پوورە خەزاڵ، خەمێکی بێ کۆتا بە بەرۆکی تەم گرتووی دایکی نیشتمانەوە/ کورتە چیرۆک

0
59
هەڵمەت مەعرووفی

نووسینی: هەڵمەت مەعرووفی

پێشکەش بە ڕووحی پاکی ٥٩ لاوی بەناحەق شەهیدکراوی مهاباد و بنەماڵەکانیان

٣٠ ساڵیش دەبوو کەس وەبیری نەدەهات بە چرکەش دەرگای ماڵەکەیان گاڵە درابێ، هەمیشە وەک دوو چاوی چاوەڕوان، نیوەئاوەڵا، چاوەڕوانی چرکەساتی گەڕانەوەی جەماڵ بوو. نا! نا! بۆخۆم باشم وەبیر دێ، ئێوارەدرەنگانێکی پاییز بوو، کەژاڵی وەستا ڕەحمانی قاپێک دۆڵمە بەدەست چووە ماڵیان و دەرگاکەی پێوەدا، پوورە خەزاڵ کە ماوەی ئەو چەند ساڵە بۆ خەویش هەر بەرانبەر بە دەرگاکە لەناو هاڵەکە دەخەوت، تووڕە بوو، وەک هەوری بەهاری گرماندی، “ئەو دەرگایەت بۆ پێوەدا بابان وێران؟ سەرشین نەبی، ئاخر نازانی جەماڵم دێتەوە”، کەژاڵ کە زانیبووی چ هەڵەیەکی کردووە، قاپەکەی لە دەستی کەوتە خوار، خەریک بوو لایەکی لاق و دەستی داپڵۆخێ کەچی وەک ئەوەی هیچی لێنەهاتبێ بە هەڵەداوان گەڕاوە و دەرگاکەی کردەوە، ئیدی خۆی پێ نەگیرا و بە کڵپەی گریانەوە گەڕاوە، هەموومان، کوڕە باوخۆش و تازە خەتی سمێڵ هاتووەکانی گەرەک، گوێمان لەو هەرایە بوو و کەژاڵمان بینی کە بە هەڵەداوان و چاو بە فرمسک بەرەو ماڵی خۆیان ڕادەکا. شێرزاد کە دوو ساڵێک بوو کەژاڵی تازەپێگەیشتوو و ڕەوت ئاسکی خۆش دەویست و هەموو ئێواران خۆی بۆ قیت و قنج دەکرد و بە قیتە قیت و لەنجە و لار ئەو کۆڵانەی هەراسان دەکردو شاشی بە سەپان نەدەزانی، کە ئەوەی بینی خۆی پێ نەگیرا، لە داخان شەقێکی لە بەردێک هەڵدا و وەک ئەوەی هەموو دونیای بەسەردا ڕووخابێ، چاوەکانی تەمێکیان لەسەر نیشت، سەری داخست، دەتکوت نایهەوێ کەس بزانێ فرمێسک بەری چاویان گرتووە، بە تووڕەیی لەلامان ڕۆیی، هەموومان کڕ و مات بەرەو ماڵ بووینەوە.

ئادی، ڕێک ٣٠ ساڵ لەوەی پێش بوو، ئەو کات هەر لە نزیک ماڵی ئێمە و پوور خەزاڵێ پایەگای لێ بوو، چما مێروو دەیوێرا بێ ئیزنی ئەوان بێ و بڕوا؟ چ نەمابوو نەیکەن؟ هەڕەشەیان لە هەموو کەس دەکرد بە هەموو خەڵکیان دەکوت زیدی ئینقلاب، دڵنیام ئەگەر پێشمەرگە بوونیان نەبا، لە بەندیخانەکان چیان بەسەر کچ و ژنە کوردان هێنا، لە کۆڵانەکانیش وا دەستدرێژییان دەکردنە سەر، بەڵام هەر کە دەبوو بە شەو، هەر بە سرەتش کوتبات کوڕەکان هاتن، لە کونەکەی خۆیان نەدەهاتنە دەر، ناوی خدرە سوور و شەهید قاسمە ڕەش، ئەحمەد ستینە، بازید نەبەردی و …، بۆیان لە شەوە و مۆتەکەش ترسهێنەرتر بوو.

 ئێوارەیەکی درەنگ بوو، هەموومان لە تۆپێن چووبووینەوە، خۆڵاوی و تۆزاوی، سەیریش بوو لە ناو ئەو شەڕ و کوشت و بڕەدا، نە ئەوینی ئێمەی کورد ڕادەوەستا و نە حەزمان بە ژیان. سبەینێکەی دەنگۆ بڵاو بۆوە، دۆینێ شەوێ جەماڵ و چەند گەنجێکی تریان بردووە، جەماڵ ئابادە، کوڕی پوور خەزاڵە قسەخۆش و دڵ میهرەبان و لەخۆبوردووەکە، برای ٧ خوشکە ڕووسوور و شایی بە خۆکانی گەڕەکی باغی شایەگانی.

ڕێک وەک جاران و زیاتریش بۆ ئەوەی ڕاستی و درووستیی ئەو هەواڵە بزانین، چووینە بەر دەرگای ماڵی پوورە خەزاڵ، لای نیوەڕۆ بوو، “پوورە خەزاڵ! پوورێ گیان کوانێ جەماڵ؟ پێی بڵێ بێ ئەوڕۆ یارییەکی خۆشمان هەیە”.

هاتە بەر دەرگا، ئەو کات گۆچانی پێ نەبوو، هێشتا گەنج بوو، چارەۆکەیەکی کەسک بەسەر شانیەوە و کلۆنجەیەکی تازە درواو لەبەر کە دەتکوت بۆ تازەبووکان کڕدراوە، پشتێنەکەی هەمیشە پەشمینە بوو، لەچکێکی سپی و جوان دەتکوت ڕۆژێ شەش جارانی دەشوا، وەک هەمیشە لێو بە بزە و لەفزخۆش وڵامی داینەوە “کەسی پوورێ، گیانی پوورێ!”. هاتە بەر دەرگاکە، دەستێکی بە لایەکی دەرگاکەوە گرت و گوتی: “دۆینێ شەو جەماڵ ـیان بردووە، لەوانەیە تاوێکی دیکە بێتەوە، بڕێک چاوەڕوانی بن، ئەوە دەرگاکەشم پێوەنەداوە، دایکی کوێر بێ لەسەر نان خواردن بردیان”.

شاهۆ، وەک ئەوەی لە ئێمە زیاتر ئاگاداری هەواڵەکان بێ، پرسی: “کێ بردی پوورێ؟ کەنگێ بوو؟”.

پوورە خەزاڵ وەک ئەوەی نەیهەوێ کەس گوێی لێ بێ، چاوێکی لەولا و لەم لای کۆڵان گێڕا و گوتی: “هیچ نیە دوو سێ جاش و حەجەمە ڕووتە بوون هاتن و کوتیان دوو سێ پرسیارمان لێی هەیە، هەر بە جلی ناوماڵیشەوە بردیان، کوتیان شتێکی وا نیە و زوو دێتەوە بەڵام دەزانم شەوێ لێیان نەپرسیوە و ئەوڕۆ پرسیویانە و دێتەوە، دەبڕۆن یارییەکەتان بکەن، دەزانم لەوانەیە نەیەتەوە ماڵێش و ڕاست بی بۆ لای ئێوە، ئەگەر هاتەوە زوو بینێرنەوە ماڵێ، دە بڕۆن لە عەمری منتان کەوێ”.

ساڵ هات و ڕۆیی، پێشمەرگە لە ناوچەدا نەمان، پایەگا لە کۆڵانان هەڵگیرانەوە، ئێمەی هاوڕێی جەماڵ هەموومان ژنمان هێنا، منداڵمان گەورە بوون، خدرەسوورەکانیش شەهید بوون، خەبات لە باشوور چەقی و پوور خەزاڵ پیر بوو، پرچەکانی سپی بوون، کلۆنجەکەی کۆن ببوو، لەچکەکەی ئیدی شەقی و ڕوونیی جارانی نەمابوو، هەموو شت گۆڕا ئەو دەرگایە نەبێ کە هەمیشە لەوپەڕی چاوەڕوانیدا نیوەکراوە بوو، پوورە خەزاڵیش هەر لە شوێنی خۆی دەنووست و چاوی زیتی لە دەرگا دەبڕی، ئاخر زۆر جاران کەسی نەناسراو و شومارەی سەیروسەمەرە تەلەفوونیان بۆ دەکرد، “پوورێ نیگەران مەبە، کوڕەکەت زیندوویە و دێتەوە”. سمە جاشێک هەبوو، ئەو نەگبەتە شەل و پەتۆرە کە دواتر پێشمەرگە تۆپاندیان، دە جارانیش هاتبوو بە پوور خەزاڵی کوتبوو، “بۆخۆم جەماڵم بینیوە، بەخودای ئەمن چەند مردووم ئەویش ئەوەندە، دێتەوە بەڵام بڕێک خەرجی هەیە”. پوور خەزاڵیش هەر جارە و بەشێک لە سامانەکەی فرۆشت، خانووەکە نەبێ، بەڵام جەماڵ نەهاتەوە و نەهاتەوە.

دواتر دەرکەوت جەماڵ و ٥٨ لاوی تری مهابادی کە زۆربەیان وەک جەماڵ ١٢ ساڵان و گەنج بوون، لە تەورێز لە دار دراون و نێژراون بەڵام پوورە خەزاڵ هەر چاوی لە ڕێگا بوو و دەروازەکە هەر لەسەر پشت.

دایکم دەیگێڕاوە، ئەوێ ڕۆژێ کە پوور خەزاڵ کەوتە گیانەڵا و دوکتوورەکانیش بە زاواکانیان کوتبوو ئیدی هیوایەک بە مانەوەی زیاتری نەماوە، ژنانی گەڕەک چووبوونە لای، دەمەو ئێوارە نزیک بانگی ئێوارێ، پوور خەزاڵ لە سەر جێگاکەی ڕوو بە دەرگا کەوتبۆ ئاویلکە، بەو حاڵەشەوە نەیدەهێشت کەس لە پێش چاوانی، ڕوو بە دەرگاکە دانیشێ، نووزەی لێوە نەدەهات بەڵام چاوی هەر لە دەرگا بوو.

خات زێنەب دەیگوت “کە گیانی دەرچوو، باجە شیلان سێ جار دەستی بە چاوەکانی پوور خەزاڵ ـدا هێنا، بەڵام هێشتا و هێشتاش چاوی پێکەوە نەنان”.

مەلا کەریم دەیگوت “کە خەریک بوو تەسلیم بە خاکی بکەن، لە ژێر کفنەکەوە زەینم دایە، چاوی هەر کراوە بوون”.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت