سه‌ربه‌خۆیی كوردستان چه‌تری ئاشتی رۆژهه‌لاتی ناڤینه‌

0
100

سه‌لاح سه‌دباری
رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئه‌و ناوچه‌یه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی له‌ دوای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م دابه‌شكاری جیۆپۆلیتیكی بۆ كرا له‌ لایه‌ن زلهێزه‌كانی ئه‌وكاته‌وه‌ و په‌یماننامه‌ی سایكس پیكۆی لێ شین بوو كه‌ سه‌ر له‌به‌ری دابه‌شكارییه‌كی كلۆنیالیستی و به‌ده‌ر بوو له‌ واقعناسی گه‌لانی ناوچه‌كه‌ و سه‌ره‌نجام له‌ ماوه‌ی ئه‌م سه‌د ساڵه‌دا بووه‌ هۆی به‌رهه‌م هاتنی كۆمه‌ڵێك شه‌ری ناوچه‌یی و ده‌ركه‌وتنی كۆمه‌ڵێك رێكخراوی تیرۆریستی و پێشێل كرانی مافی گه‌لان به‌ شێوه‌ی جۆراو جۆر ویه‌ك له‌وان گه‌لی كوردستان.
وا سه‌د ساڵ به‌سه‌ر دیاریكردنی ئه‌و سنووره‌ ده‌ستكردانه‌دا تێپه‌ریوه‌ و گه‌وره‌ترین زیانباری سایكس پیكۆ كورد بووه‌ و جیهانیش ئه‌مرۆ هه‌ست به‌و زولم و زۆر و غه‌دره‌ ده‌كات له‌ورێكه‌وتننامه‌ نه‌گریسه‌دا له‌ كورد كراوه‌.
ئه‌مرۆ رۆژهه‌لاتی ناوه‌راست و جیهان رووبه‌رووی تیرۆرێكی نێوده‌وله‌تی بۆته‌وه‌ و ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ هه‌ر رۆژه‌ و له‌ درگای وڵاتێك بدات و ئه‌مه‌ش رای جیهانی ئاماده‌ كردووه‌ بۆ ده‌ستێوه‌ردانێكی نوێ له‌ ناوچه‌كه‌.
له‌گه‌ل هه‌موو ئه‌مانه‌دا كورد له‌مێژه‌ كه‌وتۆته‌ به‌ر غه‌دری تیرۆر هه‌ر له‌ شه‌هید كردنی سه‌ركرده‌كانیه‌وه‌ له‌ رابردوودا له‌ لایه‌ن ده‌وله‌تانی حاكم به‌سه‌ر كوردستاندا وئه‌نفال و كیمیاباران و فه‌رمانی جیهاد له‌ دژی نه‌ته‌وه‌كه‌مان و وێرانكردنی هه‌زاران گوندی كوردستانه‌وه‌ بگره‌ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتبه‌رده‌ستانی زۆرداری وڵاتانی داگیركه‌ری كوردستان له‌گه‌ل گه‌لی كوردستان پێیان كرابێت كردوویانه‌، به‌ڵام نه‌ته‌وه‌یه‌ك كۆڵی نه‌داو وێنایه‌كی مه‌زنی له‌ شه‌ری ره‌وا دژی تاریكپه‌ره‌ستی پێشان هه‌موو جیهاندا و له‌گه‌ل ئه‌و هه‌موو زووڵم و زۆره‌ی لێی كرا، لێ كورد هه‌رگیز بیری له‌ تیرۆر و كاری تیرۆریستی نه‌كردۆته‌وه‌ و دروشمی خه‌باتی ره‌وای كورد دیموكراسی و ئاشتی و ئازادی بووه‌.
ئه‌مرۆ دوای سه‌ده‌یه‌ك وا جیهان به‌و ئاكامه‌ گه‌یشتووه‌ كه‌ كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كی ئاشتیخوازه‌ و ده‌یان ساڵه‌ به‌ چه‌كی دیموكراسی شه‌ری تیرۆریزم و ره‌گه‌ز په‌ره‌ستی ده‌كات و هه‌رێمی كوردستان بۆته‌ شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی ئایین و نه‌ته‌وه‌ و كلتووره‌ جیاوازه‌كان و له‌سه‌ر ئه‌رزی واقعیش پێشمه‌رگه‌ بۆته‌ پاڵه‌وانی واقعی شه‌ری داعش و گه‌لی كوردستان سه‌رترۆپكی تێكشكاندنی درنده‌ترین رێكخراوی تیرۆریستی سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌مه‌‌.
هه‌ر ئه‌م زه‌رووره‌ته‌ ئه‌وه‌ی به‌ جیهان سه‌لماندووه‌ كه‌ پیویسته‌ سایكسپیكۆ هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا زۆر گرنگ و كاریگه‌ره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئیمه‌ به‌ وڵاتانی ده‌وروبه‌ری خۆمانی بسه‌لمێنین و به‌ قه‌ناعه‌تیان بگه‌یه‌نین كه‌، سه‌ربه‌خۆیی كوردستان نه‌ك هه‌ر مه‌ترسی نییه‌ بۆ سه‌ر هیچ كه‌س و وڵاتێك به‌ڵكو عامیلی سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌یه‌ و ده‌كرێ دراوسێی فارس و تورك و عه‌ره‌ب بین و خاوه‌نی سه‌ربه‌خۆیی خۆمان بین و ده‌ستی ئاشتیی بۆ میلله‌تانی ده‌وروبه‌رمان درێژ بكه‌ین و وایان تێبگه‌یه‌نین كه‌ ئه‌وه‌ كورده‌ مایه‌ی ئاشتییه‌ له‌ ناوچه‌كه و ته‌م و مژی ئه‌و بیرو بۆچوونه‌ چه‌وتانه‌ بره‌وێنینه‌وه‌ كه‌ به‌ ناوی جۆراوجۆره‌وه‌ ده‌رخواردی نه‌ته‌وه‌كانی فارس و تورك و عه‌ره‌ب دراوه‌ به‌ ناوی یه‌كیه‌تی خاكه‌وه‌ و حه‌قیقه‌ت چییه‌ ئه‌وه‌ بخه‌ینه‌وه‌ به‌رچاویان‌.
هه‌ر بۆیه‌ پێویسته‌ ئێمه‌ی كورد كار له‌سه‌ر رای گشتی فارسه‌كان و تورك وعه‌ره‌به‌كان بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی واقعی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان قه‌بوول بكه‌ن و هه‌ست به‌ ئارامی زیاتر بكه‌ن له‌هاتنه‌ ئارای ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان.
ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه‌ ئه‌ویه‌ كه،‌ پێویسته‌ كورد بۆ یه‌كجاریش بووه‌ له‌ مێژوودا یه‌كده‌ست و یه‌كگرتوو بێت له‌ باری گوتاری و كرداری سیاسیه‌وه‌ و پێوسته‌ پشتیوانی له‌ رێبه‌ری هه‌نوكه‌یی ئه‌م سه‌ده‌یه‌ی كورد به‌رێزسه‌رۆك بارزانی بكه‌ین و ئیراده‌ی سیاسی خۆمان و ویستی سیاسی خۆمان له‌ هێزی دیبلۆماسی و لێزانی و واقعگه‌رایی ناوبراودا به‌رجه‌سته‌ بكه‌ین و به‌ده‌ر له‌ بیری حیزبایه‌تی و هه‌ر چه‌شنه‌ جیاوازییه‌كی ، ده‌ست له‌ ده‌ستی یه‌ك پرۆژه‌ی ده‌وڵه‌تی كوردستان سه‌ر به‌خه‌ین، چونكه‌ سه‌ركه‌وتنی پرۆژه‌ی سه‌به‌خۆیی خوازی له‌ ناوخۆ، پشتیوانی ده‌ره‌كی تێدا ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت و له‌ ئاستی نێوده‌وله‌تیش زیاتر په‌سه‌نده‌ و ره‌وایه‌تی زیاتری نێوده‌وڵه‌تی به‌ده‌ست دێنین.
به‌ڵێ بۆ یه‌كجاریش بووه‌ پێوسته‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان ئه‌و موتمانه‌یه‌ بده‌نه‌ لوتكه‌ی رێبه‌رایه‌تی كردنی پرسی كورد و یارمه‌تیده‌ر بین چونكه‌ له‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا هه‌موومان براوه‌ین و هه‌موومان پێكه‌وه‌ سه‌رده‌كه‌وین و ده‌رفه‌تێكی زێرین له‌به‌رده‌م نه‌ته‌وه‌كه‌مانه‌ كه‌ تا ئێستا له‌ مێژووی ناوچه‌كه‌دا وێنه‌ی نه‌بووه‌ بۆ كوردستان و كورد.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت