڕێژەی دانیشتوانی ئەو شارە کە گەورەترین شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، لە ساڵی ١٩٧٦ی زایینیی‌دا ٢٩٠،٨٦١ کەس بوو.[7]،[8]

دۆخەکە لە کوردستان بە تەواویی لە دژی شا شێوابوو و ڕۆژانە توێژ و چینی جۆراوجۆر بە ڕیزی مانگرتوان و ڕێپێوانەکان زیاد دەبوون. بۆ وێنە کەمئەندامانی کرماشان لەو زەمەندا بێ‌هەڵوێست نەبوون و بە حکومەتیان ڕاگەیاند کە گەر داواکارییەکانیان بەجێ نەگەیەندرێت، ڕێپێوانیان دەکرد. پێشتر کەمئەندامانی کرماشان مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاندبوو و یازدە ویست و داوایان لە بڵاوکراوەیەکدا ئاراستەی بەرپرسانی حکومەت کردبوو.[9] لە کرماشان مانگرتنی چینێکی دیکەش لەو ڕۆژەدا دەستیپێکرد. هەموو ئەو کەسانەی کە لە مەدرەسە و قوتابخانەکان‌دا وەک خزمەتکار کاریان دەکرد، لە کاتژمێر نۆی بەیانییەوە دەستیان لە کار کشاندەوە و لەبەردەم بینای ئیدارەی فێرکاری و پەروەردە کۆبوونەوە و چوونە ڕێزی مانگرتوانی شار.[10]

لە مەهاباد دۆخەکە وەک پێشتر باسکراوە، لە قۆناخێکی جیاوازدا بوو. جگە لەو مانگرتن و ڕێپێوانانەی کە لەو شارەدا ئەنجام درابوو، کۆچی دوایی و ئازادبوونی هەندێک کەسایەتی سیاسیی ئەو شارە بە تەواویی کاریگەری لەسەر ئەتمۆسفێری سیاسیی ئەو شارە دانابوو. مامۆستایان کە پێشتر مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاندبوو، لەبەر بەجێگەیاندنی ویستەکانیان ناچار بوون بگەڕێنەوە سەر کار، بەڵام ئەوجار کۆمەڵێک خوێندەکار و قوتابی بیانوویان گرت و گوتیان کە چون ویستەکانی ئەوان بەجێ نەگەیەندراوە، ئامادە نابن بچنەوە سەر کلاسەکانیان. لەو ڕۆژەدا کارمەندەکانی ئیدارەی «بێهداری» و «بێهزیستی»ش لە مەهاباد مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند و ویستەکانی خۆیان بۆ شکاندنی مانگرتن بڵاوکردەوە.[11]

لە سەردەشت سێ ڕۆژ بوو کە دوکان و بازاڕ داخرابوون و پاش ئەو هەڵوێستەی کە مامۆستایان و قوتابییەکانی ئەو شارە هەیانبوو، تاقە چەند مەدرەسەی مناڵان لەو شارە لە مانگرتن‌دا نەبوون کە ئەوانیش لەو ڕۆژەوە لە کاتژمێر دەی بەیانییەوە بە ڕیزی مانگرتوان زیادبوون و مەدرەسەکان چۆڵ کران.[12]

لە سنە بە فەرمانی سەرلەشکەر عەلیزادە، وەتاغی سینفەکانی سنە هەڵوەشێندرانەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوە کە حکومەت ئەو پاشەکشەیەی کرد، مانگرتنەکان لەو شارەدا بەردەوامبوون. لە ورمێ‌ش مامۆستاکان لە بەردەم ئیدارەی فێرکاری و پەروەردە کۆبوونەوە و ڕایانگەیاند کە گەر ویستەکانی ئەوان تا بیست و پێنجەمی یەکەم مانگی پاییز بەجێنەگەیەندرێت، مانگرتنی خۆیان ڕادەگەیەنن. قوتابییەکانیش لەو شارەدا هاتنە نێو گۆڕەپان و پشتیوانیی خۆیان لە مامۆستاکانیان دەربڕی.[13]


سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت