بیر و ڕای هەندێ لە ئەندامانی دوو لایەنی دێموکرات سەبارەت بە ڕوونکردنەەوەی حدکا

0
754

ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی پازدەی بەفرانبار،  سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە ڕەوتی یەکگرتنەوە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە کە لە نێوان لایەنگرانی هەر دوو باڵی دێموکرات، بۆچوونی جیاوازی لەسەرە و لە ڕوانگەی جیاوازەوە لێی دەنێڕن. “ڕۆژی کورد” هەوڵی داوە لە رێگای وەرگرتنی لێدوان لە ئەندامانی چالاکی هەر دوو لا، ڕوانگە جیاوازەکان بخاتە ڕوو کە لێرەدا دەخرێنە بەرچاو. هەڵبەت شیاوی ئاماژەیە کە “ڕۆژی کورد” پەیوەندی بە زۆرێک لە ئەندامانی هەر دوو لاوە کردووە کە بە هۆکاری نادیار بەشێک لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ئامادە نەبوون بەشداری بکەن و ڕای خۆیان بێننە ئاراوە.

ڕەزا ئەمینی، کادری پێشووی حدکا و ئەندامی ئەو حیزبە بە باش نرخاندنی ئەو ڕوونکردنەوە، لەو بارەوە ئاوا بۆ ڕۆژی کورد دوا: “حدکا” ئینشعابییەکانی لە چەکی پێچەوانە و بە ئامرازی کردنی یەکگرتنەوە داماڵی، فایلی یەکگرتنەوەی لە کۆنگرەی داهاتوویان پێ داخستن و لایەنگرانی یەکگرتنەوەیان بە شەفافییەتی حدکا رێبەری باڵی ئینشعاب لە بەر دەم قەیرانێکی نوێ دادەنێن و لە بە ئەبزاری کردنی پرسی یەکگرتنەوە بە هۆی رێبەرییانەوە هەڵوێستیان پێ وەردەگرێ.

ئەمینی لە درێژەدا هەندێک گازندەی خۆی لە هەمبەر دانی خاڵ و ئیمتیاز لە لایەن حیزبەکەی بە حدک (کە ئەو بە ئینشعابی ناویان دەبات) دەردەبڕێ و بە پێشێل کردنی ئەساسنامەی دەزانێت و دەڵێت: بابەتی جێگەی سرنج لەو روونکردنەوەدا ئەوەیە کە ئەندامانی حدکاش ناتوانن بەرانبەر ئەو هەموو شلی نواندنەی حدکا بێ دەنگ بن. زۆر پرنسیبی ئەساسنامەی حیزب، لەو ڕوونکردنەوەیەدا شکاون، خاڵی بێ ئەژمار دراوە بە ڕەوتێک کە هۆکاری کێشەو قەیران بووە. بەو میکانیزمانەش کە بۆ یەکگرتنەوە باسی لێکراوە، گەڕانەوەی حیزبە بۆ قۆناغی دوو تەشکیلات لە ناو حیزبێکدا کە ئاکامەکەی لێکترازان بوو. لە هیندێک خاڵدا باسی ئینتساب (دانان نەک هەڵبژاردن) و تەنانەت لیستەی فیکسیش بۆ کۆنگرە کراوە کە ئەوە یانی بێ ئیرادە کردنی دێمۆکراسی… کە لە بابەتێکدا بە پشوو درێژی لە سەری دەنووسم.

ئەندامێکی چالاکی حدک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات و دەڵێ کە وتەکانی ڕوانگەی پۆلێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبەکەیەتی، قامک دەخاتە سەر کات و شێوەی گوتاری ڕوونکراوەکەی حدکا و بە گوماناوی ناو دەبات و لەو بارەوە بە ڕۆژی کوردی گوت: سەبارەت بە روونکردنەوەکەی حدکا ئەندامان و لایەنگرانی حدک پێیان وایە کاتی بڵاوکردنەوە و ئەدەبیاتی وتارەکە گومان دەخاتە سەر نیەتی وتارەکە. وتارەکە لە سەرەتادا بە هەمان ئەدەبیاتی ٩ ساڵ پێش و کاتی لەتبوون هێرش دەکاتە سەر بە وتەی خۆی ئەو چەند کەسەی لە حیزب جیابوونەوە و کارەکەیان بە زەبرێکی گەورە لە بزووتنەوە و یەکڕیزی کوردی رۆژهەڵات وەسف دەکات، بەڵام بۆ چرکەیەکیش بیر لەوە ناکاتەوە کە بەشێکی بچووکیش لەو تاوانە هی ئەوان بێ و هەموو تاوانەکە بە هی لایەنی دیکە دەزانێ، لە حاڵێکدا یەکەم مەرجی پێکەوەهەڵکردن و تەحەممولی یەکتر ئەوەیە هەرکەس ئازایەتیی ئەوەی هەبێ دان بە بەشی خۆی لە کەموکوڕی و هەڵەکان‌دا بنێ کە هەتا ئێستاش لە بەڕێوەبەرانی حدکا نەبیسراوە.

هەروەها لە درێژەی وتەکانیدا باس لە ناچاربوونی حدکا بۆ وت و وێژەکان بە مەبەستی یەکگرتنەو ەلە لایەن حدک ـەوە دەکات و دەڵێ: لە لایەکی دیکەوە وا باس لە هەوڵ و پێداگریی حدکا بۆ یەکگرتنەوە دەکا وەک ئەوەی خەڵک لەبیریان چووبێتەوە کە مل راکێشانی حدکا بۆ وتووێژەکان لەژێر گوشاری قورسی حدک بۆ وڵامدانەوە بە ویستی خەڵکی رۆژهەڵات بوو کە سەرەنجام دوای چەند ساڵ لە لەتبوون ئامادەبوون لە زنجیرەیەک وتووێژدا بەشدار بن. سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە وتارەکە هەموو ئیمتیازدان و نیازپاکیی خۆیان لە دابەشکردنی پۆستەکان‌دا دەخاتەڕوو کە لە راستیدا نیگەرانییەکانی خۆیان دەردەخا و ئەوە نیشاندەری ئەوەیە کە دیسان خۆیان لە راستییەکان و لە نیگەرانییە سەرەکییەکانی حدک دەدزنەوە کە ئەویش نەک کێشەی پۆست و کورسی بەڵکوو کێشەی یەکتر قەبووڵکردن و یەکتر تەحەممولکردنە.

هەروەها لە درێژەدا باس لە نەبوونی هەوڵی نووسراوەیی لە لایەن حدکاوە دەکات و هەوڵەکانیان بە زارەکی دەقەبڵێنێت و دەڵێت: ئەو بانگەشەیەی حدکاش لە حاڵێکدایە کە هەتا ئێستاش یەک دێڕیان بە نووسراوە وەک گەڵاڵە نەداوە بە حدک بەڵام لە وتارەکەدا زۆر بە گەرم و گوڕی باس لە خاڵ و پێشنیارە زارەکییەکانی خۆیان بۆ یەکگرتنەوە دەکا. وتارەکە لە حاڵێکدا کە بە ئەدەبیاتی سەردەمی لەتبوون هێرش دەکاتە سەر حدک، ئیدیعا دەکا کە هەروا بە یەکگرتنەوە هیوادارە کە ئەو دوو قسەیە دوو شتی ناتەبا و دژبەیەکن. لە راستیدا نێوەرۆکی وتارەکە هاوکات لەگەڵ ئەوەی پڕە لە بابەت و بۆچوونی ناتەبا، هۆکارێکیشە بۆ ئاڵۆزترکردنی کەشی نێوان دوو دێموکراتەکان و بە پێچەوانەی ئیدیعاکەی خۆیان، بە شوێن ئارامکردنەوەی دۆخەکە و لێک نزیک کردنەوەی دوو لایەن‌دا ناگەڕێ.

حیسام دەست پیش کە ئەندامی حدکایە لە دوای ڕوونکردنەوەی حدکا لەمەڕ پرسی یەکگرتنەوە، لە فەیسبووکی خۆیدا بابەتێکی ساڵی پاری خۆی وەبیر دەخاتەوە و دەنووسێ:  چەن رۆژێکە باسی یەکگرتنەوەی دیموکراتەکان هاتۆتە رۆژەڤەوە. ئەم باسە جار بە جار لە ناو بەشێک لە ئەندامان و چالاکانی خۆرهەڵات سەرهەڵدەدات. بۆیە باشتر وایە بە چەن پرسیار ئاورێکی کورتی لێ بدەینەوە تاکوو لەم رێگەوە جۆرێک لە بەرچاوروونیمان لا ساز بێ. بابەتی دابڕان لە ناو حیزبی دیموکرات، بابەتێکی نوێ نیە. بەڵام ئەوەی جێگای سەرەنجە رێکارەکان بۆ ئەم بابەتە بەردەوام بەدوای تیمارکردنی پرسەکەدا بوونە. بۆیە لەو باوەڕەدام کە یەکگرتنەوە لەم کاتەدا دەتوانێ تیماری بەشێک لە کێشەکان بکات. بەڵام ناتوانێ بۆ درێژخایەن دیموکرات لەم درمە رزگار بکات.
١- یەکگرتنەوەی دەتوانێ روو بدات، بەڵام دەبێ بزانین کە لە کام بەستێنی سیاسیدایە کە ئەم باسە دەتوانی مانادار بێ؟
٢- یەکگرتنەوە دەتوانێ روو بدات، بەڵام چ گوتارێک هەیە کە بۆتە پاڵنەری ئەم یەکگرتنەوە؟
٣- یەکگرتنەوە دەتوانێ روو بدات، بەڵام چ گۆڕانێک لە پێگەی دیموکرات ساز بووە کە پێویستی ئەم یەکگرتنەوە زەق دەکاتەوە؟
٤- یەکگرتنەوە دەتوانێ روو بدات، بەڵام کام هێڵی یان بەیەکگەیشتنی ستراتژیکە کە ئەم یەکگرتنەوە دەخوازێ؟
٥- یەکگرتنەوە دەتوانێ روو بدات، بەڵام ئاسۆی ئەم یەکگرتنەوە بۆ چییە؟
٦- یەکگرتنەوە دەتوانێ روو بدات، بەڵام بۆ رووخانی کۆماری ئیسلامییە یان رێفۆرمکردنی؟
٧- یەکگرتنەوە دەتوانێ روو بدات، بەڵام بۆ خەباتێکی نوێ یان گەڕانەوە بۆ ئەوەی بووین؟
ئەمانەو و دەیان پرسیاریتر وامان لێدەکا کە دیسانەوە یەکگرتنەوە وەک دەرمانێکی کاتی ببینین. هەرچەن لەو باوەڕەدام کە مەودای نێوان دیموکراتەکان ئەوەندە فراوانبووە کە بەیەکگەیشتنیان ئەستەم دەکا. بەهەرحاڵ هیوادارم کە بۆچوونەکانم هەڵە بن و یەکگرتن روو بدات و دیمکرات سەردەمێکی نوێ لە ژیانی سیاسی خۆی دەست پێ بکات.

نووسراوەکەی حیسام دەست پیش چەند دڵەڕاوکێی تێدا بەدی دەکرێت کە دەکرێ لە ناویاندا ئاماژە بکەین بە کێشەی ستراتژیک لە نێوان حدک و حدکا و بە وتەی ناوبراو دوو بیر جیاوازی پەنا بردنە بەر ڕیفۆرم (حدک) و هەوڵ بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی (حدکا). بەو پێیە وادەردەکوێ کە دەست پیش لای وایە تا یەک لایی کردنەوەی ئەو کێشە هزرییانە، یەکگرتنەوە بە ئەنجام ناگات.

کادرێکی پێشووی ڕاگەیاندنی حدک و ئەندامی ئەو حیزبە کە بە هۆکاری ئەوەی کە لای وایە هەوڵی هەر دوو لایەنی دێموکرات بۆ یەکگرتنەوە لاوازە و لە ڕاستیدا، ڕاستیەکان ناخەنە بەر باس و بۆ یەکگرتنەوە لە یەکتری لە بیانوون، نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت لەو بارەوە بە ڕۆژی کوردی گوت: راستییەکەی بڵاوکردنەوەی ئەمجۆرە راگەیاندنانە لەسەر یەکتر لە تەواوییەتی خۆیدا بە باش نازانم لەلایەن هەردوو لاوە. ئیرادەی یەکگرتنەوە لای هەردوو لایەن، زۆر لاوازە بە بەدەنە و رێبەرییانەوە و زیاتر تەبلیغی پێوە دەکەن.

جەلال جەماڵی کە ئەندامی حدکایە و ماوەیەکە لە ئێران قاچاغ بووە و ئێستا لە وڵاتی ئاڵمان دەژی، وێڕای ڕەد کردنەوەی دابڕان، لەو بارەوە دەڵێ: من وەک ئەندامێکی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، لام وایە ناتەبایی ونەحاوانەوە وڕێزنەگرتن لەبیروبۆچوونە جیاوازەکان بۆتە شێرپەنجەی سەربەخۆخوازی وئازادی نەتەوەی  کورد و هەربۆیەش هیچ کات هاوڕای شتێکی وەک دابڕان وجیابوونە بەتایبەتی لەناو حیزبە خۆشەویستەکەمدا نەبووم و نیم، بەڵام بەداخەوە ئەوئاکارە نگریسە ڕووی لە حیزبیش کرد و دڵی کۆمەڵانی خەڵک و بنەماڵەی شەهیدان و ڕیزەکانی پیشمەرگە و هەزاران دۆست و لایەنگری حیزبیان داخدار کرد هەرچەند حیزب ئەو ڕۆژانەی زۆر دیتوون و هەمیشە لە وەها تاقیکارییەکدا سەرکەوتووانە هەڵوێستی گرتووە و قەت دیسیپلین و سەربەخۆیی لە پێناو بەرژوەندی کاتی نەخستووە ودوای کۆنگرەی سێزدەش بە خۆڕاگرییەوە هەڵوێستی گرتوو بۆ تێکەڵبوونەوەش تەواوی نیاز پاکی خۆی نیشان داوە بەڵام دابراوانی حیزب دەست لە بیانوو گرتن و بیانووهێنانەوە هەڵناگرن بۆیە بەڕای من دانەنیشتن و گوێنەدان بە ویست و داخوازەکانیان باشترین ڕێگا چارەیە و مێژووش دادوەری خۆی دەکات و لە پەژیوانی زیاتر بۆیان نامێنێتەوەو تێکەڵبوونەوەی بەو مەرجەتەم پێدروست نییە.

هەوەها جەماڵ ڕەسووڵی، ئەندامی حدکا وێڕای ڕاگەیاندنی خۆشحاڵی خۆی بە بۆنەی دەرکردنی ئەو ڕوونکردنەوەیەی حیزبەکەی  لەو بارەوە دەڵێ: من بە نەبوونی یەکڕیزی کورد و بە تایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران زۆر ناراحەتم؛ بەڵام کاتێک دەزانم کە زۆر جار وا باشه، لاواز بی باشتره تا ئەوەیکه کرمێ بی؛ سەبارەت بەو ڕاگەیەندراوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، زۆر خۆشحاڵم چونکه به جۆرێک بڕیاری کۆتایی حیزبه سەبارەت بە تێکەڵ نەبوونەوە و حدکا دەبا زوتر ئەو ڕاگەیەندراوەی دابا؛ چونکە ئەو جۆرەی له ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە حدکا زۆر هەنگاو و تەنانەت خاڵیشی داوه تا یەکبگرینەوە. ناوبراو لە درێژەدا و وێڕای ئاماژە کردن بە نیازپاکی حیزبەکەی باس لە نەبوونی نیازپاکی لە لایەنی حدک دا دەکات و دەڵێ: دیاره که هاوڕێیانی پێشوو تەنیا بیر و ڕای خەڵکیان بەلاڕێدا بردووە و بەس؛ بۆیه دەبا دەفتەری سیاسی حدکا بە فەرمی ڕاگەیەندراوی بڵاو کردباوه کە تا هاوڕێیانی پێشوو ئەو ناوه لەسەر خۆیان لانەبەن یەکتر ناگرینەوە و بە فەرمیشیان ناناسم.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت