حەسەن ئاهەنگەری: ئەو چالاکیانەی حدکا وەڕێی خستون لە سەر کۆی کایە سیاسیەکانی ئەو بەشەی کوردستان کاریگەریی ڕاستەوخۆیان دەبێ

0
164

خەباتی چەکداری لە کوردستانی خۆرهەڵات لە ئارا دایە، شەڕ لە چەندین ناوچەی وەک شنۆ، ڕەبەت، مهاباد، پاوە، بانە و مەریوان و سەقز کراوە، ڕژیم گورزێکی گەورەی لێکەوتووە و دەگوترێ زیاتر لە ١٧٠ کوژراو و برینداری هەیە، لە لایەکی تریشەوە بەشێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی و سەرجەم ڕیفۆرمخوازەکانی ناوخۆ و میدیای فارس و ئۆپۆزیسیۆنی فارس  بە گشتی دژ بە خەباتی چەکداری دەدوێن و بە کاولکاریی ماڵی خەڵک و ڕژانی خوێنی دەزانن و دەڵێن دەستکەوتی نابێ.

بۆ تاووتوێ کردنی ئەو باسە، وتووێژێکمان لەگەڵ ڕێزدار حەسەن ئاهەنگەری، چالاکی سیاسیی کورد ئەنجام داوە کە لێرەدا دەخرێتە ڕوو.

 

حەسەن ئاهەنگەری
حەسەن ئاهەنگەری

رۆژی کورد: حدکا لە دوو ساڵی رابردووە سیاسەتێکی نوێی گەڵاڵە کردووە، کاراکتیرە سیاسیەکانی ئەو حیزبە ڕایانگەیاندووە پشتگیری خەباتی مەدەنی دەکەن و هاوسەنگەرانی شەقامیان لە بەرانبەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە خۆرهەڵاتی کوردستان بە تەنیا ناهێڵنەوە، بۆ ئەم مەبەستەش جووڵەیان بە هێزی پێشمەرگەیان کردووە بە چەشنێک وەک ڕاگەیەنەرە گشتیەکان باس دەکەن چالاکیە سیاسی تەشکیلاتیەکانی ئەو حیزبە لە ئاستێکی بەریندا لە ناوخۆی خۆرهەڵاتی کوردستان درێژەی هەیە و  ئەمەش  دژکردوەی هێزە ئەمنییەتی و نیزامیەکانی دەسەڵاتی ڕژیمی ئێرانی بەدوادا بووە، بە گشتی ڕوانینتان لەو بوراەوە چیە؟

ئاهەنگەری:  بە باوەڕی من ئەو بڕیارەی حدکا بڕیاڕێکی زۆر بەجێ و درووستە، لەو ڕوانگەوە کە چالاکیە مەدەنیەکان لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دا دەرفەتی جووڵە و کارا بوونیان پێ نادرێ، ئەگەر پشتیوانیەکی ڕاستەوخۆ و هەست پێکراو لە لایان حیزبە سەرەکیەکان و بەتایبەت حدکا بەدی نەکرێ، هەر بۆیە من وای دەبینم کە ئەو چالاکیانەی حدکا وەڕێی خستون لە سەر کۆی کایە سیاسیەکانی ئەو بەشەی کوردستان کاریگەریی ڕاستەوخۆیان دەبێ

رۆژی کورد: پێویست بوونی بەرگریی چەکداری هەنووکەیی لە خۆڕهەڵاتی کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ئاهەنگەری: لە کاتێک دا دەسەڵاتی حاکم بەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هیچ حیسابێک بۆ گەلی کورد ناکات و وڵامی هەر چەشنە دەنگ هەڵبڕین و ناڕازی بوونێک بە تفەنگ وسێدارەو زیندانی کردن دەداتەوە، ئیتر بەرگریی چەکداری نەک هەر پێویست بەڵکو دەبێ بە ئەرکێکی نیشتیمانی، نەک هەر بۆ ئێستا بەڵکو لە ڕابردوش دا نەدەبوو ئەو شێوە کاریگەرە لە خەبات بە هەڵپەسێردراوی بگاتە ئەمڕۆ، هەر بۆیە من زۆر بە ئەرێنی لێی دەڕوانم و ئەوەندەی  شارەزاییم لەسەر سیاسەت و ڕوانگەو بڕیارەکانی حدکا هەبێ لەو باوەڕە دام ئەو حیزبە بە بێ هەڵسەنگاندنی ورد و لێکدانەوەی پێویست بڕیارێکی لەو شێوەیە نادات.

رۆژی کورد: هۆکار،  بەستێن و دەسکەوتەکانی شێوازی بەرگری چەکداری دەتوانێ چی بێت ؟

ئاهەنگەری: هۆکارەکان هەروەک لە وڵامی پرسیاری پێشتردا ئاماژەم پێ کرد زەبروزەنگ و ناعەداڵەتیەکی لەڕادەبەدەرە کە لە سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێران دا دەرهەق بە گەلی کورد بۆتە نەریتێکی نەگۆڕ و بەردەوام پەیڕەو دەکرێ. زۆر جار سیاسەتە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکانن کە بەستێنی خەبات و دەسکەوتەکانی دیاری دەکەن، بەستێنەکە بە گونجاو دەبینم و بە چاو خشاندنێک بەسەر ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەدا بێگومان چاوەڕوانی دەسکەوتی باشیشی لێ دەکرێ وەک هاتنەوە ڕۆژەڤی خەباتی ڕۆژهەڵات، ڕاچڵەکانی دەسەڵاتی تاران، بە هێند گرتنی بزاڤی ڕزگاری خوازی ڕۆژهەڵات لە لایان وڵاتانی دەخیل لە کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین دا، و لە هەمویان گرینگتر بوژانەوەی هەستی خەباتی ڕەوا لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا و ڕەنگە زۆر دەسکەوتی دیکەش.

رۆژی کورد: ئاوێتە کردنەوەی بەرگری چەکداری و خەباتی مەدەنی ئاراستە کردییەکانی چۆن پێناسە دەکەن؟

ئاهەنگەری: کاتێک باس لە بەرگریی چەکداری دەکرێ پێش هەمو شتێک دەبێ هەلومەرج و هۆکارەکان شی بکرێنەوە بۆ وەی بتوانین ئاوێتە کردنی لە گەڵ خەباتی مەدەنی پێناسە بکەین، لێرەدا چونکە باس باسی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش گیرۆدەی سیستمێکی داپڵۆسێنەر و سەرکوتکەرە کە هەمومان کەم تا زۆر شارەزای ئەو شێوە دەسەڵاتەین و دەزانین کە دەرفەتەکان بۆ خەباتی مەدەنی لە چ ئاستێک دان، هۆکارەکان بۆ هەموومان ڕوونن بۆیە هەر بەو هۆکارانە کە لە وڵامی پرسیارەکانی پێشوودا ئاماژەم پێکردن کوردتی دەکەمەوە و لەو باوەڕەدام کە بەرگری چەکداری دەتوانێ پاڵپشت و تەواوکەری خەباتی مەدەنی بێ و پێم وایە لە ئیدامەی خۆیدا کۆدەنگیەکی نیشتیمانی چ لە ئاستی جەماوەری دا و چ لە پێوەندی نێوان حیزبەکان دا بەدوای خۆی دا دێنێ.

رۆژی کورد: شێوازی بەرگریی چەکداری دەخوازێ هەموو لایەنە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە هاوئاهەنگی یەکتر ئەرکە نیشتمانیەکانیان بەڕێوە بەرن، پێتان وایە ئەقڵییەتی کردەیی بۆ بەڕێوەچوونی ئەرکێکی شیاو چەندە ئیمکانی کردەیی هەیە؟

ئاهەنگەری: لەو پرسیارەدا ئاماژەت بە باسێکی گرینگ و دەتوانم بڵێم لاوازترین خاڵی کێشەی کورد کرد کە ئەویش پێوەندی و هەڵسوکەوت و هاوکاری و یەکڕێزی لایەنە کوردییەکانە کە بەداخەوە بە درێژایی مێژوی گەلەکەمان هەتا ئێستاش نەمانتوانیوە بەسەر ئەو کێشە گەورەیە دا زاڵ بین، بەڵام ئەقڵ و مەنتیق لێمان دەخوازێ بە دەرس وەرگرتن لە کێشە و ململانێ بێ دەسکەوتەکانی ڕابردو دەرس وەرگرین و بەرژەوەندیە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانمان بخەینە پێش بەرژەوەندیە تەسکە حیزبی و تاکەکەسیەکانمان، بەڵام من ئێستا گەشبینترم کە هێزە کوردیەکان بتوانن ڕێگای ئیمکانی عەمەلی بۆ پێوەندیەکی لەو شێوەیەیە بدۆزنەوە چونکە نەک هەر بۆ بەرگری چەکداری بەڵکوو بۆ هەموو شێوازەکانی خەبات پێویستیی سەرەکیمان بە کۆدەنگی نیشتیمانی هەیە.

رۆژی کورد: هێزە نیستمانیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەماهەنگێکی شیاودا کە ئاماژەتان پێکرد دەتوانن ئەو ئەزموونە بۆ دواڕۆژی دەسەڵاتی سیاسیش بەکار بێنن. ئایا ئەو هاوکارییانە چەندە بۆ گەیشتن بە ئەقلییەتیکی سیاسی – دێموکراتیک و پلۆراڵ دەبێتە پێویستیی خەبات و تێکۆشانی هەمە لایەنە؟

ئاهەنگەری: بەڵێ ئەگەر کۆدەنگیی نیشتیمانی لەسەر بناغەی بەرژەوەندیە گشتیەکان بێ دەتوانێ بکرێتە هەوێنی پڕۆژە و کاری هاوبەش لە داهاتوی کوردستان دا یان وەک ئاماژەت پێکرد بۆ دەسەڵاتی سییاسیش دەتوانن بە کاری بێنن. لە وڵامی پرسیاری دووهەمدا ئەوەی کە دەیبینین و دەیبیسین هەمو هێزە دیارەکانی ڕۆژهەڵات زۆر بەخەستی باس لە قبوڵ کردنی یەکتر و کاری هاوبەش و پێویستی فرەچەشنی و دێموکڕاسی خوازی دەکەن، کەوایە بەشێکی گرینگی کێشەکە تائێرە حەل بوە کە ئەویش بەشی وتاری لایەنەکانە، دەمێنێتەوە بەشێ کرداری کە ئەوەیان ڕەنگە هەوڵ و ماندووبونی زیاتری بوێ بەڵام دیسانیش دوور لە چاوەڕوانی نیە و دورودیمەنی ڕوداو و ئاڵو گۆڕەکان وا دەخوازن هەمو هێز و لایەنە نیشتیمانیەکان لەو چوارچێوەیە دا هەنگاو بنێن و هیوادارین بگەینە ئەو قۆناخە گرینگەی تێکوشانی هاوشان ئەگەر هاوبەشیش نەبێ.

ڕۆژی کورد: ئەگەر پرسێک هەیە کە لە پرسیارەکاندا ئاوری لێ نەدرابێتەوە یان وتەیەکی پێویست هەیە، بفەرموون.

ئاهەنگەری: تەنیا شتێک کە بە پێویستی دەزانم باسی بکەم کێشەی بنەماڵەی دێموکڕاتە، هەروەها کۆمەڵەکانیش، هیوادارم بە تایبەت لە هەلومەرجی ئێستا دا زیاتر گرنگی بە ڕەواندنەوەی نیگەرانیەکان بدەن و کێشەکەیان بەشێوەیەکی ئوسولی چارەسەر بکەن چونکە هەتا لایەنە لێکدابڕاوەکان کێشەکانیان چارەسەر نەکەن ئەو یەکدەنگیە نیشتیمانیەی کە باس کرا عەمەلی نابێ .

رۆژی کورد : بەریز حەسەن ئاهەنگەری چالاکی  سیاسی  سپاس بۆ کات و ڕاتان

ئاهەنگەری: سپاس بۆ ئێوەش و سپاس بۆ ئەوەی کە بیر و ڕای منتان لە سەر ئەو ڕووداوانە وەرگرت.

 

Related Post

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت